ئەمرۆ 16ی12ی2025 بە ئامادەبوونی بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سەرکردایەتی و فەتواو بەرپرسی لقی هەولێری یەکێتی زانایان و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی ئایینی خولێکی زانستی تایبەتی لەسەر ماددەی هۆشبەر بەرێوەبرد.
خولەکە لەلایەن (یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان) بە هەماهەنگی (رێکخراوی SHWILA-- بۆ پەرەپێدانی بەردەوام و کاری مرۆیی) بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر بۆ 60 مامۆستای ئایینی هەولێرو دەوربەری رێکخرا بوو.
لە وتارێکدا بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان تیشکی خستە سەر ناوەرۆکی بابەتەکەو رۆڵی زانایانی ئایینی لە بەرەنگاربوونەوەی مەترسیەکانی ماددەی هۆشبەر، کە وەک ئافەتێکی سەردەم و هەڕەشە رووبەرووی میللەتان بۆتەوە، هەروەک ئاماژەی بە چەند بەڵگەو رێسایەکی شەرعی کرد، کە باس لە حەرامێتی و مەترسی و حوکمی ئەو دیاردەی دەکەن خستە ڕوو، راشیگەیاند؛ لەپێناو کوردستانێکی ئارام و سەلامەتی خێزان و کۆمەڵگە گرنگە هەمووان هەست بە بەرپرسیارێتی بکەین و هاوکاربین لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەو بەرەنگاربونەوەی ماددەی هۆشبەر..
پاشان بەرێز یوسف أبرائیل بەرێوەبەری بەرنامەکان لە رێکخراوی SHWILA-- بۆ پەرەپێدانی بەردەوام و کاری مرۆیی وتارێکی پێشکەش کردو وێڕای سوپاسی یەکێتی زانایان بۆ رێکخستنی ئەم خولە زانستیە، تیشکی خستە سەر رۆڵی پیاوانی ئایینی لە رووبەڕوو بوونەوەی مەترسی مادەی هۆشبەر لەسەر کۆمەڵگە، بەتایبەت گەنجان پێویستی زۆریان بە هۆشیاری پتر هەیە بۆ ئەوەی نەکەونە ناو ئەو دیاردە ترسناکە..
دواتر بەرێز نەقیب ئەرکان عومەر وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان بابەتێکی گرنگی لەم بارەوە پێشکەش کردو تێیدا بە وردی باسی لە زیان و مەترسیەکانی مادەی هۆشبەر کردو چەندین داتاو ئامارو مەترسی ئەو دیارەدەیە خستەڕوو، هەروەها رۆڵی حکومەت و دەزگا ئەمنیەکان لە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە چوارچێوەی بەرێوەبەراتیەکەیان نیشان دا، هەروەک ئاماژەی بە رۆڵی زانایانی ئایینی لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە دا، کە رۆڵێکی گرنگ و پێویستە لەرێی مینبەرەکانەوە خەڵک لەو مەترسی و هەڕەشەیە ئاگادار بکرێتەوە..
شایەنی باسە؛ دوای پێشکەشکردنی بابەت و وتارەکان ئامادەبووان بە پرسیارو پێشنیارو سەرنج دانیشتنەکەیان دەوڵەمەنتر کردو، لە کۆتایی خولەکەش بڕوانامەی بەشداربوون پێشکەش بە مامۆستایانی ئایینی بەشداربوو کرا، وەک رێزگرتن لە هەوڵ و خزمەت و هەنگاوەکانیان لەم بوارەدا.