یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   لقێ دهوكێ ئێکەتیا زانایان و ئه‌وقافا دهوكێ: پێدڤیە کەنالێ وار و مێڤانێ وێ داخازا لێبورینێ بکەن    *****    *****   لقی سلێمانى يه‌كێتی زانايان به‌شداری له‌ ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی مزگه‌وتى گوندى پاڕه‌زان ده‌كات    *****    *****   بە بەژداری سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بروانامەی زانستی لە شارۆچکەی مەسیف بەرێوە دەچێت    *****    *****   یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی مامۆستا یادگار برادۆستی دەکات    *****    *****   ناونیشانی وتاری هەینی و بەرچاو ڕوونیەک بۆ وتاربێژان    *****    *****   لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان چەند چالاکیەک ئەنجام دەدات    *****    *****   چالاکیەکانی لقی کۆیەی یەکێتی زانایان    *****    *****   خولا تایبه‌ت یا ماموستایێن ئایینی ل زاخو    *****    *****   لقی سلێمانی یەکێتی زانایان بەژداری کردنەوەی مزگەوتی حاجی شەریف بیسەری دەکات    *****    *****   سیمینارێک لەبارەی مەترسیەکانی مادەی هۆشبەر لە شاوێس بەڕێوە چوو    *****    *****   لقی شەقڵاوەی یەکێتی زانایان لە کۆبوونەوەیەکی فراوان چەند پرسێک تاوتوێ دەکات    *****    *****   لقی کۆیەی یەکێتی زانایان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ساز دەکات   
مه‌لا عه‌بدوڵلا شێركاوه‌یی
به‌رواری دابه‌زاندن: 28/12/2011 : 22:27:22
قه‌باره‌ی فۆنت
په‌یامی وتاربێژان خزمه‌ته‌ نه‌ك خراپه‌ !
رووداوه‌كانی بادینان قسه‌ی زۆری له‌سه‌ر كرا‌و شیكردنه‌وه‌ی زۆریشی له‌باره‌وه‌ خرایه‌ روو، به‌تایبه‌ت میدیا‌و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن، بێ‌ ئه‌وه‌ی حیسابی ئه‌وه‌ش بكه‌ن، كه‌ قسه‌كردن‌و وروژاندنی هه‌ندێ‌ شت‌و مه‌سه‌له‌ی حه‌ساس له‌و ساته‌ وه‌خته‌ ده‌بێته‌ هۆی گرژی‌و ئاڵۆزی زیاتری وه‌زعه‌كه‌، كه‌وتنه‌ ته‌حلیلی باسه‌كه‌‌و ده‌یان قسه‌‌و لێكدانه‌وه‌ی جیا جیایان ڕشته‌ نێو جه‌ماوه‌رو ڕای گشتیه‌وه‌، كه‌ به‌ داخه‌وه‌ زۆرێك له‌و قسه‌ پێشوه‌ختانه‌ ده‌چوونه‌ خانه‌ی ( گولله‌ به‌تاریكی وه‌نانه‌وه‌).

ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی منه‌ ئه‌و هێرش‌و قسه‌ بێ‌ بنه‌مایانه‌ بوون، كه‌ مامۆستایانی ئایینی‌و وتاربێژانی كوردستانیان پێ‌ تۆمه‌تبار ده‌كرا‌و، خه‌ریك بوو بڵێن: كاری مه‌لا ته‌نها نانه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ شتانه‌یه‌‌و به‌س!! كه‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌كی ترسناكه‌‌و، جگه‌ له‌ ناشیرین كردنی كه‌سایه‌تی زانایانی ئایینی‌و مینبه‌ری مزگه‌وت شتێكی تری لێ‌ ناخوێندرێته‌وه‌.

جارێ‌ ده‌بێ‌ هه‌مووان بزانین، كه‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی گوتاری ئایینی‌و وتاربێژان، ئایینی پیرۆزی ئیسلامه‌‌و، ئیسلامیش زۆر راشكاوانه‌ راستی‌و ناراستی‌و هه‌ق‌و باتڵ‌و خێرو شه‌ڕی بۆ ئێمه‌ روون كردۆته‌وه‌، یه‌كێ‌ له‌و وه‌زیفه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كیانه‌ی خودی ئه‌و ئیسلامه‌ش له‌سه‌ر كۆی موسڵمانان دایناوه‌، وه‌زیفه‌ی ( ئه‌مر به‌ چاكه‌‌و نه‌هی كردنه‌ له‌ خراپه‌)، كه‌واته‌ وتاربێژ ده‌بێ‌ مونكه‌ڕو مه‌عروف بۆ خه‌ڵك روون بكاته‌وه‌‌و بنه‌ماكانی شه‌ریعه‌تیش شیی بكاته‌وه‌.


ئه‌گه‌ر بڕیار بێ‌ وتار بێژ هه‌ڵه‌ی كردووه‌، كه‌ باسی حه‌رامی‌و زیان‌و مه‌ترسیه‌كانی عاره‌قی كردووه‌، ئه‌وه‌ به‌هه‌ڵه‌ داچووین، چونكه‌ ئه‌وه‌ كاری مامۆستایانه‌ بۆ خه‌ڵكی روون بكه‌نه‌وه‌‌و شتێكی تازه‌ش نیه‌، كه‌ گوترا بێ‌ عاره‌ق حه‌رامه‌‌و ته‌نها ئه‌و مزگه‌وته‌ش نه‌بووه‌ باسی حه‌رامی عاره‌قی كردبێ‌..!

