یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   یەکێتی زانایان پرۆژە پێشنیاری بوژاندنەوەی خوێندنی (حوجرە) دەداتە وەزارەتی ئەوقاف    *****    *****   یەکێتی زانایان لەپێناو پاراستنی پێگەی فەتواو شیرازەی کۆمەڵایەتی نوسراوێک ئاراستەی کەناڵەکانی راگەیاند دەکات    *****    *****   لقی رانیەی یەکێتی زانایان چەند پرسێک تاوتوێ دەکات    *****    *****   شاندێکی یەکێتی زانایان سەردانی لقی ۱۹ ی پارتی دەکەن    *****    *****   لەسەر راسپاردەی سەرۆکی یەکێتی زانایان کێشەی نێوان مامۆستا مەلا فاتح و مامۆستا هەڵۆ لە لقی سلێمانی چارەسەر کرا    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان: ناکرێ مینبەر بۆ تەشهیرو یەکتر شکاندن و ململانێ و کاردانەوە بەکار بێت    *****    *****   مامۆستا مەلا حسن وەڵزی کۆچی دوایی کردو یەکێتی زانایانیش پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   یه‌كێتی زانایان جه‌ژنی قوربان له‌ هه‌موو لایه‌ك پیرۆز ده‌كات    *****    *****   لە مەراسیمێکدا دیاری بەسەر کۆمەڵێک مامۆستای ئایینی دەڤەری زیارەت و دەوروبەری دابەش کرا    *****    *****   شاندێکی مەکتەبی تەنفیزی لقی سۆرانی یەکێتی زانایان بەسەر دەکاتەوە    *****    *****   لقی رانیەی یەکێتی زانایان سەردانی شارەوانی و ئەوقافی شارەکە دەکەن    *****    *****   سه‌باره‌ت به‌ به‌رنامه‌یه‌كی كه‌ناڵی كوردستان24 یه‌كێتی زانایان به‌یاننامه‌یه‌ك بڵاو ده‌كاته‌وه‌   
دكتۆر عثمان هه‌ڵه‌بجه‌يى
به‌رواری دابه‌زاندن: 12/02/2019 : 09:43:44
قه‌باره‌ی فۆنت
گەورەترین ئەزموونی ئیمانیی
(إِنَّ هَذَا لَهُوَ الْبَلَاء الْمُبِينُ)

لە نێوان زانای ئایینیی و عارفدا جیاوازیی هەیە:
زانا قسە لەسەر خودا دەکات، عارف قسە لەگەڵ خودا دەکات
زانا باسی ئەزموونی عارفان دەکات لەگەڵ خودادا، بەڵام عارف خۆی ئەزموونی لەگەڵ خودا هەیە.
زانا کتێب لەسەر خوداناسیین دەنووسێت و، مەرجیش نیە بۆ خۆی خودای ناسیی بێت، بەڵام عارف خودا ناسە و، بە ئەزموونەوە دەدوێت.
زانا باس لە تام و چێژی خودا ناسیین دەکات بەبێ ئەوەی خۆی تامی کردبێت، بەڵام عارف تام و چێژی خوداناسیینی کردوە، بۆیە ئەهلی عیرفان فەرموویانە: "مَنْ ذَاقَ عَرَفَ" ئەوەی چێشتوویەتی دەیناسێت، کەسێ شیرینیی نەچەشتبێت نازانێ تامی هەنگوین چیە.
زانا ڕێگاکانی نزیکبوونەوە لە خودات پیشان دەدات، بەڵام بۆ خۆی زۆر لە خودا دوورە، بەڵام عارف لە نزیکەوە دەدوێت.
لێرەدا دەمانەوێ چەند ساتە وەختێ لە خزمەت گەورەترین ئەزموونی عاریفاندا لەگەڵ خودای گەورەدا بین، ئەویش ئەزموونی قوربانیکردنی ئیبراهیم پێغەمبەرە –سەلامی خودای لێ بێ-.
