یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   یەکێتی زانایان پێشوازی لە کۆمەڵێک مامۆستاو قوتابی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سەلاحەددین دەکات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان کۆدەبێتەوەو چەند پرسێکی گرنگ و هەنوکەیی تاوتوێ دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری وۆرکشۆپێکی زانستی تایبەت بە پێکەوەژیان لە زانکۆی نۆڵج دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان پێشوازی لە بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی پارێزگای هەولێر دەکات    *****    *****   لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان سیمینارێک بۆ ژمارەیەک مامۆستای ئایینی ساز دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان لەسەر رووداوەکانی حەلەب پەیامێک بڵاو دەکاتەوەو ئیدانەی هێڕشی سەر گەڕەکە کوردنشینەکان دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ئاماری گرنگترین چالاکیەکانی ساڵی 2025 بڵاودەکاتەوە    *****    *****   گۆڤاری ئەلیکترۆنی تایبەت بە چالاکیەکانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە ساڵی 2025دا    *****    *****   ساڵی 2025 لە هەرێمی کوردستان (46) زاناو مامۆستای ئایینی کۆچی دواییان کردووە..       *****    *****   کۆتا کۆبونەوەی لقی چەمچەماڵی یەکێتی زانایان    *****    *****   مامۆستا مەلا محمد زێباری کۆچی دوایی کردو یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان: بۆ دوورکەوتنەوە لە توندڕەوی پێویستیمان بە تێگەیشتنی دروست و زانستی هەیە لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام   
مه‌لا عه‌بدوڵلا شێركاوه‌یی
به‌رواری دابه‌زاندن: 10/12/2025 : 10:55:21
قه‌باره‌ی فۆنت
مەلای جزیری سیمبولی خوداناسی و قوتبی عیرفان و نیشتمانپەروەری

د.عبدالله شێرکاوەیی*

مەلای جزیری یان شێخ ئەحمەدی جزیری (١٥٧٠- ١٦٤٠) ناسراو بە مەلای جزیری، شاعیرێکی کلاسیکی کوردەو بە پێی لێکۆڵینەوە زانستیەکان بە رابەرو دامەزرێنەری شێوەزاری کلاسیزمی کرمانجی ژووروو سەر بە شێوەزاری بۆتانی دادەنرێت، یەکێکە لەو شاعیرە مەزنانەی، کە کورد شانازی پێوە دەکات و بۆتە جێی سەرنج و هەوێنی زانستخوازانی بواری ئەدەب و عیرفان و مەعریفە، پێش ھە‌موو كە‌س بە‌ كوردی پە‌یڕە‌وی ئە‌دە‌بی خۆرھە‌ڵاتی ئیسلامی كردو سە‌ر لە‌ نوێ بە‌ بۆن و ئاوازی ڕۆژھە‌ڵات ھۆنراوە‌ی كوردی نووسی و بنەمای ھونە‌ری ناوچەکەی بە‌ كوردی داڕشت، لە‌ سە‌ردە‌می خۆیدا شتێكی ھێنایە‌ پێش، كە‌ تە‌واو تازە‌و جیاوازو نوێ بوو.

