یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية
په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
دامەزراوە لە 21-9-1970
*****    *****   چه‌ند بابه‌تێكی سه‌رده‌می تایبه‌ت به‌ مانگی ره‌مه‌زان    *****    *****   هه‌ولێر: مامۆستا مه‌لا حمدامين دوكه‌ڵه‌يى كۆچى دواييكرد    *****    *****   حوكمی به‌رۆژوبوون له‌ كاتی ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌كان    *****    *****   چه‌ند حوكمێكی نوێژی ته‌ڕاویح    *****    *****   حوكمی بابه‌تی ئیحتیاتكردن له‌ ئیمساك و رۆژووشكاندن    *****    *****   حوكمی به‌ رۆژووبوونی ئافره‌تی دووگیان یا شیرده‌ر    *****    *****   حوكمی گرانكردنی نرخی خۆراك و كه‌ل و په‌له‌كان له‌ مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز    *****    *****   لێژنه‌ى باڵاى فه‌تواى كوردستان؛ بڕی زه‌كاتی پاره‌و سه‌رفیتره‌ و فیدیه‌ى ڕه‌مه‌زانى ئه‌م سال دياريكرد    *****    *****   وتاره‌ پێشنیاركراوه‌كانی ئه‌م هه‌فته‌یه‌    *****    *****   لیژنه‌ی باڵای بینینی مانگ؛ رۆژى پێنجشه‌ممه‌ یه‌كه‌م رۆژی مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆزه‌    *****    *****   كۆنفڕانسه‌ نێوخۆييه‌كانى يه‌كێتى زانايان سه‌ركه‌وتووانه‌ كۆتاييپێهات    *****    *****   مامۆستا مه‌لا عه‌زیز كۆچی دوایی كرد   
مه‌لا یاسین وه‌رتی
به‌رواری دابه‌زاندن: 20/02/2011 : 10:36:50
قه‌باره‌ی فۆنت
زانایانی ئایینی فه‌رمانبه‌ری كێن ؟
وه‌ك ده‌زانین زۆربه‌ی پێش نوێژو وتارخوێنه‌كانی كوردستان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كارو باری ئایینی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ دامه‌زرێنراون و له‌و وه‌زاره‌ته‌ مووچه‌ وه‌رده‌گرن، ئه‌و دامه‌زراندن و مووچه‌ وه‌رگرتنه‌ له‌حكومه‌ت وای كردوه‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف خۆی به‌ خاوه‌نی مزگه‌وت و دامه‌زراوه‌ ئایینیه‌كان بزانێت و مامۆستایانی ئایینیش به‌ فه‌رمانبه‌ری ئه‌و وه‌زاره‌ته‌، به‌تایبه‌ت له‌كاتی دروست بوونی كێشه‌و گرفت له‌نێوان مامۆستایانی ئایینی و حكومه‌ت دا به‌رپرسانی وه‌زاره‌ت ئه‌وه‌ به‌چاوی مامۆستایان دا ده‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ ئێوه‌ فه‌رمانبه‌ری ئه‌وقافن و مزگه‌وت و مینبه‌ر مولكی ئه‌وقافن، ئه‌مه‌ش مانای وایه‌ نابێ ئێوه‌ پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف بجوولێنه‌وه‌ و قسه‌ بكه‌ن.

ئه‌و قسه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ گه‌رچی به‌شێك له‌ ڕاستی تێدایه‌ به‌لام به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌ها ناگونجێ له‌گه‌ل پایه‌و ئه‌رك و پیشه‌ی مامۆستایانی ئایینی كه‌ هه‌ڵگرو گه‌یه‌نه‌ری شه‌رع و په‌یامی پیرۆزی خوای مه‌زنن و ده‌بێ رێنموونیكارو ڕێ نیشانده‌ربن نه‌ك پاشكۆو شوێن كه‌وتووی ئه‌وانی تر، لێره‌دا من ده‌مه‌وێ دیوه‌ راست و دیوه‌ ناراسته‌كه‌ی ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ لێك جیا بكه‌مه‌وه‌.

