یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية
په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
دامەزراوە لە 21-9-1970
*****    *****   وتاره‌ پێشنیاركراوه‌كانی ئه‌م هه‌فته‌یه‌    *****    *****   پیرۆزبایی یه‌كێتی زانایان به‌بۆنه‌ی مانگی مه‌ولود    *****    *****   سه‌رۆكى يه‌كێتى زانايان: به‌درێژايى مێژوو؛ حوجره‌ و مه‌دره‌سه‌ ئاينيه‌كانى كوردستان مه‌ڵبه‌ندى ديندارى و هيممه‌تبه‌رزى و پاراستنى مۆركى نه‌ته‌وه‌يى بووه‌    *****    *****   حوكمی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ شه‌ريعه‌تى ئيسلامدا    *****    *****   ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ندى یه‌كێتى زانایان؛ كۆبونه‌وه‌يه‌كى نائاسايى ئه‌نجامده‌دات    *****    *****   زانايانى ئاينى ئيسلامى كوردستان گردبوونه‌وه‌يه‌ك ئه‌نجامده‌ده‌ن    *****    *****   روونكرنه‌وه‌ی یه‌كێتی زانایان ده‌رباره‌ی دۆخی كه‌ركوك    *****    *****   سه‌رۆكى يه‌كێتى زانايان؛ پێشوازى له‌ به‌ڕێوه‌به‌رى وه‌قفى سوننى موسڵ ده‌كات    *****    *****   شێخ تاريق ئه‌لسوێدان: كورد؛ گه‌لێكى سته‌مديده‌يه‌ و سه‌پاندنى ئابڵوقه‌ى ئابوورى به‌سه‌ريانه‌وه‌ جائيز نيه‌    *****    *****   پرسه‌نامه‌ی یه‌کێتی زانایان بۆ وه‌فاتی مام جه‌لال    *****    *****   یه‌كێتی زانایان وه‌ڵامی به‌یاننامه‌كه‌ی ئه‌زهه‌ر ده‌داته‌وه‌    *****    *****   سه‌رۆکی یه‌كێتی زانایان به‌ توندی وه‌ڵامی وتاربێژی مزگه‌وتی تاران ده‌داته‌وه‌‌   
محمد مه‌لا سعدالدین گه‌ردی
به‌رواری دابه‌زاندن: 14/11/2017 : 10:35:33
قه‌باره‌ی فۆنت
سه‌عله‌به‌ى كوڕى حاته‌بى بوختان پێكراو:

زۆر جار له‌ وتارى هه‌ینى و وتارى دیكه‌ش گوێمان له‌ ماموستایان بووه‌ كه‌ هاوه‌ڵێك هاتووه‌ و داواى له‌ پێغه‌مبه‌رى خوا صلى الله علیه وسلم كردووه‌ كه‌ دووعاى بۆ بكات ده‌وڵه‌مه‌ند بێت و پاشان ئه‌و هاوه‌ڵه‌ زه‌كاتى نه‌داوه‌ و كه‌ ته‌وبه‌شى كردووه‌ پێغه‌مبه‌ر صلى الله و علیه وسلم و سێ جنشینیشى زه‌كاتیان لێ وه‌رنه‌گرتووه‌، با بێین و شه‌ن و كه‌وێك بۆ ریوایه‌ته‌كه‌ بكه‌ین و به‌ ته‌رازووى قوڕئان و فه‌رمووده‌ سه‌حیحه‌كان ئه‌و ریوایه‌ته‌ بپێوین.

 یه‌كێك له‌و هاوه‌ڵانه‌ى كه‌ له‌سه‌رده‌مى عوسمانى كوڕى عه‌ففان ره‌زاى خواى له‌سه‌ر بێ وه‌فاتیان كردووه‌، سه‌عله‌به‌ى كوڕى حاته‌به‌ كه‌ به‌ "ئیبنو ئه‌بی حاته‌ب"یش ده‌ناسرێ، چیڕۆكه‌كه‌ى له‌ كتێبه‌كانى ته‌فسیر و له‌سه‌ر زمانه‌كان بڵاوبۆته‌وه‌، لێره‌ له‌ راستى و دروستى ده‌كۆڵینه‌وه‌:

ئه‌و چیڕۆكه‌ "ته‌به‌رانى" و "به‌یهه‌قى" له‌ (شعب الایمان) و (دلائل النبوة) و "ئیبنو ئه‌بى حاته‌م" و "ته‌به‌ڕى" و "ئیبنو مه‌رده‌ویهـ" و "باڕوودى" و "ئیبنو السكن" و "ئیبنو شاهین"، ریوایه‌تیان كردووه‌، هه‌موویان له‌ رێگاى "عه‌لى كوڕى زه‌ید" له‌ "قاسمى كوڕى عه‌بدولڕه‌حمان" له‌ "ئه‌بو ئومامه‌"وه‌ كه‌ سه‌عله‌به‌ى كوڕى حاته‌بى ئه‌نساڕى هاته‌ خزمه‌ت پێغه‌مبه‌رى خوا صلى الله علیه وسلم و پێى گوت: ئه‌ى پێغه‌مبه‌رى خوا، داوا له‌ خوا بكه‌ پاره‌م پێ ببه‌خشێ، پێغه‌مبه‌رى خوا صلى الله علیه وسلم پێى فه‌رموو: "قوڕت به‌سه‌رى سه‌عله‌به‌، ئه‌و كه‌مه‌ى هه‌ته‌ و ده‌توانى سوپاسگوزارى له‌سه‌ر بكه‌یت، زۆر بۆت باشتره‌ له‌وه‌ى زۆرت هه‌بێ و نه‌چیته‌ ژێر بارى، ناته‌وێ وه‌ك پێغه‌مبه‌رى خوا صلى الله علیه وسلم بیت؟، ئه‌گه‌ر داوا له‌ خوا بكه‌م كه‌ چیایه‌كانم بۆ بكات به‌ زێڕ و زیو ده‌یكات" دواتر دیسان سه‌عله‌به‌ هاته‌وه‌ خزمه‌تى پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه وسلم و پێى گوت: ئه‌ى پێغه‌مبه‌رى خوا، داوا له‌ خوا بكه‌ پاره‌م پێ ببه‌خشێ، سوێند به‌خوا ئه‌گه‌ر خوا پاره‌م بداتێ، هه‌ركه‌سێكى مافى له‌سه‌رم هه‌بێ به‌گوێره‌ى مافه‌كه‌ى پاره‌ى ده‌ده‌مێ، پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه وسلم فه‌رمووى: "خوایه‌ پاره‌ بده‌یته‌ سه‌عله‌به‌، خوایه‌ پاره‌ بده‌یته‌ سه‌عله‌به‌، خوایه‌ پاره‌ بده‌یته‌ سه‌عله‌به‌".

ده‌ڵێ: چه‌ند مه‌ڕو ماڵاتێكى كڕى، وه‌ك چۆن كرم زیاد ده‌كا، ئه‌و ماڵاته‌ش به‌و جۆره‌ زیادى ده‌كرد، تا واى لێهات كۆڵانه‌كانى مه‌دینه‌ به‌خۆیان نه‌ده‌گرت، چووه‌ ده‌ره‌وه‌ى شار، سه‌عله‌به‌ ده‌هات نوێژى له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه وسلم ده‌كرد و پاشان ده‌چویه‌وه‌ لاى ماڵاته‌كانى، نوێژى جومعه‌ش به‌و جۆره‌، پاشان جومعه‌ و جه‌ماعه‌تى واز لێ هێنا، ئه‌وجا كه‌ خه‌ڵكى ده‌چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ى مه‌دینه‌ ئه‌و رێى لێ ده‌گرتن و ده‌یگوت: ئه‌رێ خه‌ڵكى چیان به‌سه‌ر هاتووه‌؟، شتى نوێ چى هه‌یه‌؟، له‌و كاتانه‌دا ئایه‌تى (خذ من أموالهم صدقة تطهّرهم و تزكّیهم بها(1)) دابه‌زى، پێغه‌مبه‌رى خوا صلى الله علیه وسلم دوو كه‌سى كرده‌ سه‌رپه‌رشت بۆ ئه‌وه‌ى زه‌كاتى خه‌ڵكى كۆ بكه‌نه‌وه‌، كه‌سێكیان ئه‌نساڕى بوو، ئه‌وى دیكه‌ش له‌ "به‌نى سلیم" بوو، جۆر و رادده‌ى زه‌كاتى بۆ نووسین، فه‌رمانى پێ كردن كه‌ به‌و جۆره‌ له‌ خه‌ڵكى وه‌رگرن، بچنه‌ لاى "سه‌عله‌به‌" و زه‌كات له‌ویش وه‌رگرن، ئه‌وانیش كاره‌كه‌یان به‌جێ هێنا تاكو گه‌یشتنه‌ لاى و فه‌رمانى پێغه‌مبه‌ریان صلى الله علیه وسلم به‌سه‌ردا خوێنده‌وه‌، ئه‌ویش گوتى بڕۆن له‌ خه‌ڵكى كۆبكه‌نه‌وه‌، ئه‌وجا وه‌رنه‌وه‌ لاى من، دواتر كه‌ هاتنه‌وه‌ لاى، گوتى ئه‌و زه‌كاته‌ش هه‌ر جیزیه‌یه‌ و جیاوازییه‌كى نیيه‌، هه‌ردوو نێردراوه‌كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ خزمه‌تى پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه وسلم، چیڕۆكه‌كه‌یان بۆ گێڕایه‌وه‌ و خواى گه‌وره‌ش ئایه‌تى (و منهم من عاهد الله لئن أتانا من فضله لنصّدّقّن و لنكونن من الصلحین، فلما ‌ءاتهم من فضله بخلوا به و تولوا وهم معرضون، فأعقبهم نفاقا فی قلوبهم إلى یوم یلقونه بما أخلفوا الله ما وعدوه و بما كانوا یكذبون(2))ى دابه‌زاند، ده‌ڵێ: خزمێكى سه‌عله‌به‌، سوارى ئه‌سپه‌كه‌ى بوو چووه‌ لاى، پێى گوت: قورت به‌سه‌ر سه‌عله‌به‌، خواى گه‌وره‌ فڵانه‌ ئایه‌تى ده‌رباره‌ى تۆ دابه‌زاندووه‌، ده‌ڵێ: سه‌عله‌به‌ هاته‌ مه‌دینه‌ و خۆڵى به‌سه‌ر سه‌رى خۆى دا ده‌كرد و چه‌ند جاران هاوارى پێغه‌مبه‌رى خواى صلى الله علیه وسلم ده‌كرد، پێغه‌مبه‌ریش صلى الله علیه وسلم لێى وه‌رنه‌گرت، پاشان دواى وه‌فاتى پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه وسلم هاته‌ لاى ئیمام ئه‌بو به‌كر و داواى لێ كرد كه‌ له‌به‌ر ئه‌و رێزه‌ى لاى هۆزه‌كه‌ى هه‌یه‌تى و ئه‌و پێگه‌یه‌ى پێشتر لاى پێغه‌مبه‌رى خوا صلى الله علیه وسلم هه‌یبووه‌، داواى لێكرد له‌به‌ر ئه‌مانه‌ زه‌كاتى لێ وه‌رگرێ، ئه‌بو به‌كریش ره‌زاى خواى له‌سه‌ر بێ رازى نه‌بوو لێى وه‌رگرێ، دواتر هات و داواى له‌ عومه‌ر كرد ره‌زاى خواى له‌سه‌ر بێ زه‌كاتى لێ وه‌رگرێ، ئه‌ویش لێى وه‌رنه‌گرت، پاشان هاته‌ لاى عوسمان ره‌زاى خواى له‌سه‌ر بێ و ئه‌ویش لێى وه‌رنه‌گرت و له‌سه‌رده‌مى عوسمان وه‌فاتى كرد.

