یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية
په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
دامەزراوە لە 21-9-1970
*****    *****   وتاره‌ پێشنیاركراوه‌كانی ئه‌م هه‌فته‌یه‌    *****    *****   پرسه‌نامه‌ی یه‌كێتی زانایان بۆ وه‌فاتی مامۆستا مه‌لا ره‌شید قه‌ره‌نی زاده‌    *****    *****   بروسكه‌ی سه‌ره‌خۆشیی سه‌رۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی مامۆستا مه‌لا ڕه‌شید قه‌ره‌نی زاده‌    *****    *****    ڕانيه‌: مامۆستا مه‌لا سه‌ید مه‌حمود نۆڵیچکه‌یی كۆچى دواييكرد    *****    *****   مامۆستا مەلا عبدالرحمن وەرتی کۆچی دوایی کرد    *****    *****    هه‌ولێر: مامۆستا مه‌لا عوسمان قه‌ڵاتى كۆچى دواييكرد    *****    *****   سه‌رۆكى يه‌كێتى زانايان؛ پێشوازى لە به‌رێز مه‌تڕان به‌شار و شاندێكى ياوه‌رى ده‌كات    *****    *****   سه‌رۆكى يه‌كێتى زانايان پێشوازى له‌ قونسوڵى هه‌نگاريا ده‌كات    *****    *****   پێكه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ی جه‌ژن و هه‌ینی    *****    *****   یه‌كێتی زانایان داوای یاسایی له‌سه‌ر یونس راوی تۆمار ده‌كات    *****    *****   راگرتنی که‌ناڵی (سروشت) هه‌نگاوێکی مه‌ترسیدار    *****    *****   حوكمى زه‌كاتى پاره‌ى جوتیاران كه‌ له‌ برى ده‌غل له‌ حكومه‌ت وه‌رگيراوه‌   
مه‌لا ئاراس رواندوزی
به‌رواری دابه‌زاندن: 24/04/2011 : 13:53:06
قه‌باره‌ی فۆنت
ڕۆژنامه‌گه‌ری ئایینی‌و ئه‌ركی هه‌نووكه‌یی
له‌سه‌رووبه‌ندی تاوسه‌ندنی به‌رچاوی ڕه‌وتی خامه‌‌و، به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌هاو باڵانسی وشه‌و، هه‌ڵكشانی ڕۆڵ‌و ڕه‌واجی نووسین له‌چوارچێوه‌ی ڕووبه‌ری به‌رفراوانی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا په‌ره‌سه‌ندێكی وه‌رچه‌رخێنه‌ری ئه‌رێنی له‌پرۆسه‌ی خوێنده‌واریدا به‌رپابووه‌و، سه‌ڕهه‌ڵدانی جوڵانه‌وه‌یه‌كی جیاواترو پۆزه‌تیڤانه‌تر له‌سه‌ر ئاستی ڕووناكبیری‌و وشیاری خوێندنه‌وه‌و نووسین به‌دیده‌كرێت، كه‌ ته‌كانێكی به‌گوڕی داوه‌ته‌ كاروانی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی به‌ئاراسته‌ی بوژاندنه‌وه‌ی خه‌رمانه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی‌و دره‌وشاندنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگه‌ گه‌وهه‌رییه‌كه‌ی‌و، چه‌سپاندنی شوناسه‌ ئه‌ده‌بییه‌كه‌ی، كه‌ نه‌وه‌كانی ئێستاشمان به‌كارلێكه‌ری ئه‌و پێشهاته‌ گرنگه‌ زاده‌ی مه‌عریفه‌ییان‌و ڕۆشنبیری ئاخاوتنیان به‌رفراوانترو ڕه‌وانتر بووه‌.

ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردیش نه‌ك هه‌ر دانه‌بڕاوه‌ له‌ وابه‌ستبوون به‌ هه‌ڵكردن‌و هه‌نگاونان هاوشانی ڕه‌وته‌ جیهانییه‌كه‌ به‌ڵكو به‌ڵگه‌ زیندووه‌كان پاڵپشت به‌و پێشكه‌وتنه‌ سه‌رنجدراوه‌ی له‌ئه‌زموون‌و ته‌مه‌نی پڕ به‌خششیدا ڕه‌نگده‌داته‌وه‌ ده‌یسه‌لمێنن، كه‌ بۆته‌ ژماره‌یه‌كی دیارو كاریگه‌رو تاڕاده‌یه‌كیش یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ له‌ململانێی پێشبڕكێكردن له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمایه‌تی‌و ناوچه‌كه‌ بۆ نه‌خشاندنی جێده‌ستی ڕه‌نگینی خۆی له‌تۆماری پڕ له‌ده‌سكه‌وت‌و داهێنانی ڕه‌وتی ڕۆژنامه‌نووسیدا كه‌ ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی له‌ئێستای گوزه‌ری خۆیدا به‌وێستگه‌یه‌كی هه‌ره‌ زێڕین‌و ده‌وڵه‌مه‌ند به‌كه‌ره‌سته‌و پلانی ته‌كنیكی‌و ته‌كنه‌لۆژیایی هاوچه‌رخدا تێپه‌ڕ ببێت‌و له‌تریسكدانه‌وه‌و دره‌وشانه‌وه‌یه‌كی مێژوویی بێوێنه‌ دابێت كه‌ ئاماده‌گی‌و ڕۆڵی ڕۆژنامه‌گه‌ری ئایینی له‌پێكهێنان‌و پێشخستنی ئه‌م قۆناغه‌ گه‌شه‌سه‌ندووه‌یدا به‌هێزو به‌رچاو بووه‌و، ته‌نانه‌ت له‌ زۆر هه‌ڵوێست‌و بواردا پێشه‌نگ‌و په‌ره‌پێده‌ری ئه‌رێنی شێوازو میكانیزمی كاركردن‌و، داڕێژه‌ری نه‌خشه‌ی هاوسه‌نگبوون‌و به‌رقه‌رابوونی ئیقاعی عه‌قڵانی‌و لۆژیكیانه‌ بووه‌، له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م ڕاستییانه‌و دركاندنیان به‌ڕاشكاوانه‌ له‌م په‌ڕه‌گرافه‌دا به‌ئامانجی پیاهه‌ڵدان‌و ئارایشتكردنی ڕووخسارو مۆدێلی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی نییه‌ به‌ڵكه‌ ئامانج لێیان ئاماژه‌ پێدانییانه‌ وه‌كو ده‌سپێكێكی په‌یوه‌ندیدار به‌كرۆكی ناونیشانی بابه‌ته‌كه‌م چونكه‌ له‌پاڵ ئه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی له‌ئێستادا له‌ساته‌وه‌ختی دروێنه‌و چنینه‌وه‌ی ده‌سكه‌وته‌كانی ساڵه‌های ساڵی شه‌ونخوونی قه‌ڵه‌مه‌ پێشه‌نگه‌ به‌بڕشته‌كان به‌دیار پاكیزه‌یی‌و پیرۆزیی وشه‌ دایه‌ كه‌ له‌پشوودان‌و ووچاندان سڵه‌مینه‌ته‌وه‌و بێباكانه‌ له‌درێژه‌دان به‌شوێنكه‌وتنی هزرو فه‌لسه‌فه‌ی خاوه‌ن خامه‌ بنیاتنه‌ره‌كان تێكۆشاون‌و هه‌میشه‌ نكۆڵیان له‌ده‌سته‌وه‌ستان كردووه‌و له‌سۆنگه‌ی ماندوونه‌ناسییه‌وه‌ مه‌شخه‌ڵی نۆبه‌ره‌ی به‌رهه‌می ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردییان به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌ ڕاده‌ستی نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌نووس كردووه‌، وه‌لێ خاڵێكی گرنگ‌و گه‌وهه‌ری هه‌یه‌ كه‌ له‌ئێستای وه‌شانی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا زۆر به‌كه‌می ده‌بینرێ ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین هه‌ر نییه‌و!!!