ئه‌گه‌ریش بڕیار بێ‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ باس نه‌كرێ‌ تا شعوری مه‌یخۆره‌كان بریندار نه‌بێ‌، ئه‌مه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌تره‌، له‌هه‌مان كاتدا پرسیارێك دێنێته‌ پێشه‌وه‌ به‌وه‌ی بۆچی‌و له‌ پێناو چی به‌و به‌ربڵاویه‌ دوكانه‌كانی مه‌یفرۆشی ده‌كرێنه‌وه‌‌و، خاتری مه‌یخۆره‌كان ده‌گیرێ‌ ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شعوریان تێك نه‌چێ‌! ئه‌ی باشه‌ بۆ رێز له‌ شعووری ئه‌و هه‌موو موسڵمانه‌ی كوردستان ناگیرێ‌، كه‌ قبوڵیان نیه‌ مه‌یخانه‌ به‌و شێوه‌ بكرێنه‌وه‌‌و گه‌نج‌و لاوی ئه‌و وڵاته‌ به‌ره‌و ئاقارێكی دوور له‌ قیه‌م‌و داب‌و نه‌ریتی كۆمه‌ڵگایه‌كی زۆرینه‌ موسڵمان ئاراسته‌ بكرێ!؟ مه‌گه‌ر هه‌ستی دیندارێتی ئه‌و هه‌موو موسڵمانه‌ پێویستی به‌ پارێزگاری‌و ڕاگرتن نیه‌؟!

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ هه‌ر كه‌ حه‌ده‌سێكی وه‌ها هاته‌ پێشه‌وه‌، یه‌كسه‌ر مامۆستایانی ئایینی‌و مینبه‌ری مزگه‌وته‌كان ده‌درێنه‌ به‌ر تانه‌‌و ته‌شه‌رو، وه‌ك بڵێی (نه‌ مزگه‌وت‌و نه‌ مه‌لا) هیچ خزمه‌تێكیان له‌و هه‌رێمه‌ نه‌كردبێ‌، یاخود توێژێكی زیاد بن‌و بار بن به‌سه‌ر كوردستانه‌وه‌! جارێ‌ من تێناگه‌م بۆ كه‌س باسی سه‌روه‌ریو هه‌نگاوه‌ ئیجابیه‌كانی زانایانی ئایینی له‌و هه‌رێمه‌ ناكات، له‌ كاتێكدا ده‌یان ئینجازو هه‌ڵوێست‌و په‌یامی ئاشتیخوازانه‌یان هه‌یه‌، كه‌ به‌ شاهێدی دۆست‌و دوژمن كاراترین كه‌سی نێو كۆمه‌ڵگه‌ن‌و، خاوێنترین په‌رێزیان هه‌یه‌‌و، ئه‌و په‌ڕی دڵسۆزیان به‌رامبه‌ر دین‌و خاك‌و وڵات نیشان داوه‌‌و، به‌ عه‌مه‌لیش ئه‌وانه‌یان سه‌لماندووه‌، كه‌ نمونه‌ زۆره‌‌و لێره‌ جێگه‌ی باسكردنیان نابێ‌. به‌ڵام له‌ زه‌قكردنه‌وه‌ی شتی بچووك، زل ده‌كرێته‌ گامێش‌و مینبه‌رو مزگه‌وتیش به‌ناشیرن وه‌سف ده‌كرێن.

لێره‌وه‌ جێی خۆیه‌تی ئه‌و راستیه‌ بڵێین، كه‌ له‌ هه‌ر رووداوێكی له‌و شێوه‌، ته‌نها یه‌كێتی زانایانه‌ دیفاع له‌ زانایان بكات‌و كه‌سی تر به‌ خه‌مخۆرو داكۆكیكاری زانایانی ئایینی نابینرێ‌، له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ له‌ جێیه‌ ئه‌گه‌ر گلییه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف بكه‌ین، كه‌ به‌داخه‌وه‌ نه‌یتوانیوه‌ له‌ ئاراسته‌ی سیاسه‌تی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی، وڵامێكی به‌هێز بۆ ڕای گشتی دروست بكات، كه‌ فیعله‌ن زانایانی ئایینی له‌و هه‌رێمه‌ دڵسۆزیان هه‌یه‌‌و، ئه‌وان پێشه‌نگی كاری چاكه‌‌و هه‌نگاوی پڕ خزمه‌ت‌و خه‌مخۆی خاك‌و وڵاتن.

كۆتا قسه‌م به‌وه‌ دێنم ده‌بێ‌ هه‌مووان ئه‌وه‌ بزانین، كه‌ مامۆستایانی ئایینی نه‌ك ته‌نها وتاربێژن، به‌ڵكو به‌شێكی گرنگی كۆمه‌ڵگه‌‌و ته‌نانه‌ت مێژووی میلله‌ته‌كه‌شمان‌و هه‌میشه‌ په‌یامی ئه‌وان بۆ كوردستان په‌یامێكی خێرو پڕ له‌ ته‌بایی بووه‌‌و، قه‌تیش له‌گه‌ڵ خراپه‌‌و ناكۆكی‌و ئاڵۆزی‌و نانه‌وه‌ی ئاشووب نه‌بووینه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌و په‌ڕی رێزه‌وه‌ بڕٍوانینه‌ پێگه‌ی زانایان‌و نه‌یانخه‌ینه‌ سه‌به‌ته‌ی خه‌تاباریه‌وه‌.
Sherkaway83@gmail.com

تێبینی: ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ژماره‌ 77 ی گۆڤاری (په‌یامی زانایان) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌..