یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان کۆمەڵێک نامەی پیرۆزبایی بە بۆنەی جەژنەوە پێ دەگات    *****    *****   یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بە بۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز بڵاو دەکاتەوە    *****    *****   مامۆستا مەلا صلاح أحمد تەرخانی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بە پێشکەشکردنی پانیڵێک بەشداری کۆنفرانسی گفتوگۆی بازنەیی تایبەت بە پرسی بەشداری ئافرەت لە کایەی سیاسیدا دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان: پێکەوەژیان خواستێکی ئایینیەو پێویستە هەمووان رێزی لێ بگرین    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان: هەڕەشەو بێڕێزیکردن بەرامبەر مامۆستایانی ئایینی قابیلی قبوڵ نیە    *****    *****   لقی سۆرانی یەکێتی زانایان کۆدەبێتەوە چەند پرسێک گەنگەشە دەکات    *****    *****   لقی رانیەی یەکێتی زانایان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و چەند پرسێک تاوتوێ دەکات    *****    *****   کونسوڵی گشتی فەرەنسا لەهەرێمی کوردستان سەردانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان دەکات    *****    *****   دكتۆر شێخ تەها ئەحمەد ئەلزەیدی  ئەندامی كۆڕبەندی فیقهی عێراق: زانایانی كورد پێشەنگ بوون لە گۆڕەپانی زانستی و فەتوادان؛ به نووسین و پۆلێنبەندییەكانیان كتێبخانەی ئیسلامی و مرۆڤدۆستییان دەوڵەمەند كردووە    *****    *****   دكتۆر شێخ تەها ئەحمەد ئەلزەیدی ئەندامی كۆڕبەندی فیقهی عێراق: زانایانی كورد پێشەنگ بوون لە گۆڕەپانی زانستی و فەتوادان؛ به نووسین و پۆلێنبەندییەكانیان كتێبخانەی ئیسلامی و مرۆڤدۆستییان دەوڵەمەند كردووە    *****    *****   ئەنجومەنی باڵای فەتوا: ڕێژه‌ی زه‌كات و سه‌رفیتره‌و فیدیه‌ی ساڵی 1445هـ = 2024م دیاری دەکات   
مه‌لا مژده‌ شوانی
به‌رواری دابه‌زاندن: 26/09/2013 : 10:25:13
قه‌باره‌ی فۆنت
راگەیاندكاری سەركەوتوو دەبێت چۆن بێت؟

گومانی تێدا نیە, كە پیشەی راگەیانكار پیشەیەكی گرنگ‌و پڕ بایەخە بۆ كۆمەڵگای خەڵكی بەسەرجەم چین‌و توێژە جیاوازەكانەوە، چونكە راگەیانكار دەتوانێت بەوكارو بەرنامەو میكانیزمەی, كە هەیەتی دەنگی راستەقینەی خەڵكی‌و كێشەو روداوو مەزلومیەتی چینی هەژارو چەوساوان بەرزكاتەو بیگەیەنێت بە دەسەڵاتداران‌و سەرجەم گەلانی جیهانیش بەهۆی شێوازە هەمەچەشنەكانی ئامێرەكانی راگەیاندن، بەڵێ‌ راگەیانكار پیشەیەكە بەمانای راسەقینەیی‌و هەڵگری پەیامێكە, كە ئامانج‌و مەبەستی تایبەتی خۆی هەیە، راگەیانكار خاوەن دەنگێكە,كە ئاخاوتن لەگەڵ بیروبۆچوونە هەمەجۆرو جیاوازەكان دەكات، بۆیە چەندەها جار راگەیاندن‌و راگەیانكاران رۆڵی كاراو باش‌و كاریگەر دەبینن لە چارەسەری زۆرێك لە كێشەو گرفتەكانی كۆمەڵگای خەڵكی، راگەیانكاران هەمیشە وەك نوێنەرو گوزارشتكەر لە بۆچوون‌و ئاكارو ئاستی رۆشنبیری‌و پێشكەوتنی لایەنەكانی تری ژیانی مرۆڤەكان لە شارو ناوچەو وڵاتیان دەناسرێن، بۆیە دەتوانن جوانترین سیماو لایەنەكانی پێشكەوتنی وڵاتیان بە هەمو‌و جیهان بناسێنن، هەر لەبەر ئەم رۆڵە گرنگەشە, كە بە جیهانی راگەیاندن دەوترێت دەسەڵاتی چوارەم، بەڵام بەپێچەوانەوە رەنگە هەندێك جار راگەیانكاران خراپترین رۆڵ‌و سیمای ناوچەكانیان ببینن، كە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ تواناو لێهاتویی‌و ئامانج‌و ئایدەلۆجیای كەسی راگەیانكار.

