ئەمرۆ 29ی9ی2025 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان، بە ئامادەیی مامۆستا مەلا جلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سەرکردایەتی؛ پێشوازی لە شاندێکی باڵای کەنیسەی ئۆرسۆدۆکسی ڕۆژهەڵات لە روسیا بەسەرۆکایەتی بەرێز ئەنتۆن سێڤریوک جێگرو جێنیشینی پاتریاکی کەنیسەی ئۆرسۆدۆکسی ڕۆژهەڵات لە روسیا کرد.
لە دانیشتنێکدا بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای بەخێرهێنان و خۆشحاڵی دەربڕین، باسی لە رەوشی ئایینی و رۆڵی دامەزراوەی ئایینی لە هەرێمی کوردستان و ئەو پێکەوەژیانەی هەیە کردو، کە خۆشبەختانە گرفتی ئایینی نیە لە کوردستان بەڵکو پێکەوەژیان و پەیوەندی و هەماهەنگی باش لە نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان هەیەو ئەمەش بۆتە نمونەیەکی جێی شانازی بۆ هەموو لایەک و وڵاتانی دەرەوە.
لەلایەن خۆشیانەوە شاندەکە وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین بە دیدارەکەو ئەو پێشکەوتنانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە دەربڕی و باسیان لە رەوشی ئایینی روسیاو کاراکتەرە ئایینیەکان کردو ئەوەشیان نەشاندەوە کە لە هەرێم دۆخێکی باش بۆ هەمووان هەیەو رێزگرتن و یەکتر قەبوڵکردن لە ئاستێکی باش دایە.
شایەنی باسە شاندەکە پێکهاتبوو لە بەرێزان: ئەنتۆن سێڤریوک جێگری و جێنیشینی پاتریاکی کەنیسەی ئۆرسۆدۆکسی ڕۆژهەڵات (ڕووس و سڵاڤیان) و، نیکۆڵای ڤاسین یاریدەدەری پاتریاکی کەنیسەی ئۆرسۆدۆکسی ڕۆژهەڵات و، ئەنتۆن ئیگومنۆڤ سکرتێری بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کەنیسەی ئۆرسۆدۆکسی ڕۆژهەڵات و، سامانۆ ئۆدیشۆ قەشەی سەرەکی پەرستگای (مات مریەم) لە ڕووسیا و، د. دانەر ئەبوبەکر لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا هاوشاند و وەرگێریان و، ئەردەوان حسن بەپرسی دیسکی ڕووسیا لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەو، شڤان مەحەمەد لە دیسکی ڕووسیا لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و، ماکسیم ڕووبین، قونسوڵی گشتی ڕووسیا.