جزیری سۆفی و نەقشبەندی بووە، بەڵام مەلایەکی پێشەنگ و بەسەوادو تەواو بووە، تەدریسی زۆری لە بواری زانستە شەرعییەکان کردووە، دەربارەی لێکدانەوەی قورئان و فەلسەفە و ئەستێرەناسی و کیمیا و فیزیک و پزیشکی خوێندەواری ھەبووەو خەڵکێکی زۆریشی پێگەیاندووە، کاری مەلایەتی لە زۆر شوێن کردووە، بەڵام دواجار لە‌ مزگە‌وتی سور جێگیر بووە‌، كە‌ لە‌ ڕۆژانی دە‌سە‌ڵاتی میرانی بۆتاندا شوێنی خوێندن و پێگە‌یشتن بووە‌ و سە‌دان فە‌قێ تێیدا بناغەیان داناوەو بونەتە خوێندەواری چاک چاک، سەرەڕای ئەمەش لە بواری نووسین و شرۆڤەی ئەدەبی و شیعری ناوازەی عیرفانی و دیوانەکەیدا، بۆتە سەرچاوەیەکی گەورەی بڵاوبوونەوەی رێبازی تەسەوف و داڕشتنی ڕێڕەوێکی تایبەت لەم نێوەدا، کە هەزارەها خەڵکی خوێندەواری پەلکێش کردووە بۆ دونیای دینداری و خۆشەویستی و مرۆڤدۆستی و ناخپاکی و هەوێنی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری، ئەوانەی ئەسپی شارەزایی خۆیان لە مەیدانی فەلسەفەی شیعرەکانیدا تاو نەدابێت، نازانن جزیری چ شۆڕەسوارێکی هەوڵکەوتووی زمان و ئەدەبی کوردی بووە! تەنانەت شرۆڤەو لێکدانەوەو وەرگێڕانی شیعرەکانی ئەگەر لەلایەن شارەزایەکی باشەوە نەبێت، ناتواندرێ وەک پێویست رەوانبێژی و لۆژیک و مەغزای ئەدەبی بدۆزرێتەوە، وەک ڕۆژھە‌ڵاتناس و كوردناسی بە‌ناوبانگ ڤلادیمێر مینۆرسكی دە‌ڵێت: (ئە‌گە‌ر ڕۆژھە‌ڵاتناسی ئە‌وروپا كە‌سێكی چە‌نگ نە‌كە‌وێت دیوانی مە‌لای جزیری بگۆڕێتە‌ سە‌ر زمانە‌كانی ئە‌وروپی، ئە‌وا بە‌ڕاستی لە‌ نرخی ئە‌دە‌بی كوردی و بە‌رزی زمانی كوردی ناگات).

لە بواری فەلسەفەی ئەدەبیاتی کرمانجیەوە، لوتکەیەکی بەرزو کەسێکی هەڵکەوتوو بووە، لە ئاستی فکری و فەلسەفییەوە کەمتر سنووداری لێ بەدی دەکرێت، لە زۆر لاوە گونجاو بووە ناوی بیریارو فەیلەسوف و هەڵبەستوان و شاعیری مەزن و نوێخوازی سەدەی خۆی بناسرێت، بەڵام ئەو لەبەر خۆشەویستی بۆ هەقیقەتی رێبازەکەی و ناواخنی هزرو عیشق و مەعریفەت، زیاتر نازناوی "مەلا"ی هەڵگرتووەو بە مەلای جزیری ناوبانگی دەرکردووە.

ئەوەی جزیری جیا دەکاتەوە لە زۆربەی هۆزانڤان و بیریارو ئەدیبانی تر، ئەو هەستە قوڵە عیرفانی و عیشقە راستەقینەیە بووە، کە خۆی لە ئاوێنەی جوانی خۆشەویستی ئیلاهییەوە دەبینێتەوە، لەبەر ئەوەی لە هزری ئەودا عیشقی دونیایی و جەستەیی دوو رۆژە، بەڵام عەشقی خودایی هەتا هەتایی و هێزو وزەو سوودبەخشی رۆحە، بۆیە جزیری ئاوێتەی رۆحێکی گەورەی ئیمانی و ئەو بەهاو جوانیانە بووە، کە خودا لە سەر زەوی بە هێزی ئەخلاق ناوی بردووە.

لە رووی خۆشەویستی بۆ خاک و نیشتمان و جزیرەی بۆتان و هەستی نەتەوەپەروەری، مەلای جزیری رابەرێکی مەزن و خاوەن نەخشەڕێیەکی تایبەت و بڵند بووە، لەبەر ئەوەشە لە بەشێکی شیعرەکانی راستەوخۆ ناوی کوردستانی بردووەو هەستی خۆی دەربڕیوە، ئەمەش بۆتە ئیلهامبەخشی قوڵبوونەوەی هەستی نەتەوەیی و کوردینی زۆرێک لەو سەرکردەو کوردپەروەرانەی دڵسۆزانە لەم مەیدانە هەنگاودەنێن، لەوەوە فێربوون پارێزگاری لە خاک و خەڵک تەنها حەزو خولیا نیە، بەڵکو خۆشەویستی بۆ نیشتمان و کوردستان ئەرکێکی پێویست و ئامانج و رێبازێکی بەرزو پیرۆزە، ئەم تێڕوانین و هەستە بەرزە رۆحییە گەورەیە رەنگدانەوەی زۆری بەسەر شیعرەکانیدا هەبووە؛  "گولێ باغێ ئیرەمێ بوهتانم .. شەبچراغێ شەبێ کوردستانم".

