یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   یەکێتی زانایان بە هەماهەنگی رێکخراوی (SHWILA) وۆرکشۆپێکی تایبەت لەسەر مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر بۆ مامۆستایانی ئایینی ساز دەکات    *****    *****   لقی  گەرمیانی یەکێتی زانایان سەردانی سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا شێخ حسین سورچی کۆچی دوایی کردو یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی یەکێتی زانایان مزگەوتی حاجی رەزا لە گوندی عارەب کەند کرایەوە    *****    *****   یەکێتی زانایان پێشوازی لە شاندێکی هاوپەیمانی مەسیحی دەکات و کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سازدەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان پێشوازی لە کۆمەڵێک مامۆستاو قوتابی کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەددین دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا إلياس هەورامی کۆچی دوایی کردو یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا عبدالجبار زەرگەزەوی کۆچی دوایی کردو یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان وڵامی سەدرەدین قوبانجی ئیمام جومعەی نەجەف دەداتەوە    *****    *****   مامۆستا مەلا حيسامەددینی قەڵاتی کۆچی دوایی کردو یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان: بە توندی ئیدانەی هێڕشەکەی سەر کێڵگەی گازى کۆرمۆر دەکەین    *****    *****   مامۆستا مەلا سید نجم الدینی پیریادی کۆچی دوایی کردو یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات   
مه‌لا عه‌بدوڵلا شێركاوه‌یی
به‌رواری دابه‌زاندن: 02/09/2025 : 21:26:55
قه‌باره‌ی فۆنت
پێویستی پێغەمبەرﷺ بۆ ئەم رۆژگارە !

د.عبدالله شێرکاوەیی*

هەڵبەت قسەکردن لەسەر زاتێکی گەورەی وەک پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) ئاسان نیە، لەبەر ئەوەی چەندەی لەبارەوە بدوێین مەحاڵە بتوانین وەسفی تەواوەتی گەورەیی بکەین، ئەو هەڵبژێردراوی خوای پەروەردگارەو سەردارو سەروەری پێغەمبەران و رزگارکەری مرۆڤایەتی و گەورەی نێو دروستکراوانی خودایە، پێگەو قوڕسایی هێندە زۆری هەیە! مرۆڤ ناتوانێ پەی بەو گەورەییە ببات کە لەهەموو رووێکەوە بۆی دانراوە، وەک ئەحمەدی خانی وتەنی: (نەعتێ تە ب علمێ من مەحالە .. مەدداح ژ بۆ تە ذوالجلاله).

خوای گەورە لە قوڕئانی پیرۆزدا بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی و خەسڵەتی گرنگ و گەورەی هیدایەت و رێنیشاندەرو هەڵگری پەیامی حەق و پایەو مەقامی رەوشت بەرزییەوە وەسف و ستایش و باسی دەکات، وەک دەفەرموێ: (وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلاَّ رَحْمَةً لِّلْعَالَمِينَ)، هەروەها: (لَقَدْ جَاءَكُمْ رَسُولٌ مِّنْ أَنفُسِكُمْ عَزِيزٌ عَلَيْهِ مَا عَنِتُّمْ حَرِيصٌ عَلَيْكُم بِالْمُؤْمِنِينَ رَءُوفٌ رَّحِيمٌ) التوبة: 128. هەروا دەفەرموێ: (يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ إِنَّا أَرْسَلْنَاكَ شَاهِداً وَمُبَشِّراً وَنَذِيراً * وَدَاعِياً إِلَى اللَّهِ بِإِذْنِهِ وَسِرَاجاً مُّنِيراً) الأحزاب:45،46. یان دەفەرموێ: (قَدْ جَاءَكُم مِّنَ اللَّهِ نُورٌ وَكِتَابٌ مُّبِينٌ) المائدة:15. یاخود فەرمویەتی: (وَإِنَّكَ لَعَلَى خُلُقٍ عَظِيمٍ) القلم: 4، هەروەک خۆیشی لەم بارەوە دەفەرموێ: ( إنما بعثت لأتمم مكارم الأخلاق)..

ئەم ئایەتانە زۆر شت لەخۆ دەگرن، چونکە رەحمەت و رەئفەت و موژدەو بانگەوازی و نووری نبوەت و رێی هیدایەت و پەیام و خوڕەوشتی بەرزو داڕشتنی رێبازی دینداری؛ چەمک و واتای گەورەو گەوهەری لەبن نەهاتووی ئەو زاتە بەرزەن، کە بۆتە شوعلەو تیشکی رووناکی نێو گرۆی مرۆڤایەتی و دەستگیرو رێنماییکاری بەشەرییەت بۆ رێی راستی خواپەرستی و خواناسی، ئەو زاتە خۆی بۆ خۆی لە پراکتیزەی فەرمای ئیلاهی قوڕئانێک بووە، بەو واتایەی هەرچیەک لە قورئاندا باس کرا بێت ئەو جێبەجێی کردووە، بە ئەندازەیەک کەس ناتوانێ دوای ئەو بگاتە ئەو لوتکەیە لە دینداری و خواناسی و رەوشتبەرزی، بێخود گوتەنی: (قورئانی نعووتی تۆ، خەتمی بە بەشەر نایێ .. بێخود چیە یا حەسسان، جیبریلە سەناخوانت)..

لەم رۆژگارە بە کۆمەڵێک هۆکاری زاتی و بابەتی ئینسانیەت کەوتۆتە نێو گێژاوێک تەنانەت پێناس و شوناسی لە چوارچێوەی مرۆڤبووندا بەرەو ئاڵۆزی و شێوانی فرە رۆیشتووە، شەپۆلی زۆر دەوری مرۆڤی داوەو جاری وایە توانای بەرگەگرتن و دەرچوون لە تەنگژەو پێشهاتەکانی لێ ئەستەم دەبێت، یان لانی کەم بە ئاسان خۆی پێ قوتار نابێت! جاری وایە حیرەت و داوی دونیاو نەهامەتی و سەرگەردانی ژیان و نادادی و زیللەت و زەبونی و ئەندێشەو دەردی دەروونی و حەزو ویستە شەهوانی و شەیتانی و لادەری و لاساری و ستەم و سنووربەزێنی و گومڕایی و تاریکپەرستی بەرچاوو عەقڵی تاریک کردووە، لەو لاشەوە لوتبەرزی و سەرسام بوون بەخۆو ئەنانیەت و تەڵەی دەردە دەروونیەکان مرۆڤ بەرەو هەڵپەرساردن و دۆخێکی نالەبار دەبات، کە خۆی بە خۆی نازانێ لەم ژیانە راستەڕێ بووە یاخود لە نێو گرفتاری و ئەندێشەی ژیان خەریکی خۆپەڕاندنەوەو بەرگی نیفاق و پینەکردنی هەڵەو پەردەپۆشکردنی عەیبەکانیەتی لەسەر حیسابی ئەم و ئەو!

لەبەر هەموو ئەمانە لەم رۆژگارە مرۆڤ پێویستی بە دەستگیرو رێنیشاندەرو خەمخۆرێکی وەک زاتی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) هەیە، بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی مرۆڤبوون و بۆ خواسوڵحان و کەسایەتیەکی دیندارو سەنگین و سوودبەخش بۆ خۆی و دەوروبەرو پەیڕەوی بەهاباڵاکان و رەوشتبەرزی و چاکەکاری و خواویستی خۆی ببینێتەوە، لەپێناو ئەم ئامانجە ستراتیژی و گەورەیەش بووە نێردراوە، کە مرۆڤایەتی لە گومڕایی و تاریکی بەرەو نوورو هیدایەت ببات و مرۆڤ لەوە قوتار بکات دونیای هەمیشەیی خۆی بە دونیای کەم و کاتی نەگوڕێتەوە. (لَقَدْ كَانَ لَكُمْ فِي رَسُولِ اللَّهِ أُسْوَةٌ حَسَنَةٌ لِمَنْ كَانَ يَرْجُو اللَّهَ وَالْيَوْمَ الْآَخِرَ وَذَكَرَ اللَّهَ كَثِيرًا) الأحزاب:21. واتە: سوێند به‌خوا بەڕاستى له‌ پێغه‌مبه‌رى خوادا چاكترين نموونه‌ى ته‌واو و رێكوپێك هه‌يه‌ تا چاوى لێ بكه‌ن‏ و شوێنى بكه‌ون، به‌تايبه‌ت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى ره‌زامه‌ندى خوايان مه‌به‌سته‌، سه‌رفه‌رازى قيامه‌ت ئاواتيانه‌، هه‌ميشه‌ و به‌رده‌وام يادى خوا به‌زۆرى ئه‌نجام ده‌ده‌ن‏ و زمانيان پاراوه‌ به‌يادى ئه‌و.