جا لەپێناو ئەوەی, كە راگەیانكار ببێتە جێی متمانەی خەڵكی‌و باشترین رۆڵ پیشانی جەماوەر بدات‌و سەركەوتووبێت لە كارەكانیدا، پێویستە كە ئەم چەند خاڵ‌و خەسڵەتانە لەخۆیدا بەرجەستە بكات، كە بریتین لە:

1- راستگۆیی: گرنگترین خەسڵەت‌و سیما, كە لە كەسی راگەیانكاردا پێویستە رەنگدانەوەی تەواوی هەبێت، ئەویش راستگۆییە لە ‌وتەو راپۆرت‌و ئامادەكردن‌و گەیاندنی بابەتەكاندا، تاكو راگەیانكار بابەت‌و قسەكانی پاك‌و خاوێن بن‌و د‌ووربێت لە قسەی هەڵبەستراوو درۆ، ئەوەندە زیاتر سەركەوتوتر دەبێت‌و دەبێتە جێگای متمانەی خەڵكی‌و زیاتر بایەخ بەكارو بەرهەمەكانی دەدرێت هەر بۆیە, كە خوای گەورە دەفەرموێت: [يَا أَيُّهَاالَّذِينَ آمَنُواْ اتَّقُواْ اللّهَ وَكُونُواْ مَعَ الصَّادِقِينَ] (التوبة: 119), واتە: ئەی باوەڕداران لەخوا بترسن‌و بچنە ریزی كەسانی راستگۆكانەوە.

 بەڕاستی زۆر جێگای سەرسورمانە, كە هەندێك جار راگەیان كاری وا هەیە تەنها لەبەر رەواجدان بە بابەت‌و نوسینەكانی چەندەها شتی نادروست‌و ئەفسونا‌وی تێكەڵ بەقسەكانی دەكات، هەر بۆ ئەوەی خوێنەر سەرنجی زیاد بداتە سەر بابەتەكەی، بێ‌ ئەوەی بیربكاتەوە كە ئەو كارە ناگونجێت بەو چەشن‌و شێوازە روبدەن، كە ئەو شتەش زۆربەی بەخەیاڵ‌و ئەندێشە دروست دەكرێن، زۆر ئاسانە كە هەمووكەس دەتوانێت سەربەخۆ لای خۆیەوەو هەر بە خەیاڵ چەندەها روداوو سەرگوزشتەی جۆراوجۆر دابرێژێت بێ‌ ئەوەی هیچ بنەمایەكی راستی هەبێت، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانێت كە ئەو جۆرە كارانە تاچەند دەگونجێن لەگەڵ خەسڵەت‌و ئاكاری كەسی رۆژنامەنوس‌و راگەیانكاری سەركەوتوەوە، تاچەندە متمانەو راستگۆیی لەدەست دەدات لای بینەرو بیسەرو خوێنەرەوە.

2- دڵنیابون لە راستی‌و دروستی سەرچاوەی هەواڵ‌و روداوەكان: زۆر جار راگەیانكار پەلە دەكات لە ناردن‌و ئامادەكردنی راپۆرت‌و هەواڵ‌و روداوەكان، بۆ ئەوەی كە حەزبكات ئەو یەكەم كەس بێت لە بڵاوكردنەوەی یاخود زۆرترین ژمارەی راپۆرت‌و بڵاوكردنەوەی هەبێت بۆ دەزگاكەی، بێ‌ ئەوەی كە بكۆڵێتەوە بەباشی لەسەرچاوەی هەواڵەكەو دڵنیابێت لە راستیەكەی یەكسەر دەست دەكات بەوروژاندن‌و گەورەكردنەوەی بابەتەكە، كە رەنگە زۆر كات ئەو هەواڵە لەبنچینەدا بوونی نەبێت، یاخود بەو شێوازە نەبێت كە كەسی هەواڵنەر پێی راگەیاندوە، چونكە دەشێت هەندێك كەس بۆ مەرام‌و بەرژەوەندی خۆی ئەو هەواڵە بەنادروستی بگەیەنێت‌و بڵاوی كاتەوە، تاكو هەندێك كەس توشی ناڕەحەتی‌و گرفتی جۆراوجۆر بكات.

لەم بارەیەوە قورئانی پیرۆز رێنمونیمان دەكات‌و دەفەرموێت: [يَأَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إنْ جَاءَكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَأٍ فَتَبَيَّنُوا أَنْ تُصِيبُوا قَوْمًا بِجَهَالَةٍ فَتُصْبِحُوا عَلَى مَا فَعَلْتُمْ نَادِمِينَ] (الحجرات:5), واتە: ئەی كۆمەڵی ئیمانداران هەركات كەسێكی فاسق و ناراستگۆ هات بۆ لاتان‌و هەواڵێكی پێدان یەكسەر بڕوای پێ‌ مەكەن بەڵكو جەخت كەنەوە لە دروستی هەواڵەكەو بگەڕێن بەدوای بەڵگەو سەرچاوەكەیدا، تاكو نەخوازە بەوهۆیەوە گەلێك توشی گرفت‌و كێشە بكەن بەنەزانی‌و دواتر پەشیمانی بەدەست بێنن.

هەروەها كاتێك كە پەپولە سلێمانی (هودهود)ی باڵندە دێتەوە بۆ لای پێغەمبەر سولەیمان (علیەالسلام) پێی رادەگەیەنێت, كە هەواڵێكی زۆر گرنگ‌و سەیری بۆ هێناوە لەبارەی مەلیكەی (سبأ), كە (بەڵقیسە) پێغەمبەر سولەیمان یەكسەر بڕوای پێناكات هەرچەندە ئەو زۆر جەخت دەكاتەوە لەسەر دروستی‌و راستی هەواڵەكە بەڵكو پێی دەڵێت: [قَالَ سَنَنْظُرُ أَصَدَقْتَ أَمْ كُنْتَ مِنْ الْكَاذِبِينَ] (النمل:27), واته: پێغەمبەر سولەیمان پێی وت چاوەرێ‌ دەبین تابزانین راست دەكەی لەو قسانەت یاخود بەدرۆ هەڵت بەستوە، جابەراستی زۆر پێویستە كەراگەیان كاران كارەكانیان لەژێر سۆنگەی ئەم فەرمایشتانەی خوادا بەئەنجام بگەیەنن.

3- خۆ بەدور گرتن لەناو زراندنی هیچ كەس و لایەن و دەستەیەك: زۆرجاران مامۆستایانی ئایینی مزگەوتەكان لەوە ئاگادار دەكرێنەوە كە نابێت بەهیچ شێوەیەك تەشهیرو ناوزراندن بەهیچ كەس بكەن، راستە كە مزگەوت ناوەندێكی گرنگ و ستراتیجی راگەیاندنەو، نابێت ئەو كارەی تێدا بكرێت، بەڵام خۆ ئەوە بۆ هەموو دەزگاو كەناڵ و راگەیان كارانی تریشە، كە دەبێت دوربن لەو جۆرە رەفتارو كارە ناپەسەندەوە چونكە هەر لەیاسای راگەیاندندا ئەو شتە رێگە پێ نەدراوە، بەڵام كەچی هەندێك دەزگاو راگەیانكار پەیرەوی ناكەن و جاری وایە شعورو هەستی كەسێك یا لایەنێك یاهەر دەستەو خاوەن بیرو ئایدەلوجیایەك بریندار دەكەن و دەهەژێنن، زۆریشمان لەو كارانە لەرابوردودا بەفعلی بینیوە، بۆیە راگەیانكاری سەركەوتو دەبێت خۆی لەو كارانە بەدور بگرێت.

4- سەربەخۆیی بوون: زۆر راگەیان كار هەیە كە خۆی دەداتە پاڵ دەستەو لایەن و جیهەتێكی تایبەتی و زۆربەی كارەكانی لەبەرژەوەندی ئەودا خۆی دەبینێتەوە، كە بەراستی ئەمە زیان لەناوبانگ و بەرەوپێش چوونی دەدات، چونكە ئەوكات ناتوانێت رەخنەیەك یاشتێك بنووسێت كە بەدڵی كەس‌و لایەنەكەی نەبێت، كە دیارە هیچ كەس‌و لایەنێكیش بەدەر نیە لەهەڵەو كەم‌و كورتی هەر بۆیە راگەیانكاری سەركەوتوو دەبێت سەربەخۆیی خۆی بپارێزێ و كارەكانی بۆ هەموو خەڵكی بێت بەگشتی و بەبێ‌ جیاوازی لەهیچ بیرو بۆچوون و ئینتیمایەك.