دیوه‌ راسته‌كه‌ی وته‌ی پێشوو به‌رای من له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ مامۆستای ئایینی (پێش نوێژ یان وتارخوێن) له‌ ڕووی ئیداریه‌وه‌ وه‌ك هه‌ر فه‌رمانبه‌رێكی تر سه‌ر به‌ وه‌زاره‌ته‌و بۆ كاروباری ئیداری وه‌ك دامه‌زراندن، گواستنه‌وه‌، ڕێكخستنی ده‌وام، رێنمایی ئیداری، مووچه‌، تا ده‌گاته‌ خانه‌نشین بوون و هه‌موو ئه‌و كاروبارانه‌ی تر كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ حكومه‌ته‌وه‌ ده‌بێ بگه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌وقاف و، وه‌زاره‌تیش بۆی هه‌یه‌ له‌كاتی سه‌رپێچی ئیداری وه‌ك كه‌مته‌ر خه‌می و ده‌وام نه‌كردن، له‌ مامۆستا بپرسێته‌وه‌و به‌ شێوازی تایبه‌تی خۆی ڕه‌فتاری له‌گه‌ل دا بكات.

دیوه‌كه‌ی تری ئه‌و وته‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ كه‌ به‌ڕای من له‌ جێی خۆیدانیه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ كه‌ مامۆستای ئایینی مادام كارمه‌ندی وه‌زاره‌ته‌ ده‌بێ له‌ كاره‌ بانگه‌وازی و ته‌بلیغیه‌كه‌شی دا به‌پێی ئه‌و سیاسه‌ته‌ بجوولێته‌وه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف دیاری ده‌كات ، لێره‌دا زیاتر مه‌به‌ست وتاری هه‌ینیه‌ كه‌ زۆر جار بووه‌ته‌ هۆی ناكۆكی نێوان وه‌زاره‌ت و مامۆستایان.

نادروستی ئه‌و بۆچوونه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ مامۆستای ئایینی له‌ ڕووی شاره‌زایی له‌ ئیسلام و قورئان و فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه‌ وسلم له‌ پێشه‌وه‌ی خه‌لكی تره‌و ده‌بێ پرسیار له‌و بكرێ چ شتێك شه‌رعیه‌و كامه‌ نا شه‌رعیه‌، حه‌لال چیه‌و حه‌رام چیه‌، هه‌ر له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه‌ مافی خۆیه‌تی ڕه‌خنه‌ له‌هه‌ر دیارده‌یه‌ك بگرێ كه‌ پێچه‌وانه‌ی شه‌رع بێت ، بۆ ئه‌و كاره‌ش پێویست به‌ ڕه‌زامه‌ندی كه‌س ناكات چونكه‌ ئه‌وه‌ تایبه‌تمه‌ندی خۆیانه‌ ، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌ كاری وتاربێژو مامۆستای ئایینی دا ئه‌وه‌یه‌ ڕه‌چاوی سنووره‌كانی خواو دلسۆزی بۆ ئایین و به‌رنامه‌ی خوا و میلله‌ته‌كه‌ی بكات و مینبه‌ره‌كه‌ی بۆمه‌رام و مه‌به‌ستی تایبه‌تی به‌كار نه‌هێنێ و خۆی له‌ ناوهێنان و ته‌شهیر بپارێزێت. جگه‌ له‌وه‌ مامۆستای ئایینی نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ری نیه‌ بۆ ڕه‌خنه‌گرتنی له‌ دیارده‌و ڕووداوێكی خراپ و ناشه‌رعی پرس بكات به‌ڵكو بۆی هه‌یه‌ له‌ روانگه‌ی ئایینه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ له‌هه‌ر كه‌س و لایه‌ن و دیارده‌یه‌ك بگرێت كه‌ كاری ناره‌وا یان كه‌مته‌رخه‌می لێ ببینرێ به‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقافیشه‌وه‌ به‌مه‌رجێك ڕه‌خنه‌گرتنه‌كه‌ به‌لگه‌داربێ و له‌سه‌ر ناشه‌رعیه‌كی ڕوون و ئاشكرابێت كه‌ پاساوی نه‌بێت ، باوه‌ر ناكه‌م به‌رپرسانیش نكولی له‌و راستیه‌ بكه‌ن كه‌ ده‌قه‌كانی قورئان و سوونه‌ت و یاسا چه‌سپاوه‌كانی ئیسلام حاكمن به‌سه‌ر هه‌موومانه‌وه‌ مادام خۆمان به‌ موسلمان بزانین ، ڕاگه‌یاندنی ئه‌و دینه‌و راست كردنه‌وه‌ی هه‌له‌كانیش به‌ پله‌ی یه‌كه‌م ئه‌ركی زانایانی ئایینیه‌ بۆیه‌ ده‌بێ به‌ سنگ فراوانیه‌وه‌ لێیان وه‌ربگیرێت.

