یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە سەرۆکی بۆردی باڵای وتاری هەینی و شاندێکی یاوەری دەکات    *****    *****   بۆ پیرۆزبایی کردن لە ساڵیادی دەرچوونیدا سەرۆکی یەکێتی زانایان سەردانی (گوڵان) دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان پێشوازی لە بەرێوەبەری ئەوقافی ئاکرێ و بەردەڕەش و بەرپرسی لقی ئاکرێی یەکێتی زانایان دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان پێشوازی لە بەرێوەبەری ئەوقافی شەقڵاوە دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان مەراسیمێکی رێزلێنان بۆ 130 مامۆستای ئایینی و هاوکارانی  راگەیاندنی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان ساز دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان کۆمەڵێک نامەی پیرۆزبایی بە بۆنەی جەژنەوە پێ دەگات    *****    *****   یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بە بۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز بڵاو دەکاتەوە    *****    *****   مامۆستا مەلا صلاح أحمد تەرخانی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بە پێشکەشکردنی پانیڵێک بەشداری کۆنفرانسی گفتوگۆی بازنەیی تایبەت بە پرسی بەشداری ئافرەت لە کایەی سیاسیدا دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان: پێکەوەژیان خواستێکی ئایینیەو پێویستە هەمووان رێزی لێ بگرین    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان: هەڕەشەو بێڕێزیکردن بەرامبەر مامۆستایانی ئایینی قابیلی قبوڵ نیە    *****    *****   لقی سۆرانی یەکێتی زانایان کۆدەبێتەوە چەند پرسێک گەنگەشە دەکات   
مامۆستا تاهیر بامۆكی
به‌رواری دابه‌زاندن: 20/04/2015 : 22:08:47
قه‌باره‌ی فۆنت
لە ئیسلامدا خۆشەویستی نیشتیمان لە سەر هاونیشتیمانیان واجبە

چاوپێكەوتن . بەشی یەكەم

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

ئایینی پیرۆزی ئیسلام وەك ئایینێكی ئاسمانی‌و هەمیشەیی‌و گشتگیر كۆڵەگە سەرەكیەكانی بریتین لە پاراستنی پێنج پێویستیە گرنگەكەی ژیان ئەوانیش ئەمانەن: پاراستنی ئایین‌و گیان‌و وەچەو نەوەو سەروەت‌و سامان‌و ماڵ‌و عەقڵ‌و ژیری مرۆڤەكان لە ژیانی دونیادا ئەم وجودەو بوونەشی بۆ هەموو گەل‌و نەتەوەیەك بە رەوا زانیوەو بە لایەنی كەم مافێكی سەرەتایی هەموو گەل‌و نەتەوەیەكە بە بێ فەرق‌و جیاوازی لە نێوان نەتەوەكان كە لە سەر خاكی خۆیان ژیان بەرنە سەر‌و رێگری لە هەموو دەست درێژیەك بكەن، ئەوەی داواكراوە ئەوەیە دادپەروەری پەیڕەو بكرێ.

لە سۆنگەی ئەم رەوشەی ئێستای كوردستان‌و گەلی كوردی پێدا تێدەپەڕی‌و  رۆڵە شێر ئاساكان (پێشمەرگە) بەرگریەكی قارەمانانە دەكەن‌و ئەم پێداویستیانەو پێویستیانەی ژیان دەپارێزن كە لە سەرەوە باسمان كردن‌و پێشمەرگە بۆتە سیمبولی بەرخودان‌و فەخرێكی گەورە بۆ گەلی كوردو جیهان من وەك مامۆستایەكی ئایینی هەموو كاتێ شانازیم بەوە كردووە كە پەروەردەی ژێر دەستی پێشمەرگەیەكی ئەم كوردستانەم‌و گەورەترین فەخر بۆ من ئەوەیە كە باوكم پێشمەرگەیەك بووە خوێنی خۆی كردۆتە قوربانی بۆ ئازادی  خەڵك‌و خاكی كوردستان‌و لە قیامەتیش چاوەڕوانی شەفاعەتی شەهیدی بابمم لای پەروەردگارو بە قەناعەتی تەواویشەوە دەڵێم گەر بابی من‌و هاوشێوه‌كانی ئه‌وو پێشمەرگە گیان لە سەر دەستەكانمان كه‌ به‌رگری له‌ پیرۆزیه‌كان ده‌كه‌ن شەهید نەبن‌و كارو پیشەكەیان تێكۆشان نەبێت لە پێناو خوا ئەوە نە شەهید و نە جیهاد لە سەر رووی زەوی نەماوە.

