یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە شاندی گەورە زانایانی ئەزهەری شەریف دەکات    *****    *****   سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندی باڵای زانایانی ئەزهەر دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا مسعود حسێن غەزالی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   دیداری زەڵمی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت و سەرۆکی یەکێتی زانایان لەم دیدارە وتارێک پێشکەش دەکات    *****    *****   سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دکتۆر مستەفا زەڵمی، خاوەن دیدێکی چاکسازیی قووڵ بووە و، لەسەر ڕێگەکەی بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەردەوام دەبن.    *****    *****   دەقی وتاری سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە دیداری د.مستەفا زەڵمی    *****    *****   مامۆستا مەلا شەریف سەعید کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان پێشوازی لە شاندێکی باڵای گەورە زانایانی ئەزهەری شەریف دەکات    *****    *****   د.أنس محمد شەریف ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بەشداری پانێڵێکی تایبەت بە بەرەنگاری توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دەکات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە شاندێکی زانایانی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان دەکات    *****    *****   پێکەوەژیانی ئایینی لە سۆران   
مه‌لا عه‌بدوڵلا شێركاوه‌یی
به‌رواری دابه‌زاندن: 19/09/2024 : 11:47:00
قه‌باره‌ی فۆنت
یەکێتی زانایان 54 ساڵ خزمەت و بەردەوامی

 

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان وەک رێکخراوێکی پیشەیی، کە نوێنەرایەتی سەرجەم مامۆستایانی ئایینی دەکات، خاوەن پێگەیەکی گرنگ و کاریگەرەو لە گۆڕەپانی ئێستای هەرێمی کوردستان قوڕسایی خۆی هەیەو هەمووانیش بە دامەزراوەی فەرمی و نافەرمی لە مەجالی کردن و راوێژ وەرگرتن و هەماهەنگی و پەیوەندییەوە خوێندنەوەی تایبەتی بۆ دەکەن، ئەم رێکخراوە لە 21ی9ی1970 به‌ بەشداری زانایانی كوردستان و سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی رابه‌ری نه‌ته‌وه‌یی مه‌لا مسته‌فای بارزانی –بەرەحمەت بێت- دامه‌زرا، یه‌كه‌م كۆنگره‌ی خۆی له‌ گه‌ڵاڵه‌ی باڵه‌كایه‌تی به‌ست و ئێستا لە خولی شەشەمی تەمەنی خۆی دایە لە خزمەتکردن بە بواری ئایینی و نەتەوەیی و پیشەیی بەردەوامەو دەیان و سەدان دەسکەوتی گرنگ و مێژوویی و گەورەی هەیە کە جێی شانازی هەموو لایەکمانە.

ئەم یەکێتییە؛ دامەزراوەیەکی فەرمیە لە چوارچێوەی رێکخراوێکی پیشەیی، خزمەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و پاراستنی بەهای دینداری میللەتی کورد دەکات، ئامانجیەتی هەمیشە بە شێوەیەکی دروست و هاوسەنگ و میانڕەو؛ هەنگاوەکان بەرەو پێشەوە بڕۆن و خزمەتی هەردوو شا باڵی ئایینپەروەری و نیشتمانپەروەری لەبەر چاوو بگرێت، بۆ ئەوەی وێنای ئیسلام بەئاراستە هەستی ئایینی و نەتەوەیی لە چوارچێوەی درێژەدان بە رێبازی زانایانی کورد وێنایەکی جوان و شایستەو لە ئاست پێویست و خواست و واقع بێت، لەم پێناوەش هەوڵی بەردەوامی بۆ راگرتنی یەکڕیزی و تەبایی و یەکهەڵوێستی زانایانە، تا بەهێزی یەکگرتوویی هەنگاو بنێت و دواجار ئەم پەیامە بگەیەنێتە نێو کۆمەڵگەو لایەنە سیاسیەکان، تا نێو ماڵی کورد تەبا بێت و پەرتەوازەیی و نابەروێکی ڕووی تێ نەکات.

