ئەگەر تا دوێنێ ئەرکی خێزان لە پەروەردەکردنی منداڵ بەهەر هۆکارێک قوڕس بووبێت، ئەوا لە ئێستادا دووقات و بگرە زیاتریش قوڕسترو بەرپرسیارێتی زیاترە! چونکە کاریگەری دەرەکی و کەناڵەکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و تەکنەلۆژیاو ژیری دەستکرد..هتد، کاریگەری زۆرو راستەوخۆیان لەسەر منداڵ هەیەو بەشێکی زۆری منداڵانیش بەهۆی وابەستەیی و تێکەڵبوونی زۆریان لەگەڵ ئەم جیهانە؛ لە پەروەردەو بونیادی کەسێتی و بیرو داهێنان دوورکەوتوونەتەوە. راستە لە ئێستادا راستە رەوشی منداڵان لەهەندێ رووەوە لە قۆناغێکی پێشکەوتوو دایە، وەک: خزمەتگوزاری و پێداویستیەکانی ژیان و خوێندن و فێربوونی زمان و چات و شاشەو مۆبایل و ئایپادو تەکنەلۆژیا بەگشتی... بەڵام رەنگە لەرووی دینداری و ئەتەکێتی مامەڵە و باری دەروونی و کۆمەڵایەتی و کەسێتیەوە وەک منداڵی پێشان نەبن، ئەمەش هۆکارگەلێکی هەیەو لەسەروو هەمووشیانەوە ئێستا زەمینەو دیزاینی ژیان بە ئاراستەی دوورکەتنەوەی منداڵ لە خێزان و کۆمەڵگە هەنگاو دەنێت و خەریکە شۆڕشی ژیری دەستکردو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و دوورکەوتنەوە لەدونیای دینداری.. کاریگەری گەورە لە سەر ژیان و تێڕوانینی منداڵەکانمان دروست بکات، ئەمەش پێویستی بە هۆشیاری پتری هەموو لایەک بەتایبەت دایک و باوکان هەیە بۆ ئەوەی ئایندەی منداڵان پارێزاو بێت. لەکاتێکدا منداڵ ئەمانەتێکی گەورەیە لە ئەستۆی دایک و باوک، کە ئەو منداڵە پەروەردە بکەن بە جوانترین شێوەو بایەخی تەواوی پێ بدەن، چونکە بە ئەندازەی پەروەردەییەکی رێک و پێک و تەندروست، کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو پێک دێت، چونکە کۆمەڵگەیەکی باش لە خێزانێکی باشەوە بەرهەم دێت و خێزانی باشیش لە تاکێکی پەروەردەکراو دروست دەبێت، بۆیە هەموو ئایینەکان و هەموو پێغەمبەران (درودی خوایان لێ بێت) بایەخی تەواویان بە پەروەردەی منداڵ داوەو وەک بەرپرسیارێتی دونیایی و قیامەتی لێیان روانیوە، بۆیەش پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) راشکاوانە دەفەرموێت: (كُلُّكُمْ رَاعٍ وَكُلُّكُمْ مَسْئُولٌ عَنْ رَعِيَّتِهِ)، واتە: ئێوە هەمووتان چاودێرو بەرپرسیارن لە ماڵ و منداڵتان. لە ناو پرۆسەی خێزان مەبەست تەنها خستنەوە منداڵ نیە، هەروەها سەرپەرشتی و چاودێری کردنی منداڵ، چەند فەرمان و قەدەخەکراوێک نیە کە پێویستە منداڵان گوێڕایەڵی بن، یان تەنیا بریتی نییە لە پۆشاک و خواردن و خواردنەوە و پێداویستی تر، بەڵکو