یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   یەکێتی زانایان پانێڵێکی تایبەت بە گرنگیدان بە تەوزیفکردنی زانستی تەجویدو پاراستنی مۆرکی رەسەنی مەقامی جوان خوێندنەوەی قوڕئان بەرێوە ساز دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە گوندی بێراوە بەرێوە دەچێت    *****    *****   شاندێکی باڵای مەکتەبی تەنفیزی دەڤەری گەرمیان بەسەر دەکاتەوە و چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکات    *****    *****   د.عبدالله شێرکاوەیی بۆ ماڵپەڕی روداو: لە ئیسلامدا هیچ سنوورێک بۆ مارەیی دیاری نەکراوە    *****    *****   کۆبوونەوەی ئاسایی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بەرێوە دەچێت چەند پرسێکی گرنگ و تایبەت تاوتوێ دەکات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە شاندێکی باڵای پارتی چاکسازی تورکمان دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا أحمدی تاسلوجە کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مزگەوتی موهەندیس هەڵگۆرد لە شاری هەولێر کرایەوە    *****    *****   مامۆستا مەلا ئیبراهیم سەرسوراوی خۆی و خانەوادەکەی بە روودانی ئۆتۆمبێل گیانیان لەدەستدا، یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی کەس و کاری دەکات    *****    *****   مامۆستا شێخ مەلا ياسين شێخ فەرخ کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە بەشداری نوێنەری یەکێتی زانایان؛ کارەکانی خولی چل وپێنجەمین شرۆڤەی نامەی عەممان لە شانشینی ئوردەن بەرێوە دەچێت   
مه‌لاعومه‌ری چنگنیانی
به‌رواری دابه‌زاندن: 04/03/2011 : 10:09:32
قه‌باره‌ی فۆنت
رێگه‌ و گۆرِه‌پانه‌كانی چاكسازی له‌ قورئانی پرِ له‌ به‌خششدا
(1)

له‌ نووسینی هه‌فته‌ی رِابردوومدا، تیشكم خسته‌ سه‌ر چه‌ند خاڵێك و له‌ ژێر رۆشنایی چه‌مكی میهره‌بانی و سوود كردن له‌ خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند لاپه‌رِه‌یه‌ك له‌ ژیانی عومه‌ری كورِی خه‌تاب(ر)، هه‌وڵ و ته‌قالای ئه‌وه‌مدا كه‌ هێنده‌ی بۆم بگونجێت هه‌وڵی هێور كردنه‌وه‌یه‌ك بكه‌م بۆ ئه‌وباره‌ ناله‌باره‌ی ئه‌مرِۆی شاری سلێمانی، كه‌ وا له‌ دووهه‌فته‌ زیاتریشی تێپه‌رِاند و ئه‌و خوشك و برا به‌رِێزانه‌ی كه‌ نیگه‌رانن، به‌رده‌وام مكورِن له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كانیان و به‌رده‌وامن له‌ سه‌رداوا و پێداگرتن و خۆ توورِه‌كردنه‌كانیان، كه‌ به‌رِای من ئه‌و به‌رِێزانه‌ له‌ دووجۆری سه‌ره‌كی نێو كۆمه‌ڵگای ئه‌مرِۆمان تێناپه‌رِن:

1: ئه‌و خاوه‌ن ئه‌زموونانه‌ن كه‌ رِابردوویه‌كی پرِ له‌ چه‌رمه‌سه‌ری و سه‌روه‌ری و بگره‌ زیندانی و پێشمه‌رگایه‌تییان هه‌یه‌ و له‌ كاتێكدا كه‌ هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ن وه‌ك پێویست خزمه‌ت نه‌كراون، مافی خۆیانه‌ هه‌موو گازنده‌یه‌ك بكه‌ن و سوپاس بۆخوا په‌یامه‌كه‌یان گه‌یشت.

2: ئه‌و رۆَڵه‌ دڵسۆزانه‌ن كه‌ سوپاس بۆخوا، چه‌وسانه‌وه‌ی بن ده‌ستی داگیركه‌ریان نه‌بینیوه‌ و نه‌وه‌ی دوای راپه‌رِینن، كه‌ من داوای برایانه‌یان لێده‌كه‌م، ئه‌وه‌ی له‌ رِابردوودا له‌ سه‌روه‌ری داكۆكی له‌ خاك و نیشتمان بێ به‌ش بووه‌ و شه‌ره‌فی پێشمه‌رگایه‌تییان پێ نه‌برِاوه‌ و له‌ ده‌ستیان چووه‌، ئه‌وه‌ دێوه‌زمه‌ی دوژمن په‌لاماری كه‌ركووك و جه‌له‌ولا و شوێنه‌كانی دیكه‌مان ده‌دات، ده‌با بوێرانه‌ برِۆن به‌ره‌وزێره‌ڤانی و له‌شكری كوردستان، خۆبه‌خشانه‌ ببنه‌ پێشمه‌رگه‌، بۆ به‌هانا هاتنه‌وه‌ی خوشك و براكانمان له‌وشوێنانه‌، چونكه‌ من گومانی خێرتان پێ ده‌به‌م، كه‌ ناشزانم داخۆ كێ ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه‌یه‌، كه‌ دوژمن دزه‌ی نه‌كردۆته‌ ناوتان و له‌ پشته‌وه‌ خه‌نجه‌ری ژه‌هراوی له‌ هه‌موولایه‌كمان نادات؟ هه‌ربۆیه‌كه‌ وێرِای ئه‌وه‌ی كه‌ نووسینی ئه‌مرِۆم ته‌رخان ده‌كه‌م بۆ باسكردن له‌ (رِێگه‌ و گۆرِه‌پانه‌كانی چاكسازی له‌ قورئانی پرِ له‌ به‌خششدا)، پێم خۆشه‌ لاپه‌رِه‌یه‌كتان بۆ هه‌ڵبده‌مه‌وه‌ له‌ ژیانی(موسا)پێغه‌مبه‌ر(س)، كه‌ باس كردنه‌ له‌كه‌لێن تێكه‌وتنێكی یه‌كرِیزی شوێنكه‌وتووه‌كانی.

