مەلا محمد قازی عەلی قاسم میرزا ناسراو بە (پێشەوا قازی) لە بنەمایەکی هەڵکەوتەو بەنێوبانگی موکریان بەتایبەت سابلاغ لە ساڵی 1901 چاوی بە دونیا هەڵێناوە، بنەماڵەیەکی ئەدەب دۆست و رۆشنبیر‌و خوێندەوارو دیندارو خاوەن مەلاو زانای باش و نووسەرو شاعیری دیار بووە، کە دواجار پێشەوا دەبێتە شۆڕەسواری مەیدانی خەباتی نەتەوەیی و ئەستێرەیەکی هەڵکەوتووی نێو بزاڤی سیاسی کورد. لە 22ی1ی1946 کۆماری کوردستانی راگەیاند، ئەو کات ناوچەکە بە بارودۆخێکى ئاڵوزدا تێدەپەرى، دواتر لەلایەن جەماوەرەوە قازى محەمەد وەک یەکەمین سەرۆک کۆمارى کوردستان هەڵبژێردراو ئاڵاى کوردستان هەڵکرا. بەهۆى گۆڕانکارییەکانی ئەو کات و پیلانگێڕی وڵاتانی زلهێزو ناوچەکە لەتەمەنێکى کورت‌دا کۆمارى مەهاباد هەرەسی هینا، واتە ساڵێک دوای ئیعلانی کۆماری کوردستان، بە بڕیاری دادگا بڕیاری لە سێدارەدان بۆ قازی و هاوڕێکانی دەرچوو، لە 31ی3ی1947 لە مەیدانی چوارچرا لە مەهاباد لە سێدارە دران و لە گۆڕستانی مەلا جامی بەخاک سپێردران. هەرچەندە پێشەوا لەسێدارە درا، بەڵام رێ و رێباز‌و بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى کورد بەردەوام مایەوەو هەموو ساڵێک یادی ئەو بەزیندوویی رادەگیرێت. پێشەوا قازی محمد لە خوێندنی علومی مەلایەتیدا کەسێکی بەتواو لێهاتوو بووە، لە کاتی فەقێیەتی و قۆناغەکانی خوێندنی حوجرە نێوبانگی زۆر بووە، حەزو خولیای بۆ شارەزایی زانست و زمان و زیرەکی یەکجار زۆر بووە، خاوەن ڕۆشنبیرییەکى فراوان بووە بەهۆى ئەوەى کە لە زانستەکانى شەریعەت و فیقهى ئیسلامى و ئاییندا شارەزا بوو، هەموو زانستەکانی مەنقول و مەعقولی لەسەر دەستی گەورە زانایان تەواو کردبوو، لە رەوانبێژی و لۆژیکدا وتاربێژێکی بە بڕشت و بەهێز بووە، دەستی شیعر‌و پەخشانی هەبووەو شیعری بە کوردی و فارسی و عەرەبی نووسیوەو زۆربەی شیعرەکانی نالی و وەفایی و حاجی قادری لەبەر بووە، وێڕای زمانی دایک زمانەکانی تورکی و فارسی و عەرەبی و ئینگلیزی و روسی و فەرەنسی زانیوە، لە تێڕوانین و بیرکردنەوە کەسێکی رۆشنفکرو عاقڵمەندو بیرفراوان بووە، ئەھلی راوێژ‌و لە ھەمان کاتدا خەباتگێڕێکی نیشتمانپەروەر بوو، لەگەڵ ھەموو چین و توێژێک ھەڵسوکەوتی ھەبوو و لە کاتی پێویستدا لە ھەست و هەڵوێست و ھێزیان کەڵکی وەر دەگرت، لەگەڵ هەموو ئەمانە مرۆڤێکی میهرەبان و سادەو خانەدان و خۆشەویستی لی خەڵک و کۆمەڵگە بووەو تێکەڵی ژیانی ئاسایی و نەریتی ئەوسا بووە، مەبەستی بووە گەلەکەی بە رۆشنبیری و خوێندەواری ببینێت. پێشەوا ئامانجی گەورەی بۆ کۆمەڵگە پەروەردەو هەستی نەتەوەیی بووە، کاتێ دەنگۆی سەرهەڵدەدات ئایا دروستە کچان بچنە قوتابخانە بخوێنن، ئەو مەردانە دێتە مەیدانە گەورەتر لەوە بە هەست و ستراتیژێکی باڵا خەڵک هۆشیار دەکاتەوەو دەڵێت: "کورد لە ژیاندا سێ شتی گەورەی پێویستە؛ یەکەمیان خوێندن، دوومیان پەروەردەی باش، سێیەمیان فیداکاری" لە وەسیەتنامەکەیدا