خاڵی یەکەم: ئیبراهیم پێغەمبەر –سەلامی خودای لێ بێ- بەر لەوەی بە قوربانیکردن تاقیبکرێتەوە، ئەزموونێکی سەرکەوتووی شیرینی تری لەگەڵ خودای گەورەدا هەبوە.
کاتێ قەومەکەی لێی تووڕە دەبن و، هەڕەشەی بەردبارانکردن و شاربەدەرکردنی لێ دەکەن، (لَئِن لَّمْ تَنتَهِ لأَرْجُمَنَّكَ وَاهْجُرْنِي مَلِيًّا)[سورة مريم: 46] ، هەروەها ئاگرێکی گەورەی بۆ ساز دەکەن و، فڕێی دەدەنە ناوی، بەڵام ئەو بەوپەڕی متمانە بەخودا بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ هەنگاو بەرەو ئاگرەکە دەنێت و دەچێتە ناوی، خودای میهرەبانیش ئەو ئاگرەی بۆ دەکاتە گوڵساتانێک و، بە سەلامەتیی و دڵخۆشیەوە دەیهێنێتە دەرەوە، (قَالُوا حَرِّقُوهُ وَانصُرُوا آلِهَتَكُمْ إِن كُنتُمْ فَاعِلِينَ*قُلْنَا يَا نَارُ كُونِي بَرْدًا وَسَلَامًا عَلَى إِبْرَاهِيمَ) [سورة الأنبياء:68-69]
خاڵی دووەم: ئیبراهیم پێغەمبەر –سەلامی خودای لێ بێ- -وەک لەپەرتووکی پیرۆز: سفری پەیدابوون: بەشی ١٦: بڕگەی ١٦دا هاتوە- تا دەگاتە تەمەنی (٨٦) هەشتاو شەش ساڵ بێ منداڵ دەبێت وو خودای گەور لەو تەمەنەدا ئیسماعیلی پێ دەبەخشێت، هەروەها لەو کاتەی کە فەرمانی قوربانیکردنی بە کوڕە تاقانەکەی دەدرێت تەمەنی دەگاتە سەد ساڵ، کەواتە تەمەنی ئیسماعیل لەو کاتەدا چواردە پانزەساڵێک بوە، هەرچەندە لە تەوراتدا دەڵێ ئیسحاقە، بەڵام ئیسحاق هەر وەک لە تەوراتدا هاتوە دووەەم کوڕ بوە، نەک تاقانە.
دیارە، خۆشیی کەسێکی نەزۆک کە بە پیریی منداڵی بووبێت، زۆر گەورەتر لە خۆشیی گەنجێک کە بەبێ کێشە هاوسەرگیریی کردبێت و، بە ئاسانیی چەند منداڵێکی بووبێت و، بووبێتە باوک.
بەراوردی نێوان ئەو گەنجە و کەسێکی تر بکە کە زۆر هەوڵی داوە منداڵی ببێت و، خۆی و هاوژینی ئەم شار و ئەو شار و، ئەم دکتۆر و ئەو دکتۆریان کردوە و، پارەیەکی زۆریان خەرج کردوە و بەڵام منداڵیان نەبوە، دوای ئەوەی خۆی و هاوژینەکەی بێ ئومێد دەبن و، خۆیان ڕادەستی قەدەر دەکەن، لە تەمەنی پیرییدا خودای گەورە منداڵێکی جوانیان پێ ببەخشێ.!! 
دیارە کامیان دڵیان بە ڕۆڵەکەیان خۆشترە.!! 
هەروەها ئەم داستانە بەراورد بکە لەگەڵ داستانی یەعقووب و یوسفدا –سەلامی خودایان لێ بێ-.
یەعقووب پێغەمبەر –سەلامی خودای لێ بێ- داوازدە کوڕی هەبوە، بەڵام کاتێ کوڕیکیان دیار نامێنێت و، کوڕەکانی دەڵێن گورگ خواردوویەتی، ئەویش دەزانێت درۆ دەکەن و، هێشتا یوسف زیندوە و، گورگ نەیخواردوە، لەگەڵ ئەوەشدا دڵی گەورەی یەعقووب پڕغەم دەبێت و، هەردوو چاوی لەبەر زۆر ڕشتنی ئەسرین و فرمێسکی غەم سپی دەبن و، تروسکاییەکیان تیا نامێنێت، لە کاتێکدا یوسف نە تاقانە و، نە تەنها خەڵاتی پیریی بوە و، نە گورگ خواردوویەتی.