ئه‌وه‌ چیڕۆكى سه‌عله‌به‌یه‌، رشته‌كه‌ى لاوازه‌، به‌یهه‌قى ده‌ڵێ: ئه‌و ریوایه‌ته‌ لاى موفه‌سسیران به‌ناو بانگه‌ به‌ڵام رشته‌كه‌ى لاوازه‌(3).

ئیبنو حه‌جه‌رى عه‌سقه‌لانى ده‌ڵێ: ئه‌و كه‌سه‌ى ئه‌و ریوایه‌ته‌ى لێ گێڕداراوه‌ته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ریوایه‌ته‌كه‌ سه‌حیح بێ كه‌ من واى نابینم، ئه‌و كه‌سه‌ پێناچێ ئه‌و هاوه‌ڵه‌ بووبێ كه‌ له‌ "به‌در"دا به‌شدارى كردووه‌(4)، ئیبنو حه‌جه‌رى عه‌سقه‌لانى له‌ ته‌خریجى ریوایه‌ته‌كانى ناو ته‌فسیرى كه‌ششافدا دواى ئه‌وه‌ى ئه‌و ریوایه‌ته‌ ده‌هێنێـته‌وه‌ كه‌ چیڕۆكه‌كه‌ى تێدا باس كراوه‌، ده‌ڵێ: ئه‌و رشته‌یه‌ زۆر لاوازه‌(5).

هه‌یسه‌مى ده‌ڵێ: "ته‌به‌ڕانى ریوایه‌تى كردووه‌، له‌ رشته‌كه‌یدا "عه‌لى كوڕى زه‌یدى هانى" تێدایه‌، كه‌ "مه‌ترووك(6)"ه‌.

ئیبنو حه‌زم له‌ (المحلى) دا ده‌ڵێ: ریوایه‌تێكمان له‌و باره‌یه‌وه‌ پێ گه‌یشتووه‌ گوایه‌ ئه‌و ئایه‌ته‌ له‌باره‌ى سه‌عله‌به‌ى كوڕى حاته‌ب هاتوه‌ته‌ خواره‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و قسه‌یه‌ پووچه‌، چونكه‌ سه‌عله‌به‌ یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ له‌ "به‌در" دا به‌شدارى كردووه‌ و ناسراوه‌.

حافیزى عیڕاقی له‌ (تخریج احادیث الاحیا‌ء) ده‌ڵێ: ته‌به‌ڕانى به‌ رشته‌یه‌كى لاواز ریوایه‌تى كردووه‌.

ئه‌و چیڕۆكه‌ پێچه‌وانه‌ى قوڕئان و فه‌رمووده‌ راشكاوه‌كانه‌ كه‌ فه‌رمان به‌ ته‌وبه‌ كردن و گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كان ده‌كا، له‌ ئایه‌تى پیرۆزدا هاتووه‌ كه‌ ته‌نها ئه‌و كه‌سه‌ى هاوه‌ڵ بۆ خودا بڕیار بدا، خواى گه‌وره‌ له‌و كه‌سه‌ خۆش نابێت، ئه‌گه‌ر نا ئه‌و كه‌سه‌ى تاوانى گه‌وره‌شى ئه‌نجام دابێ، ده‌كرێ خواى گه‌وره‌ لێى خۆش ببێ.

به‌ڵام ناواخنى چیڕۆكه‌كه‌ زۆر نیشانه‌ى هه‌ڵبه‌سترانى تێدایه‌، له‌و نیشانانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه وسلم زه‌كاته‌كه‌ى لێ وه‌رنه‌گرتووه‌، وه‌رگرتنى زه‌كات له‌و كه‌سه‌ى كه‌ به‌ رواڵه‌ت مسوڵمانه‌ واجبه‌ له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه وسلم ئه‌گه‌رچى مونافیقیش بێ، مونافیقه‌كان حوكمه‌كانى مسوڵمانانیان به‌سه‌ر جێبه‌جێ ده‌بێ، له‌ چیڕۆكه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ سه‌عله‌به‌ ده‌ڵێته‌ ئه‌بو به‌كر: تۆ پێگه‌ى من ده‌زانى چۆن بووه‌ له‌لاى پێغه‌مبه‌رى خوا صلى الله علیه وسلم، باشه‌ پێگه‌ى چى كاتێك كه‌ پێغه‌مبه‌رى خوا صلى الله علیه وسلم زه‌كاته‌كه‌ى لێ وه‌رنه‌گرتبێت(7)؟.

په‌ڕاوێزه‌كان:

1 - ئایه‌تى 103 له‌ سوڕه‌تى ته‌وبه‌.

2- ئایه‌تى 75-77 له‌ سوڕه‌تى ته‌وبه‌.

3- فيض القدير شرح الجامع الصغیر، 4/257.

4- بڕوانه‌ (الإصابه‌، 1/198)، ئیبنو حه‌جه‌ر پێش ئه‌وه‌ى ژیاننامه‌ى ئه‌و سه‌عله‌به‌یه‌ باس بكا، باسى ژیاننامه‌ى یه‌كێكى دیكه‌ش ده‌كا كه‌ ناوى خۆى و باوكى هه‌مان ناوى ئه‌و سه‌عله‌به‌یه‌، ده‌ڵێ: موساى كوڕى عه‌قه‌به‌ و ئیبنو ئیسحاق له‌و كه‌سانه‌یان داناوه‌ كه‌ له‌به‌دردا به‌شدارییان كردووه‌، ئیبنولكه‌لبیش ده‌ڵێ له‌به‌در به‌شدارى كردووه‌ و له‌ ئوحود كوژراوه‌، پاشان ده‌لێ: سابیت بووه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه وسلم فه‌رموویه‌تى: (كه‌سێك به‌شدارى به‌در یان حوده‌یبییه‌ى كردبێ، ناچێته‌ جه‌هه‌ننه‌م)، هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه وسلم له‌ خواى گه‌وره‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ فه‌رموویه‌تى: (هه‌رچى ده‌كه‌ن بیكه‌ن، ئه‌وه‌ لێتان خۆش بووم)، ئه‌و كه‌سه‌ى  ئه‌و پایه‌ى هه‌بێ چۆن خواى گه‌وره‌ پاش ئه‌وه‌ نیفاقى ده‌خاته‌ ناو دڵیه‌وه‌ و ئه‌و ئایه‌ته‌ى ده‌رباره‌ى ده‌هێنێته‌ خواره‌وه‌؟، پێده‌چێ كه‌سێكى دیكه‌ بێت و ئه‌و نه‌بێت، خواش زاناتره‌.

5- احادیپ الكشاف، 2/292.

6- مه‌ترووك: ئه‌و راوییه‌ى به‌ درۆ تۆمه‌تبار كرابێ ئه‌وه‌ پێى ده‌ڵێن مه‌ترووك. {بڕوانه‌: الیواقیت والدرر فی شرح نخبه‌ ابن حجر، عبدالرۆوف المناوی، 2/61.

7- فصل الخطاب في مواقف الاصحاب، محمد بن صالح الغرسي، لا: 126.