لەم چوارچێوەوە سەرنجان رادەکێشم بۆ باسێکی نایابی زانای ناوداری کوردستانی رۆژهەڵات مەرحوم مامۆستا مەلا عبدالهادی ئەفخەم زادە، کە لە بارەی پێویستی مرۆڤ بە پێغەمبەرەوە (درودی خوای لەسەر بێت) بە رامانێکی قوڵەوە دەڵێت:  "ئه‌ڵبه‌ته‌ له‌ زوڵمه‌ت كه‌ده‌ی دونیادا كه‌ حه‌قیقه‌ت به‌ ئه‌وهام‌و خه‌یالات، حه‌ق به‌ ئه‌باتیل‌و خه‌رافات داپوشراوه‌، خێرو شه‌ڕ، قازانج‌و زه‌ره‌ر تاڵ‌و شیرین، نێش‌و نۆش تێكه‌ڵه‌‌و لێك دراوه‌، له‌به‌ر لێك هه‌ڵكه‌وتنی حیرس‌و ته‌ماع‌و هه‌واو هه‌وه‌س‌و حودودو قویودی ژیان، له‌هه‌ر هه‌نگاوێ‌ هه‌زار پێچ‌و خه‌م، گرفتاری‌و چاڵ‌و چۆڵی‌و سه‌رگه‌ردانی دێته‌ پێش‌و فكرو عه‌قڵی ناقیس‌و ناته‌واوی به‌شه‌ر به‌ ته‌نێ‌ ده‌ردێك ده‌رمان ناكه‌ن‌و گرێیه‌ك له‌ موشكیلاتی ژیان ناكه‌نه‌وه‌‌و سه‌ری خۆیان له‌ گومڕایی ده‌رناكه‌ن، ئینسان هه‌تا هه‌نگاوێ‌ هه‌ڵدێنی له‌به‌ر تاریكی نه‌فامی‌و شه‌هوه‌ت؛ هه‌زار سه‌ره‌نگره‌ ده‌با‌و به‌ فرسه‌خ له‌ مه‌نزڵی مه‌قسود‌و مه‌سله‌حه‌ت دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌.

جا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ حه‌یره‌ت‌و گومرایی لا بدا‌و راسته‌‌و راست به‌سه‌ر شه‌قامی حه‌ق‌و حه‌قیقه‌ت دا بروا، به‌رچاوی عه‌قڵی روناك بێ‌ تا له‌ دارو به‌ردی خه‌تاو ئیشتیبا هه‌ڵنه‌كه‌وێ‌‌و عاقیبه‌ت له‌ شیو و ده‌ره‌ی به‌دبه‌ختی‌و ماڵوێرانی نه‌كه‌وێ!‌ ده‌لیل‌و راهنومایه‌كی ده‌وێ‌ تا له‌ په‌نای ئه‌ودا ئه‌م رێگا سه‌خت‌و پڕ خه‌ته‌ره‌ی ژیانی دونیا ئاسان‌و بێ‌ خه‌ته‌ر ببڕێ‌‌و بێ‌ ترس‌و خۆفی هیلاكه‌تی ئه‌به‌دی بڕوا..