بەراوردی کارەساتی یوسف و ئیسماعیل بکە –سەلامی خودایان لێ بێ- ، تا بزانیت لە گەورەییدا چەند لە یەک دوورن.!!
خاڵی سێیەم: کەسێک هێشاتا نەبووبێتە باوک لە داستانی تراژیدیای قوربانیدانی ئیبراهیم پێغەمبەر –سەلامی خودای لێ بێ- تێناگات و، نازانێت مانای باوکبوون و قوربانیدانی باوک بە ڕۆڵەکەی چەند سەخت و گەورەیە، کاتێ لەم مانا دەگات هاوسەرگیریی بکات و منداڵی ببێت.
خاڵی چوارەم: هەموو باوکێکیش مانای باوکبوون نازانێت، باوک گەر دڵسۆز و میهرەبان و ئەویندار نەبێت لەو داستانە مەزنە ناگات، باوکی دڵڕەق و ستەمکار مەرگی ڕۆڵەی ئەوەندە بەلاوە گرنگ نیە تا لە بە قوربانیکردنی ئیسماعیل بگات.
خاڵی پێنجەم: هەموو باوکێکی دڵسۆز و میهرەبان و ئەوینداریش گەر ڕۆڵەکەی بە ئەمەک و دڵسۆز و چاکەکار و گوێڕایەڵی باوک و دایکی نەبێت لەو داستانە مەزنە ناگات.
زۆر باوک و دایکمان بینیوە لەبەر لاساریی و بێ گوێی و خراپی ڕۆڵەکانیان دۆعای شەڕیان لێ کردوون و، ئاواتەخواز بوون کە ئەو ڕۆڵانەیان نەبوایە، ئەو جۆرە باوک و دایکانە هەست بە خۆشەویستیی ڕۆڵەکانیان ناکەن و، مەرگی ڕۆڵەکانیان بەلاوە ئاسانە و، جێی غەم و خەفەت نیە، بۆیە قەت ناتوانن لە گەورەیی قوربانیدانی ئیبراهیم پێغەمبەر –سەلامی خودای لێ بێ- بگەن.
مەرگی ڕۆڵەی لاسار و بێ گوێ و ئێسک گرانی ڕەزا قورس و شێت، قەت وەک مەرگی ئیسماعیلی جوانی ئارامی لەسەرخۆی ڕەزاشیرینی لەبەردڵانی بێگوناهی گوێڕایەڵ نیە.
بەڵی ڕۆڵە هەر ڕۆڵەیە، بەڵام نێوان ئەو دوانە ئاسمان و ڕێسمانە.
سەیری نووح پێغەمبەر بکەن–سەلامی خودای لێ بێ- ، لەگەڵ ئەوەی کوڕەکەی کافرە و بەگوێی باوکی ناکات و، لەگەڵی سواری کەشتیکەکە نابێت، بەر شەپۆلی تۆفان دەکەوێت و دەخنکێت، بەڵام دڵی نەرمی باوکی بۆی دەسووتێت و، لەبەر پەروەردگار دەپاڕێتەوە و، بە دڵێکی غەمبارەوە دەڵێ: ئەی پەروەرێنی من، کوڕەکەم لە کەس و کاری منە و، بەڵێنی تۆش هەر دێتە جێ و تۆ لە گشت فەرمانڕەوایەک لێزانتری، پەروەردگاریش پێی دەفەرموێ: ئەی نووح، ئەم کوڕەت لە کەسی تۆ نیە، ئەمە کارێکی ناپەسەندە و، هەر شتێ لێی نەزانیت داوای مەکە، من ئامۆژگاریت دەکەم کە نەچیە ڕیزی نەزانان.