زانايانی ئایینی وەک بزوێنەری ژیانی کۆمەڵایەتی و ئاراستەکردنی کۆمەڵگە؛ هەمیشە رۆڵی سه‌ره‌كیان بینیوه‌ له‌ ڕۆشنبیركردن و هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك به‌رامبه‌ر به‌ هه‌موو ئه‌و نه‌خۆشی و نه‌هامه‌تیانه‌ی كه‌ روویان له‌ خه‌ڵكی كوردستان كردووه‌، وه‌ خه‌ڵكیش به‌رده‌وام‌ گوێبان لە ئامۆژگارییەکانی ئەوان گرتووە، وه‌ك چۆن بینیمان زانای كورد چ رۆڵێکی گرنگی گێڕا له‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ی گه‌نجه‌كانمان به‌رامبه‌ر به‌ بیری توندئاژۆیی و دورخستنه‌وه‌یان له‌ توندوتیژی و لادانە کۆمەڵایەتیەکان بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو دروستکردنی هەستی گیانفیدایی بۆ کوردستان و پاڵپشتی پێشمەرگەو قوڵکردنەوەی گیانی نیشتمانپەروەری و ئاشناكردنیان به‌ ره‌وشت و ئه‌ده‌بی به‌رزو دروست، هه‌روه‌ها دوورخستنه‌وهو بێدارکردنەوەیان له‌ دەیان دیاردەی خراپی وەک مادده‌ی هۆشبه‌رو تاوانەکانی دیکەو پیلانی ناحەزان و ئەجێندای دەرەکی، لەگەڵ ئەمەش هەوڵیان داوە مزگەوت وێڕای ئەوەی ناوەندێکی رۆحی و خواپەرستیە، بیکەنە زانکۆیەکی گەورەی رۆشنبیری و پێگەیاندنی گەنج و لاوان و گۆشکردنیان بە باگڕاوەندی ئایینی و، خاوەن کەسایەتیەکی دامەزراوو متمانە بەخۆو هۆشیارو ویژدان زیندوو بەرامبەر پرس و پێشهاتەکان.

ئامادەیی زانایان لەرووی کۆمەڵایەتیەوە وەک چاوساغ و چاکسازو رێکخەری کاروبارە کۆمەڵایەتیەکان، پێگەیەکی دیارەو هەمیشە رووی بۆچوون و قسەو ئامۆژگاریان جێی بایەخ و، تەنانەت جاری وا هەبووە پەیامی زانای ئایینی چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە بووە، لە بۆنە گشتییەکان و سوڵح و داخوازی و پرۆسەی هاوسەرگیری هتد، کەم وابووە بێ حوزوری زانای ئایینی بەرێوە بچێت، لەرووی دەروونی و رێکخستنەوەی رەفتارو گوفتارو هەڵسوکەوتەوە خەڵک رادێنن لە سەر هەوڵ و کۆشش و پیشەزانی و ئیشکردن، بۆ ئەوەی خزمەتی مرۆڤ و کۆمەڵگە بکەن و کەسانی دڵسۆز بۆ گەل و وڵات بەرهەم بێنن، بەدیوێکی تر ئەگەر دکتۆر، ئەندازیار، مامۆستا، دادوەر، مافناس، ئابوریناس، کرێکار، یان هەر پیشەوەرێکی تر لەبواری خۆی خزمەت بکات، ئەوە پەیامی زانایانی ئایینی بۆ هەمووانە بەرەو رێی چاکەو کارو هەنگاوی باش، بۆیە هەمیشە خزمەتی زانایان جێی پێزانین و مایەی شانازییەو بەڵگەی ئەو راستیەیە کە پێگەی زانایان لەناو کۆمەڵگەی کوردی لە ئاستێکی باڵاو بەرز دایە.

لەم سۆنگەوە ئەم تێگەیشتنە ئاسۆ فراوانە لای میللەتی کوردیش دروست بووە، کە کارو بەرنامەی زانایانی ئایینی چەندە پیرۆزو بەجێیەو لەهەمان کاتیش قەتیس نیە تەنها لە مزگەوت؛ بەڵکو زانایانی ئایینی وێڕای ئەوەی خەمی کۆمەڵگەیان لە کۆڵناوە، لەهەمان کات بەشدارییەکی کارایان لە ئەنجامدانی سوڵح و ئاشتەوایی و خۆشی و ناخۆشیەکانی خەڵک و چارەسەرکردنی گرفتەکانیان هەیەو حوزورێکی هەمیشەیی لە نێوان زانایان و هاوڵاتیان لەکاتی لەدایکبوون تا دوای مردن لە چوارچێوەی رەهەندی ئایینیەوە بوونی هەیە، ئەمەش وای کردووە زانایان جێی متمانەی خەڵک و کۆمەڵگە بن.

