یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   لقێ دهوكێ ئێکەتیا زانایان و ئه‌وقافا دهوكێ: پێدڤیە کەنالێ وار و مێڤانێ وێ داخازا لێبورینێ بکەن    *****    *****   لقی سلێمانى يه‌كێتی زانايان به‌شداری له‌ ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی مزگه‌وتى گوندى پاڕه‌زان ده‌كات    *****    *****   بە بەژداری سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بروانامەی زانستی لە شارۆچکەی مەسیف بەرێوە دەچێت    *****    *****   یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی مامۆستا یادگار برادۆستی دەکات    *****    *****   ناونیشانی وتاری هەینی و بەرچاو ڕوونیەک بۆ وتاربێژان    *****    *****   لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان چەند چالاکیەک ئەنجام دەدات    *****    *****   چالاکیەکانی لقی کۆیەی یەکێتی زانایان    *****    *****   خولا تایبه‌ت یا ماموستایێن ئایینی ل زاخو    *****    *****   لقی سلێمانی یەکێتی زانایان بەژداری کردنەوەی مزگەوتی حاجی شەریف بیسەری دەکات    *****    *****   سیمینارێک لەبارەی مەترسیەکانی مادەی هۆشبەر لە شاوێس بەڕێوە چوو    *****    *****   لقی شەقڵاوەی یەکێتی زانایان لە کۆبوونەوەیەکی فراوان چەند پرسێک تاوتوێ دەکات    *****    *****   لقی کۆیەی یەکێتی زانایان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ساز دەکات   
مه‌لا عه‌بدوڵلا شێركاوه‌یی
به‌رواری دابه‌زاندن: 02/09/2013 : 14:37:21
قه‌باره‌ی فۆنت
نامی لە نامەی مندا...

 

سۆزێك بۆ نامی

زانای گەورە مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس

 

یادی زانا‌و ئەدیبی گەورەی گەلەكەمان جەنابی مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەریس، وێڕای شانازی بۆ كوردو رابەرانی زانست‌و رۆشنبیری، تاجی بەرزی‌و شكۆمەندی دەخاتەوە سەر سەری هەمووانەوە، هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی ژیانی زانا‌و خواناس‌و قەڵەم بەدەستی نووك دەوڵەمەندی دونیای عیلم‌و عیرفان چاوانمان گەش دەكاتەوەو، ئاوێزانی مەحەبەت‌و هەوێنی رێگەی سەرفرازی، وەك مەعنەویەت دەكاتە بەر رۆحمان‌و رێگەی سەربەرزی‌و شكۆمەندیەوە.

 

كاتێ‌ لەدەرگای دڵێكی بە زیكرو، رۆحێكی بەرزی ناو جیهانی زانست‌و زانیاری دەدەین، تامەزرۆی شنەی بەختەوەرین با باڵی ئولفەت بخاتە نێو رازەكانی دڵ‌و لاپەڕەكانی سینەی شەیدایانی بواری مەعریفەتەوە، تا بە یادی مەردانەوە گیان بكەنەوە مێرگ‌و سیمانی جوانی‌و گەشاوەیی بخەنە بەر چاوانی هەمووانەوە..

 

ئا لێرەوە بەقەد قەترەی دەریایەك‌و لەو هەنسكەی نێو دارشتنی پیت‌و خاڵی پەخشاندا، پەیامی هاورێبازی‌و وەفای رۆحانی بەرامبەر خزمەت‌و ماندووبوون‌و نووسین‌و بەرهەمەكانی ئەو زاتە بەرزە پەیمانی وەفاداری چەند بارە دەكەینەوە، وەك پەیامێك بەهەموو هاوسۆزانی ئەو زاتە رادەگەیەنین، كە ئەگەرچی مامۆستا لەناومان نەماوە، بەڵام رۆح‌و خۆشەویستی‌و وێنە‌و بەرهەم‌و شاكارەكانی هەردەم بە زیندوویی‌و، بەو پەڕی بەرزیەوە لەبەر چاوو، لەناو دڵمان هەر دەمێنن‌و، هەمیشە تامی نوێ‌‌و بۆنی نوێ‌‌و رەنگی نوێ‌ لەناو مێرگ‌و ئاوازی سروشتی ئەك كوردستانە دەنەخشێننەوە.

 

ئا لێرەوە یادی قەلەمێكی دەوڵەمەندو قوتابخانەیەكی فراوان‌و عارفێكی گەورەی مەیدانی شەریعەت‌و تەریقەت‌و هەقیقەت دەكەینەوە، تا لەسایەی سێبەری ئەو سەرمەشقە نازدارانە رێگەی سەرفرازی پتر بدۆزینەوە.