تا موسا(س)گه‌رِایه‌وه‌، شه‌یتان كاری خۆی كرد!

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ قورئانی پرِ له‌ به‌خشش به‌ یه‌ك پێوه‌ر، درێژه‌ به‌ باسی پێغه‌مبه‌ران نادات، به‌لاَم به‌ده‌ر له‌وه‌ی كه‌ یوسف(س)، به‌ته‌نها سورِه‌تێكی به‌ناوه‌وه‌یه‌، موسایش(س)، له‌ زۆر جێگه‌دا باسی هاتووه‌ و ورده‌كارییه‌كی زۆر له‌ باسه‌كانیدا هه‌یه‌، كه‌ به‌راوردێك له‌ نێوان ژیانی ئه‌و و ژیانی موحه‌مه‌دیشدا ده‌كه‌ین(د.خ)، له‌ زۆر رِووه‌وه‌، نزیكییان له‌یه‌ك هه‌یه‌ و له‌ زۆر لایه‌نه‌وه‌ یه‌ك ده‌گرنه‌وه‌ و بۆ ئێمه‌ی برِوادار، ده‌بنه‌ وانه‌ی گه‌وره‌ی زیندوو.

سه‌رجه‌م سه‌رچاوه‌كانی فه‌رمووده‌ی دروستی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)، له‌ لێكدانه‌وه‌ی ئه‌و ئایه‌تانه‌دا كه‌ باس له‌ موسا پێغه‌مبه‌رده‌كه‌ن(س)، له‌ نێو دوو سورِه‌ته‌ی(تاها) و (ئه‌عراف)دا، ئه‌وه‌مان بۆ رِوون ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ له‌ نێو به‌نی ئیسرائیلییه‌كاندا، كه‌ نه‌ته‌وه‌ی(موسا)بوون، پیاوێك هه‌بوو ناوی (سامیری)بوو، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ موسا(س)، به‌فه‌رمانی په‌روه‌ردگار، ده‌چێته‌ كێوی توور و له‌وێرِا بۆ چه‌ند(ده‌)شه‌وێك ده‌مێنێته‌وه‌، سامیری له‌ به‌نی ئیسرائیلییه‌كان، ده‌بێته‌ شمڵی شه‌رِ و به‌زمانی لووس و خۆنزیك خستنه‌وه‌ لێیان، ده‌ست ده‌كات به‌ ته‌فره‌ و فریودانیان!

له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا، داوا له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌كات، چ برِوادار و چ لاده‌ره‌كان، كه‌ زێرِو زیو و خشڵی گران به‌های خۆیانیانی بۆ بێنن، ئه‌وانیش دوای داواكه‌ی ده‌كه‌ون وجێبه‌جێی ده‌كه‌ن، پاشان به‌ هونه‌رێكی په‌یكه‌رتاشی و مۆزیكه‌وانی و زۆر شاره‌زا و بلیمه‌تییه‌وه‌ دێت به‌ هه‌ندێك له‌وخشلاَنه‌ په‌یكه‌ر و ته‌لیسمی گوێره‌كه‌یه‌ك دروست ده‌كات، كه‌ سه‌رباری رِازاوه‌یی دیمه‌نه‌كه‌ی، به‌ شێوه‌یه‌ك دایئه‌تاشێ، كه‌ كونێك له‌ ژێر كلكی دروست ده‌كات، تا هه‌وای لێ بچێته‌ ژووره‌وه‌ و له‌ ده‌میه‌وه‌ بێته‌ ده‌ر، هاوكات له‌ كاتی هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌واكه‌دا به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بێت، كه‌ وه‌ك ده‌نگی بۆرِه‌ی گوێره‌كه‌ ده‌رده‌چێت!

دوای ئه‌وه‌ی، كه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی سامانه‌كانیان گوێ له‌ مستی ده‌بن، ئه‌مجار، هه‌نگاوی دووه‌می ده‌گرێته‌به‌ر و جارێكی دیكه‌، سامیری رِوو ده‌كاته‌ خه‌ڵكه‌كه‌ و پێیان ده‌ڵێت: ئه‌م گوێره‌كه‌یه‌، خوای گه‌وره‌ی ئێوه‌یه‌!

