یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   دیداری زەڵمی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت و سەرۆکی یەکێتی زانایان لەم دیدارە وتارێک پێشکەش دەکات    *****    *****   سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دکتۆر مستەفا زەڵمی، خاوەن دیدێکی چاکسازیی قووڵ بووە و، لەسەر ڕێگەکەی بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەردەوام دەبن.    *****    *****   دەقی وتاری سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە دیداری د.مستەفا زەڵمی    *****    *****   مامۆستا مەلا شەریف سەعید کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان پێشوازی لە شاندێکی باڵای گەورە زانایانی ئەزهەری شەریف دەکات    *****    *****   د.أنس محمد شەریف ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بەشداری پانێڵێکی تایبەت بە بەرەنگاری توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دەکات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە شاندێکی زانایانی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان دەکات    *****    *****   پێکەوەژیانی ئایینی لە سۆران    *****    *****   مامۆستا مەلا محمد ئیبراهیم رەزگەیی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری پانێڵی کۆلێژی پەروەردەی ئاکرێ لەبارەی پێکەوەژیانی ئایینی دەکات   
مه‌لا موسلیم مه‌لا سالح فریزی
به‌رواری دابه‌زاندن: 23/01/2013 : 16:20:16
قه‌باره‌ی فۆنت
مه‌ولود له‌ نێوان نه‌ریت‌و خۆشه‌ویستی دا

له‌و رۆژانه‌ یادێكی گه‌وره‌و پیرۆز دێته‌وه‌ پێشمان ئه‌ویش یادی له‌دایكبوونی پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمانه‌ (صلى الله عليه وسلم).. ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ی كه‌وا رێنیشانده‌ری خه‌ڵق‌و هه‌ڵبژارده‌ی خوای گه‌وره‌بوو.. به‌ له‌دایكبوون‌و هاتنی ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ گه‌وره‌یه‌ مێژوو ژیان‌و هه‌ڵسوكه‌وتی زۆری له‌ مرۆڤایه‌تی گۆڕی له‌ هه‌موو كارو كرده‌وه‌یه‌كی جاهیلی‌و ناڕه‌سه‌ن بۆ كاری چاك‌و باش‌و ره‌سه‌ن.. له‌ عیباده‌تی به‌ردو دارو مرۆڤ‌و..هتد. بۆ به‌ندایه‌تی یه‌ك خوا په‌رستی، خه‌ڵكی له‌ زوڵم‌و سته‌م‌و چه‌وساندنه‌وه‌ رزگار كرد به‌ره‌و ئازادی.. خه‌ڵكی له‌نه‌خۆشی خولوقی‌و داڕمانی ئه‌خلاقی رزگاركرد بۆ ره‌وشت به‌رزی

 