5- دادپەروەری: راگەیانكاری سەركەوتوو ئەوەیە كەبەویژدان و دادپەروەرانەوە بریار لەسەر شتەكان بدات وهەڵیان بسەنگێنێت، نابێت ئینتیمای حیزبایەتی ورق لێبونی لەجیهەت و كەسێك كاریگەری وای لەسەر بكات كەخۆی بێ‌ دەنگ بكات لەبەرامبەر راستیەكان و بەرگری لەستەم لێكراوان نەكات، خوای گەورە دەفەرموێت [وَإِذَا قُلْتُمْ فَاعْدِلُوا وَلَوْ كَانَ ذَا قُرْبَى] الانعام: 152 واتە: گەر قسەتان كردو بریارتان لەسەر هەر شت دا ئەوە دادپەروەر بن لەو قسەو بریاردانەدا، با ئەو كەسە لێتانەوە نزیكیش بێت، كەوابوو ناكرێت كە كەسێك خزم و دۆستێكی نزیكت بێت ئیتر تۆ بەرامبەر ناهەقیەكانیشی هەر بلێی هەق و چاوی خۆتی لێ‌ بنوقێنی لەبەرامبەر هەڵەو كارە نارێكەكانی، پێش هاتنی ئاینی ئیسلام لەناو عەرەب لایەنگری لەدۆست وخزم و كەس و كار باوو بوو جا لەسەر هەق بوایە یاناهەق، بەبێ‌ ئەوەی ئینساف بەكار بهێنن و دادپەروەرانە بریار بدەن، بەڵام خوای گەورە ئەو كارەی ناپەسەندو قەدەغە كرد هەر بۆیە فەرموی: [يَأَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُونُوا قَوَّامِينَ بِالْقِسْطِ شُهَدَاءَ لِلَّهِ وَلَوْ عَلَى أَنْفُسِكُمْ أَوْ الْوَالِدَيْنِ وَالْأَقْرَبِينَ] النساء:135. واتە: ئەی كۆمەڵی برواداران دادپەروەر بن‌و هەرچی هەق و راستیە بەتەواوی بیهێننە دی وخۆتان لەراستیەكان بێ‌ ئاگان مەكەن، وە لەشایەتی داندا لەبەر رەزامەندی خوا لەراستی لامەدەن، جابا ئەو شایەتیە لەسەر خۆتان بێت وبەزیانی خۆتان بشكێتەوە، یاخو دایك وباوك و كەسە نزیكەكانتان، جائەم فەرمایشتەی خوا بۆ هەموانە لەنێویشیان راگەیانكاران، كە زۆر پێویستە ئەم خاڵە لەخۆیاندا بهێننە دی، هەندێك كەناڵ و راگەیان كار هەیە كە تەنها بەدوای كەم و كورتی وشتە لاوەكیەكاندا دەگەرێن و نیشانی جەماوەری دەدەن بەبێ‌ ئەوەی باس لەچاكی‌و كارە جوانەكانیش بكەن كە ئەنجام دراوە، لەبەرامبەریشدا هەندێكیان تەنها زومی كامیراكانیان لەسەر پرۆژە گەورەو شوێنە ستراتیجەكانە وەك ئەوەی ئەم وڵاتە هیچ كەم‌و كورتی‌و ناتەواوی تری نەبێت‌و هەموو خەڵكی لەو پەری ژیانێكی خۆش وبێ‌ كێشە دابن، بەڵام لەراستیدا كاری هەردوكیان دورە لەئینساف و دادپەروەریەوە، بەڵكو پێویستە بەرامبەر كارە باش وچاكەكان دەستخۆشی و سوپاس گوزاری بكرێت، وەبەرامبەر هەڵەو كارە نارێكەكانیش گلەیی وسكاڵاو داواكاری بەرز كرێتەوە، جگە لەم چەند خاڵ و خەسڵەتە گرنگ وبەرچاوانە ئازایەتی و چاونەترسی وخاوەن رەوشتی جوان و خۆبەكەم زانین‌و شارەزایی باش لەشێوازی قسەكردنی كاریگەریانەو گەران بەدوای زانیاری پر بایەخ وبەسودا لەدیارترین سیماو نیشــانەكانی راگەیانكاری لێزان و سەركەوتوە.

*بەرپرسی راگەیاندنی لقی چەمچەماڵی یەكێتی زانایان.

ئەم بابەتە لە ژمارە (95)ی گۆڤاری پەیامی زانایان بڵاوكراوەتەوە.