به‌م شێوه‌، خه‌ڵكه‌كه‌ ئه‌وه‌یان له‌ بیرده‌چێت، كه‌ ئه‌وان به‌نده‌ی خوای گه‌وره‌ن و شوێن كه‌وته‌ی كه‌سێكن كه‌ له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانی ژیانیاندا پشتی لێ نه‌كردوون و هه‌رئه‌وبوو، كه‌ بووه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی، ئه‌وانی له‌ ده‌ست(فیرعه‌ون)- گه‌وره‌ترین دیكتاتۆری ئه‌وسه‌رده‌مه‌-، رزگاركرد و له‌ نێو میسر و بن ده‌ستی كوێیلایه‌تی به‌ نێو ئاوی (نیل)دا په‌رِاندنیه‌وه‌ و گه‌یاندنیه‌ ئه‌و ژیانه‌ پرِله‌ ئاسووده‌ییه‌ و وای لێكردن، كه‌ ده‌بێ بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌، كه‌ یه‌كخواناس بن و به‌س(1)، به‌لاَم سامیری به‌و شێوه‌یه‌ هه‌نگاو به‌هه‌نگاو له‌ خشته‌یان ده‌بات.

كه‌ ئێمه‌ی برِوادار ته‌ماشای ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ ناله‌باره‌ی سامیری ده‌كه‌ین و سه‌یری رِووداوی دروستكردنی مزگه‌وتی زیرار ده‌كه‌ین، له‌ مه‌دینه‌ی مونه‌وه‌ره‌ كه‌ تا پێغه‌مبه‌ر(د.خ)، له‌گه‌شتێك گه‌رِایه‌وه‌، دوورِووه‌كان هاتن مزگه‌وتێكیان دروستكرد گوایه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ژاران تیایدا بحه‌وێنه‌وه‌، كه‌ قورِئان ده‌فه‌رمووێت: (ئه‌وانه‌ به‌ مه‌رامی تێكدانی كۆمه‌ڵگای برِواداران له‌ مه‌دینه‌ و بۆ ئاژاوه‌ نانه‌وه‌ ئه‌وكاره‌یان كردووه‌ و هیچ مه‌به‌ستێكی پاك، له‌و دیو كاره‌كانیانه‌وه‌ نییه‌)(2).

ده‌ڵێم: كه‌ سه‌یری ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ ده‌كه‌ین، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ باسكردنی ژیاننامه‌ی پێغه‌مبه‌ران(س)، له‌ قورئاندا و به‌ هه‌ند وه‌رگرتنی رِووداوه‌كان، هه‌روا بۆ مه‌به‌ستی داستان گێرِانه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو، ئه‌و قورِئانه‌، وه‌ك عه‌لی كورِی ئه‌بی تالیب(ر)، له‌ هه‌قیدا ده‌فه‌رمووێت: (ئه‌و كتێبه‌یه‌، كه‌ به‌زۆری خوێندنه‌وه‌، كۆن نابێت و باسه‌كانی هه‌رده‌م تازه‌ و زیندوون).

وانه‌یه‌كی دیكه‌ی قورئانیی ئه‌وه‌یه‌: كه‌ زۆر به‌رِاشكاوی باسی ئه‌وه‌مان بۆده‌كات، كه‌(هیچ كات نه‌بووه‌، پێغه‌مبه‌رێكی خوا، ئومنییه‌ و خواستێكی هه‌بووبێت و شه‌یتان هه‌وڵی ئه‌وه‌ی نه‌دابێت كه‌ زه‌فه‌ربه‌و ئومنییه‌ و خواستانه‌ نه‌هێنێت)(3).

كه‌ گومان له‌وه‌دانییه‌ گه‌وره‌ترین خواست و ئومنییه‌ی هه‌ر پێغه‌مبه‌رێك و هه‌ر سه‌ر گه‌وره‌یه‌ك، ئه‌وخه‌ڵكه‌یه‌، كه‌ ئه‌وان بانگیان ده‌كه‌ن، بۆ برِواهێنان و شوێن كه‌وتنیان، كه‌ له‌ هه‌مووشت ناخۆشتر به‌لای هه‌ریه‌كێكیانه‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شه‌یتان یه‌كگرتووییه‌ كه‌یان تێك بدات و زه‌فه‌ریان پێبهێنێت و ناكۆكی و چه‌ند به‌ره‌كێیان له‌ ناودا بنێته‌وه‌، ئه‌ڵبه‌ت ئه‌و په‌ژاره‌یه‌ی پێغه‌مبه‌رانیش(س)، له‌ دۆستییانه‌وه‌ بۆ خه‌لك هه‌ڵده‌قوڵێ، نه‌وه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌بێت، كه‌ ئه‌وان به‌ته‌نگ ئه‌وه‌وه‌ بێن، ئه‌گه‌ر لێیان دوور كه‌وتنه‌وه‌، تووشی زیانی ماددی ببن و زه‌ره‌ر به‌كه‌سایه‌تییان بگات!.

هه‌ندێك له‌وانه‌كانی چیرۆكی سامیری

ئه‌و رِووداوی چوونی موسایه‌(س)، بۆ كێوی توور وفریودانی خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ دوای ئه‌و، له‌ لایه‌ن سامیرییه‌وه‌، وه‌ك هه‌ر باسێكی دیكه‌ی قورِئانی پرِ له‌ به‌خشش، پرِیه‌تی له‌ چه‌ندین وانه‌ی گه‌وره‌، كه‌ من لێره‌دا ئاماژه‌ بۆچه‌ند دانه‌یه‌كیان ده‌كه‌م:

یه‌كه‌م: موسا(س)، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ پێغه‌مبه‌ری خودایه‌ و به‌فه‌رمانی ئه‌ویش گه‌شته‌كه‌ی ده‌ست پێكردووه‌ و خه‌ڵكی برِواداریش به‌جێ ده‌هێڵێت له‌ دوای خۆی، كه‌چی ده‌بینین له‌ هه‌ندێك له‌ شوێن كه‌وتووه‌ كانییه‌وه‌، روو به‌ رِووی ئه‌وكاره‌ساته‌ قورسه‌ ده‌بێته‌وه‌، كه‌ دۆرِاندنی رێبازی یه‌كخواناسییه‌ و كه‌وتنه‌ شوێن فشه‌ و درۆ و ده‌له‌سه‌ی كابرایه‌كی ده‌ستبرِ و ده‌كه‌ونه‌ هاوه‌ڵ بۆخودا په‌یداكردن، ئه‌وه‌ش له‌ولاوه‌ بوه‌ستێ، كه‌ چۆن ده‌كه‌ونه‌ نێو گێژاوی بێ وه‌فایی به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌مووخزمه‌ته‌ی موسا(س) به‌وان و به‌ كێشه‌ و دۆزه‌ رِه‌واكه‌یان، كه‌ رِزگاربوونه‌ له‌ ده‌ست قیبتییه‌كان و ئه‌و هه‌موو ماندووبوونه‌ی كه‌ له‌ پێناوی رزگار كردنیان له‌ ده‌ست گه‌وره‌ترین سته‌مكاری ئه‌وسه‌رده‌مه‌ فه‌رامۆش ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌یه‌كی گه‌وره‌ و گرانه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ی، كه‌ هه‌موو سه‌رگه‌وره‌یه‌ك ده‌بێ چاوه‌رِوانی ئه‌وه‌ بكات له‌ دوای دوور كه‌وتنه‌وه‌ی بۆماوه‌یه‌كی كاتیی، كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌، له‌ دوای ئه‌و به‌یه‌ك دڵی نه‌مابنه‌وه‌ و رووبه‌رِوی لێكدابرِانیان ببێت! به‌لاَم گرنگ ئه‌وه‌یه‌، له‌ ئاكامدا هه‌ر نه‌ته‌وه‌ و خه‌ڵكی خۆین و ده‌بێ به‌نه‌رمییه‌كه‌ی (موسا)یان له‌گه‌ڵ بكات(س)و گوێ بۆئه‌گه‌ر و رِایه‌كانیان بگرێت و ئه‌وه‌ وه‌بیرخۆی بێنێته‌وه‌ كه‌ فارس گوته‌نی: (هه‌ربیشه‌گومان مه‌به‌ر، كی خالیست).

دووه‌م: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ موسا(س)، به‌وكاره‌ی سامیری وخه‌ڵكه‌كه‌، زیز ده‌بێت، ده‌بینین نایگه‌ێنێته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ لێیان توورِه‌ ببێت، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی له‌ هاروونی برای(س) و خزمه‌ نزیكه‌كانی خۆی توورِه‌ده‌بێ و گازنده‌یان لێده‌كات، كه‌ باشترین به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ی كه‌ له‌ كاتی ئاوا ناخۆش و په‌ژاره‌یشدا، ده‌بێ مرۆڤ زیاتر پلانی وا دابرِێژێت، كه‌ لاده‌ره‌كان بێنێته‌وه‌ نێو بازنه‌كه‌ی خۆی و گیانی لێبوورده‌یی زاڵبێت به‌سه‌ر ئه‌تواره‌كانیدا، گه‌رچی موسا(س)، وای لێهات ئه‌وپارچه‌ ته‌ختانه‌ی په‌یامه‌كه‌ی ئه‌وی تێدا نووسرابوو وه‌، له‌ عه‌ردی بدات!.

سێیه‌م: كه‌ موسا(س)، به‌وحاڵه‌وه‌ گوێ بۆ براكه‌ی رِائه‌دێرێت، تێده‌گات ئه‌ویش تا ئه‌ندازه‌یه‌ك هه‌قیه‌تی كه‌ به‌ پاساوی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ك ئه‌وه‌ ببێته‌ هۆكاری زیاتر په‌رت په‌رت بوون و لێك دابرِانیان، كێشه‌كه‌ی گه‌وره‌ نه‌كردووه‌، كه‌ لێره‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت له‌ومه‌سه‌له‌دا گرنگ ئه‌وه‌بوو، كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ یه‌كگرتوویی بمێننه‌وه‌، بۆیه‌كه‌ بۆچوونی هارون وابوو(س)، ئه‌گه‌ر لێیان زیز ببوایه‌، له‌ولایه‌نه‌وه‌ زه‌ره‌ریان ده‌كرد، گه‌رچی خودی زیانه‌كه‌ له‌وه‌دا كه‌وت، كه‌ شه‌یتان زه‌فه‌ری پێ هێنان، به‌لاَم كه‌ ئه‌و وه‌لاَمه‌ عه‌قڵییه‌ی كاكی ده‌داته‌وه‌، ده‌بینین موسا(س)، گرِ و كڵپه‌ی توورِه‌یی و هه‌لچوونه‌كه‌ی داده‌مركێته‌وه‌، كه‌ من لام وایه‌ باشترین ده‌رسه‌ بۆ موسڵمانان كه‌ هه‌میشه‌ ئه‌وه‌نده‌ ته‌ماشای دووربكه‌ن، گه‌رهات و كه‌سانێك ویستیان به‌ دابرِان له‌ كۆرِ و كۆمه‌ڵ وخۆجیاكردنه‌وه‌ سه‌رده‌رخه‌ن، ئامۆژگاری خێر بكرێن و بابه‌ته‌كه‌یان هێنده‌ گه‌وره‌ نه‌كرێت، كه‌ چێژ له‌و خواسته‌ببینن! به‌ڵكو وه‌ك كارێكی ئاسایی سه‌یر بكرێن. به‌لاَم ده‌بێ ئه‌وانه‌ ئه‌وه‌ بزانن، كه‌ ئه‌گه‌ر له‌و دیو كاره‌كه‌یانه‌وه‌ ده‌ستێكی دوور هه‌بێت و دژایه‌تی كردنی دۆزی رِه‌وای گه‌له‌كه‌یان بێت، ئه‌مرِۆ، یان سبه‌ی ده‌بێ بۆخۆیان داوای لێبووردن له‌ خوێنی شه‌هیدان و خاك و نه‌ته‌وه‌ بكه‌ن، ده‌مێك ساڵه‌ پێشینانیشمان فه‌رموویانه‌: (هه‌ركه‌سێك بكات بێگانه‌ په‌رستی ئاخری دێنێ نوشوستی).

