ئەمرۆ 27ی10ی2025 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی ە ئەنجومەنی ناوەندی و بەرپرسی لقی هەولێری یەکێتی زانایان و ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی شاری هەولێر؛ سیمینارێکی تایبەتی لە لقی هەولێری یەکێتی زانایان بەناونیشانی (رۆڵی ئایین لە پرسە نیشتمانی و کۆمەڵایەتیەکاندا) پێشکەش کرد.
سەرەتای سیمینارەکە بە چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستی پێکردو دواتر بەرێز مامۆستا شێخ موسی باقلانی بەرپرسی لقی هەولێری یەکێتی زانایان وتەی بەخێرهاتنی پێشکەش کرد.
پاشان بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان سیمینارەکەی پێشکەش کردو تێیدا تیشکی خستە سەر رۆڵی ئایین لە ناو کۆمەلطەی کوردی و رۆڵی زانایانی ئایینی لە بایەخدان بە پرسە نیشتمانی و کۆمەڵایەتیەکان، کە بەدرێژایی مێژوو زانایانی کورد خزمەتی گەورەیان پێشکەش کردووەو کاریگەریان نواندووە، چەند نمونەیەکی لە زانایان هێنایەوە کە چەندە بە تێگەیشتنی دروست و زانستی هەنگاویان ناوەو بۆ ئێستای مایەی ئەزموون و پێشەنگین.
لە بەشێکی تری قسەکانی سەرۆکی یەکێتی زانایان ئاماژەی بە کاریگەری مامۆستایانی ئایینی لە بواری ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و پاڵپشتی ئەزمونەکەمان و پاراستنی سەقامگیری و دەسکەوتەکان و قوڵکردنەوەی هزری نیشتمانپەروەی و مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیان کرد.
هەروەک ئەوەشی گوت: پێویستە زانایانی ئایینی بە گوتارو تێڕوانین و تێگەیشتنی زانستیانە پەرە بە تواناو هەلضوێست و پەیامەکانیان بدەن و مامەڵەی دروست لەگەڵ پێشهاتەکان بکەن.
لە بەشێکی تری قسەکانی ئەوەشی باسکرد: کە ئێستا کوردستان لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنێکی تایبەتە بۆ ئەوەی نوێنەری کورد لە بەغدا داکۆکی لەمافە رەواکانی میللەتەکەمان بکات، بۆ ئەمەش پێویستە هەمووان هاوکار بین و خەڵک هانبدەین بۆ بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان، چونکە کوردستان چەند بەهێز بێت ئەوەندە زیاتر زامنی مافەکانمان دەبێت لە بەغدا.
شایەنی باسە دواتر مامۆستایانی بەشدار ئامادەبوو بە پرسیارو سەرنج و پێشنیار سیمینارەکەیان دەوڵەمەندتر کردو سەرکەوتووانە کۆتایی هات.