، لاوازبوونی په‌یامه‌كه‌ی لێكه‌وتۆته‌وه‌ كه‌ خوێنه‌ری كورد به‌ئاسانی سه‌رنجی لێداوه‌و به‌پاشه‌كشه‌یه‌كی ئاشكرای پێشڤه‌چوونی پرۆسه‌كه‌ی ده‌زانێت له‌ڕووی په‌یڕه‌وكردنی پێودانگه‌ بنچینه‌ییه‌كانی ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌كاره‌كانیدا تایبه‌ت به‌ له‌به‌رچاوگرتن‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ویست‌و حه‌زو سۆزی خوێنه‌ر، ئه‌و خاڵه‌ش په‌راوێزخستنی تایبه‌تمه‌ندی ئایینییه‌ له‌پانتاییه‌كه‌دا كه‌ مه‌گه‌ر به‌ده‌گمه‌ن له‌سه‌ر ڕووپه‌ری بڵاوكراوه‌یه‌ك یان گۆڤارو ڕۆژنامه‌یه‌ك بابه‌تێكی ئایینی نمایش ببێت ئه‌گینا سه‌رله‌به‌ری موماره‌سه‌كه‌ له‌بایه‌خدان به‌ پرس‌و بابه‌ته‌ سیاسی‌و ئابووری‌و وه‌رزشی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و شیكردنه‌وه‌ی ڕووداوو پێشهاتی ئه‌م بوارانه‌ ده‌رده‌كه‌وێت‌و، بواری شایسته‌ نه‌دراوه‌ به‌لایه‌نی ئایینی، كه‌ ئاشكرایه‌ ئه‌م شێوه‌كاركردنه‌ له‌م كایه‌ ستراتیژییه‌ی ڕۆشنگه‌ری‌و ئه‌ده‌بییه‌دا جگه‌ له‌بێبه‌شبوونی خوێنه‌ری كورد له‌ئاشنابوونی پتر به‌ئایینه‌كه‌ی‌و شرۆڤه‌كاری پێشهات‌و ڕووداوه‌كان له‌ڕوانگه‌یه‌كی ئایینیه‌وه‌ حاڵه‌تێكه‌ له‌ناهه‌قیكردن‌و بێ موبالاتی كه‌ ده‌بێت هه‌ڵوه‌سته‌ی جیددی له‌سه‌ربكرێت‌و، به‌وردی كار بۆ دۆزینه‌وه‌ی به‌دیلێكی گونجاو بكرێت بۆ ده‌رچوون له‌و ته‌نگه‌ژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه‌ خوێنه‌ره‌ به‌ڕێزه‌كان بخرێنه‌وه‌ سه‌ر ڕێچكه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ی په‌یامی قه‌ڵه‌م‌و له‌گرنگیی‌و به‌رپرسیارییه‌تی ئه‌و ئامرازه‌ پڕ له‌به‌خششه‌ وشیاربكرێنه‌وه‌ كه‌ باكگراونده‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ی له‌ئایینی ئیسلامه‌وه‌ ڕه‌نگده‌داته‌وه‌ كاتێك ده‌بینین قورئانی پیرۆز سوره‌تێكی به‌ناوی قه‌ڵه‌مه‌و خودای په‌روه‌ردگار سوێندی پێخواردووه‌، لێره‌داو به‌بۆنه‌ی ڕۆژی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردییه‌وه‌ ده‌مه‌وێت له‌ڕوانگه‌ی ئه‌و ڕاستییانه‌ی سه‌ره‌وه‌ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌ركی هه‌نووكه‌یی ڕۆژنامه‌گه‌ری ئایینی بكه‌م وه‌كو جه‌مسه‌رێكی ته‌واوكه‌رو كاریگه‌رو پشكدار له‌پێشكه‌وتنه‌ وه‌دیهاتووه‌كانی ڕۆژنامه‌نووسی كوردی كه‌ پێگه‌یه‌كی ستراتیژی له‌بونیادی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا دامه‌زراندووه‌و ئاراسته‌یه‌كی ئامانجداری له‌ڕووكاره‌كه‌یدا به‌رجه‌سته‌ كردووه‌و له‌ڕوانگه‌ی په‌رۆشی‌و