لێره‌دا پرسیارێك دێته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ ئایا مامۆستایانی ئایینی له‌سه‌ره‌وه‌ی لێ پرسینه‌وه‌و ڕه‌خنه‌ لێگرتنن؟ یان چ زه‌مانه‌تێك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وتاربێژه‌كانمان له‌ وتاره‌كانیان دا پابه‌ندی یاساو رێساكانی ئیسلام بن و له‌ شه‌رع لا نه‌ده‌ن؟ یاخود نه‌بنه‌ جێبه‌جێكاری سیاسه‌تی ئه‌ملا و ئه‌ولا؟ ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف بۆی نه‌بێ چاودێری وتاری هه‌ینی بكات ئه‌ی كێ بیكات؟

به‌رای من وه‌لامی ئه‌و پرسیاره‌ زۆر ئاسانه‌، ئه‌ویش به‌ پێكهێنانی مه‌رجه‌عێكی ئیسلامی ڕاسته‌قینه‌و جێ متمانه‌ی خه‌لك و زانایانی ئایینیی ده‌بێ كه‌ له‌خودی زانایانی ئیسلام و شاره‌زایانی شه‌ریعه‌ت پێك بێت و میكانیزمێكی وای بۆ بدۆزرێته‌وه‌ كه‌ نوخبه‌ی زانایانی ئایینی تێیدا به‌شدار بن، ئه‌و مه‌رجه‌عه‌ به‌هه‌ر ناوێكه‌وه‌ بێ ببێته‌ شوێنی یه‌كلا كردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌ شه‌رعیه‌كان و له‌هه‌مان كاتیشدا لێپرسینه‌وه‌ له‌ هه‌ر كه‌سێك بكات كه‌ به‌ناوی ئیسلامه‌وه‌ قسه‌ ده‌كات جا مامۆستای ئایینی بێت یان هه‌ر كه‌سێكی تر.

من باوه‌رم به‌وه‌ هه‌یه‌ ده‌بێ توندترین چاودێری و لێپرسینه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌وانه‌ بكرێ كه‌ به‌ناوی دینه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن و فه‌توا ده‌ده‌ن جا مامۆستای ئایینی بن یان كه‌سانی تر، به‌لام به‌و مه‌رجه‌ی چاودێریه‌كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و مه‌رجه‌عه‌ ئایینیه‌وه‌ بێت كه‌ به‌ حه‌ق جێ باوه‌ری خه‌لك و زانایان بێت و نه‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی هیچ لایه‌ك، هه‌ركاتێك ئه‌و مه‌رجه‌عه‌ دروست بوو جێی خۆیه‌تی ده‌سه‌لاتی ئه‌وه‌ی پێ بدرێ‌ نه‌ك هه‌ر چاودێری وتاری هه‌ینی بكات به‌لكو بۆی هه‌بێ كۆنترۆلی هه‌موو جموجوول و فه‌تواو لێدوانێكی په‌یوه‌ست به‌ ئیسلامه‌وه‌ بكات و ته‌نانه‌ت بتوانێ‌ پێناسی مامۆستای ئایینی و وتاربێژیش له‌و كه‌سانه‌ بستێنێته‌وه‌ كه‌ شایه‌نی ئه‌و پله‌یه‌ نین.