چواره‌م: ئه‌وكاته‌ی كه‌ موسا(س)، به‌وتوورِه‌ییه‌ دێته‌وه‌ و ئه‌و واقیعه‌تاڵه‌ ده‌بینێت، یه‌كه‌م كه‌س رِوو له‌سه‌ری ماره‌كه‌ ناكات، به‌ڵكو لێپێچانه‌وه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ شوێنكه‌وتووه‌كانی و هاروونی برای ته‌واو ده‌كات، كه‌ پێغه‌مبه‌ریشه‌(س)، ئه‌مجاردێت بواری ئه‌وه‌ ده‌دات، به‌ سامیری كه‌ ته‌عبیرله‌ ناخی خۆی بداته‌وه‌ و هۆكاره‌كانی لای ئه‌و گرنگن و به‌لای ئه‌وه‌وه‌ بایی ئه‌وه‌ن، كه‌ ئه‌و هه‌ڵسێ به‌ ئه‌نجامدانی ئه‌وكاره‌، گوێ پێ ده‌دات و ده‌بینین سامیری ده‌ڵێ: ئه‌وشتانه‌ی ئه‌وان دركیان پێنه‌كرد، من هه‌ستم پێكرد و به‌دیم كرد و دیتم به‌رژه‌وه‌ندی له‌و كاره‌دایه‌!

كۆمه‌ڵێك تاوان ئه‌نجام ده‌دات، په‌رت كردنی خه‌ڵك، پاره‌ لێ سه‌ندنیان، به‌كارهێنانی پاره‌كانیان بۆمه‌رامێكی به‌دی تایبه‌تی و تێر كردنی حه‌زێكی گه‌وره‌یه‌تی، سه‌رباری هه‌موو ئه‌مانه‌یش دوورخستنه‌وه‌یان له‌ عه‌قیده‌ی یه‌كخواناسی، كه‌ ئه‌مانه‌ هه‌موو به‌ڵگه‌ی گه‌وره‌ و گرانن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌رگیز هیچ كه‌س وه‌ك كورد ده‌ڵێ: (به‌دۆی خۆی ناڵێ ترشه‌)، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌یشدا، موسا(س)، پێی ده‌ڵێ: برِۆ كه‌س لێت نزیك نابێته‌وه‌ و پێی ده‌ڵێ: برِۆ ئازادبه‌!

ئه‌مه‌ بۆ؟

چونكه‌ موسایه‌ك(س)، كه‌ به‌وه‌ی خاوه‌نی په‌یامێكی ئاسمانییه‌، خاوه‌نی هه‌قی موتڵه‌قه‌، ده‌زانێت ئه‌و پۆخڵه‌واتانه‌ی ئه‌و سامیرییه‌ لافی پێوه‌ لێده‌دات، زۆر ته‌مه‌نی كورته‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ راستییه‌كان ده‌زانن و بۆخۆیان سه‌رپشكن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانیاندا.

رێگه‌ و گۆرِه‌پانه‌كانی چاكسازی له‌ قورِئانی پرِ له‌ به‌خششدا(4)

(ئه‌وكه‌سه‌ی به‌وردی له‌ بابه‌ته‌كانی نێو قورئانی پرِ له‌ به‌خشش ورد ببێته‌وه‌ و بیان خوێنێته‌وه‌ كه‌ باسی چاكسازییان تێداكراوه‌ و هاتووه‌، به‌رِوونی ئه‌وه‌ی بۆ به‌ دیار ده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌م وشه‌یه‌ و هه‌موو پێكهاته‌ و دارِشتنه‌كانی له‌ نێو قورِئان و ئه‌و جێگانه‌ی هاومانای چاكسازی ده‌گه‌یێنن، ده‌بینین له‌ نێو قورِئاندا جێگه‌ و پێگه‌ و پانتاییه‌كی زۆری وه‌رگرتووه‌، بگره‌ ده‌توانین بڵێین:

باسه‌كانی چاكسازی، بۆته‌ سیفه‌تێكی به‌رچاو و رِوون و دیاری قورِئان و داده‌نرێت به‌ یه‌كێك له‌و ئاكاره‌ گه‌ورانه‌ی، كه‌ ئه‌م قورِئانه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات و هانی خه‌ڵك ده‌دات بۆ وابه‌سته‌بوون پێیه‌وه‌، كه‌ هه‌ر ئه‌مه‌ به‌سه‌ - ئه‌گه‌ر ئێمه‌ به‌ باشی لێی بنوارِین - كه‌ ده‌بینین زیاتر له‌170جار به‌چه‌ند شێوازی دارِشتنی لێك جودا باسی كردووه‌.