دیاره‌ ئه‌و كاره‌ش له‌هه‌موو كه‌س ئاسان‌ نیه‌‌و به‌هەر‌ كه‌سێ‌ ناكرێ‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر رێبواری سه‌خته‌‌و زه‌حمه‌ته‌‌و گرانه‌، رێ‌ نیشاندان خاترجه‌م هه‌زار ئه‌وه‌نده‌ سه‌ختترو زه‌حمه‌تترو گرانتره‌، چونكه‌ زیاد له‌ مه‌شه‌ققه‌تی رێبواری ده‌ردی سه‌ری‌و مه‌سئولیه‌تی شاره‌زایه‌تی هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت رێی قیامه‌ت‌و سه‌فه‌ری دوورو درێژی ئاخیره‌ت، كه‌ وه‌كو گوتویانه؛‌ تینه‌تێكی پاك، ئه‌خلاقێكی چاك، قه‌لبێكی وه‌ك كێو سابیت، هیممه‌تێكی به‌قه‌د ئاسمان بڵیند، حه‌وسه‌ڵه‌یه‌كی وه‌ك ده‌ریا وه‌سیع، عه‌قڵێكی به‌قه‌ده‌ر عاله‌م گه‌وره‌‌و له‌ هه‌مووی مه‌تڵه‌بتر دڵێكی پڕ له‌ شۆق‌و سه‌رێكی پڕ له‌ عیشق‌و روحێكی له‌ غه‌یبه‌وه‌ رۆشن‌و روناكی ده‌وێ‌، تا به‌ قووه‌ی ئه‌و شه‌وقه‌و به‌ كومه‌گی ئه‌و عیشقه‌‌و به‌ نووری ئه‌و غه‌یبه‌ رێ‌ ببیندرێته‌وه‌‌و له‌ تاریكی جه‌هاله‌ت‌و سه‌رگه‌ردانی نه‌جاتی بێ‌‌و به‌ مه‌نزل گه‌یشتن مویه‌سسه‌ر‌و ئاسان بێ‌، ئه‌م مه‌قامه‌ عالیه‌‌و ئه‌و ده‌ره‌جه‌ گه‌وره‌یه‌‌و ئه‌و روتبه‌ بڵینده‌، ئاخرین پله‌ی نه‌ردیوانی ته‌ره‌ققی به‌شه‌ره‌، كه‌سێ‌ به‌م مه‌قامه‌ بگا پێی ده‌ڵێن پێغه‌مبه‌ر!

كه‌سێك به‌م ده‌ره‌جه‌‌و روتبه‌ ده‌گا، كه‌ دونیا‌و ما فیها بنێته‌ ژێر پێی هیممه‌تی‌و له‌سه‌ر حه‌ددی ته‌بیعه‌ته‌وه‌ به‌پێ‌ ته‌ختی حه‌قیقه‌ت بگا، یانی له‌ خه‌ڵكی تێپه‌ڕێ‌‌و به‌خودا بگا‌و له‌ عولومی عالیه‌ی مه‌دره‌سه‌ی ئیلاهی حاڵی كرێ‌‌و ده‌رسی دادرێ‌، جا ئه‌و جار بێته‌وه‌ خوارێ‌، تا ئه‌وانه‌ كه‌ وه‌ك مێروو له‌ هه‌نگوینی دونیادا غه‌رق بوون، وه‌ له‌ داوی جاڵجاڵۆكه‌ی ته‌بیعه‌ت كه‌وتوون‌و جولانه‌وه‌‌و ده‌رچوونیان نیه‌، رابه‌ری‌و رانوماییان بكا‌و ده‌ستیان بگرێ‌‌و خه‌لاسیان كا، پێغه‌مبه‌ر له‌ نێو ئۆمه‌تدا وه‌ك رۆژ له‌نێو ئه‌ستێره‌دا دیاره‌، كه‌ به‌ نوورو رۆشنی‌و تیشك‌و گه‌رمی خۆی رێك‌و پێكی ژیان‌و نه‌زم‌و ته‌رتیبی كاروباری ئاوه‌دانی دونیا‌و به‌رقه‌راری دین داده‌گرێ‌‌و له‌ ئالۆزی‌و ته‌نگ‌و چەڵه‌مه‌‌و شێوان‌و تێكچوونیان حیفز ده‌كا..".

لەبەر ئەمەیە خوای گەورە مننەت دەکات بەسەر ئیماندارانەوە بە ناردنی ئەم پێغەمبەرە ئازیزە (درودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێ: (لَقَدْ مَنَّ اللَّهُ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ إِذْ بَعَثَ فِيهِمْ رَسُولًا مِنْ أَنْفُسِهِمْ يَتْلُو عَلَيْهِمْ آَيَاتِهِ وَيُزَكِّيهِمْ وَيُعَلِّمُهُمُ الْكِتَابَ وَالْحِكْمَةَ وَإِنْ كَانُوا مِنْ قَبْلُ لَفِي ضَلَالٍ مُبِينٍ) آل عمران:164.

 

* ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان.

2ی ئـــــــــەیلولــی 2025م

10ی ربیعولئەولی 1447هـ