هه‌ر لێپرسینه‌وه‌و چاودێریه‌كی تر جگه‌ له‌وه‌ له‌لایه‌ن هه‌ر دام و ده‌زگایه‌كی ئه‌منی و ئیداریه‌وه‌ بكرێ به‌ ناره‌واو بێهوده‌ی ده‌زانم ، چونكه‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌ مامۆستایانی ئایینی له‌هه‌ر لایه‌كه‌وه‌ بكرێ جگه‌ له‌ خۆیان به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و كه‌س و لایه‌نه‌ زیان به‌خۆی ده‌گه‌یه‌نێ و لای جه‌ماوه‌ر خۆی ناشیرین ده‌كات هه‌تا ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر هه‌قیش بێت چونكه‌ خه‌لكی ئێمه‌ موسلمانه‌ ، هه‌ركه‌سێك به‌رامبه‌ر به‌ زانایانی ئایینی بوه‌ستێته‌وه‌ حه‌قی بێ یا ناحه‌ق خه‌لكه‌كه‌ مامۆستا به‌خاوه‌ن حه‌ق ده‌زانێ چونكه‌ تاكه‌ چینێك كه‌ خه‌لكی متمانه‌یان پێیان مابێ مامۆستایانی ئایینین ، ئه‌وه‌ش شتێكی سه‌لمێنراوه‌ و وابزانم به‌لگه‌ هێنانه‌وه‌ی ناوێ.

كه‌وابوو ناكرێ مامۆستای ئایینی هه‌روا به‌ ساده‌یی ڕه‌فتاری له‌گه‌ل دا بكرێت و وه‌ك فه‌رمانبه‌رێك سه‌یر بكرێت و به‌س، به‌لكو ده‌بێ هه‌موولایه‌ك (هه‌م مامۆستایانی ئایینی هه‌م وه‌زاره‌ت) ئه‌وه‌ بزانن كه‌ مامۆستا ته‌نها له‌ ڕووی ئیداریه‌وه‌ فه‌رمانبه‌ره‌ ئه‌گه‌رنا له‌ ڕووی ته‌بلیغ و ڕوون كردنه‌وه‌ی دین پێشه‌نگ و سه‌رقافله‌یه‌و نابێ ئه‌و مه‌كانه‌ته‌ ئایینیه‌ به‌كه‌م سه‌یر بكرێت، من پێم سه‌یره‌ ئێمه‌ كه‌ ولاتێكی موسلمانین به‌ كاربه‌ده‌ست و میلله‌ته‌وه‌ كه‌چی هه‌موومان له‌سه‌ر ریتمی رۆژئاوا راهاتووین ده‌ڵێین ئه‌وه‌ ده‌سه‌لاتی یه‌كه‌مه‌و ئه‌وه‌ ده‌سه‌لاتی دووه‌مه‌ تاده‌گاته‌ ده‌سه‌لاتی چواره‌م كه‌ ڕاگه‌یاندنه‌ ، به‌لام كه‌س له‌ بیری نیه‌ بڵێ ئه‌دی ئایین و زانایانی ئایینی ده‌سه‌لاتی چه‌نده‌من ؟! ئه‌گه‌ر باس له‌ كاریگه‌ری بكه‌ین ئه‌وا بێگومان زانایانی ئایینی كاریگه‌ریان له‌ راگه‌یاندنه‌كان زیاتر نه‌بێ كه‌متر نیه‌، بگره‌ له‌ زۆر رووه‌وه‌ مامۆستایانی ئایینی به‌هۆی ئه‌و پێگه‌ به‌هێزه‌ی هه‌یانه‌ له‌ناو جه‌ماوه‌ردا كاریگه‌یان له‌ سێ ده‌سه‌لاته‌كه‌ی تریش زیاتره‌، كه‌چی له‌ ریزبه‌ندی ده‌سه‌لات دا ناویان نیه‌و ناخوێنرێنه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌كه‌ش به‌هۆی مووچه‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ بێ ئه‌وا هیچ ده‌زگاو ده‌سه‌لاتێكی بالای ئه‌و هه‌رێمه‌ نابینین خۆبه‌خشانه‌ كار بكات و مووچه‌ی پێ نه‌درێ تا ئه‌وه‌ بكرێته‌ منه‌ت به‌سه‌ر زانایانی ئایینیه‌وه‌، كه‌ وه‌ك هاولاتیه‌كی ئه‌م هه‌رێمه‌ مافی خۆیانه‌، باوه‌ر ناكه‌م مووچه‌ی هه‌موو مامۆستایانی ئایینی ئه‌م هه‌رێمه‌ (كه‌ به‌سه‌دانن) كۆ بكرێته‌وه‌ بگاته‌ مووچه‌ی (111) ئه‌ندامه‌كه‌ی په‌رله‌مان ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و خانه‌نشیكراوه‌كان و ئه‌و هه‌موو منحه‌و ئیفادو خه‌رجیه‌ جۆراوجۆرانه‌ی تر كه‌ بۆیان ده‌كرێ، زۆر مامۆستای ئایینی هه‌یه‌ چه‌ند قاتی ئه‌ندام په‌رله‌مانێك ماندووه‌و خزمه‌ت ده‌كات بێ ئه‌وه‌ی كه‌س پێی بزانێت یان منه‌ت به‌سه‌ر كه‌سدا بكات.