ئه‌وه‌تا له‌لایه‌ك:

1: بانگه‌شه‌ بۆ هه‌رشتێك ده‌كات، كه‌ سه‌ربكێشێت بۆ واز هێنان له‌ تاوان و خۆ به‌ دوور خستن له‌ گه‌نده‌ڵی - به‌ هه‌موو ئه‌و مانایانه‌ی كه‌ وشه‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌یگرێته‌وه‌ - .

2: له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ بانگه‌شه‌یه‌، بۆ ئه‌نجامدانی كرداری په‌رستش ئامێز و له‌ دووی رێبازی رِاست چوون، كه‌ ئه‌وه‌یش ئه‌و په‌رِی چاكسازییه‌.

كه‌وابوو، وه‌ك زمانه‌وان و شاره‌زایانی زمانی عه‌ره‌بی، كه‌ قورِئانی پێ هاتۆته‌ خواره‌وه‌ ده‌یڵێن:

(ئیسلاَح)چاكسازی و (سه‌لاَح)چاكه‌یه‌.

به‌رامبه‌ری چاك بوون، خراپه‌ و گه‌نده‌ڵین و تایبه‌تن به‌ كرده‌وه‌.

له‌ قورِئاندا، ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ری چاكسازییه‌:

أ: به‌(فه‌ساد)گه‌نده‌ڵی ناوبراوه‌:

خوا ده‌فه‌رموێت:

(ولا تفسدوا في الأرض بعد إصلاحها)الأعراف: 56).

واته‌: (خه‌ڵكینه‌ دوای باش بوونی ئه‌م زه‌وییه‌، - به‌ هۆی ناردنی په‌یامبه‌رانه‌وه‌(س) - هه‌رگیز ئیفساد و خراپكاری تیامه‌كه‌ن)(5).

ده‌بینین، خراپكاری دوای چاكه‌كاری به‌(فه‌ساد)گه‌نده‌ڵی، ناو ده‌بات.

ب: به‌(سه‌ییئه‌)خراپه‌ ناوبراوه‌:

خوا ده‌فه‌رموێت:

(خلطوا عملا صالحا وأخر سيئا)التوبة: 102).

واته‌: (برِێ خه‌ڵكی تریش هه‌یه‌ ددانیان به‌گوناه و هه‌ڵه‌كانی خۆیاندا نا، كه‌ له‌ خه‌زای ته‌بووك - له‌ به‌رسستی خۆیان دواكه‌وتن - پاشان ته‌وبه‌یان كرد و په‌شیمان بوونه‌وه‌، هه‌ندێ كار و كرده‌وه‌ی چاكیان ئه‌نجامدا و برِێكی خراپیان تێكه‌ڵ كرد، بێگومان خوا لێیان خۆش ده‌بێ و ته‌وبه‌یان لێ وه‌رده‌گرێت، به‌رِاستی خوا بۆگوناه زۆر لێ بورده‌یه‌، زۆریش میهره‌بانه‌).

لێره‌یشدا، ده‌بینین، خراپكاری دوای چاكه‌كاری به‌(سه‌ییئه‌) خراپه‌، ناو ده‌بات و وه‌ك كرده‌وه‌ باسی ده‌كات.

خوا ده‌سته‌به‌ری چاكسازییه‌

ئه‌وه‌یشمان له‌ یاد نه‌چێت، كه‌ هۆكارێكی به‌ گه‌وره‌ دانانی چاكسازی، كه‌ نیشانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی چاكه‌ و به‌خته‌وه‌رییه‌، ئه‌وه‌یه‌، كه‌ خوای گه‌وره‌ بۆخۆی ده‌سته‌به‌رێتی و وه‌ك رِێز گرتنێك له‌وكاره‌ و به‌گه‌وره‌گرتنێكی بۆی، له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، وه‌ك سیفه‌تێك ده‌یداته‌ پاڵ خۆی و به‌كردارێكی خۆیی داده‌نێت، بگره‌ هانێكی زۆری مه‌ردمگه‌ل ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ شایانی په‌یامه‌كه‌ی، هه‌ربۆیه‌كه‌ چاككردنی بۆیان، به‌ چه‌ند شێواز و جۆره‌، وه‌ك:

یه‌كه‌م: یان به‌وه‌ی كه‌ بۆخۆی مرۆڤه‌كه‌ی به‌ چاك دروست كردووه‌، وه‌ك ده‌بینین خوا ده‌فه‌رموێت:

(وأصلح بالهم)محمد: 2(.

واته‌: (ئه‌وانه‌ش كه‌ برِوایان هێنابوو، كاره‌ چاكه‌كانیان كردبوو، برِوایان هێنا به‌ قورِئان كه‌ بۆ محمد(د.خ)دابه‌زێنراوه‌، وه‌ ئه‌وه‌شه‌ ئه‌و هه‌قه‌ له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاریانه‌وه‌ هاتووه‌ و كراوه‌ به‌ به‌رنامه‌ی ژیانیان، خوا گوناهه‌كانیان ئه‌به‌خشێ و حاڵیان چاك ئه‌كات له‌ دین و دنیادا).