جا ئەگەر دڵی میهرەبانی باوک بۆ ڕۆڵە لاسارەکەی وا بێت، ئیتر ئەبێت دڵی ئیبراهیم بۆ ئیسماعیلی جوان و عاقڵ و ئارام چۆن بێت.!!
خاڵی شەشەم: بەم خاڵانەی پێشەوە بۆمان دەردەکەوێت ئیبراهیم پێغەمبەر –سەلامی خودای لێ بێ- بەر لەوەی ئیسماعیل یا ئیسحاق بکاتە قوربانیی، خودی خۆی کردوەتە قوربانیی، ئازاری دڵی ئیبراهیمی باوک زۆر سەختتر و، برینی زۆر قووڵترە، بیهێنەرە پێش چاوی خۆت، گەر خودای گەورە بەرانێکی لە بری ئیسماعیل نەناردایە و، ئیبراهیم بە ڕاستیی ئیسماعیلی بکردایتە قوربانیی، ئەو کاتە ئیسماعیل بە ئاسوودەیی سەری دەنایەوە و بەرەو ڕەزامەندیی خودا و، بەهەشتی بەرین وبێ غەم دەڕۆشت، بەڵام دڵی سووتاوی ئیبراهیمی باوک قەت ناتوانێت دیمەنی پێکەنین و زەردەخەنە و یادەوەرییە شیریینەکان و لە باوەشگرتن و ماچکردن و یارییکردن و بە قوربانیکردنی کوڕە نازدارەکەی لە یاد بکات، هەموو سات و کاتێ یەخەی بەرنادەن و دەیجۆشێنن و بریینەکانی دەکولێننەوە و، ڕۆژی چەند جار دەیمرێنن.
ئەم کارەی ئیبراهیم لە قوربانیی گەورەترە، چونکە لە قوربانییدا لایەنی قوربانیی پێکراو بێ ویست و ئیرادەیە و بە زۆر دەیکەنە قووربانیی، بەڵام لێرەدا ئیسماعیل بە ویست و ئیرادەی پۆڵایینی پڕ لە ئیمانەوە ڕەزامەندیی خۆی بۆ قوربانیی پێکردن دەردەبڕێت و، کاتێ باوکی پرسی پێ دەکات، لە وەڵامدا بە زمانێکی زۆر شیرین و پڕ لە ئەوین بە باوکی دەفەرموێ: بابە گیان، هەرچیت پێ سپێردراوە و چ فەرمانێکت پێ کراوە بە جێی بێنە، خودا بیەوێ لە خۆڕاگران دەبم.
جا وەرە باوک بیت و، بەرگەی ئەو هەموو سۆز و ئەویندارییەی ئەو کوڕە شیرینە بگرە.!!
خاڵی حەوتەم: ئیبراهیم پێغەمبەر –سەلامی خودای لێ بێ- گەر بیویستایە ئەو کارە نەکات و پاساو بێنێتەوە، هەر وەک چۆن یوسف پێغەمبەر لە لێکدانەوەی خەونەکەی پاشای میسردا، حەوت گای لاوازی بە حەوت ساڵی وشک و، حەوت گای قەڵەوی بە حەوت ساڵی پڕ خێر و بێر لێکدایەوە، ئیبراهیمیش دەیتوانی خەونەکە بە هێمای بەرنێکی قەڵەو لێک بداتەوە و، لە بری ئیسماعیل بەرانێک بکاتە قوربانیی، بەڵام ئەم کارە زۆر لە خەونی پاشاکە جیاوازەو ، کاری وا بۆ کەسێکی ئیبراهیم ناوەشێتەوە و چاک دەزانێت کە لە خەنەکەدا چی پێ سپێردراوە، بۆیە ئیسماعیلیش خەونەکە بە فەرمانی خودا تێدەگات و دەفەرموێ (يا أبت افعل ما تؤمر) هەرچیت پێ سپێردراوە و چ فەرمانێکت پێ کراوە بە جێی بێنە.