هه‌ندێك له‌و په‌رله‌مانتاره‌ به‌ڕێزانه‌ جاری وایه‌ لێدوانی وا بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ده‌ده‌ن سه‌د ئه‌وه‌نده‌ی قسه‌ی ئه‌و مامۆستا ئایینیه‌ مه‌ترسیداره‌ كه‌ له‌ گۆشه‌ی مزگه‌وتێك دا بۆچه‌ند سه‌د كه‌سێك قسه‌ ده‌كات كه‌چی زۆر به‌ ئاسایی تێ ده‌په‌رێت و كه‌س قسه‌ ناكات، كه‌سیش پێی نالێت تۆ فه‌رمانبه‌ری ئێمه‌ی بۆت نیه‌ ئاوا بلێی، ئه‌گه‌ر ئه‌وان هێزی خۆیان له‌ هه‌ڵبژاردن و ده‌نگی خه‌لكه‌وه‌ ده‌بینن مامۆستای ئایینیش له‌لایه‌ن هه‌مان خه‌لك و جه‌ماوه‌ره‌وه‌ پشتگیری لێ ده‌كرێت به‌ ئاستێكی به‌رزتریش له‌و پشتگیریه‌ی له‌وان ده‌كرێت.

له‌ كۆتاییدا: ئامانجی من له‌و نووسینه‌ ئه‌وه‌ نیه‌ مامۆستای ئایینی وه‌ك تاكێك پێی شه‌رم بێ به‌ فه‌رمانبه‌ری وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ناوببرێ، هه‌روه‌ها پاكانه‌ش بۆ مامۆستایانی ئایینی ناكه‌م، چونكه‌ ئه‌وانیش مرۆڤن ده‌گونجێ به‌ هه‌له‌دابچن، به‌لكو داكۆكی له‌و پێگه‌ به‌رزو گرنگه‌ی زانایانی ئیسلام ده‌كه‌م كه‌ به‌ درێژایی مێژوو هه‌یانبووه‌و ئێستاش هه‌یانه‌، كه‌ پێشه‌نگی و ڕابه‌رایه‌تی كردنی ئوممه‌تی ئیسلامه‌، له‌ ناو گه‌لی كوردیش دا هه‌میشه‌ رۆلی پێشه‌نگیان گێراوه‌ چ له‌كاری خێرو ئیسڵاح دا، چ له‌ بلاوكردنه‌وه‌ی زانست و زانیاری دا، چ له‌و هه‌ر شۆرش و ڕاپه‌رینانه‌ی به‌رپایان كردوون دژی زولم و سته‌می داگیركه‌ران ، بۆیه‌ من به‌ ڕه‌وای نازانم هه‌ر وا به‌ سوك و سانایی مامۆستایانی ئایینی وا پیشان بدرێن كه‌ ته‌نها مووچه‌خۆرێكی حكومه‌تن و به‌س، مامۆستای ئایینی ئه‌گه‌ر له‌ زۆر پله‌و ئیمتیازاتی ماددی بێبه‌شه‌و ده‌نگ ناكات لانیكه‌م با پێگه‌ ئایینی و كۆمه‌لایه‌تیه‌كه‌ی پارێزراوبێت.

yasinwarty@yahoo.com