د.محمد حسن* بایەخدان بە تەندروستی منداڵ داهاتووی تەندروستی کۆمەڵگە مسۆگەر دەکات، منداڵ ئەو جیهانەیە تا گرنگی پێبدرێت هەر کەمە، هەر نەتەوەیەک بیەوێ نەخشە رێگای خۆی بەرەو سەرکەوتن و پێشکەوتن و گەیشتنە لوتکە بگۆڕێ، دەبێ لە منداڵەوە دەست پێ بکات، وڵاتانی پێشکەوتوو گەورەترین چاوو و بایەخ و گرنگیان بە منداڵە. تەندروستی و پەروەردە دوو باڵی سەرەکی فڕینی منداڵە بۆ ئاسمانی گەشەو پێگەیشتن و چوونە نێو دونیای سەرکەوتن، بۆ دڵنیابوون لە پەروەردەیەکی دروست و تەواو پێویستە سەرەتا لە تەندروستی منداڵەوە دڵنیا بین، چونکە بێگومان بێ تەندروستیەکی باش هەموو لایەنەکانی ژیانی منداڵ لە جوڵەو مێشک و دەروون و هتد. ناتوانین هیچ هەنگاوێکی کرداری بە ئاراستەی پێشکەوتن بنێین. گرفتە تەندروستیەکانی منداڵان لەو سەردەمەدا زۆرن، سەرەڕای پێشکەوتنە گەورەکانی مرۆڤ، ئەمەش بەهۆی کەم جوڵەیی و بەکار هێنانی شاشەو ئامێری ئەلیکترۆنی و مانەوە لە ماڵەوەو کەمی تێکەڵاوی و پەیوەندییەکان و چەندین گرفتی تر، کە پێویستە بە شێوەیەکی زانستیانەو پەروەردەییانە چارەسەری گونجاری بۆ بدۆزرێتەوە، هەروەها هاوسەنگی تەواو بۆ منداڵ رابگیرێت. لەو سۆنگەوە هەوڵماندا لەگەڵ یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە رۆژی 1ی6 ساڵوەگەری رۆژی جیهانی منداڵان کۆربەندێکی زانستی بەناونیشانی (منداڵ ئایندەیە.. هەنگاوێک بەرەو گەشەپێدانی منداڵان) ساز بکەین و رۆشنایی بخەینە سەر چەند لایەنێکی گرنگ لەم نێوەدا، کە دەتوانین بڵێین ئەمە کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر ئاستی ئایینی و کۆمەڵایەتی و پەورەدەیی منداڵان لە هەرێمی کوردستان. * پسپۆڕی نەخۆشیەکانی منداڵان و بەرێوەبەری راوێژکاری نازی منداڵان |