خه‌مخۆری بۆ ئایین‌و گه‌یاندنی ناوه‌ڕۆكی په‌یام‌و ئامانجه‌ به‌رزه‌كانی به‌خوێنه‌ر چه‌كه‌ره‌ی كردووه‌ كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ خه‌ریكه‌ بوونی خۆی به‌كرده‌ییترو جدییتره‌وه‌ له‌چوارچێوه‌ی گرنگیدان به‌وشه‌ی كوردی‌و زاخاودانی مێشكی خوێنه‌ر به‌ بابه‌ت‌و شرۆڤه‌كاری ئایینی بچه‌سپێنێت‌و ببێته‌ زمانحاڵه‌ دڵخوازه‌كه‌ی هه‌وادارانی وشه‌ی شیرینی ئایینی‌و، له‌بازنه‌ی بابه‌تیبوون له‌گه‌ڵ پیشه‌كه‌دا په‌یامه‌كه‌ی په‌خش بكات، ڕۆژنامه‌گه‌ری ئایینی له‌ئێستاداو له‌و گۆڕانكارییانه‌ی هاوزه‌مانیدا ئه‌ركه‌كه‌ی قوڕستر بووه‌ به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ قۆناغه‌كانی پێشوودا به‌تایبه‌ت كه‌ ئێستا هاوكێشه‌كه‌ هه‌ستیارتر بووه‌ به‌وه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی گیرۆده‌ی ڤایرۆسی كوشنده‌ی زۆرێك له‌و قه‌ڵه‌مانه‌ بووه‌ كه‌ به‌شێوازی جۆراوجۆر ده‌كه‌ونه‌ هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌وه‌ ده‌رهه‌ق به‌ پیرۆزییه‌ ئایینییه‌كان‌و، شكاندن‌و پێشلكاریكردن‌و ناوزڕاندنی خه‌ڵك‌و ده‌ستبردن بۆ تایبه‌تمه‌ندی كه‌سه‌كان كه‌ ئه‌مه‌ دیارده‌و ده‌ركه‌وته‌یه‌كی ترسناكه‌ له‌پرۆسه‌ی ڕۆژنامه‌نووسییه‌وه‌و پێویسته‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری ئایینی به‌حه‌زه‌ره‌وه‌ له‌ئاستییاندا مامه‌ڵه‌ بكات‌و ڕاسته‌وخۆ نه‌چێته‌ نێو گێژاوه‌كه‌‌و له‌ئاست به‌رپرسیارییه‌تی‌و ئه‌مانه‌تی ئیتیكی پیشه‌كه‌ دابێت چونكه‌ تایبه‌تمه‌ندی‌و هه‌ستیاری هه‌لومه‌رجه‌كه‌ ده‌خوازێت له‌زۆربه‌ی كاته‌كاندا ڕۆژنامه‌گه‌ری ئایینی ببێته‌ هۆكارو فاكته‌ری هێوركردنه‌وه‌و دامركاندنه‌وه‌ی هه‌ڵچوونه‌ ده‌روونییه‌كان كه‌ مایه‌ی خۆشحاڵییه‌ ئه‌مه‌ وه‌كو دیارترین ده‌ركه‌وته‌ له‌په‌یام‌و ئامانجی خامه‌كانیدا پێڕۆ كراوه‌ نه‌ك خوا نه‌خواسته‌ ببێته‌ درێژه‌پێده‌رو درێژكه‌ره‌وه‌ی هه‌ڵوێستی ئه‌وانه‌ی رێخۆشكه‌رو ده‌ستپێشخه‌ری ورووژاندنی زمانی زبرن‌و باكیان نییه‌ له‌تیژكردنه‌وه‌ی نووكی قه‌ڵه‌مه‌كان بۆ مشتومڕو ملدانه‌ ده‌ماقاڵێی بێسوودو بێ ئه‌نجام، پێویستییه‌كی بنچیینه‌ییه‌ كه‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئایینی ڕه‌چه‌شكێن بێت به‌و مانایه‌ی به‌سته‌ڵه‌كه‌كانی نێو دونیای ڕۆژنامه‌نووسی بشكێنێت كه‌ ده‌ریبخات بۆ هه‌موو لایه‌ك كه‌ هه‌نگاوه‌كانی ڕووماڵكاری كردنی بۆ ڕووداوو پێشهاته‌كان له‌چه‌قبه‌ستوویی گواستۆته‌وه‌ بۆ چالاكبوون‌و چاودێریكردنی ده‌رهاویشته‌و ده‌ره‌نجامه‌كانی له‌ڕێی به‌دواداچوونی گه‌رم‌و زیندوو، زۆر زه‌رووره‌ قه‌ڵه‌مه‌كان له‌ڕێڕه‌وی ڕۆژنامه‌گه‌ری ئایینیدا ئاوازی یه‌كڕیزی‌و