جارێ‌ له‌سه‌ره‌تا ئه‌وه‌ی یادی مه‌ولودی وه‌ك موناسه‌به‌یه‌كی پیرۆز له‌ مانگی له‌ دایك بونی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) دیاری كرد ئه‌وه‌ مه‌به‌سته‌كه‌ی دیارو رون‌و ئاشكرا بووه‌ له‌وه‌ی كه‌ نیشاندانی خۆشه‌ویستی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم)ه‌ زیاتر هه‌روه‌ها نان دان‌و، به‌خشینه‌وه‌ی شیرنایه‌تی‌و، خۆشكردنی دڵی منداڵان‌و هه‌موو چین‌و توێژێكی جۆراوجۆری كۆمه‌ڵگه‌و، ئاشنا كردنیان به‌ ژیانی پێغه‌مبه‌ری خۆیان‌و، یارمه‌تیدانی هه‌ژاران‌و نه‌داران‌و، هه‌روه‌ها: قورئان خوێندن‌و، سه‌ڵه‌وات لێدان‌و، قصائیدو مه‌دائیح خوێندنه‌وه‌و، یه‌كتر ناسین‌و، خڕبوونه‌وه‌و كۆ بوونه‌وه‌ له‌ شوێنه‌ك..هتد.  وه‌ ئه‌م كاره‌ش پشت به‌ پشت‌و نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌ لای خه‌ڵكی موسڵمان به‌رز نرخێنراوه‌و كاری  له‌سه‌ر كراوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش كه‌ قیل‌و قال‌و باس‌و خواسێكی زۆر به‌خۆیه‌وه‌ی هه‌ڵده‌گرێت‌و دیسان گه‌لی كوردی موسڵمان له‌كاتی ساڵوه‌گه‌ڕی یادی له‌ دایكبوونی خۆشه‌ویست (صلى الله عليه وسلم) به‌تایبه‌ت له‌ مانگی ره‌بیعی یه‌كه‌م، كه‌ ناسراوه‌ به‌ مانگی مه‌ولود ماڵ‌و بازاڕو كوچه‌و كۆڵان‌و شه‌قامه‌كانیان رازاندۆته‌وه‌و هه‌ریه‌كه‌و به‌ جۆرێك ته‌عبیر له‌ ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستی خۆی ده‌كات بۆ پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی.. ئینجا هه‌ر له‌: نان دان‌و، شیرناتی به‌خشینه‌وه‌و، زینه‌و رازاندنه‌وه‌و، نامیله‌كه‌و، به‌خشینه‌وه‌ی ژیاننامه‌ی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم)و، پیرۆزبایی له‌یه‌كتر كردنیان‌و، زیندو كردنه‌وه‌ی سوننه‌ته‌كانی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم)و، ئاشناكردنی منداڵ‌و گه‌نجه‌كان‌و به‌ته‌مه‌نه‌كانیش به‌ ژیاننامه‌ی پێغه‌مبه‌ر..هتد. خۆشحاڵی خۆیان ده‌ربڕیوه‌و ده‌رده‌بڕن

 

بێگومان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م كاره‌ خودی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم)و هه‌روه‌ها هاوه‌ڵه‌ به‌رێزه‌كانیش (ره‌زاو ره‌حمه‌تی خوایان له‌سه‌ربێت) ئه‌نجامیان نه‌داوه‌و شتێك نیه‌ به‌ناوی (مه‌ولود)و یان ئاهه‌نگ گێڕان به‌ ناوی مه‌ولود.. هه‌ر بۆیه‌ قسه‌و باسی زۆر به‌خۆیه‌وه‌ هه‌ڵده‌گرێت.. سه‌باره‌ت به‌ دروستی‌و نا دروستی‌و هه‌روه‌ها له‌ نێوان شه‌رعیه‌ت پێدانی‌و به‌ بیدعه‌ دانانی، بێگومان هه‌ر یه‌ك له‌و فه‌ریق‌و  ڕا جیاوازانه‌ش به‌ڵگه‌ی خۆیان هه‌یه‌، كه‌ هه‌ر له‌م راپۆرته‌ (به‌ پشتیوانی خوای گه‌وره‌) هه‌ندێكیان ده‌خه‌ینه‌ روو.. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ لای زۆرێك له‌خه‌ڵكی‌و وه‌ قسه‌و باسی له‌سه‌ر ده‌كرێت.. ئه‌ویش: به‌ حیزبی‌و به‌ سیاسی كردنی بۆنه‌كانی مه‌ولودو، موعامه‌له‌ له‌سه‌ركردن‌و، مونافه‌سه‌ كردن‌و، هه‌روه‌ها تێكه‌ڵاوی كردنی ئافره‌تان‌و پیاوانی نامه‌حڕه‌م‌و، هه‌روه‌ها نان پێخواردن‌و، ده‌نگ پێ‌ په‌یاكردن‌و، تیجاره‌ت كردن به‌ بۆنه‌كانی مه‌ولودو، پێداهه‌ڵگوتن‌و هه‌ڵپه‌ڕین‌و له‌خۆدان‌و..هتد

 