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان وەک چەترو سەرچاوەی هێزی زانایان، دەستێکی باڵای هەبووە لە گەیاندنی پەیامی مەلای کورد بە لوتکەی هەرەمی دەستەڵات لەپێناو پاراستنی عەقیدەو رەوشتی میللەت و پێدانی بەرچاو ڕوونی لە هەموو ئەو پرس و پێشهاتانەی رەهەندی ئایینی و بەرژەوەندی گشتی تێدایە، هۆشیارو چاوکراوە بووە لەهەمبەر یاساکان و پرۆژەو ئەجێندای بیانی و ناوخۆیی؛ بۆیە بە حیکمەتەوە لەرێی کاری دامەزراوەیی قسەی خۆی گەیاندووەو چەندین نمونەش هەن کە راو سەرنجی یەکێتی زانایان لەبارەیانەوە بەهەند وەرگیراوە.

بە کورتی هەر جوڵەو بزاوتێک پێچەوانەی شەریعەت و بەهاو کلتوری کۆمەڵگەی ئێمە هاتبێتە پێشەوە، یەکێتی زانایان قسەی لێ کردووەو هەڵوێستی خۆی راگەیاندووە، له‌ بواری ڕینموویی ئاینی و ئەخلاقی و ڕێبه‌رایه‌تیی کۆمه‌ڵایه‌تیشدا وەک پارێزه‌رێکی سه‌ره‌کی که‌سایه‌تیی ئیسلامی و، بنیاتنه‌رو په‌یڕه‌وی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی شیرازه‌ نه‌پچڕاوو ئابڕوومه‌ندی مرۆیی، بێ هیچ ته‌کلیف و ئیمتیازێک خۆبه‌خشانه‌ وه‌ک ئه‌رکێکی به‌رپرسیارانه‌ی دینی و ئه‌خلاقی و نیشتمانی و خۆی پێوه‌ پایه‌ند کردووه‌، هەر ئەمەش وای کردووە هەندێ جار یەکێتی زانایان بە ئامانج بگیرێ و لە شان و شەوکەتی کەم بکرێتەوەو دەیان قسەو باسی نابەجێی بەرامبەر بکرێ، بەڵام پێگەو پاکی و راستەڕێی زانایانی کورد قەت بەم جۆرە هەوڵە نابەرپرسانە نەکەوتووەو ناشکەوێت. خوای گەورە فەرمویەتی: (..فَأَمَّا الزَّبَدُ فَيَذْهَبُ جُفَآءً وَأَمَّا مَا يَنفَعُ النَّاسَ فَيَمْكُثُ فِي الأرْضِ كَذلِكَ يَضْرِبُ اللَّهُ الأمْثَالَ لِلَّذِينَ اسْتَجَابُواْ لِرَبِّهِمُ الْحُسْنَى..)  الرعد: 17.

بە دڵنیاییەوە هیچ توێژێکی تر ناتوانێ ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە کە مامۆستایانی ئایینی کاریان لەسەر کردووە، چونکە لەلایەکەوە پیشەکەیان شەڕەفمەندترین پێگەو پایەی هەیەو ئەوان میراتگری پێغەمبەرانن، وەک پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێ: (إِنَّ العُلَمَاءَ ‌وَرَثَةُ ‌الأَنْبِيَاءِ) رواه الترمذي. لە لایەکی تریش گرنگترین ئەرک و مەهامی پێغەمبەرانیان هەڵگرتووە، کە خۆی لە دەعوەو بانگەوازی بۆ لای خواو بانگهێشتی خەڵک بۆ چاکەو رێگری لە خراپەیە، خوای گەورە دەفەرموێ: (قُلْ هَذِهِ سَبِيلِي أَدْعُو إِلَى اللَّهِ  عَلَى بَصِيرَةٍ أَنَا وَمَنِ اتَّبَعَنِي..) یوسف:108، واتە: ئه‌ى پێغه‌مبه‌ر- درودی خوای لێ بێت- تۆ بڵێ: ئا ئه‌مه‌ رێگه‌و رێبازمه‌؛ من ‏و شوێنكه‌وتوانم بانگ ده‌كه‌ين بوَ لاى خواى په‌روه‌ردگار له‌سه‌ر بنچينه‌و بناغه‌يه‌كى روون ‏و ئاشكرا.

بەرزو پیرۆز بێت 54 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لەسەرجەم زانایانی ئایینی و هەموو دۆست و دڵسۆزانی کاروانی دینداری و ئەم رێبازە رەسەنە.

........

مەلا عبدالله شێرکاوەیی

ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایان

20ی9ی2024