لە لایەکی دیکەوە دەیتوانی لەبری خۆی ئەلیعازەری خزمەتکاری یا هەرکەسێکی دیکە ڕاسپێرێت و بە بڕێ پارە ئەو کارەی بۆ بکەن و ئیسماعیلی بۆ بکەنە قووربانیی، بەڵام ئیبراهیمی باوک فەرمانی خودای لە هەموو فەرمانێ بەلاوە گەورە ترە ، تا خۆی مابێت ئەم کارە بە کەسێکی دیکە ناسپێرێت.
جا ئێستە تێدەگەیت بۆ ئەوەندە سەنا و ستایشی ئیبراهیم لە قورئان و تەورات و کتێبە ئاسمانییەکاندا کراوە و، تا بگاتە ئەوەی خۆی بە تەنها ئوممەتێک بێت و، ناوی لەسەر زاری گەلانی دوای خۆی بێت.!!
خاڵی هەشتەم: جیاوازیی نێوان گێڕانەوەی خەون بە دەستەواژەی (رأيت) و (أرى):
دەستەواژەی (رأيت) ئەوە دەگەیەنێت کە یەکجار خەونەکەی بینیوە، وەک خەونەکەی یوسف پێغەمبەر –دروودی خوای لێ بێ- کە بۆ یەک جار بینیبووی (إِنِّي رَأَيْتُ أَحَدَ عَشَرَ كَوْكَبًا وَالشَّمْسَ وَالْقَمَرَ رَأَيْتُهُمْ لِي سَاجِدِين) بەڵام دەستەواژەی (أرى) مانای دووبارەبوونەی چەندجاری خەونەکە دەگەیەنێت، وەک خەونەکەی پاشای میصر کە چەند جار خەونەکەی بینیبوو (وَقَالَ الْمَلِكُ إِنِّي أَرَىٰ سَبْعَ بَقَرَاتٍ سِمَانٍ يَأْكُلُهُنَّ سَبْعٌ عِجَافٌ وَسَبْعَ سُنبُلَاتٍ خُضْرٍ وَأُخَرَ يَابِسَاتٍ).
هەروەها وەک ئەم خەونەی ئیبراهیم پێغەمبەر –سەلامی خودای لێ بێ- کە چەند جار دووبارە بوەتەوە بۆیە دەفەرموێ: (قَالَ يَا بُنَيَّ إِنِّي أَرَىٰ فِي الْمَنَامِ أَنِّي أَذْبَحُكَ).
خاڵی نۆیەم: ئيبراهيم پێغه‌مبه‌ر –دروودی خواى له‌ سه‌ر بێت- ئەم فەرمانە ئیلاهییەی بە کوڕەکەی ڕاگەیاندوو پێی فەرموو: (فَانظُرْ مَاذَا تَرَىٰ) لێرەدا ئيبراهيم پێغه‌مبه‌ر –دروودي خواى له‌ سه‌ر بێت- پەیامێکی گەورە بە گشت بڕواداران دەگەیەنێت کە مرۆڤ ئازادە و بۆت نیە فەرمانی خودا بە زۆر بەسەر خەڵکدا پچەسپێنیت، بەڵێ ئیبراهیم پێغەمبەری خودایە بەڵام ئەم کارە پەیوەستە بە کەسێکی دیکەوە کە کوڕەکەیەتی، بۆیە دەیەوێ ڕای کوڕەکەی وەربگرێت و بزانێت قایل و ڕازییە بە جێ بە جێ کردنی فەرمانی خودا بە سەریدا یان نا، كورِه‌كه‌شى فه‌رموويه‌تى: (قَالَ يَا أَبَتِ افْعَلْ مَا تُؤْمَرُ سَتَجِدُنِي إِن شَاءَ اللَّهُ مِنَ الصَّابِرِينَ) بابه‌ گيان له‌ لايه‌ن خوداوه‌ندى تاك و ته‌نهاوه‌ چيت پێ سپێردراوه‌ ئه‌نجامي بده‌ و، ده‌مبينى -گەر خودا حەز بکا- لە خۆڕاگرانم.