وه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ دڵی خه‌ڵكی خۆش ده‌كات ئه‌وه‌یه‌ كه‌: مه‌ولود سیمای خۆشه‌ویستی  بۆ پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) ی پێوه‌ دیار بێت‌و به‌ حیزبی‌و به‌ شه‌خسی‌و به‌ سیاسی نه‌كرێن..  به‌ داخه‌وه‌ جاری واش هه‌یه‌ كاتی مه‌ولود له‌ جیاتی قورئان خوێندن‌و سه‌ڵاوات لێدانی زۆر.. كه‌چی به‌زۆری به‌ جۆره‌ وتارانێكی لایده‌و بێ‌ ماناو سیاسی‌و لاڕێ له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه‌ به‌ڕێ ده‌كرێت..! وه‌ جاری واش هه‌بووه‌ كه‌ مه‌ولود كۆتایی پێ‌ هاتووه‌ كه‌چی مه‌ولایه‌ صلی یه‌ك نه‌كراوه‌.. وه‌ كه‌مترین سه‌ڵاوات له‌سه‌ر پیغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) لێ‌ دراوه‌.. ئینجا ئه‌وه‌ی كه‌ گرنگه‌ باسی بكه‌م ئه‌ویش یاده‌كانی مه‌ولودی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) وه‌كو ده‌رفه‌تێك‌و موناسه‌به‌یه‌ك بۆ پێناسه‌كردنی ژیانی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم ‌و ئاشناكردنی موسڵمانان به‌ سیڕه‌و زیاتر ناسینی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم)و شاره‌زابوون له‌ سوننه‌ته‌كانی‌و له‌ په‌یامه‌ جوانه‌كه‌ی

به‌ڵگه‌ی ئه‌وانه‌ی یادی مه‌ولود به‌ ڕه‌وا ده‌زانن.. ده‌ڵێن: 1_ دروسته‌ به‌ڵكو پێویسته‌ مرۆڤ باسی نیعمه‌ته‌كانی خوا بكات‌و شوكرانه‌ بژێریشی له‌سه‌ر بكات.. هه‌روه‌ك خوای گه‌وره‌ له‌ قورئانی پیرۆز ده‌فه‌رموێ‌: ((يا أيها الناس اژكروا نعمه‌ الله عليكم)) فاگر:3.. واته‌: ئه‌ی خه‌ڵكینه‌ بیرتان بێت‌و یادی خۆتانی بخه‌نه‌وه‌ ئه‌و هه‌مووه‌ نیعمه‌تانه‌ی خوا به‌سه‌رتانه‌وه‌.. ئایا نیعمه‌ت هه‌یه‌ له‌ نیعمه‌تی هاتنی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم)‌و باوه‌ڕهێنان به‌ په‌یامه‌كه‌ی گه‌وره‌تر بێت..؟ كه‌وابی: ((وأما بنعمة ربك فحدث)) واته‌: سه‌باره‌ت به‌ نیعمه‌ته‌كانی خوا به‌سه‌رته‌وه‌ باسی بكه‌ن‌و شوكرانه‌ بژێری له‌سه‌ر بكه‌ن. 2_ ده‌رفه‌تێكی باشه‌ بۆ بانگه‌وازی‌و شاره‌زاكردنی زیاتری خه‌ڵكی به‌ ئاین‌و ژیاننامه‌و رێبازو سوننه‌ته‌كانی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم). 3_ ده‌رفه‌تێكی باشه‌ بۆ خێرو نان دان‌و شیرناتی به‌خشینه‌وه‌و دڵی خه‌ڵكی خۆشكردن.4_ ده‌رفه‌تێكی باشه‌ بۆ شیرین كردن‌و شاره‌زاكردنی منداڵان به‌ ئاینی پیرۆزی ئیسلام‌و باسی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم). 5_ ده‌رفه‌تێكی باشه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی قورئان‌و ژیاننامه‌ی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم)‌و سیدی ئایینی‌و سیواك‌و نامیلكه‌ی به‌سوودو یان هه‌رجۆرێك له‌و هه‌دایانه‌ی كه‌ خزمه‌ت‌و زانیاری به‌سوود به‌ موسڵمانان ده‌گه‌یه‌نێت. 6_ ده‌چیته‌ بابی مه‌جلیسی زیكر.. هه‌ر له‌ قورئان خوێندن‌و سه‌ڵاوات لێدان‌و مه‌دائیح‌و قه‌صائید خوێندنه‌وه‌و وتاری ئاینی.. كه‌ هه‌مووی ده‌چێته‌ بابی مه‌جلیسی زیكر. 7_ وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌كی چاكه‌و خوای گه‌وره‌ش له‌ قورئانی پیرۆز ده‌فه‌رموێ‌: ((فَإِنَّ الذِّكْرَى تَنْفَعُ المُؤْمِنِينَ)) الذاريات:55، واته‌: یادخستنه‌وه‌ سودی ده‌بێت بۆ بڕواداران.  8_ سه‌عدی كوڕی ئه‌بی وه‌قاص (خوا لێی رازی بێت ده‌فه‌رموێ‌: ("كنا نروى لَابنائنا مغازى رسول الله كما نُحفِّظهم السورة من القرآ‌ن) واته‌: ئێمه‌ باسی جه‌نگ‌و باسی پێغه‌مبه‌رمان (صلى الله عليه وسلم) بۆ منداڵه‌كانی خۆمان ده‌گێڕایه‌وه‌ هه‌روه‌كو چۆن سوره‌تێك له‌ قورئانمان پێ‌ له‌به‌ر ده‌كردن. 9_ ابن مسعود خوا لێی رازی بێت ریوایه‌تێكمان بۆده‌كات‌و ده‌فه‌رموێ: (ما رآ‌ه المسلمون حسناً فهو عند الله حسن، وما رآه المسلمون قبيحاً فهو عند الله قبيح) واته‌: هه‌رچیه‌ك له‌كاری باشه‌ موسڵمانان كۆده‌نگ بن له‌سه‌ری‌و پێیان باشبێت ئه‌وه‌ لای خوای گه‌ره‌ش باشه‌، وه‌هه‌ر شتێكیش كه‌ موسڵمانان كۆده‌نگ بن له‌سه‌ری‌و پێیان خراپ بێت ئه‌وه‌ لای خوای گه‌ره‌ش خراپه

