د.عبدالله شێرکاوەیی* ئەوەی دوێنێ بەرێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی پەیمانگای ئەزهەرو ئاهەنگی دەرچووانی خولی یەکەم و دووەمی پەیمانگاکە باسی لێوە کرد، ئاماژەیەکی گرنگ و لۆژیکی و بەجێ بوو، کە پێویستە هەمووان بەتایبەت خوازیارانی زانستە شەرعییەکان و کاراکتەری ئایینی و زانایان هەڵوەستەی لەسەر بکەن و بە هەندی وەربگرن. لە گوتارەکەیدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم باسی لە پێویستی و گرنگی پەیمانگاکە وەک فاکتەری درێژەپێدانی پەیوەندی مێژوویی نێوان میسڕو کوردستان کردو، ئەوەی خستە ڕوو كە لە سەردەمی سەرکردەی کورد سەلاحەددینی ئەیوبییەوە، ژمارەیەکی زۆری کورد روویان لە میسر کردووەو لەوێ نیشتەجێ بوون و کەسایەتی بە نێوبانگ و زانا و شاعیرو نووسەرو پیاوی گەورەو ناسراویان لێ هەڵکەوتووە. مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵێكی زۆر گرنگیان لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان هەبووەو، ڕۆڵێکی دیارو بەرچاویان لە بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و پرسە نیشتمانییەکان و گەشەپێدانی هزری میانڕەوی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینی لە کوردستان گێڕاوە، لەسەر ئەمەش جەنابیان گوتی: "دەمەوێ ڕوو لە مامۆستایانی ئایینی بەڕێز بكەم، سوپاسیان بكەم بۆ پشوودرێژیی و ماندووبوونیان، بۆ ئەو زەحمەتەی كە دەیكێشن لە رێنماییكردنی گەلەكەمان كە بەڕاستی جێگەی دەستیان دیارە لە هەموو شۆڕشەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان، بینیومانە كە مامۆستا هاوشانی پێشمەرگە لە جەبهە دژ بە ستەم و ستەمكاران وەستاوەتەوە و پەیامی میانڕەو لەناو كۆمەڵگەی كوردستاندا كە بڵاو بووەتەوە، ئەنجامی ڕێنمایی و ئامۆژگارییەكانی مامۆستایانی ئایینی بەڕێزە، بۆیە من ڕوو لە مامۆستا گەنجەكانیش دەكەم و داواكارم مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی بەردەوام بن لە بڵاوكردنەوەی ئەو پەیامە میانڕەوییە كە پێویستە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا زیاتر گرنگی پێ بدەین و ڕێگە نەدەین پەیامی توندڕەوی، توندوتیژی، یەكتر قەبووڵنەكردن، دژایەتیكردنی یەكترو ئەم شتانە بواریان پێ بدرێت لە كوردستان بڵاو بكرێنەوە". ئەوەی زیاتر مەبەستی منە هەڵوەستەیەکی جددی لەبارەوە بکەم، رێک ئەو پەیامە گرنگەیە کە بەرێزیان ئاماژەی پێدا بەوەی "ئێمە بەوەوە جوانین كە ڕووی راستەقینەی ئیسلام چییە ئەوە ببینین، مامۆستایانی ئایینی دەبێ وابكەن خەڵك ئیسلامیان خۆش بوێت نەك لێی بترسن". ئەم پەیامە بە واتای ئەوە نیە کوردستان لە دۆخێکی ئاڵۆزی دینداری و کەشێکی