ته‌بایی‌و پێكه‌وه‌یی توێژی كاریگه‌ری زانایانی ئایینی بچڕن‌و پارێزگاری له‌قوڕسایی بوون‌و ڕۆڵیان له‌گۆڕه‌پانه‌كه‌و كایه‌ جیاوازه‌كانی ژیاندا بكه‌ن، چونكه‌ په‌رته‌وازه‌یی‌و ترازانی شیرازه‌ی په‌یوه‌ندی زانایان به‌واتای شڵه‌ژانێكی كوشنده‌ دێت بۆ پایه‌و پێناسه‌ی ئایینیان‌و، دۆخه‌كه‌ بۆ قوڕسایی‌و قازانجی نه‌یارانیان ده‌شكێته‌وه‌، هه‌روه‌ك گرنگه‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری ئایینی كار بۆ سڕینه‌وه‌ی شوێنه‌واری ناكۆكییه‌كان بكات به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ڕۆشنبیران‌و هه‌وڵبدات زه‌مینه‌سازییه‌ك بكات بۆ داڕشتنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی په‌یوه‌ندییه‌كان كه‌ زامنی مانه‌وه‌ی ڕۆحییه‌تی یه‌كتر قه‌بوڵكردن بێت له‌سه‌ر بنچینه‌ی ڕێزگرتن له‌یه‌كترو هه‌ڵبژاردنی دیالۆگ بۆ له‌یه‌كگه‌یشتن له‌كاتی هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری هه‌ر كێشه‌یه‌ك، چونكه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ متمانه‌ی هه‌ردوولا به‌یه‌كتر ده‌باته‌وه‌ ئاستی ئاسایی‌و سروشتی خۆی، ئه‌ركێكی تری ڕۆژنامه‌گه‌ری ئایینی ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت داهێنان‌و تازه‌گه‌ریی‌و تایبه‌تمه‌ندیی بكاته‌ ئامانجێكی سه‌ره‌كی له‌كاره‌كانییداو، به‌واتایه‌كی دیكه‌ پێویسته‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری ئایینی خۆی بپارێزێت له‌لاساییكردنه‌وه‌و دووباره‌كردنه‌وه‌ی كاره‌كانی لایه‌كی دیكه‌و نه‌چێته‌ ژێر كاریگه‌رییه‌كانییه‌وه‌، هه‌روه‌ك ئه‌ركێكی بنه‌ڕه‌تییه‌ كه‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری ئایینی گوتارو گوشاره‌ سرووشتییه‌كه‌ی به‌ ئه‌ندازه‌یه‌كی ئه‌كتیڤتر به‌ئاراسته‌ی ئیجابیبوون‌و ئینتیمابوون بۆ پێوه‌ری ڕاستگۆیی‌و پابه‌ندبوون به‌ ڕه‌هه‌نده‌كانییه‌وه‌ به‌رێت‌و، هه‌وڵبدات ببێته‌ ژێده‌ری متمانه‌و مه‌یسه‌ربوونی ده‌رفه‌تی ده‌سكه‌وتنی زانیاری ڕاست‌و دروست كه‌ ببێته‌ جێی په‌سن‌و په‌سندیی خوێنه‌ران، خاڵێكی تر كه‌ پێویسته‌ له‌كارنامه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری ئایینی دا ڕه‌نگبداته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت ببێته‌ ئه‌كادیمیایه‌كی پێشه‌نگ بۆ پێگه‌یاندنی خامه‌ی به‌تواناو، نه‌وه‌یه‌كی لێهاتوو له‌ ڕۆژنامه‌نووسی ئایینی ئاماده‌ بكات بۆ قۆناغه‌كانی داهاتوو به‌مه‌ش ده‌سكه‌وتی گرنگتر فه‌راهه‌م ده‌كات بۆ مێژووه‌كه‌ی‌و وه‌رچه‌رخان‌و بازدانی گه‌وره‌تر به‌ ئاراسته‌و ئامانجی خزمه‌تكردنی ڕه‌وت‌و ڕێڕه‌وی قه‌ڵه‌م‌و وشه‌ی شیرینی كوردی له‌ڕوانگه‌یه‌كی ئایینییه‌وه‌.