به‌م شێوه‌ هه‌ردووكيان ملكه‌چى فه‌رمانى خودا ده‌بن و، باوك ده‌يه‌وێت كوڕه‌كه‌ى بكاته‌ قوربانيى، به‌ڵام له‌ لايه‌ن خوداوه‌ ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ خه‌ونه‌كه‌ت هاته‌ دى و، هه‌ردووكتان له‌گه‌ڵ په‌روه‌ردگاردا ڕاستگۆ بوون ، بۆيه‌ له‌ برى كوڕه‌كه‌ت به‌رانێك بكه‌ به‌ قوربانيى.
خاڵی دەیەم: قوربانيكردن به‌ مرۆڤ له‌ ئايينى پيرۆزى خوداى تاك و ته‌نهادا به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك نه‌ له‌ پێش ئيبراهيم پێغه‌مبه‌ر -درودي خواى له‌ سه‌ر بێت- وه‌ نه‌ له‌دواى ئيبراهيم پێغه‌مبه‌ر بوونى نه‌بوه‌و نيه‌، به‌ڵام مرۆڤه‌كان له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانى ڕه‌زامه‌نديى خوداكانيان مرۆڤيان كردووه‌ته‌ قوربانيى، به‌ تايبه‌ت له‌م جۆره‌ كه‌سانه‌:
يه‌ك: منداڵ.
دووه‌م: ڕه‌گه‌زى مێ.
سێيه‌م: ديل.
چواره‌م: زيندانيى.
خاڵی یازدەم: زۆركه‌س له‌م چيرۆكه‌ قورئانييه‌ وا تێده‌گه‌ن كه‌ خوداوه‌ند مه‌به‌ستى بووه‌ كه‌ ئيبراهيم كوڕه‌كه‌ى سه‌رببڕێت و، بيكاتە قوربانيى، ئه‌م بۆچوونه‌ هه‌ڵه‌يه‌كى گه‌وره‌يه‌ چونكه‌ ئه‌گه‌ر خوداوه‌ند ئه‌م كاره‌ى بويستايه‌ و دواتر نه‌يكردايه‌ ئه‌وه‌ى ده‌گه‌ياند كه‌ خودا له‌ فه‌رمانى خۆى په‌شيمان ده‌بێته‌وه‌ و ڕاى خۆى ده‌گۆڕێ.
ئەم ڕوداوە تراژیدیایە لە ئاکامدا بە خۆشیی مرۆڤ تەواو بوو، چونکە له‌ بنه‌ڕه‌تدا بۆ ئه‌وه‌ هاتوه‌ كه‌ ئه‌و داب و نه‌ريته‌ بۆگه‌ن و تاوانه‌ قێزه‌ونه‌ گه‌وره‌يه‌ (واته‌ تاوانى به‌ قوربانيكردنى مرۆڤ) بنبڕ بكات و، بڵێت: نا بۆ كوشتنى بێ تاوان، نا بۆ قوربانيدان به‌ مرۆڤ، وه‌ به‌ كرده‌وه‌ به‌ خه‌ڵكي ڕابگه‌يه‌نرێت با ئيدى خه‌ڵكيى به‌ ناوى هيچ ئايين و ئايينزايه‌كه‌وه‌ ڕۆڵه‌كانيان نه‌كه‌ن قوربانيى.
کاتێک ئەوان مرۆڤیان دەبردە پەرستگاکان و دەیانکردنە قوربانیی، خودای گەورە باسی ماڵی خۆی دەکات کە پەرستگای بڕوادارانە و دەفەرموێ: (ومن دخله كان آمنا) هەر کەسێ بچێتە ماڵی خودا لە لای خوداوە ئەمینە، واتە کەس بە ناوی منەوە دەستی بۆ درێژ نەکات، هەرچەندە بە درێژایی مێژوو فەرمانی خودای تێدا پێشێل کراوە و، مرۆڤی تێدا کوژراوە.
له‌و ڕۆژه‌وه‌ شوێنكه‌وتوانى ڕاسته‌قينه‌ى ئيبراهيم مرۆڤيان نه‌كردووه‌ته‌ قوربانیی، خواى گه‌وره‌ش له‌ قورئاني پيرۆزدا ده‌فه‌رموێت: (ولا تقتلوا أولادكم) [سورة الأنعام: 151] واته‌ ڕۆڵه‌كانتان مه‌كوژن.