کە چەند کاتژمێرێک بەر لە سێدارەدانی نووسیویەتی، پێشەوا قازی داوا لە خەڵکی کورد دەکات له دووژمنایه‌تیکردنی یه‌کدی ده‌ستهه‌ڵگرن، یارو یاوه‌ری یه‌کدی و یەکگرتووبن، پشت به یه‌کدی ببه‌ستن و له‌به‌رامبه‌ر دووژمنی زۆرداردا ئازایانه رابووه‌ستن، بەهیچ شێوەیەکیش پشت بە بێگانە نەبەستن. پێشەوا قازی لەدوای خۆی وەسیەتنامەیەکی ئایینی و سیاسی جێهێشتووە، تێیدا داوا دەکات کورد لەکاتی هەنگاونان داوای کۆمەکی لەخودا بکەن و لە بەجێگەیاندنی ئەرکی ئایینی پتەو بن، پشتی یەکدی بگرن و بەرژەوەندی گشتی نەکەنە قوربانی بەرژەوەندی تاکەکەسی. بە گرنگی دەزانم جارێکی تر لێرەوە دەقی وەسیەتنامەکەی قازی بەرچاو بخەمەوە بە مەبەستی سوودو ئەزموون وەرگرتن و گەڕانەوەو رامانێکی قوڵ بۆ خەبات و قوربانیدانی کەڵە سەرکردەو پیاوانی ئایینی لە پێناو دۆزی رەوای گەلەکەیان و هەڵبژاردنی مردن لەپێناو سەربەرزی نەتەوەو چۆکدانەنان بۆ دوژمن و ستەمکاران، کە بوونەتە رەمزو سیمبولی هەمیشە زیندوو بە باڵای نیشتمانەوەو رۆژ دوای رۆژ هەست و هەڵوێستیان دەبێتە ئیلهامبەخشی خۆڕاگری و بەرگری و نەخشەڕێی ئایندەی رێبازی کوردایەتی. دەقی وەسیەتنامەکەی قازی محەممەد بسم الله الرحمن الرحیم نه‌ته‌وه حه‌ق خوراوه‌که‌م، کوڕ و خوشک و برا خۆشه‌ویسته‌کانم ئێستا له ئاخرین ساته‌کانی ژیانمدا ده‌مه‌وێ چه‌ند دێڕێکتان بۆ بنووسم. له دووژمنایه‌تی یەکتر ده‌ستهه‌ڵگرن، یار و یاوه‌ری یەکتر بن، پشت به یەکتر ببه‌ستن و له به‌رابه‌ر دوژمنی زۆرداردا ئازایانه رابووه‌ستن. خۆتان بێهوده به دووژمن مه‌فرۆشن. دووژمن هەر ئه‌وه‌نده ئێوه‌ی ده‌وێ که کاری پێتانه، ده‌نا هیچ روحمتان پێناکات، له هیچ ده‌رفه‌تێک ناگوزه‌رێ بۆ زه‌ربه لێدانتان. دووژمنه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد زۆرن و زۆردارن، توانایان هه‌یه و بێڕه‌حمن. ره‌مزی سه‌رکه‌وتنی ئێوه له یه‌کگرتندایه، ته‌نیا یه‌کگرتنه له به‌رابه‌ر ئه‌و هێزه زۆردارانه‌دا، هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک ئه‌گه‌ر یه‌کێتیی نه‌بێ هه‌میشه له ژێرده‌ستیدایه. ئێوه نه‌ته‌وه‌ی کورد شتێکتان له نه‌ته‌وه‌کانی دیکه که‌متر نییه به‌ڵکو له ئازایه‌تی و پیاوه‌تیدا زۆر له‌وانەی به سه‌ربه‌خۆیی ده‌ژین زیاترن. ئه‌و گه‌لانه‌ی سه‌رکه‌وتنیان به ده‌ستهێناوه هه‌ر وه‌ک ئێوه بوون. رێنوێنم بۆ ئێوه ئه‌وه‌یه که لێگەڕێن منداڵه‌کانتان بخوێنن، چونکه ره‌مزی پێگه‌یشتوویی و سه‌رکه‌وتن له خۆینده‌واریدایه. با له گه‌لانی دیکه دوانه‌که‌ون، ئێوه نابێ به کوشتنی من و براکانم چاوترسێن بن، هێشتا زۆری دیکه‌مان ده‌بێ له‌و رێگه‌یەدا له‌ده‌ستبچن تا به ئاره‌زووی خۆمان دەگه‌ین. وەسیەتێکی دیکەم بۆ ئێوە ئەویە کە لە خوای گەورە داوا بکەن، هەر چیەکتان بۆ سەرفرازی ئەو گەلە کرد کۆمەکتان لە ئەو بۆ بێ، دڵنیام خوای گەورە سەرتان دەخاو کۆمەکتان دەکا، رەنگە بڵێن ئەی بۆ من سەرنەکەوتم، لە وڵامدا