ده‌بینین: سیفه‌تی چاككردن، ده‌بێته‌ سیفه‌تی خوا و چاككردنه‌كه‌ی بۆ برِوادار ده‌داته‌ پاڵ خۆی!

2: یاخود به‌وه‌ی كه‌ ئه‌و لایه‌نی خراپه‌ و گه‌نده‌ڵییه‌ی تێیدایه‌، لێی دوور ده‌خاته‌وه‌ و پێوه‌ی ناهێڵێ، وه‌ك ده‌بینین، خوا له‌ باسی ئه‌و كه‌سه‌دا كه‌ بۆخۆی و دایك و باوكی باشه‌ و دوعایان بۆ ده‌كا و بۆ منداڵ و وه‌چه‌ و بنه‌چه‌كانی خۆیشی ده‌پارِێته‌وه‌ و ده‌فه‌رموێت:

(وأصلح لي ذريتي)الأحقاف: 15 (.

واته‌: (نه‌وه‌ و منداڵه‌كانیشم بۆ ێاڵح و چاك بكه‌).

لێره‌دا چاككردن، دوای بوونی خراپه‌یه‌ و داوای نه‌هێشتنی ئه‌وخووه‌یه‌ تێیاندا.

3: هه‌ندێك جاریش حوكمی ئه‌وه‌ی ده‌دات به‌سه‌ردا و به‌وه‌ پێیدا ده‌ڵێت، كه‌ چاك بووه‌، وه‌ك ده‌فه‌رموێت:

(يصلح لكم أعمالكم)الأحزاب:71).

واته‌: (ئه‌وسا خوا كاره‌كانتان بۆرِاست دێنێ و هیدایه‌تتان ده‌كا بۆئه‌نجامدانی كاری چاك). یان وه‌ك ده‌فه‌رموێت:

(إن الله لا يصلح عمل المفسدين)يونس: 81).

واته‌: (هه‌رگیز خوا كار و كرده‌وه‌ی خراپه‌كاران راست ناهێنێ به‌ ئه‌نجامی ناگه‌یه‌نێ).

لێره‌وه‌ بۆمان به‌دیارده‌كه‌وێت كه‌ تا چه‌ندێك له‌ نێوان چاكسازی و چاكه‌دا، ئاوێته‌ بوون هه‌یه‌، كه‌ قورِئان به‌ هه‌ردووكیاندا ده‌ڵێت و به‌ باشه‌ باسیان لێ ده‌كات، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ لێك جودا نابنه‌وه‌، چونكه‌ چاكه‌ له‌ پێشدا خوو و رِه‌وشتی نێو ناخ و رِه‌وشتی تاكه‌، پاشان بۆچاكسازی ده‌چێت، كه‌ هه‌ردووكیان له‌ تاكدا جێ به‌جێ بوون، ئه‌وكات، كرده‌وه‌ به‌رزی و رِه‌وشت جوانی، له‌ ئاكار و گفتاره‌كاندا به‌رجه‌سته‌ ده‌بن.

ئه‌وه‌نده‌یش هه‌یه‌ له‌ ده‌سته‌واژه‌ی چاكسازیدا مانایه‌كی زێده‌یش هه‌یه‌، له‌ چاكه‌ گه‌وره‌تر، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌: كه‌ چاكسازی وێرِای چاك بوونی تاكه‌كه‌، چاككردنی خه‌ڵكانی دیكه‌یشه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی چاكه‌وه‌، كه‌ مه‌رج نیییه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی بۆخۆی چاك بێت، چاك سازیش بێت!

گه‌رچی هه‌رخودی چاك بوونیش كه‌م نییه‌، چونكه‌ ئه‌ویش كه‌ چاكه‌، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان، چاكسازه‌.

هه‌ربۆیه‌كه‌ گوتراوه‌:

چاكه‌كاران، خۆیان دروست ده‌كه‌ن و چاكسازی كاران، خه‌ڵكی داده‌رِێژن و دروست ده‌كه‌ن!

ده‌بینین: خوای گه‌وره‌ له‌ میانه‌ی نازكردنیدا به‌سه‌ر پیاوچاكان، باس له‌وه‌ده‌كات، كه‌ ئاكار و كرده‌وه‌كانیانی به‌ باش گێرِاوه‌ و یارمه‌تی داون بۆ ئه‌نجامدانی كاری چاكه‌ و ده‌فه‌رموێت:

(يا أيها الذين آمنوا اتقوا الله وقولوا قولا سديدا يصلح لكم أعمالكم ويغفر لكم ذنوبكم) الأحزاب: 71).

واته‌: (ئه‌ی ئه‌وانه‌ی برِواتان هێناوه‌ هه‌رله‌ خوابترسن و قسه‌ی راست و رِێك و پێك بكه‌ن، ئه‌وسا خوا كاره‌كانتان بۆرِاست دێنێ و هیدایه‌تتان ده‌كا بۆ ئه‌نجامدانی كاری چاك، گوناهه‌كانیشتان بۆ ده‌پۆشێ).

هه‌روه‌ها ده‌فه‌رموێت:

(والذين آمنوا وعملوا الصالحات وآمنوا بما نزل على محمد وهو الحق من ربهم كفر عنهم سيئاتهم وأصلح بالهم)محمد: 2).

