یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية
په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
دامەزراوە لە 21-9-1970
*****    *****   هه‌ولێر: دوو مامۆستاى ئايينى كۆچى دواييانكرد    *****    *****   وتاره‌ پێشنیاركراوه‌كانی ئه‌م هه‌فته‌یه‌    *****    *****   ئاكرێ: هه‌ڵبژاردنى كۆنفڕانسى نێوخۆيى لقى موسڵى زانايان به‌ڕێوه‌چوو    *****    *****   لقى گه‌رميانى يه‌كێتى زانايان؛ ئاماده‌كارى بۆ كۆنفڕانسى نێوخۆيى لق ده‌كات    *****    *****   ئورده‌ن: سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری لە کۆنگرەیەکی ئیسلامی دەربارەی ئاسایشى کۆمەڵایەتی ده‌كات    *****    *****   هه‌ولێر: به‌رپرسى لقى هه‌ولێرى زانايان به‌شدارى ڕێوڕه‌سمى كردنه‌وه‌ى (مزگه‌وتى حاجى ياسين) به‌قال ده‌كات    *****    *****   داواكارییه‌ك بۆ پێشخستنی یه‌كێتی زانایان    *****    *****   یه‌كێتی زانایان ئاماده‌سازی بۆ كۆنگره‌ ده‌كات    *****    *****   بۆچوونی فیقهی ئیسلامی ده‌رباره‌ی جووت ره‌گه‌زو هاوشێوه‌كانی    *****    *****   یه‌کێتی زانایان پشتگیری داواکانی فه‌رمانبه‌ران ده‌کات    *****    *****   سلێمانى: شاندێكى باڵاى مه‌كته‌بى ته‌نفيزى به‌شدارى ئاهه‌نگ و ڕێوڕه‌سمێكى وه‌رگرتنى ئيجازه‌ى عيلمى ده‌كه‌ن    *****    *****   له‌ خه‌ونێکه‌وه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی زانستی و مسوڵمانبوون   
مه‌لا موسلیم مه‌لا سالح فریزی
به‌رواری دابه‌زاندن: 09/09/2010 : 01:07:35
قه‌باره‌ی فۆنت
نوێژو خوتبه‌ی جه‌ژن
دروستبون‌و دامه‌زرانی له‌ ئایه‌ت‌و فه‌رمووده‌ به‌ڵگه‌ی هه‌یه‌، ئایه‌ته‌كه‌ بریتیه‌ له‌ ((فَصَلِّ لِرَبِّكَ وَانْحَرْ)) ألكوثر:2، ده‌رباره‌ی فه‌رمووده‌ش: إبن عباس خوا لێی ڕازی بێت بۆمانی ده‌گێڕێته‌وه‌و ده‌ڵێ: (شهدتُ صلاة الفطر مع رسول الله صلى الله عليه وسلم وأبي بكر وعمر فكلهم يصليها قبل الخطبة) واته‌: نوێژی جه‌ژنی ره‌مه‌زانم كردووه‌ له‌ گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه‌وسلم‌و پێشه‌وا ئه‌بوبه‌كرو پێشه‌وا عومه‌ر هه‌موویان نوێژه‌كه‌یان له‌ پێش وتاره‌كه‌ ئه‌نجامده‌دا، هه‌روه‌ها هه‌ر ئه‌و ده‌ڵێ: (أن النبي صلى الله عليه وسلم صلى العيد بغير أذان ولا إقامة) پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه‌وسلم نوێژی جه‌ژنی ئه‌نجامداوه‌ به‌بێ بانگ‌و هه‌روه‌ها به‌بێ قامه‌تیش.

* حوكمی نوێژی جه‌ژن دوو ڕای له‌سه‌ر هه‌یه‌:
1- پێشه‌وا أبو حنیفه‌ ده‌فه‌رموێ‌: (أن صلاة العيدين واجبة) نوێژی هه‌ردوو جه‌ژنه‌كان واجبه‌.
2- پێشه‌وا مالیك‌و پێشه‌وا شافیعی یش ڕایان وایه‌: (أنها سنه‌ مۆكده‌) سونه‌تی موئه‌كه‌ده‌ن.

* حوكمی ئاماده‌بوونی ئافره‌تان بۆ نوێژو وتاری جه‌ژن:
(أ)- پێشه‌وا أبو حنیفه‌و پێشه‌وا مالیك خوا لێیان ڕازی بێت: به‌ دروستی دانانێن ئافره‌تی گه‌نج به‌شدار بن له‌ نوێژی جه‌ژنه‌كان‌و وتاری هه‌ینی‌و..هتد. به‌ڵام ڕێگا به‌ پیره‌ژن‌و ئافره‌تی به‌ناوساڵان كه‌وتوو ده‌ده‌ن كه‌ به‌شداربن.

(ب)- پێشه‌وا شافیعی‌و پێشه‌وا ئه‌حمه‌د خوا لێیان ڕازی بێت: ڕایان وایه‌ كه‌ دروسته‌ ئافره‌ت به‌شداری بكه‌ن (به‌ پیرو گه‌نجه‌وه‌) به‌ڵام به‌مه‌رجێك له‌ زینه‌و جلی سه‌رنج ڕاكێش‌و بۆن له‌خۆدان خۆیان به‌ دوور بگرن.

* كاتی ئه‌نجامدانی نوێژی جه‌ژن:
دوای هه‌ڵهاتنی خۆر و به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌ قه‌ده‌ر ڕمێك یا دووان (كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ مه‌زه‌نده‌ی سه‌عات بكرێت له‌ (20) خوله‌ك تاوه‌كو(30) خوله‌ك ئه‌نجامده‌درێت، له‌ مه‌زهه‌بی پێشه‌وا أبو حنیفه‌ ئه‌گه‌ر له‌م مودده‌یه‌ زووتر بوو به‌ نوێژی جه‌ژن هه‌ژماری ناكات‌و به‌ڵگو ده‌ڵێ: سوننه‌تێكه‌و له‌ كاتێكی حه‌ڕامی ئه‌نجامداوه‌.

* ئه‌گه‌ر نوێژه‌كه‌ له‌ كیسی چوو ده‌كرێت قه‌زای بكاته‌وه‌؟:
(أ)- پێشه‌وا أبو حنیفه‌و پێشه‌وا مالیك خوا لێیان ڕازی بێت ڕایان وایه‌ كه‌: ئه‌گه‌ر هاتو هه‌ر كه‌سێك نوێژی جه‌ژنی له‌ كیس چوو له‌گه‌ڵ ئیمام نه‌ی كرد ئه‌وه‌ قه‌زای ناكاته‌وه‌ له‌به‌ر له‌ده‌ستچونی كاته‌كه‌ی، هه‌روه‌ها ڕاشیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆ تاكه‌كه‌س نیه‌ به‌ته‌نها ئه‌نجامی بدات به‌ڵكو ده‌بێت به‌ كۆمه‌ڵ ئه‌نجامی بده‌ن.

(ب)- پێشه‌وا شافیعی‌و پێشه‌وا ئه‌حمه‌د خوا لێیان ڕازی بێت ده‌ڵێن: هه‌ركه‌سێك فریای نوێژی جه‌ژن نه‌كه‌وت به‌ كۆمه‌ڵ له‌گه‌ڵ ئیمام ئه‌نجامی بدات ده‌توانێت قه‌زای بكاته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌نه‌س خوا لێی ڕازی بێت ئه‌مه‌ی كردووه‌، وه‌ هه‌روه‌كو باقی نوێژه‌كانی تر له‌ هه‌ر كات بیه‌وێت ده‌توانێت بیگێڕته‌وه‌ به‌ڵام وا چاكتره‌ تاوه‌كو ئێواره‌ له‌ كاتێك له‌ كاته‌كان نوێژه‌كه‌ وه‌كو خۆی قه‌زا بكاته‌وه‌.

هه‌روه‌كو ڕاشیان وایه‌ كه‌ نوێژی جه‌ژن دروسته‌ به‌ته‌نهاش بكرێت به‌ڵام سوننه‌ت‌و خێره‌ گه‌وره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئیمام‌و به‌كۆمه‌ڵ ئه‌نجام بدرێت.

* چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی نوێژی جه‌ژن:
نه‌بانگی له‌ پێشه‌ نه‌ قامه‌ت به‌ڵكو ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ره‌تا بانگ ده‌كرێت (الصلاه‌ جامعه‌)، له‌پاشان ئیمام به‌ نیه‌تی پێش نوێژی‌و مه‌ئمومه‌كانیش به‌ نیه‌تی ئیقتیدا نوێژه‌كه‌ داده‌به‌ستن به‌ (ألله أكبر)ی نوێژ دابه‌ستان، له‌پاشان له‌ ڕكه‌عه‌تی یه‌كه‌م ئیمام (7) حه‌فت جار (سبحان الله والحمدلله ولا إله إلاالله والله أكبر) ده‌كات‌و له‌ گه‌ڵ (ألله أكبر) هه‌ر دوو ده‌سته‌كانی وه‌كو نوێژ دابه‌ستان به‌رزیان ده‌كاته‌وه‌..له‌پاشان (أعوذباالله من الشيطان الرجيم) به‌ بێ ده‌نگی ده‌ڵێ‌و پاشان فاتیحه‌ ده‌خوێنێت‌و دوای مه‌جال دان به‌ مه‌ئمومه‌كانیش كه‌ فاتیحه‌كه‌ی خۆیان بخوێنن ئینجا سوڕه‌تێكی تر ده‌خوێنێت كه‌ سوننه‌ته‌ له‌ ڕكه‌عه‌تی یه‌كه‌م سوڕه‌تی(ألاعلی) هه‌مووی بخوێنێت.

وه‌ بۆ ڕكه‌عه‌تی دووه‌میش هه‌ر پێش فاتیحه‌ (5)پێنج كه‌ڕه‌ت (سبحان الله والحمدلله ولا إله إلاالله والله أكبر) ده‌ڵێت‌و پاشان فاتیحه‌و له‌ دوای فاتیحه‌ش له‌ ڕكه‌عه‌تی دووه‌م وا سوننه‌ته‌ سوڕه‌تی (ألغاشیه‌) هه‌مووی بخوێنێت. هه‌روه‌ك دروستیشه‌ له‌ ڕكه‌عه‌تی یه‌كه‌م سوڕه‌تی (ألكافرون) بخوێنێت‌و له‌ ڕكه‌عه‌تی دووه‌میش(ألاخلاص).

* ئه‌گه‌ر هاتوو ته‌كبیره‌كان نه‌كران:
ئه‌گه‌ر هاتوو ئیمام ئه‌و ته‌كبیرانه‌ی له‌بیر چوو بیانكات‌و چووه‌ ڕكوع ئه‌وه‌ ده‌بێ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ قیام‌و ده‌یانخوێنێته‌وه‌ به‌ بێ دووباره‌ كردنه‌وه‌ی فاتیحه‌و سوڕه‌ته‌كه‌..به‌ڵام ده‌بێ ڕكوعه‌كه‌ دووباره‌كاته‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر هاتوو نه‌شگه‌ڕاوه‌ ئه‌وه‌ نوێژه‌كه‌ هه‌ر دروسته‌و پێویستیش به‌وه‌ی ناكات كه‌ سوجده‌ی سه‌هوی بۆ ببردرێت.

* وتاری جه‌ژن:
له‌لای جمهوری زانایان ڕایان وایه‌ كه‌ سونه‌ته‌ وتاری جه‌ژن له‌ دوای ئه‌نجامدانی نوێژه‌كه‌ بخوێنرێته‌وه‌، كه‌ دوو وتاره‌ هه‌روه‌كو وتاری هه‌ینی، ئه‌وه‌ نه‌بێت له‌ دوای نوێژه‌كه‌یه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی وتاری هه‌ینی كه‌ له‌ پێش نوێژه‌كه‌یه‌، هه‌ركاتێكیش ئیمام چوه‌ سه‌ر مینبه‌ر به‌لای پێشه‌وا أبو حنیفه‌: دانانیشێت‌و به‌ڵكو ڕاسته‌وخۆ وتاره‌كه‌ پێشكێش ده‌كات..به‌ڵام به‌لای پێشه‌وا مالیك‌و ئه‌حمه‌دو شافعی: (كه‌مێك) داده‌نیشێت‌و ئینجا هه‌ڵًده‌ستێته‌وه‌ وتاره‌كان ده‌دات.

* ته‌كبیره‌كانی هه‌ر دوو وتاره‌كان:
به‌ ڕای جمهوری زانایان (وتاربێژ) له‌ وتاری یه‌كه‌م هه‌ر له‌سه‌ره‌تاكه‌ی دا (9)نۆ جار (ألله أكبر) ده‌ڵێت‌و له‌ وتاری دووه‌میش به‌ هه‌مان شێوه‌ (7) جار ده‌یڵێت.

له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێم: (تقبل الله منا ومنكم صالح الاعمال) جه‌ژنی هه‌موولا پیرۆزو تاعه‌ت‌و ڕۆژوو قه‌بوڵ‌و خاكی موسڵمانان به‌ گشتی‌و كوردستانه‌كه‌ی خۆشمان به‌تایبه‌تی هه‌ر ئاوه‌دان‌و ئارام‌و پڕ له‌خێرو به‌ره‌كه‌ت.