 

هۆ مامۆستای مودەڕیس، هۆ ئەستێرەی بواری عیرفان، هۆ ریش شپیە نازدارەكەی دەڤەری بیارەی شەریف، هۆ دەست پاكە نورانیەكەی نێو مەكتەبەو تەدریس، هۆ دەروون پاكەكەی نێو ئەلقەی زیكرو زمان شیرینەكەی كۆڕی وەعزو نەسیحەت، هۆ رابەری تەئلیفات‌و خامە رەنگینەكەی سەر لاپەڕە زەدینەكانی شەریعەتی ئیسلام..

 

ئەی مامۆستای نامی.. دەزانم لە گوندە بێنازەكەی نێرگسە جاڕە، شارەدێی بیارەو، مزگەوتی حاجی حانەی سلێمانی‌و، مزگەوتی ئەحمەدی لە بەغداو، تەكیەی عاتیكە خاتوونی نەوەی شێخی گەیلانی‌و، حوجرەكەی مزگەوتی گەیلانی، بە باوەڕێكی دامەزراوو.. عەقڵ‌و چاوێكی دوور بین.. هزرێكی تەندروست.. خزمەتێكی زۆرت پێشكەش كردو بەرهەمی زۆرت نایەوە..

 

ئەوەتا سەرچاوەی ئایین، ئیمان‌و ئیسلام، ئەساسی سەعادەت، چل چرای ئیسلام، نورو نەجات، ئیقال نامە، بارانی رەحمەت، رێگای رەهبەر، نامەی حەقیقەت، سۆسەنی كۆسار، گوڵزاری حیكمەت، وەنەوشەی نازدارو شەمامەی بێندار.. كۆمەڵێكی ئەو بەرهەمە نایاب‌و گەوهەردارانەن، كە تێنوێتی هەزاران كەسی تێنوی ئەو بوارەیان شكاندو، بوونە هەوێنی پێگەیاندنی سەدان نەمام‌و سەرەنجام ئەو باغەی لێ‌ بەرهەم هات، كە خۆی لە كۆی خزمەتەكان دەبینێتەوە‌و، سەری ئەم كوردستانەیان لەنێو كۆڕی مەعریفە‌و ئەدەب‌و كەلتوورو دونیای نووسین بەرز كردەوە..

 

لە بواری ئەدەب‌و دونیای شیعرو شرۆڤەی دەقە شاراوەكان، بەرگی زێرینی كردە بەر دیوانی مەولەوی‌و مەحوی‌و بێسارانی‌و فەقێ‌ قادری هەمەوەندی‌و سالم‌و ناڵی.. بە شێوەیەك تامی شیعری ئاوێزانی رۆحە ئیماندارەكان كردو، سەلیقەی خوێندنەوەی لای خوێنەر خۆش كردو خستە سەر خەتەوە.

 

لە خزمەت تەفسیر نامی‌و نووری قوڕئاندا.. بەهارێكی راستەقینەت هێنایە بوون‌و گەورەترین خزمەتت بە پیرۆزترین كتێبی ئاسمانی كردو، زمانە شیرنەكەی كوردیت كردە شاسواری نێو زمانان‌و فەرهەنگی كوردیت پێ‌ رازاندەوە..

 

ئێستاش زانستە بەنرخەكەی ناو كتێبە لاپەڕە زەردینەكانی شەریعەتی ئیسلام بوونەتە كانیاوێك لە فیقهی شەریعەت‌و تەریقەتی رۆشن‌و رووناك كردۆتەوە..

 

هۆ زانای ناوداری گەلەكەمان تۆ هەر خەمخۆری پێگەیاندنی نەوەی كورد نەبووی، بەڵكو سەدان مرۆڤی نەتەوە جیاجیای وەك ئیرانی‌و ئەندەنوسی، تورك‌و ئەفغانی، مەغریبی‌و مالیزی، هیندو روسی، پاكستانی‌و جەزائریت پێگەیاند‌و، ئەوان قوتابی قوتابخانە زانست ئامێزەكەی تۆ بوون..

 

 

ئێستاش بەرهەم‌و رێبازو خزمەتەكانی جەنابی مودەڕیس.. رەمزێكی گەورەی عیلم‌و عیرفان‌و ئەستێرەیەكی درەوشاوەی ئاسمانی هۆشیاری ئایینی‌و بڵاوكردنەوەی پەیامی رەسەن‌و دروستی ئیسلامن‌و، هەر بۆ مێژووش دەڵێین: گەورە مەرجەعی بیارەو هەڵگری نازناوی نامی، مێزەرێكی سپی‌و پاكی نێو حوجرە‌و فەرهەنگێكی كراوەی فكرو رابەرێكی سەربڵندی كوردستان‌و زاهیدێكی نەقوڵاو زانایەكی بابەتی‌و قەلەمێكی دەوڵەمەندو قوتابخانەیەكی فراوان‌و عارفێكی گەورەی مەیدانی شەریعەت‌و تەریقەت‌و هەقیقەت بوو.. سڵاوو لە رۆحی..