 بۆیە بە باشمان زانی چاوپێكەوتنێك لە گەڵ مامۆستای بەرێز مامۆستا تاهیر بامۆكی  پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی عومەری كوری خەتاب لە پارێزگای هەڵەبجە ساز بكەین لە دوای دەست خۆشی‌و هیوای سەركەوتن بۆی لە خزمەت كردنی دین‌و ژینی ئەم گەلە بەم پرسیارە لە خزمەتیا دەستمان بە گفتوگۆكەمان كرد:

پرسیاری یەكەم: مامۆستان گیان خۆشەویستی وڵات و نیشتمان لە شەریعەتی پیرۆزی ئیسلامدا یانی چی؟ وە ئەم خۆشەویسیە چۆن دەبێت؟

  بسم الله‌ الرحمن الرحيم

   الحمد لله والصلاة والسلام على رسول الله وعلى اله وصحبه ومن والاه أما بعد فاقول بتوفيق الله وكرمه:

وەڵام: من كە وڵات و نیشتمانم نەبوو ئازاد نیم بە دڵی خۆم و بەو شێوەیە كە خوا دەیەوێت خوابپەرستم،چونكە ئەو كاتە من یا ئاوارەم یا دیلم ,لە ئاوارەیی و دیلیشداخاوەن ماڵ و گەورەكان چۆنیان بوێت ئەبێت وا بكەم و وا بڵێم ,ئەگینا لێم قبوڵا ناكەن , بۆیە خوای پەروەردگار بە نیعمەت و منەت ئەو ئازادی و ئاسایش و تێریە بە بیری قورەیشیەكانی(مەككە) دینێتەوە و داوای بەندایەتیان لێ دەكات (فليعبدوا رب هذ ا البيت الذي اطعمهم من جوع وامنهم من خوف ).

نیشتمان دایكی یەكەمی مرۆڤە خوا ئەفەرموێ (منها خلقناكم وفيها نعيدكم ومنها نخرجكم تارة اخرى ) ئەو دایكە بەرێزەم كە نۆ مانگ تەنها نۆ مانگ بە پێستی سك منی هەڵگرت و لە خوێن وجەستە و رۆحی خۆی پێی گەیاندم و پاشان دوو ساڵیش شیری پێ دام و دارە دارەی پێكردم !!!!!! ئەو دایكەم خوا ئەفەرموێت پیاو بە لە خزمەتیدا پیایدا هەڵا مەشاخێ و پێی مەڵی ئۆف , جا سەرنج بدە ئەی ئینسان , ئەی ئەو دایكەی كەپێش لە دایك بوونم خۆم و دایكمی لە باوەش گرتبوو هەموو ژیانم لە ناو سكیدام یا لە سەرپشتیدام ,لە خێرو  بێری دەخۆم و دێم و دەرۆم و هەوای پاكی هەڵدەمژم و ئاوی سازگارو زولاڵی دەنۆشم و خۆراكی پاكی دەخۆم و دەخەوم ودەخوێنم لە باوەشیدا ئایا ئەم دایكە بە رێزەشم هەقی خۆی نی یە رێزی بگرم و بی پارێزم و شانازی بكەم بە وەی كە من لەوم :                                                        ( بەبێ قەدری بەسەریا مەرۆن حورمەتی بگرن – گوڵاڵە سورەی ئەم خاكە خوێناوی جگەرتانە) .

وڵات و نیشتمان بە بێ منەتكردن و خۆ  هەڵكێشان  واجبە لە سەر مرۆڤی بە ئەمەك و نمەك ناس خۆشی بوێت , رێزی بگرێت , بی پارێزێت , نەیفرۆشێت و نەیدۆرێنێت ,ئیبراهیمی خەلیل سەلامی خوای لێبێت كاتێك ژنەكەی و كورەكەی برد لە شوێنی شاری مەككە داینان و خوا ئاگاداری كرد ئێرە ئەبێتە نیشتمانتان دەستی نزای بۆ بارەگای خوا بەرزكردەوەو داوای لێكرد : ( رب اجعل هذا بلدا امنا واجنبني وبني ان نعبد الاصنام ) خوایە ئێرە بكە بە شارێك و وڵاتێكی پر ئەمن و ئەمان و من و مناڵەكانم  بپارێزە لەوەی بەندایەتی بۆ بت بكەین .

جارێكی تریش كە لەگەڵ ئیسماعیلی كوری دیواری كەعبەی پیرۆزیان دەكرد  وردە وردە شار بەرەو ئاوەدانی دەڕۆشت دەستەكانی بەرز دەكاتەوەو دەڵی:(رب اجعل هذا البلد امنا وارزق اهله من الثمرات من امن منهم بالله واليوم الآخر........)