هه‌روه‌ها ده‌فه‌رموێت: له‌ به‌ر ئه‌وه‌ى كاره‌ساتى كوشتنى مرۆڤى بێتاوان ڕوو نه‌دات، له‌سه‌ر نه‌وه‌ى ئيسرائيلمان نووسيوه‌: ئه‌وه‌ى كه‌سێكى بێتاوان بكوژێت وه‌ك ئه‌وه‌ وايه‌ سه‌رجه‌م مرۆڤه‌كانى كوشتبێت. (مِنْ أَجْلِ ذَٰلِكَ كَتَبْنَا عَلَىٰ بَنِي إِسْرَائِيلَ أَنَّهُ مَن قَتَلَ نَفْسًا بِغَيْرِ نَفْسٍ أَوْ فَسَادٍ فِي الْأَرْضِ فَكَأَنَّمَا قَتَلَ النَّاسَ جَمِيعًا وَمَنْ أَحْيَاهَا فَكَأَنَّمَا أَحْيَا النَّاسَ جَمِيعًا)[سورة المائدة:32]
خاڵی دوازدەم: مرۆڤ لای خودای گەورە لە ماڵی خودا پیرۆزترە، پیرۆزیی مرۆڤ لەوەدایە کە درووسکراوی خودایە، بەڵام کەعبەو مزگەوت و کلێسا و پەرستگا درووستکراوی مرۆڤن، کە ڕووخان جارێکی تر مرۆڤ درووسیان دەکاتەوە، بەڵام مرۆڤ کە بونیان و درووستکراوی خودایە کە ڕووخا تەنها خودا دەتوانێ درووستی بکاتەوە، نەفرەت لەو کەسەی درووستکراوی خودا دەڕووخێنێ.
داخی داخانم لەگەڵ ئەو هەموو گەورەیی و مرۆڤدۆستییەی ئایینە ئاسمانیەکان، کەسانی توندڕەو لە شوێنکەوتوانی گشت ئایین و ئایینزان بەردەوام بە ناوی خوداوە خەڵ دەکوژن و سەردەبڕن و دەسووتێنن.
كه‌واته‌ زيندوو كردنه‌وه‌ و به‌ زيندوو ڕاگرتنى ئه‌م بۆنه‌ مرۆڤدۆستە‌ -كه‌ ده‌كاته‌ جه‌ژنى قوربانى پيرۆز- ڕێزنانه‌ له‌ سه‌رجه‌م مرۆڤ و مرۆڤايه‌تيى و، تاجي زێڕين نانه‌ له‌ سه‌ر گشت ئافرەتان و منداڵان و ديل و زيندانييان.
خاڵی سیازدە:هەر یەک لە ئێمە لە ناخی خۆیدا چەندەها ئیسماعیلمان درووسکردوە، ئیتر ئەو ئیسماعیلە ڕۆڵەیە یا هاوژینە یا هەر مرۆڤێکی دیکەیە، یاخود زێڕ و زیو و دونیایە، یا پلە و پایە و پۆستی دونیایە، یا ناوو نازناو و شۆرەتە، یا هەر شتێکی ترە، ئێمەش گەر ڕێگەی هەقمان دەوێت دەبێ گشت ئەوانە لە ناخماندا بکەینە قوربانی ڕێگای هەق و، نەهێڵین خۆشەویستی هیچ شتێک نزیک سنووری خۆشەویستی زاتی هەق بکەوێتەوە، دەبێ سەرت لە لاشەت، ئاخیرەتت لە دونیات، دڵت لە ئارەزووی فانی ئازاد بکەیت هەروەک مەولانا دەڵێ: من وەک ئیسماعیلم، لەسەر ئازادم.
(من چو اسماعیلیانم بی ‌حذر - بل چو اسمعیل آزادم ز سر)
سوپاس بؤ ئێوەش