توندڕەو دایە، بەڵکو ئاماژەیە بەوەی پاراستنی رێبازی رەسەنی دینداری گەلەکەمان کە ساڵەهای ساڵە لەسەر دەستی زانایانی ئایینی ئیسلامپەروەرو نیشتمانپەروەر بڵاودەبێتەوە بۆ ئەم قۆناغە گرنگ و زێدە پێویست ترە، چونکە هەندێ جار کە دین لە چوارچێوەی فکرو ئایدۆلۆژیاو دەقەلایەکی کەسی و تایبەتی و میزاجی و دوور لە رێ و رێبازی گەورە زانایان و تێگەیشتنی دروست و زانستی دەخرێتە ڕوو، وێڕای ئەوەی ئیسلام گچکە نیشان دەدات و نوێنەرایەتیەکی راستەقینە پیشان نادات، لەهەمان کات کۆمەڵێک لێکەوتەو دەرهاوێشتەی نامۆ سەرهەڵدەدەن و دەبنە هۆکاری پەیامی توندو بڵاوکردنەوەی رق و کینەو یەکتر شکاندن رێڕەوێکی پێچەوانەی ئەو بنەما دروست و گشتیانەی هەزار ساڵە زانایانی کورد بناغەیان بۆ داناوە، کە لەمەدا کوردستان خالی نیەو هەندێ جار شڵەژان و ناتەبایی و تەنانەت تەکفیرو تەفسیق و جنێوبازی و ئاست نزمی لەناو بەشێکی موسڵمانان هەست پێ دەکرێ و لە سۆشیال میدیا دەبێتە باسێکی گەرم. زانایانی کورد هەمیشە ئامانج و پەیامی گرنگ و سەرەکیان ئەوە بووە، کە دینداری لای تاک شیرین و لای کۆمەڵگەش وەک رەحمەت نیشان بدەن، پەیامێک تەژی لە میانڕەوی و رێزلێکنان و یەکتر قەبوڵکردن و ئاوێتەکردنی هەستی ئایینپەروەری و نیشتمانپەروەری و پارێزگاریکردن لە جوانیەکان و مایەی خێر بۆ گەشەی کیان و شارستانیەت و ئارامی و ئاشتی کۆمەڵایەتی، وەک شێخی مەناوی دەفەرموێت: "ئیسلامی راستەقینە ئەوەیە مرۆڤ بەگشتی هیچ کەس بە کەم نەزانێت و بەکەم سەیریان نەکات" لەژێر رۆشنایی ئەم تێگەیشتنە فراوان و تێڕوانینە مرۆڤدۆستانەیە بووە زانایانی کورد هەمیشە بە مەزنی ئیسلامیان نیشانداوەو تەسکیان نەکردۆتەوە تەنها لە چەند دروشم و شتێکی شکڵی و تایبەتی و نەریتی، بەڵکو وێنایەکی جوان و زانستی و فراوان بە قەد فراوانی ئایین و جیهانبینی ئایینی نیشانداوە، هەر ئەمەش هۆکار بووە بەدرێژایی ئەو هەزار ساڵە کورد گرفتی ئایینی نەبووەو پابەندی و پارێزگاری لە عەقیدەو مەزهەب خۆی کردووەو رێڕەوەکەی پاراستووە. کورد وەک گەلێکی موسڵمان کە بەشداری و هاوبەشیەکی دیارو کارای لە بنیاتنانی شارستانیەتی ئیسلامی هەبووە؛ لە رووی رێبازی فیقهییەوە بە درێژایی پتر لە دە سەدە پەیڕەوی لە مەزهەبی ئیمامی شافیعی کردووە، تا ئەو ئاستەی لە ئەنجامی ئەم پەیوەندی و پابەندییە؛ کورد بەم مەزهەبە نێوبانگی دەرکردووەو، بۆتە رەمزی یەکبوونی کوردو سیمایەکی دیاری کۆمەڵگەی کوردەواری، هەروەها بۆتە سەرچاوەو جێی قەبوڵ و وەرگرتنی بەشێکی زۆر لە گەورە زانایان ئۆممەتی ئیسلامی، لەناو کوردیش رەگ و ریشاڵی مێژوویی قوڵی هەیەو سەرچاوەی دونیابینی و هۆکاری یەکڕیزی و یەک گوتاری میللەت و هەوێنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پاراستنی بەرژەوەندییە گشتیەکان بووە. لەبەر ئەوە لەرووی سەرکردایەتی کردنی میللەت و ئەدەبیات و عیرفان و نووسین و بزاڤی رۆژنامەگەری کوردی و هەڵوێستی نیشتمانی و شۆڕش و بەرخودانەکانیش؛ پیاوی گەورە گەورە لەناو کورد هەڵکەوتوون و بوونەتە ئەستێرەی ئاسمانی مێژووی کورد و رێبازی دینداری و خەباتی نەتەوەیی. بەڵام کاتێ ئیسلام وەک موجامەلەو موجادەلەو فکرو ئەندێشەو قاڵبکراو ئایدۆلۆژیا عەزر دەکرێ و کێماسی لە شێوازەی گەیاندنی ئیسلام دروست دەبێت، یان شرۆڤەو ئیجتیهادو بانگەشەو بانگەوازی نامۆ بە واقع و کلتورو تێگەیشتنی زانستیانەی کورد بۆ دینداری دێتە ئارا، یان کەسانێک بێ هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر پرسی ئایینی و واقعی کۆمەڵگە ئەجێندای دەرەکی هاوردە دەکەن و، دەیانەوێ بە زۆر میللەتی کورد پەلکێشی ستایلێکی جیاوازی دینداری لەواقعی خۆی بکەن و بێ گوێدانە بنەمای دروست و زانستی گەورە زانایانی کوردو هەناوی ئەو میللەتەی چەندین سەدەیە بە ویستی خۆی و بە ئاشتیانەو بێ هەڕەشەو سەپاندن دینداری دەکات، ئەو کات لەجیاتی ئەوەی ئیسلام شیرین بێت لای خەڵک، دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی خەڵکی لە ئیسلام بترسێن و گلەییش لە ئەهلی ئیسلام بکەن. لەبەر ئەوە ئەو پەیامەی سەرۆکی حکومەت لە بۆنەیەکی وا گرنگ و مێژوویی، ئەرکی زانایان لەم قۆناغەدا قوڕستر دەکات، بەوەی هەوڵی خۆیان بۆ پاراستنی توراسی زانستی و میراتی گەورە زانایان چڕتر بکەنەوەو وەک هەمیشە بە مۆرک و تێگەیشتن و جیهانبینی خۆماڵیانە دینداری بڵاوبکەنەوە، بەو پێیەی ئیسلام لەپێناو بەرژەوەندی مرۆڤ و ژیاندۆستی و خۆشبەختی و بڵاوکردنەوەی ئاشتی و تەبایی و گەشەو ئاوەدانی مرۆڤ و کۆمەڵگەکان هاتووەو سەرچاوەی خۆشەویستی و سۆزو میهرەبانی و لێبوردەییە، ئیدی لەهەر کوێ ئەم تێڕوانینە بڵاوکرایەوە ئەوە ئیسلامی راستەقینەیەو کار لەپێناو خۆشەویستی دەکات، بەپێچەوانەوە گوتاری توندڕەوی سەرهەڵدەدات و زەمینەی ترس لە تێگەیشتنی هەڵە بۆ ئیسلام بڵاو دەکاتەوە، میتۆدی یەکەم ئەسڵ و فەسڵی کوردستان بووەو، ئەوەی دووەمیش بەرگێکی نامۆیە بە واقعی گەلەکەمان! لێرەوەیە پێویستیمان بە رێبازە رەسەنەکە دەرەکەوێت چەند زەرورە، ئەگەرنا فکرو ئەجێندای توندو نامۆ بە کۆمەڵگەی ئێمە هیچ دەردێک دەرمان ناکا و، بگرە دەبێتە سەرئێشەو هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئایندەی کوردستان. *ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و وتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان.
https://www.ava.news/opinion/36243 |