به‌ڵگه‌ی ئه‌وانه‌ی پێیان دروست نییه‌.. ده‌ڵێن: 1_ دروست نییه‌و زیاد كراوه‌ له‌ دین وه‌ هه‌رشتێكیش زیادكراو بێ‌ له‌ دین بیدعه‌و ره‌تكراوه‌یه‌. 2_ ئه‌گه‌ر شتێكی باش بایه‌ ئه‌وه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) ده‌یكرد.. وه‌ ئه‌گه‌ر پێغه‌مبه‌ریش(صلى الله عليه وسلم) نه‌یكرد ده‌بوا خه‌لیفه‌ راشدینیه‌كان‌و هاوه‌ڵه‌ به‌ڕێزه‌كان بیانكردبا.. خۆ خۆشه‌ویستی هیچ جیلێك بۆ پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی ناگاته‌ خۆشه‌ویستی هاوه‌ڵه‌ به‌رێزه‌كان بۆ پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم). 3_ پێغه‌مبه‌ر  (صلى الله عليه وسلم) وه‌سیه‌تی كردوینه‌ كه‌ ده‌ستبگرین به‌ سوننه‌ته‌كانی.. وه‌ ئه‌گه‌ر ئاهه‌نگ گێڕان به‌بۆنه‌ی مه‌ولود خێری خۆی هه‌بوایه‌ ئه‌وه‌ بێگومان پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) ئومه‌ته‌كه‌ی لێ‌ ئاگادار ده‌كرده‌وه‌. 4_ ئیمام مالیك ره‌حمه‌تی خوای له‌سه‌ربێت ده‌فه‌رموێ‌: (لا يصلح ێ‌خر هژه اڵامه‌ إلا بما صلح به أولها) واته‌:  ئیصڵاحی حاڵی ئومه‌ت له‌ دواتر نایێت مه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی پێش خۆیان ئیصڵاحی حاڵیان بوبێت.. وه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش ئه‌وه‌ له‌و سێ‌ سه‌ده‌ی كه‌ پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم)   به‌ (خیر القرن)ی حیساب كردن شتی وایان نه‌كردووه‌.. (وقد قال الناظم: و كل  خير فى اتباع من سلف -  كل شر فى ابتداع من خلف) واته‌: هه‌موو خێر له‌ شوێنكه‌وتنی ئه‌وانه‌ی پێشتره‌و هه‌موو خراپه‌یه‌كیش له‌ بیدعه‌و زیادكراوی ئه‌وانه‌ی دوواتره‌. 5_ خۆشه‌ویستی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) بۆ ته‌نها رۆژه‌ك نیه‌ به‌ڵكو بۆ هه‌تا هه‌تاییه‌. 6_ هه‌ر كه‌س مه‌ولود به‌شتێكی ناو دین بزانێت ئه‌وه‌ بوهتانی داوه‌ته‌ پاڵ دینه‌كه‌مان به‌ نه‌قص.. له‌كاتیكدا كه‌ خوای گه‌وره‌ به‌خۆی ده‌فه‌رموێ‌: ((اليوم أكملت لكم دينكم وأتممت عليكم نعمتي ورضيت لكم الإسلام ديناً)) المائده‌:3. 7_ هه‌ركاتێك بیدعه‌یه‌ك زیاد بكرێت له‌ دین ئه‌وه‌ سوننه‌تێك له‌ سوننه‌ته‌كانی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) وازی لێ‌ ده‌هێنرێت‌و بێ‌ ناز ده‌كرێت

