ناونیشانی په‌رتوك
توێشووی ره‌مه‌زان

ناوه‌ڕۆکی په‌رتوك
پێشــــه‌كی
بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ
الحمد لله رب العالمين، والصلاة والسّلام علي سيدنا محمد () المبعوث رحمة للعالمين، الذي أرسله الله تعالي بالهدي ودين الحق بشيراً ونذيراً، وداعياً الي الله بإذنه وسيراجاً منيراً، وعلي يَ‌له وأصحابه ومَن تبعهم بإحسان الي يوم الدين:
مانگی پیرۆزی ره‌مه‌زان یه‌كێكه‌ له‌ روكنه‌كانی ئیسلام، خوای گه‌وره‌ له‌سه‌ر موسڵمانانی فه‌ڕز كردووه‌، بۆیه‌ ساڵانه‌ كه‌ مانگی ره‌مه‌زان دێت كه‌شێكی ئیمانی روو له‌ خه‌ڵكی موسڵمان به‌گشتی‌و موسڵمانانی كوردستان به‌تایبه‌تی ده‌كات، كه‌ ته‌عبیره‌ له‌ خۆشه‌ویستی خه‌ڵك بۆ ئیسلام‌و پابه‌ندیان به‌ رێنمایی ئایینی، له‌هه‌مان كات ره‌نگدانه‌وه‌ی پیرۆزی‌و به‌ره‌كه‌تی ئه‌و مانگه‌یه‌ به‌سه‌ر لایه‌نی رۆحی‌و ئیمانی موسڵمانان ده‌ره‌كه‌وێت.
گرنگه‌ هه‌مووان پێكه‌وه‌ به‌ رۆحێكی ئیمانی خۆی بۆ ئاماده‌ بكه‌ین‌و، به‌و په‌ڕی نیه‌تپاكی‌و خواپه‌رستی‌و كاری چاكه‌‌و خێر پێشوازی بكه‌ین.
مانگی پیرۆزی ره‌مه‌زان قوتابخانه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌، ده‌یان وانه‌ی گرنگ‌و سه‌دان په‌یامی ئینسانی‌و ئیمانی له‌خۆ گرتووه‌، بۆ سه‌ر له‌نوێ‌ داڕشتنه‌وه‌ی ناواخن‌و ده‌روون‌و لایه‌نی ویژدانی مرۆڤی ئیماندار، تا به‌ هۆیه‌وه‌ هه‌م له‌خوا نزیك بێته‌وه‌‌و هه‌میش هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی رێك خاته‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ بكه‌ینه‌ هانده‌رێكی سه‌ره‌كی له‌ ئاشتبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و برایه‌تی‌و رێز لێك نان‌و قه‌بوڵكردنی به‌رامبه‌رو به‌رجه‌سته‌كردنی سیمانی دینداری‌و پاراستنی ده‌سكه‌وته‌ نیشتمانیه‌كان‌و قوڵكردنه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی به‌رامبه‌ر به‌خوا‌و خه‌ڵكی موسڵمانه‌وه‌.
هه‌روه‌ك داوای برایانه‌شم له‌ مامۆستایانی ئایینی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ وه‌ك هه‌میشه‌ به‌و په‌ڕی دڵسۆزیه‌وه‌ له‌رێی شیكردنه‌وه‌ی په‌یامه‌كانی ئیسلام بۆ خه‌ڵك، خزمه‌تی زیاتر پێشكه‌ش بكه‌ن‌و هۆشیاری زیاتریش له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه‌ بده‌ن، كه‌ مانگی ره‌مه‌زان ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ پاكبوونه‌وه‌‌و دابه‌زینی ره‌حمه‌تی خوایی‌و هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ‌، كه‌ پێویسته‌ له‌ ئاكارو ره‌فتاره‌كانه‌وه‌ ره‌نگ بداته‌وه‌‌و به‌سه‌ر جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌ركه‌وێت.
هه‌روه‌ك ده‌بێ‌ رۆژوو گرتن‌و ئه‌نجامدانی خواپه‌رستی له‌و مانگه‌، ببێته‌ هه‌وێنی خه‌یرو چاكه‌خوازی‌و هه‌ستی به‌رزی دینداریه‌كی دروست‌و خۆشه‌ویستی گه‌ل‌و نیشتمان، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین رۆژ به‌رۆژ به‌ره‌و پێشترو ئاینده‌یه‌كی پڕ به‌خته‌وه‌ری‌و ته‌بایی برۆین له‌ كوردستانی ئازیزماندا.
خوازیاریشم خه‌ڵكی بارزگان‌و دوكاندار ئه‌و مانگه‌ نه‌كه‌نه‌ هه‌ل بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی كاڵا‌و كه‌ل‌وپه‌له‌كانیان، هه‌روه‌ك ده‌خوازم خه‌ڵكی ده‌وڵه‌مه‌ندو خواپێداویش ئاوڕی جدی‌و زیاتر له‌ خه‌ڵكی هه‌ژار بده‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رێی هاوكاریانه‌وه‌، ماڵی خۆیان پاك راگرن‌و ئاستی ژیان‌و گوزه‌رانی خه‌ڵكی پێویستیش باشتر بكه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ش حیكمه‌تی زه‌كاته‌ له‌چوارچێوه‌ی ئیسلامدا له‌سه‌ر موسڵمانان فه‌رز كراوه‌.
ئه‌وه‌ی به‌رده‌ست كۆمه‌ڵێك فه‌توای تایبه‌ته‌ به‌ ئه‌حكام‌و پرسیاره‌ جۆراوجۆره‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ مانگی ره‌مه‌زان‌و رۆژوو گرتن، كه‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توای یه‌كێتی زانایان له‌ ماوه‌ی رابردوو ده‌ری كردوون، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك بابه‌ت‌و وتاری تری تایبه‌ت به‌ گه‌وره‌یی‌و حیكمه‌ت‌و ئامانج‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی رۆژوی مانگی ره‌مه‌زان، كه‌ هه‌وڵماندا له‌و كتێبه‌ بڵاویان بكه‌ینه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ توێشووێك بۆ خزمه‌تی زیاترو هۆشیاری پتر له‌ باره‌ی ئه‌و مه‌وسمه‌ گه‌وره‌وه‌.
ئه‌و نووسینه‌ هه‌نگاوێكی موته‌وازیعانه‌یه‌ بۆ به‌رچاو روونی‌و كارئاسانی‌و ئاشنا بوونی مامۆستایانی به‌رێزی ئایینی، سه‌باره‌ت به‌ فه‌تواكانی تایبه‌ت به‌و مانگه‌‌و كۆمه‌ڵێك وتاری په‌یوه‌ستی ئاماده‌كراوو بۆ خوتبه‌‌و وتاری عه‌سرانه‌وه‌.
لێره‌وه‌ به‌ پێویستی ده‌زانم ده‌ست خۆشی له‌ برایانی به‌رێز له‌ راگه‌یاندنی یه‌كێتی زانایان به‌تایبه‌ت ( د. محمد نه‌سڕوڵڵا‌و مه‌لا عه‌بدوڵڵا شێركاوه‌یی) بكه‌م، كه‌ ئه‌ركی ئاماده‌كردنی ئه‌و به‌رهه‌مه‌یان گرته‌ ئه‌ستۆ.
به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی بتوانین له‌ رێی مینبه‌رو ئامۆژگاری‌و شرۆڤه‌ی رێنماییه‌ ئایینی‌و ئه‌خلاقیه‌كانه‌وه‌، خزمه‌تێكی شایسته‌ به‌ موسڵمانان بگه‌یه‌نین‌و نزای خێریش بۆ كوردو كوردستان بكه‌ین.



د. عبدالله مه‌لا سه‌عید گرتكی
سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان
25/4/2019

ئه‌م کتێبه‌ دابه‌زێنه‌