خوایە ئەم شارە بگێرە بە شارێكی پر لە ئەمن و ئاسایش و دوور بێت لە بەڵاو ئافات و جرو جانەور خوایە رۆزی خەڵكەكەشی بدە میوە وخۆراكی پاكیان بدەرێ بە ئەوانەی كە ئیماندارن خوا ئەفەرموێت: ئیبراهیم ئەی كەسانێك بی باوەرن رزق و رۆزیان نەدەم؟ نا نا ئەوانەش بەندەی منن و من خوای ئەوانیشم رۆزی و میوە بەوانیش ئەدەم لە دونیادا،چونكە دونیا شوێنی تۆڵە وسزادان نی یە، بەڵام ئەگەر هاتو لە سەر كوفرو ئیلحاد مردن لە قیامەتدا سزایان دەدەم, كەواتە نیشتمان هی هەموانە ناكرێت لەسەر حسابی دینداری و بێ دینی خەڵكی لێ دەر بكرێت و سزابدرێت .

خوا لە قورئانی پیرۆزدا شەرفرۆشتن بە مرۆڤی لە سەر دین و ئیمان و عەقیدەی كردوەتە هاوشانی شەر لەسەر دەركردن لە زێد و نیشتمان , كافرێك یا غەیرە دینێك مادام شەرم پێ نافرۆشێت لە سەر بیرو باوەرو دینەكەم و دەرم ناكات لە وڵات و شارەكەم خوا رێگریم لێ ناكات چاك بم و دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵ بكەم , كە واتە هەركەس شەری دین و نیشتمانی پێفرۆشتم خوا بۆ خۆی رازی نابێت چاك بم لەگەڵی ورێزی بگرم سەری بۆ شۆر بكەم  .

هەموو پێغەمبەران بە گەلەكانیان فەرمووە:

 ( ولاتفسدوا في الارض بعد اصلاحها ) مەبەستیان پێی بە تایبەتی ئە و وڵاتە بووە تیایدا ژیاون ,موسا پیغەمبەر چەند ساڵ بە غەریبی لە وڵاتی مەدیەن لەلای خەزوری و ژن و مناڵەكانی پێكەوە بوون, بەڵام ئاگری محەبەتی نیشتمان هەڵی ئەگرێت ,پاش ئەوەی خوا مۆڵەتی ئەدات و فەرمانی پێ ئەكات بگەرێتەوە بۆ وڵاتی میصر, پێغەمبەری خۆشەویستمان (درودی خوای لە سەر) كاتێك ستەمكاران و پێشیلكارانی مافی مرۆڤ  لە شارەكەی دەری دەكەن و بە دڵی شكاوەوە وردە وردە بەقەدپاڵەكانی مەككەدا ئەروات و خەریكە شارو كەعبەی شەریفی لەبەرچاوان ون دەبێت  لا ئەكاتەوەو بەدڵی پر لە كوڵا و بەچاوی پرلە فرمێسك و بە گەرووی تاساوو پرلە گریانەوە دەڵێت: ئەی وڵات ئەی نیشتمان و شارە شیرینەكەم وەڵا تۆ خۆشەویسترین شوێنی لەلام وەڵا ئەگەر دەریان نەكردمایە بەجێم نە ئەهێشتی , خوای باڵا دەست لەوساتەدا مژدەی ئەداتێ  (ان الذي فرض عليك القران لرادك الى معاد)

ئەوەی قورئانی بۆ ناردی و فەرزی كرد لە سەرت برۆیت ئەو خوایە دەتگێرێتەوە بۆ شوێنی خۆت و زێدی خۆت ..... وەك هەندێك لە موفەسیرین وایان لێكداوەتەوە . لە پاش كۆچ بۆ مەدینە كە تەنها پێنج صەد كیلۆ مەتر یا كەمتر دوورە لە شاری مەككەوە ، زۆرێك لە یارانی پیغەمبەر نەخۆش كەوتن وتوشی پەتاو لەرزو تا بوون بە دەم ورێنەوە گۆرانییان دەوت بە ئاوی (مەجنە وشامەو گوفیل) دا:

             الا ليت شعري هل ابيتن ليلة      بواد وحولي اذخر وجليل

            وهل اردن يوما مياه مجنة          وهل يبدون لي شامة وطفيل 

 ئەم بەرێزانە صحابەی پێغەمبەرن مژدەی بەهەشتیان پێدراوە كەچی ئاوا گورانی وشیعر بە با ڵای چەم و دۆڵا و گژو گیاو كانیاو وشاخ ودەشتەكانی مەككە دا دەڵێَن دیارە ئەوە خۆشەویستی نیشتمانە,شاعیری كوردیش جوانی فەرمووە كە دەلیت:

 ئەی وەتەن مەفتونی تۆم وشێوەتم بیركەوتەوە – كاتی بەندی و ئەسارەت پێ بەبەند و كۆتەوە

 نەتەوەو گەلانی دونیا هەریەكە بە جۆرێك خۆشەویستی خۆیان بۆ خاك و نیشتمانیا ن دەربریوە, بەكوردی و بەكورتی:

   خۆشەویستی نیشتمان لە شەریعەتی پیرۆزی ئیسلامدا واجبە لەسەر شانی هاونیشتمانی تا كاتێك بیرو باوەرو دینەكەت لێ مەنع نەكرێت و ئازادیت زەوت نەكەن ,خوانەخواستە ئەگەر هێزو دەستەڵاتێك سەلبی ئازادی بیرو راو خواناسینی لێكردیت ,توانای رادەربرینت نەما لە سنوری یاسادا ئەوكاتە ئەبێت هەوڵی ئازادكردنی بدەیت بەگوێرەی توانات, خۆ ئەگەر ئەوەشت بۆ نەكرا پێویستە ئەو زێد و نیشتمانە بەجێ بهێلیت وبەدوای شوێنێكدا بگەرێیت بتوانیت بە ئازادانە رای  خۆت دەرببریت,وەك پێغەمبەری خۆشەویست و یارانی شاری مەككەیان بەجێ هێشت بەدوای ئازادیدا بۆ حەبەشەو تائیف و مەدینە,هەروەها گەلی كورد چەند جار كوردستانی خۆشەویستمان بەجێ هێشت  بۆ دەرەوەی سنورپاشان گەراینەوە،چونكە رژێم بەڵێنەكانی نە ئەبردە سەر ناچار شۆرش دەستی پێ دەكردەوە و هاوڵاتیانیش لە بەر ستەم و بێ حورمەتی كردنی سیخورو چڵكاوخۆرەكان و قەتل و عامی تەڕو وشك ناچار ماڵ و موڵك و نیشتمانیان بەجێ دەهێشت بەرەو شاخەكان و ئەشكەوتەكان ,خۆ ئەگەر سوپای رژێم دوای گەل بكەوتایە بە ناچاری سنورە دەستكردەكانی كوردستانمان ئەبەزاند و بۆ ناو ئێران و توركیا و سوریا دەپەرینەوە ,بەڵام هەمیشە دڵمان لای نیشتمان و زێدی خۆمان بوو ساتێكمان بە ساڵیك لێ ئەرۆشت, تا ئەوە بوو بە رەحمی خوای پەروەردگارو پاشان ئازایەتی رۆڵە كانی گەل لەپیرو جوان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هاوكاری ئەوكەسانەی كە بە ناچاری لە پاڵ رژێمدا بوون بەڵام پیاوەتی و شەهامەتیان لە دەست نەدابوو, لە بەهاری ساڵی 1991  دا و لە 5/3 لە دەروازەی راپەرینەوە چرەقەی راپەرین چەخماخەی داو وردە وردە گڵۆڵەی ستەمكاران كەوتە لێژی و سەربازگە و مۆڵگە كانیان یەكە یەكە كەوتنە دەست رۆڵە داخ لە دڵەكانی گەلی كوردی موسڵمان و دامودەزگاكانی رژێم لە سنوری كوردستانی باشوردا پاككرانەوە و رۆڵە ئاوارەكانی گەلی كوردیش گەرانەوە باوەشی دایكی گەورە كوردستانی نیشتمان و لەو رۆژەوە هەوای ئازادی هەڵ ئەمژین و بەئازادی تەعبیر لە بیرو را و دین و بۆچونی سیاسی وكلتورو مافەكانمان دەكەین ,چەندین شەری لابەلاو گێچەڵا بەم گەلە فرۆشراوە سوپاس بۆخوا لەهەمووی رزگارمان بوو, انشا‌واللە لەم مۆتەكە و دێوەزمەی ئەمجارەش رزگار دەبین و بەسەری بەرزو رووی سوورەوە بە سەربەخۆیی كوردستان و ئازادبوونی گشت پارچەكانی شاد دەبین و, ناحەزان و داگیر كەران و دوژمنانی خواو خەڵكی كوردستانیش وەك هەموو جارانی تر سەری خەجاڵەتی دائەخەن و بەرەو جەهەنەمی دنیاو دۆزەخە نەبڕاوەكەی پەروەردگار سەوق دەكرێن .

بۆ بەشی دووەم

لينكhttp://www.zanayan.org/articles.php?id=1383&eid=263

 

 

 

ئامادەكردنی: م هندرين بالیسانی:ابن الشهیدین

  H Balesane