 

وه‌هه‌ركاتێكیش ده‌رگایه‌ك له‌رووی بیدعه‌وه‌ واڵاكرا ئه‌وه‌ بیدعه‌ی تریش به‌دوای خۆیدا ده‌ینێت. 8_ پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) له‌هه‌مان مانگیش وه‌فاتی كردووه‌.. ئینجا به‌چی دڵی خۆیان خۆش ده‌كه‌ن‌و خۆشحاڵی خۆیان ده‌رده‌بڕن. تێبینی/ ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ وه‌كو خاڵ رێزبه‌ندیه‌كم بۆ كردن بێگومان هه‌ندێك بوون له‌به‌ڵگه‌ی  هه‌ردوولا.. له‌كۆتاییدا ئومێده‌وارم هیچ لایه‌ك له‌ هه‌ڵگرانی ئه‌و دوو جۆره‌ بیرو ڕا جیاوانه‌ گرفت دروست نه‌كه‌ن‌و كێشه‌كان له‌سه‌ر ئه‌مه‌ قوڵ نه‌كه‌نه‌وه‌و، رێز له‌ هه‌ست‌و بیرو ڕا جیاوازی یه‌كتری بگرن‌و ئه‌وه‌ش بزانین كه‌ كاری زۆر له‌وه‌ گرنگتر هه‌یه‌ كه‌ موسڵمانان به‌ یه‌ك مه‌وقیف‌و یه‌ك هه‌ڵوێستی سه‌رقاڵی بن‌و به‌ره‌نگاری ببنه‌وه‌ هه‌ر له‌ بێرێزییه‌كانی غه‌یره‌ دین‌و كه‌سانێكی خوا نه‌ناس به‌رامبه‌ر به‌ پیرۆزییه‌كانی دینمان‌و هه‌روه‌ها به‌لاڕێ چوونی به‌شێكی باش له‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌و مادده‌ بێ‌ هۆشكه‌رو سه‌رخۆشكه‌ره‌كان‌و هه‌روه‌ها تێكچوونی شیرازه‌ی خێزان‌و به‌لاڕێ دابردنی كوڕان‌و كچان‌و شێواندنی ئه‌خلاق‌و ره‌وشت به‌رزی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری خۆمان‌و..هتد. هه‌روه‌ك ئومێد ده‌خوازم كه‌ به‌بێ‌ تێكه‌ڵاوی ژنان‌و پیاوان‌و به‌بێ‌ مۆسیقاو هه‌روه‌ها به‌بێ‌ به‌سه‌ر داهه‌ڵگوتنی غه‌یری خواو پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) قه‌سائیدو مه‌دائیح‌و وتاره‌كان بخوێنریته‌وه‌و وه‌ ئیخڵاصی پێوه‌ دیاربێت.  دووباره‌ یادی رۆژی له‌ داییكبوونی پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمان تانجی سه‌رمان‌و شه‌فیعی رۆژی مه‌حشه‌رمان له‌ خۆم‌و له‌ هه‌موولایه‌ك پیرۆز ده‌كه‌م، داواكارم له‌خوای گه‌روره‌ كه‌ له‌سه‌ر سوننه‌ت‌و رێبازه‌ پیرۆزه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) بمانژیێنێت‌و بمانمرێنێت‌و زیندومان بكاته‌وه‌..