بەو پێیەی تا ئێستا وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بڕیار وەرگرتنی دەرچووانی ئامادەیی ئیسلامی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی نەداوە، لە کاتێکدا سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بە نوسراوی ژمارە 12149 لە بەرواری 1ی10ی2025 وەزارەتی خوێندنی باڵای ئاگادار کردۆتەوە، کە رەزامەند بێت لەسەر وەرگرتنی قوتابیانی قوتابخانەکانی خوێندنی ئیسلامی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، بەڵام تا ئێستا وەزارەتی خوێندنی باڵا رەزامەندی نیشان نەداوەو چارەنووسی ئەو قوتابیانە نادیارە,
ئەمرۆ 27ی10ی2025 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بەدواداچوونی وردی بۆ ئەم بابەتە کردو لەهەوڵی جددی دایە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ بەرێز د.پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و ناوەندی بڕیار بەدەست لەسەر هێڵ بووە بۆ ئەوەی بەزووترین کات پرسی وەرگرتنی ئەم قوتابیانە یەکلایی بکرێتەوەو لە خوێندنی ئەمساڵ 2025-2026 بێ بەش نەبن و لە زانکۆ وەربگریرێن.
هەر ئەمرۆ لەسەر ئەم پرسە نوسراوێکی فەرمی و تایبەتی بە ژمارە (1225) ئاراستە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی کردووەو تێیدا هاتووە: سەبارەت بە دەرچووانی خوێندنی ئیسلامی تکامان وایە رەزامەندی بفەرموون هاوشێوەی ساڵانی رابردووە بە وەرگرتنیان لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان.
شایەنی باسە ئێستا 20 ئامادەیی خوێندنی ئیسلامی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەیەو ساڵانە بێ کێشە لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان وەردەگیران، بەڵام ئەمساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا بە فەرمانێک نارازیبوونی خۆی لە وەرگرتنی ئەم قوتابیانە راگەیاندووە بە بیانووی ئەوەی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینین، ئەمەش وای کردووە تا ئێستا چارەنووسی ئەم قوتابیانە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.