دەڵێم: بەو خوایە منسەرکەوتووم، چ نیعمەتێک و چ سەرکەوتنێک لەوە گەورەترە کە ئێستا وا من لە رێگەی گەل و میللەت و وڵاتەکەمدا سەرو ماڵ و گیانم لە پێناوی ئەودا دادەنێم، باوەڕ بکەن من خۆم لە دڵمەوە ئارەزووم بوو، ئەگەر مردم بە مەرگێک بمرم کە لە حزوری خوا‌و رەسولی خوا‌و گەل و میللەتەکەمدا روو سوور بم، بۆ من ئەو مەرگە سەرکەوتنە. باوەڕتان بە خودا‌و – ما جا‌ء من عند الله – و پەرستنی خودا‌و پێغەمبەری خودا (درودیخوای لێ بێت) و بەجێگەیاندنی ئەرکی ئایینی پتەو بێ، کاری نەشیاو بەرانبەر یەکتر مەکەن و چاوچنۆک مەبن، بەتایبەت لە بەرپرسیاریەتی و خزمەتکردندا، بۆ چەند رۆژێک ژیانی بێ قیمەتی ئەم دونیایە خۆتان مەفرۆشن بە دوژمن، چونکە دوژمن دوژمنەو جێگەی هیچ باوەڕ پێکردنێک نیە. کوردستان ماڵی هه‌موو کوردێکه. دانیشتووانی ئه‌م خاکه به‌پێی توانایی هه‌ر کامه‌مان گه‌ر شتێکمان له‌ده‌ستدێ نابێ منه‌ت له سه‌ر ئه‌وانی دیکه بکه‌ین. ئه‌گه‌ر زانیتان که‌سانێک کاریان له‌ده‌ستدێ، لێگه‌ڕێن با بیکه‌ن، به‌رد مه‌خه‌نه سه‌ر رێ‌یان، گرفتی بۆ دروست مه‌که‌ن. ئه‌گه‌ر من به‌رپرسیارێتی گه‌وره‌م نەبووایه ئێستا له ژێر حوکمی سێداره‌دا نه‌ده‌بووم، به خاتری ئه‌وه منه‌تتان به‌سه‌ردا ناکه‌م. به قه‌ولی سه‌عدی ده‌ڵێ: مراد ما نصیحت بود و گفتیم / حوالت به خدا کردیم و ر‌فتیم. هیوای ئێمه ئامۆژگاری بوو گوتمان، بە خودام ئەسپاردن و رۆیشتم. خزمه‌تکاری گه‌ل و نه‌ته‌وه قازی محه‌ممه‌د ماوەتەوە بڵێم: ئەو وەسیەتنامەیە پەیامی گرنگی هەڵگرتووە بۆ نەخشە رێی کوردایەتی و گەیشتن بە ئامانجی نەتەوەیی، ئەو لەکاتێکدا ئەو وەسیەتەی نووسیوە کە تەواو یەکلایی بۆتەوە ژیان و تەمەنی لە کۆتاییەکاندایەو دەرچوونی نیە، بەڵام خەمی ئایین و نیشتمان بۆ نەتەوەیەکی ستەمدیدەی وەک گەلی کورد، بەرپرسیارێتیەکی گەورەیەو ئەرکە هەموو تاکێک شانی بداتە بەر، ئەمەش شانازییەکی گەورەیە کە لە مێژووی کورددا مەلایەکی لەم چەشنە هەڵبکەوێ و کۆمارێک دابمەزرێنێت و لەپێناو دۆزی رەوای گەلەکەی لە سێدارە بدرێت، بەڵام وەک مەلایەکی سەرکردەو شۆڕشگێڕ وەسیەتێکی لەم شێوە لەهەستیارترین چرکەساتەکانی ژیانی بۆ گەلەکەی بنوسێتەوەو لەکانگای دڵسۆزی و پەرۆشییەوە ئامۆژگاری زێڕین لەبواری ئایینی و نەتەوەیی پێشکەش بکات. كورد پیاوی گەورەی زۆر بووە، بەڵام بە ئەندازەی گەورەیی و گیانی فیداکاری بۆ گەل و نیشتمان باجی گەورەیان رووبەڕوو بۆتەوە، پێشەوا قازی محمد یەکێک بووە لەو سەرکردە هەڵکەوتووە مەزنانەی لە نێو گەلی کورد مێژووێکی پرشنگداری هەیەو جێی شانازییەکی گەورەیە، ئەم گەورەییە پەیوەندی بە باڵا‌و پارەو دەستەڵات و بنەماڵەو هێزەوە نیە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رێباز‌و میتۆد‌و هەستە بەرزەی خزمەتکردنی گەل و نیشتمان و دڵسۆزی بۆ هەستی ئایینپەروەری و نەتەوەپەروەری و گیانفیدایی بۆ کورد‌و کوردستان. مەلا عبدالله شێرکاوەیی 31ی3ی2026 |