ئەوەی زۆر گرنگە پەروەردەیە! پەروەردەش کردارێکی هەمەلایەنە و چەند ڕێگایەکی جۆراوجۆرە کەوا دایک و باوک دەتوانن بیگرنە بەر بۆ پەروەردەی منداڵەکانیان تاوەکوو منداڵان پەیوەست ببن بەو بنەمایانەی ئیسلام دیاری کردوون. لەهەمان کات ئەرکی پەروەردە فێرکردنە ئامانجی فێرکردنیش پەروەردەیە، لەم سۆنگەوە ئایینی پیرۆزی ئیسلام یەکێ لە مەبەستە هەرە گەورەکانی بایەخدانە بە پاراستنی ماف و بونیادنانی کەسێتی منداڵ لە -قۆناغی کۆرپەیی تا قۆناغی بلۆغبوون- لەسەر پەروەردەیەکی راست و دروست، ئەمەش بنەماو بناغەی پێشکەوتن و شارستانیەتی ئایندەی هەر گەل و وڵاتێکە.. ئیسلام بایەخی تەواوی بۆ پێگەیاندن و پەروەردەکردنی منداڵ داناوە، بۆیە بە پێی قۆناغبەندی پەیدابوون و گەورە بوونی ئەو منداڵە رەچاوی ماف و گرنگی پێدان و پاراستنی کردووە، هەر لە قۆناغی پێش لە دایکبوون تا دەگاتە قۆناغی بلۆغبوون؛ کە دەکرێ بەسەر سێ قۆناغ دابەش بکرێت: یەکەم: قۆناغی بەر لە دایکبوون؛ لەمەشدا ئیسلام گرنگی و تایبەتمەندی خۆی بۆ داناوەو پێویستە بە وردی و وریایی چاودێری بکرێت، کە کۆمەڵێک ماف و رێساو یاسای تایبەتی لەبەر حورمەتی ئەو منداڵە کە لە سکی دایکی دایە داناوە. دووەم: قۆناغی یەکەمی منداڵی کە لە دایکبوونەوە دەست پێ دەکات تا تەمەنی حەوت ساڵی، کە ئەمەش قۆناغێکی هەستیارو گرنگە، لەبەر ئەوەی لەرووی گەشەی جەستەیی و عەقڵی ودەروونی بناغەیە بۆ ئایندەو بە سەرەتایەکی گرنگ دادەنرێت، بە پێی بایەخپێدان و پەروەردەو راهێنان؛ گەشەکردنێکی باش بەخۆیەوە دەبینێت و لەرووی ژیری و دەروونی و رەوشت و رەفتارەوە ئاراستەکانی بەدەردەکەون، لەبەر ئەوە ناکرێ لەم قۆناغە کەمتەرخەمی بکرێت یان رادەستی زەمەن بکرێت، بەڵکو پێویستە وێڕای بایەخپێدان؛ بپارێزرێت لەهەموو ئەو کەم و کوڕی و لادانانەی دەبنە هۆکاری گەشەنەکردن یان پاشەکشەکردنی ئەو منداڵە لەم قۆناغە هەستیارەدا. سێیەم: قۆناغی دووەمی منداڵی؛ کە لە ساڵی حەوتەمە تا قۆناغی بلۆغبوون دەست پێ دەکات، کە لەم قۆناغەشدا منداڵ زیاتر لەرووی جەستەیی و چالاکبوونی فکرو عەقڵ و عاتیفەو تێڕوانین بۆ ژیان و بنیاتنانی کەسایەتی خۆی دەرەکەوێت، بۆیە بەردەوام پێویستی بە رێنمایی و ئامۆژگاری و راهێنان و پەروەردەکردنێکی زیاترو ئاگا لێبوونی باشتر هەیە. لەم نێوەدا پەروەردەی ئایینی ئامرازێکی کاریگەرە بۆ گۆڕانکاری و پێشکەوتنی منداڵ، هۆکارێکی بەرهەمدارە بۆ پاراستنی توراس و بونیادنانی شارستانیەت، کە رۆڵی هەیە لە گەشەپێدانی تاک و کۆمەڵگە، لەم سۆنگەیەوە بایەخدان