هەر ئەمەش وای کردووە مەلای جزیری تەنها رۆڵ و ئەرکی خۆی لە چوارچێوەی مزگەوت و ئامۆژگاری و وتارو وانەوتنەوە نەبینێتەوە، بەڵکو بازنەی کارو هەنگاوەکانی وەک مەلایەکی هەوڵکەوتوو فراوان بکات و سنووری نێوان پارچەکانی کوردستان ببڕێت و هزو شیعرو تێڕوانینەکانی ببنە هەوێنی هەڵسانەوەو مەشخەڵی رێی کوردایەتی و بەرخودان، بۆیە بەشێکی گەورە سەرکردەو شاعیرو رابەرانی رێگەی خوداناسی و تەریقەتی سۆفیگەری بە گرنگییەوە لە جزیریان روانیوەو شیعرو دیوانەکەیان کردۆتەوە بنەمای هەستی نەتەوایەتی و هەنگاونان و خزمەت بە خاک نیشتمان، نمونەی ئەمەش بە زیندوویی لە تەکیەی بارزان یاداشت کراوە، کە مەولانا شێخ ئەحمەدی بارزان وەک بایەخدان بە بواری رۆحی و عیرفانی بەردەوام شیعرەکانی مەلای جزیری خوێندۆتەوەو حیکمەتی لێ وەرگرتووە.

وێڕای ئەمەش چەندان بابەت و کتێب و تێزی ماستەرو دکتۆرا، لەسەر دیوان و ژیان و نووسین و هەڵوێست و شیعرەکانی مەلای جزیری نوسراوەو ساڵانەش لێرەو لەوێ کۆنفرانسی تاییەت و نێودەوڵەتی لەسەر کەسایەتی جزیری ساز دەکرێت و توێژینەوەی زانستی و بەهادار پێشکەش دەکرێن، کە بۆ دۆخی مەعریفی و هەستی کوردایەتی؛ هێزو وزەیەکی نوێ دروست دەکەن و روح دەکەنەوە بەر جەستەی نیشتمان، دواهەمینیان سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتیی پارێزگای شەرناخ - شارۆچکەی جزیرێ - بەناونیشانی "مەلای جزیری" بوو، کە دەنگدانەوەی ئەرێنی گەورەی لەسەر ئەو شاعیرە مەزنە نایەوەو سەرنجی زۆربەی خوێندەوارو رۆشنبیرو ئەدەبدۆستانی بەلای خۆیدا راکێشا..

هەر لەبەر ئەم کەساتیە ئەدەبیەو کاریگەرییەکانی لەسەر بزاڤی نەتەوەیی و تەسەوف و عیرفان بوو! سەرۆک مەسعود بارزانی لەپێناو شیاندن و بایەخدانی بە مەلای جزیری کاریگەربوونی بە هزرو شیعرەکانی، بەشداری سیمپۆزیۆمەکەی کردو وتارێکی بە پێزی لەسەر ئەو زاتە ئەدەبدۆستە پێشکەش کردو، ئاماژەی بەو پەیوەندییە رۆحیەی نێوان جزیری و شێخانی بارزان دا، گوتی: " لە تەكیەی بارزان، لە حزووری مەولانا شێخ ئەحمەدی بارزانی بەردەوام شیعرەكانی جزیری دەخوێندرانەوە، بۆ ئێمە دەركەوت كە چ نزیكایەتییەكی رۆحی لە نێوان ئەواندا هەیە، چونكە رێگەی حەق و حەقیقەت یەكە، هەروەكوو جزیری دەفەرموێت: د ئەسل دا کو حەمی ئاڤە چ ئاڤ و چ جەمەد".

هەروەها گوتی: "ڕۆژێکی زۆر خۆشە بۆ من کە ئەمڕۆ لە جزیرێ بەشداری دەکەم لە کۆنگرەی چوارەمی مەلای جزیری کە بۆ ئێمە قوتبێکی زۆر گەورەیە". لە بەشێکی تری گوتارەکەیدا سەرۆک بارزانی تیشکی خستە سەر پێگە و گرنگی مەلای جزیری و گوتی "مەلای جزیری ئەستێرەیەكی گەشە و هیچ كاتێك ئاوا نابێت، سەرقافڵەی عاشقانی رێگەی حەقە، شیعرەكانی جزیری هیچ كاتێك كۆن نابن و هەموو جارێك مرۆڤ وەها تەخمین دەكات كە تازە گوێی لێ دەبێت، چەند بە قووڵی تۆ بچیتە نێو شیعرەكانی جزیری، هێندە زیاتر لە جزیری نزیك دەبیت و سەرسام دەبیت بە جزیری."

ئەو وتانەی سەرۆک بارزانی لەلایەکەوە هێمای گرنگ و گەورەن بۆ وەسفی زاتێکی مەزنی وەک جزیری، کە رابەرو دامەزرێنەری شێوەزاری کرمانجی ژووروو بووەو خاوەنی دیوانێکی تایبەتی شیعری ناوازەیە، لەلایەکی تریشەوە ئاماژەی دیارن بۆ رۆڵی مەلای کورد لە بزاڤی رۆشنبیری و ئەدەبی کوردی و هزری نەتەوەیی، کە جێی باس و گرنگیدانن و دەبنەی جێی بایەخی خوێندەوارو رۆشنبیرانی ئێستاو بە بەرداکردنەوەی رۆحی نیشتمانیانەی هزری جزیری بەقالبی هەموو ئەوانەی لەسەر رێبازی ئایینی و نەتەوەیی هەنگاو دەنێن.

ئەم بەشداری و سەردان و وتارەی سەرۆک بارزانی لە شەرناخی کوردستانی باکورو جزیرەی بۆتانی مەنزڵگای دەستەڵاتی میرانی بۆتان و بەسەرکردنەوەی هەرسێ شوێنەواری؛ مەزاری حەزرەتی نوح، گۆڕی مەلای جەزیری و مەزارگەی مەم و زین، بەدەر لە لایەنە سیاسیەکەی رەهەندی تریش لەخۆ دەگرێت، بەوەی سەرۆک بارزانی وەک رابەری مەزنی کوردو جێگەداری شێخانی بارزان، دۆزی رەوای گەلی کورد نەک تەنها لە دەلاقەی پەیوەندی و سیاسییەوە دەبینێت، بەڵکو لە سێگۆشەی ئایین و فەرهەنگ و نەتەوەیی دەینرخێنێ و کاری لەسەر دەکات، چونکە ئەمانە پێکەوە مێژووێکی گەورەی نەتەوەیی و پاشخانێکی دەوڵەمەندی فەرهەنگی و کلتوریین، کە پاڵپشتی پرۆسەی ئاشتی و یەکڕیزی نێو ماڵی کورد لەباشوورو باکور دەکات، راستە جزیری نەماوەو دەستەڵاتی میرانی بۆتانیش کۆتایی هاتووە، بەڵام لەرووی هزرو نەتەوە؛ کورد هەر ماوەو نامرێ، لێرەوەیە جارێکی تر زانای مەزن مەلای جزیری دەبێتەوە فریادڕەس و قوتبێکی گەورەی شوناسی کوردو فاکتەری گەیاندنی پەیامی نەتەوەیی و هاوبەشی نێوان ئایدیاو لایەنە کوردییەکان.

