بەهەشتی مەلا خدری دەشتی (1909-1957) یەکێکە لە کەڵەزاناکانی گەلی کورد، ئەگەرچی کەم ژیاوە؛ بەڵام بۆ هەتاهەتایە بە زیندوویی و نەمری لە ویژدان و دڵودەروونی هەموو کوردێکی یەکڕەنگ و حەقپەرست ئەمێنێتەوە. -دەشتی لە هۆزی (نانەکەلی)یەو، لە گوندی (مەلاکاغە)ی کەندێناوە لەدایکبووەو، لە گوندی (خرابەدراو)ی بەڕانەتی کۆچی دوایی کردووەو، هەر لەوێش نێژراوە. -وەک هەر فەقێیەکی سەردەمی خۆی بە زۆربەی حوجرەو مەدرەسەکانی کوردستان گەڕاوە بە مەبەستی تەواوکردنی خوێندنەکەی، تا لە ئەنجامدا لە ساڵی 1934-1935 لە مەدرەسەی -مزگەفتی حاجی قادر دەباغ لە هەولێر-، لەلایەن مەلا عەبدوڵڵا مەلا حەمەدەمین بێتواتەیی خوێندنەکەی تەواو ئەکات و ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە. -بێجگە لە زمانی کوردی بەهەموو شێوەزار و بنزارەکانی وەک: کرمانجی خواروو، کرمانجی سەروو، هەورامی، .. هتد، فارسی، عارەبی، ترکی زۆر بە رەوانی زانیون (بە نووسین و قسەپێکردن و شیعردانان). -لە گوندەکانی: دارەبەن (بۆ ماوەی حەڤدە ساڵ)، گردەچاڵ و خرابەدراو -کە هەرسێکیان لە ناوچەی "بەڕانیان"ن - مەلایەتی کردووەو، لە هەموو ئەو جێیانەش مەدرەسەو حوجرەی فەقێیانی هەبووە. -یەکێ لەو مەلایانەی کە بڕوانامەی زانستی (الٳجازة العلمیة) یان لەخزمەت دەشتی وەرگرتووە (مەلا ئیسماعیل پیرزینی) باوکی دکتۆر نامیق ـە. -دەشتی چەند کتێب و نووسراوێکی لەپاش بەجێماوە لەوانە: 1- مەولوودنامەو بڕوانامەی دەشتی، ساڵی 1988 لەلایەن مامۆستا محەمەدی کوڕی، لە دووتوێی 102 لاپەڕە لەچاپدراوە. 2- دیوانی دەشتی، ساڵی 2001 لەلایەن مامۆستا ئەحمەدی کوڕی، لە بەرلین (370 لاپەڕە) و، ساڵی 2003 لە هەولێر (344 لاپەڕە) و، ساڵی 2012 ش هەر لە هەولێر (213 لاپەڕە) چاپکراوەتەوە. 3- "استعارة"ی دەشتی بە زمانی عەرەبی بە هۆنراوە. 4- گوڵزاری دەشتی، کە پێکهاتووە لە: مەولوودنامە، باوەڕنامە، منظومة الاستعارة الدشتية - مع شرحها للملا عبد القادر رسول البحركي- لەلایەن مامۆستا محەمەدی کوڕی لە دووتوێی (180 لاپەڕە) لە 2022 لە هەولێر چاپکراوەتەوە. 5- نامیلکەیەک لەبارەی نیکاح و تەڵاق و خولع، بە زمانی کوردی، بەڵام بەداخەوە فەوتاوەو لەناوچووە! ئەو کورتە ژیاننامەیە بۆ نەوەی تازەو ئەوانەشە کە تائێستا دەشتییان نەناسیوە، ئێستا دێمە سەر کرۆکی مەبەستم: دەشتی مرۆڤێکی هەست ناسک بووە، زۆر خەمی لە گەلی کوردی پەرتەوازەو بێ دەوڵەت خواردووە، هەموو دەم خوازیاری ئەوە بووە میللەتەکەی بگات بە کەناری ئارام و، بۆ ئەوەش خەنجەرە دەبانەکەی لە بن (رەشماڵی رەشی کوردان) هەمیشە لە کاڵان دەرهێناوەو، بۆ خۆیشی -نەوڕەستەیی کوردان- بووە. مەبەست لە بەسەرکردنەوەی ئەو شاعیر و کەڵەزانایە لەمکاتەدا، بەراوردێکی زۆر سادەو ساکارانەیە لە نێوان دەشتی و، بەشێک لە -بەناو مەلا-کانی ئەم سەردەمە، کە زۆر بەداخەوە زۆر دژی گەل و میللەتەکەیانن. دەشتی، سەرەڕای ئەوەی کەم ژیاوە؛ ئەنفال و کیمیاباران و تەڕحیل و تەعریبیشی نەبینیوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەستی نەتەوەیی لای ئەو شکۆو شانازیی و لە ترۆپکدایەو، لای ئەو بەناو مەلایانەی ئێستا؛ شەرموشوورەییەو، دەستەواژەکە لایان وەک جوێندان وایە، بە دەستەواژەی -قەومچی- ناویئەبەن! بەڕاستی سەیرە لە وڵاتی کوردەواری! نازانم ئەو ئایەت و حەدیسانەی ئەو -بەناو مەلا-یانە لایانە، ئایە دەشتی و موخلیس و شێخی خانی و حاجی و سالمی ساحێبقڕان و هتد.. لایان نەبوو و نەیاندیتبوو؟ یان بەشێک لەو -بەناو مەلا-یانە بێگانەپەرستن و، لەپەنای دین؛ دژایەتیی گەلی خۆیان ئەکەن؟ لێرەدا، لە میانی بەرهەمەکانی، ئاماژە بە چەند کۆپڵە شیعرێکی ئەدەین: *خۆم کوردم و ساقیم کورد خۆم کوردم و ساقیم کورد، مەستی مەیی کوردانم بۆ مەجلیسی یەک ڕەنگی، گۆیەندەیی کوردانم زوو هەستن و هەوڵێ دەن، رۆژ کوشش و شەو لێدەن مۆسیقەیی کوردستان، بۆ گەورەیی کوردانم رەشماڵی رەشی کوردان، شیر و چەکی تێدایە بۆ بەستنی شیر و چەک، نەوڕەستەیی کوردانم ئەی ئەهلی وەتەن چیدی، مەڕژێنن بە نائومێدی خوێناوی ستەمدیدە، شەرمەندەیی کوردانم ئەی قەومی جەفاکارم، ئەی میللەتی بێزارم تاکەی لە سەفادا بێ، دوژمن پەیی کوردانم مەعلوومە موسڵمانین، کوردین و لە کوردانین بۆ ناوی، بە خوێنی سەر، کەمەندەیی کوردانین (دیوانی دەشتی، چاپی 2012، ل 123) *بۆ نیگبەتی ئەم میللەتە بۆ نیگبەتی ئەم میللەتە، بێ جانە دڵی من بۆ میللەتی ئازوردە، لە زەلیانە دڵی من بۆ حیددەتی ئەم کوردە، لە ترسانە دڵی من بۆ زیللەتی ئەم کوردە، لە گریانە دڵی من کوردینە وەرن، شەربەتی رێکی بە دەما کەن ئەم موڵکە لە دەس، عالەمی بێگانە رەها کەن یەکدی مەکوژن، روویی صەنایع لە هەوا کەن بەم ئاور و رووناکییە، سووتاوە دڵی من خاکی وەتەنی ئێوەیە، هەردەم کە دەناڵی سەد حەیف کە ئەم مەعدەنە، ئەڕوا بە بەتاڵی ئەمڕۆکە سبەی دێتەوە، بۆ حەربی شیمالی بۆ سەنعەتی تەییارە، بە هاوارە دڵی من (هەمان سەرچاوە، ل 127) لەبەر هەندێ کە هەر کەس میللەتی خۆی پێ لەلا بەرزە منیش بۆیێ کە نەزمم کرد ویلادەتنامە بەم تەرزە کەسێ کە بێئەسەر بێ؛ بۆ زوبانی باب و باپیــری ژیانی ئەو، ئەگەرچی نەقدی زۆریش بێ، وەکوو قەرزە (مەولوودنامەی دەشتی، چاپی 1988، ل 79) لەکۆتاییشدا دروود بۆ گیانی پاک و بەرزەفڕی رەحمەتی مامۆستا مەلا محەمەدی تەرجانی، پێشنوێژ و وتارخوێنی پێشووی مزگەفتی شێخ مستەفای نەخشبەندیی، ئەنێرم، کە کاتی خۆی ئەو -دیوانی دەشتی-یەی کە مامۆستا محەمەد دەشتیی کوڕی شاعیر، بە واژۆی خۆی بە دیاریی بۆی بردبوو، ئەویش بە ئیمزای خۆی پێشکێشی کردم.. هەر لێرەشەوە پێشنیاز ئەکەم وەزارەتی ئەوقافی حکوومەتی کوردستان، ناوی ئەو کەڵەزانایانە بەرز رابگری بە ناودێرکردنی مزگەوتەکانی کوردستان بە ناویان. حەیف و مەخابن دوای چەند دەیەیەکی دیکە؛ نەوەکانی داهاتوو، بیر و، بەسەرهاتی ئەو کەڵەپیاوانە نەزانن!! |