بە منداڵ پێویستیەکی حەتمیە، چونکە قۆناغی منداڵی بەپێی ئەو بایەخەی پێی دەدرێت وێنای کەسایەتی مرۆڤ دیاری دەکات. پەروەردەی ئایینی بەو هێزو پێگەو شکڵ و ناوەرۆکەی هەیەتی، هەر لە سەرەتای هاتنیەوە تا بەم قۆناغەی شارستانیەت و پێشکەوتن و سەردەمی مۆدێرنە دەگات، پێشکەوتووترین سیستەم و بنەماو رێڕەوی پەروەردەیی بووە بۆ بونیادنان و پێگەیاندن و دروستکردنی کەسێتی منداڵ و دواجار مرۆڤێکی باش و سەرفرازو پێگەیشتوو لە ژیان، کە بە ئەندازەی پابەندی و تێگەیشتن و جیهانبینی لە ئیسلام کاریگەریەکەی بەسەر واقع و قۆناغبەندییەکان دەرەکەوێت. بۆیە شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام گرنگی زۆر دەدات بەم لایەنەو بیناکردنی کەسێتی منداڵ بە پەروەردەیەکی دروست و دوور لە لادان و سەرەڕۆیی و ناهەمواری باری دەروونی و رەفتاری. لەلایەکی ترەوە ئیسلام ئەرک و تەکلیف لەسەر منداڵ دانانێت تا قۆناغی بلۆغبوون، بەڵام لەرووی بایەخپێدانەوە هەر لەو کاتەی کۆرپەلەیە لە سکی دایکی تا دێتە سەر دونیا و تا قۆناغی بلۆغبوون ئەوپەڕی گرنگی دەدات بە ئاگا لێبوون و پەروەردەو پێگەیاندنیان، سەیرکە! کاتێ لەدایک دەبێت وەکو ئەوەی سەفیرێک هاتبێتە دونیا، رێکاری تایبەتی بۆ پێشوازی و بناغە وراهێنان داناوە، هەر لە بانگدان بە گوێی راست و قامەت لە گوێی چەپ و دەم شیرینکردن بە خورماو دواتر ناوێکی جوان و گونجاو پاشان هۆزەبانەو نزا بۆ کردن تا ئەو پەڕی چاودێری کردن لەرووی جەستەیی و دەروونییەوە، هاو کات ئیسلام بە پێی تەمەن و پلەبەندی قۆناغی منداڵی بایەخ بە پەروەردەو گەشەپێدانی منداڵ دەدات، کە دەکرێ لێرەوە ئاماژە بە چەند بوارو لایەنێک بکەین: یەکەم: پەروەردەی ئیمانی؛ واتە راهێنانی منداڵ لەو کاتەی هەست و عەقڵی دەسازێ بۆ نزیککردنەوەی لە چەمک و بەها ئیمانیەکان و فێرکردنی رێنمایی سەرەتایی ئایینی، بۆیەش ئیسلام وەک راهێنان بە گونجاوی دەبینێت لە تەمەنی حەوت تا دە ساڵی منداڵ فێری نوێژ بکرێت، کە ئەمە وەک زەمینەسازی و راهێنانە لە دونیای دینداری، هەمان شێوە بەکار دەهێنرێت بۆ فێرکردنی هەر خوو ڕەوشتێکی ئایینی یان پەروەردەیی. دووەم: پەروەردەی سلوک و رەفتار؛ کە بریتیە لە کۆمەڵێک بەهاو رەوشتی جوان و بەرز بۆ ئەوەی منداڵ لەسەریان رابێت و خویان پێوە بگرێت، چونکە هیچ شتێک ناتوانێ ببێتە بەدیلی بەها ئایینیەکان بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لەرووی کەسێتی و رەوشتی و ویژدانی و دەروونییەوە لە سەر منداڵ دروست دەبێت. سێیەم: پەروەردەی