راستە دەڵێن سیمبول بۆ هەر نەتەوەیەک هێمای هەڵسانەوەو پەیامی گەورەو مێژوو و شانازییە، بۆیە سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ مەنزڵگەی مەلایەکی گەورەو عاریفێکی ئەدیب و ئەدیبێکی نیشتمانپەروەری وەک جزیری مانای خۆی هەیە، بەتایبەت لە سەردانی هەر یەکە لە شوێنەواری مەزاری نوح و گۆڕی جزیری و مزگەوتی سورو مەزارگەی مەم و زین ئاماژەی گرنگ هەن:

یەکەم: مەزاری نوح؛  بیرخستنەوەی ئەو راستییە، کە کوردستان وەک لانکەی دووەمی مرۆڤایەتی، شوێنێکی پیرۆزە، بەڵام ئەم پیرۆزییە خەڵات و مننەتی کەس نیە، بەڵکو بەخشش و ویستی خودای مەزن و دلۆڤانە، کە لە قورئاندا لەسەر زوبانی پێغەمبەر نوح – علیه السلام- باسی لێوە کردووەو دەفەرموێ: (وَقُلْ رَبِّ أَنْزِلْنِي مُنْزَلًا مُبَارَكًا وَأَنْتَ خَيْرُ الْمُنْزِلِينَ) المۆمنون:29، واتە: هه‌روه‌ها بڵێ: په‌روه‌ردگارا له‌ شوێنێكى موباره‌ك‏ و پيرۆز دامبه‌زێنه‌، چونكه‌ تۆ چاكترين زاتێكى بۆ ئه‌وه‌ى له‌ شوێنى موباره‌ك‏ و پيرۆزدا دامانبه‌زێنيت. (وَاسْتَوَتْ عَلَى الْجُودِيِّ..) هود:44، واتە: كه‌شتيه‌كه‌ش له‌سه‌ر كێوى جودى (كه‌ له‌ كوردستانى باكووره‌) وه‌ستاو له‌نگه‌رى گرت و نیشتەوە.

دووەم: مەلای جزیری و مزگەوت و مەدرەسەی "سور" هێمایە بۆ بنەمای رەسەنایەتی دینداری و کلتوری نەتەوەیی و هۆشیاری فەرهەنگی و بەرزنرخاندنی رۆڵی گەورە زانایانی کورد، کە بەشی شێریان لەناو میرات و توراسی رۆشنبیری و ئەدەبیاتی کورد هەبووەو هەیە.

سێیەم: مەزارگەی مەم و زینی خانی، ئاماژەی داستانی سیاسی و بیرخستنەوەی مافی چارەنووس و خەونی سەربەخۆیی و ئامانجی نەتەوەییە، کە هیچ کات کورد دەستبەرداری خەونی خۆی نابێت و لەسەر رێچکەو رێبازی شۆڕەسوارانی بزاڤی نەتەوەیی و مەیدانی کوردایەتی و گەیشتن بە ئامانجی باڵای نەتەوەیی بەردەوام دەبێت.

بە کورتی؛ جزیری وەک نمونەیەکی جوان و پێشەنگی مەلای کوردو رابەرێکی دیاری عیرفانی و ئەدەبی و سەرمەشقی هەردوو شاباڵی ئایینپەروەری و نەتەوەپەروەری، مێژووێکی جێی شانازی و مەدرەسەیەکی گەورەی هزری ئایینی و نەتەوەییە، ئەوەی فێرکردین؛ کە ئەدەب و سیاسەت زادەی تێگەیشتنی قوڵی کوردایەتی و سەرکردایەتی کردنی حەکیمانەیە، سەردانەکەی سەرۆک بارزانیش سەلماندی ئەو تەنها نوێنەری کوردستانی باشور نیە، بەڵکو رابەرو نوێنەری نەتەوەی کوردەو، هەڵگری دۆزی رەوای نەتەوەیەکەو پەیامی کورد دەگەینێتە هەموو جیهان، بەوەی هەنگاوە گەورەکانی ئەم دۆزە رەوایە لە چوارچێوەی شوناس و ئایین و ئەدەب و مێژووی رەسەنی نەتەوەییمان بە ئەنجام دەگات، نەک هەلومەرجی کاتی و سیاسەتی موزەیف.

*ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و وتەبێژو بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان..

 

https://www.rudaw.net/sorani/opinion/06122025