واته‌: (ئه‌وانه‌ش كه‌ برِوایان هێنابوو، كاره‌ چاكه‌كانیان كردبوو، برِوایان هێنا به‌ قورِئان كه‌ بۆمحمد(د.خ)، دابه‌زێنراوه‌، وه‌ ئه‌وه‌شه‌ ئه‌و هه‌قه‌ له‌لایه‌ن په‌وه‌ردگاریانه‌وه‌ هاتووه‌ و كراوه‌ به‌ به‌رنامه‌ی ژیانیان، خوا گوناهه‌كانیان ئه‌به‌خشێ و حاڵیان چاك ئه‌كات له‌ دین و دنیادا).

له‌ پێشه‌نگی ئه‌وكه‌سانه‌یشه‌وه‌ كه‌ خوا ئیسلاَحی كردوون و سه‌رقافڵه‌ی چاكان بوون، پێغه‌مبه‌ران بوون(س)

1: وه‌ك ده‌بینین له‌مه‌رِ ئیبراهیمی خه‌لیل و خۆشه‌ویسته‌ نزیك و تایبه‌ته‌كه‌ی خۆی(س)، ده‌فه‌رموێت:

(ولقد اصطفيناه في الدنيا وإنه في الآخرة لمن الصالحين) البقرة: 130).

واته‌: (سوێندبێ به‌خوا، ئێمه‌ له‌ دنیادا ئیبراهیممان هه‌ڵبژارد و پایه‌ی په‌یامبه‌رێتی و پێشه‌وایه‌تیمان پێ به‌خشی و له‌دوا رۆژیشدا وا له‌ رِیزی چاكان و ێاڵحاندا).

2: له‌ باره‌ی عیسایشه‌وه‌(س)، ده‌فه‌رموێت:

(ويكلم الناس في المهد وكهلا ومن الصالحين)آل عمران: 46).

واته‌: (له‌ بێشكه‌دا و به‌گه‌وره‌ییش، له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا قسه‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ ده‌كا، یه‌كێكیشه‌ له‌ پیاوچاكان).

3: له‌ باره‌ی پێغه‌مبه‌رانی دیكه‌یشه‌وه‌(س)ده‌فه‌رموێت:

(وزكريا ويحيى وعيسى وإلياس كل من الصالحين)الأنعام: 85).

واته‌: (زه‌كه‌ریا و یه‌حیا و عیسا و ئیلیاسیشمان شاره‌زا و رِێنمایی كرد و بوونه‌ پێغه‌مبه‌ر(س)هه‌مووشیان له‌پیاو خاسانی خوا بوون).

یان ده‌فه‌رموێت:

(وإسماعيل وإدريس وذا الكفل كل من الصابرين وأدخلناهم في رحمتنا إنهم من الصالحين) الأنبياء: 85-86).

واته‌: (باسی ئیسماعیلی كورِی ئیبراهیم و ئیدریسی كورِی شیت و زولكفلیش بكه‌، هه‌ریه‌كێكیان له‌ ده‌سته‌ی خۆرِاگران و ئارامگران بوون، به‌رامبه‌ر به‌ به‌لاَ و تاقی كردنه‌وه‌كان، چونكه‌ ئیسماعیل بوو، ئاماده‌یی خۆیی ده‌ربرِی بۆسه‌ربرِینه‌كه‌ ....هه‌موویانمان به‌ هۆی ئارامیی و ێه‌لاحه‌تیانه‌وه‌ خسته‌ناو سۆز و میهره‌بانی خۆمانه‌وه‌، به‌هه‌شت و په‌یامبه‌رێتیمان پێ به‌خشین، چونكه‌ ئه‌وان له‌ پیاوچاكان و صالحان بوون).

په‌رِاوێزه‌كان:

(1)برِوانه‌ ته‌فسیری ئایه‌ته‌كانی148تا154له‌ سورِه‌تی (ئه‌لئه‌عراف)دا، هه‌روه‌ها ئایه‌ته‌كانی83 تا98له‌ سورِه‌تی(تاها).

(2)برِوانه‌ ته‌فسیری ئایه‌ته‌كانی107-110له‌ سوره‌تی(ئه‌لته‌وبه‌).

(3)برِوانه‌ ته‌فسیری ئایه‌تی52له‌ سورِه‌تی(ئه‌لحه‌ج).

(4)(بۆ نووسینی ئه‌م باسی چاكسازییه‌، سوودێكی زۆرم كردووه‌ له‌ نووسێنێكی: (الشيخ عز الدين رمضان) له‌ ژێر سه‌ردێرِی: (الإصلاح في القرآن(مفهومه وميادينه ومسالكه)، كه‌ له‌ ماڵپه‌رِی: (منتديات الكلمة الطيبة)دا بلاَوكراوه‌ته‌وه‌).

(5)(بۆ لێكدانه‌وه‌ی مانای ئایه‌ته‌كانی باسه‌كه‌، گه‌رِاومه‌ته‌وه‌ بۆ (ته‌فسیری رِامان له‌ مانا و مه‌به‌ستی قورئان)ـه‌ كه‌ی هاورِێ و خۆشه‌ویستم جه‌نابی مامۆستا ئه‌حمه‌دی كاكه‌ مه‌حموود(ر)، وه‌ك وه‌فایه‌ك بۆی و زیاتر بیرهێنانه‌وه‌ و ناساندنی ته‌فسیره‌كه‌ی به‌ خوێنه‌ری به‌رِێز).(خه‌باتی ژماره‌3716هه‌ینی4/3/2011لاپه‌رِه‌11).