جەستەیی؛ ئەمەش هەنگاوێکی گرنگەو ئیسلام فەرامۆشی نەکردووە، چونکە چاودێری و رەچاوکردنی باری جەستەیی و دابینکردنی خۆراک و پۆشاک و پێدانی شیری دایک بۆ ئەوەی منداڵ لەسەر رێچکەیەکی شایستەو گونجاو گەورە بێت و ئامادەسازی تێدا بکرێت بۆ ئایندەیەکی باش و گەشەوە. چوارەم: پەروەردەی دەروونی، ئەمەش بە راگرتنی هاوسەنگی تایبەتی و رێکخستنی هەڵچوون و رەچاوکردنی باری دەروونی و راهێنانی لەسەر هەندێ شتی وەک راشکاوبوون و بەهێزی و خۆشەویستی ئەوانی ترو کۆنتڕۆڵکردنی تۆڕەیی، گرنگە دایک و باوک منداڵ لەرووی دەروونیەوە بە شێوازێک بونیاد بنێن، توانا و متمانە بەخۆبوونی لا دروست بێت و بە ئەرێنی سەیری شتەکان بکات و خوێندنەوەی خۆی لەسەریان هەبێت، نەگونجاویشە دایک و باوک خەریکی شکاندنەوەو پشتگوێ خستنی حەزو ویستەکانی منداڵ بن، چونکە هەموو منداڵێک حەزو ویستی هەیە بەڵام رێکخستنی ئەو حەزوو ئارەزووانە ئەرکی ماڵەوەیە رێکی بخەن، دەبێ ئەوەش لەبەر چاو بێت، کە هەڵسوکەوتی دایک و باوک کاریگەری زۆری هەیە لەسەر منداڵان ئەوان لە سەرەتای تەمەنیان هەوڵی دووبارەبوونەوەی ڕەفتارو گوفتارەکانی دایک و باوکیان دەدەن. پێنجەم: پەروەردەی کۆمەڵایەتی؛ زۆر پێویستە هیچ لایەنێکی پەروەردەیی لە ناخی منداڵ فەرامۆش نەکرێت، بەتایبەت لەرووی کۆمەڵایەتیەوە منداڵ لەسەر هەندێ شت رابێت، کە هاندەرو هۆکاری گەشەو پێشکەوتنی منداڵە، راهێنانی لەسەر نەریتە باشەکان و هۆشیارکردنەوەی لە دیاردەو نەریتە قێزەون و نادروستەکان ئەرکێکی لە پێشینەیە لە بواری پەرەردەو پێگەیاندنی منداڵ، هەروەها چاودێریکردنی منداڵان پێویستەو دایکان و باوکان بزانن منداڵ بۆ کوێ دەڕۆن لە کوێوە دێن، هاوڕێکانیان کێن، وە چۆن کاتەکانیان بە سەردەبەن. تاوەکوو بتوانن پەروەردەیەکی دروست بکرێن بەڵام باشترە منداڵان ئاگاداری ئەم چاودێرییە نەبن بۆ ئەوەی وا بیر نەکەن ئازاد نین یان متمانە پێ کراو نین. بە کورتی گرنگە دایک و باوک پێشەنگ بن بۆ منداڵانیان و خەمی یەکەمیان پەروەردەیەکی دروست بێت، چونکە پێشەنگی باش گرنگترین ڕێگایە پەیڕەوی بکەن بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکانیان تاوەکو منداڵەکان جیاوازی نەبینن لە نێوان ڕەفتارو گوفتارەکان لەلایەک و، هەروەها کردارو خوو ڕەوشتیان پابەندی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بیت، بۆ ئەوەی منداڵەکان بە شێوازێکی دروست پەروەردە بن لەلایەکی ترەوە.
ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و وتەبێژی یەکێتی زانایان |