ئەمرۆ 28ی1ی2026 بەرێزد.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بەرێز موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی تاوتوێی رەوشی کوردانی رۆژئاڤای کردو هیوای خواست هاوکارییەکان بە ئەمانەت و دادپەروەرانەو بەزوویی بگاتە خەڵکی ئاوارەو لێقەوماو و گەمارۆدراوی ناوچەکە.
لەپەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا سەرۆکی یەکێتی زانایان دەستخۆشی ئاراستەی دەزگای خێرخوازی بارزانی کردو سوپاسی هەموو خەڵکی کوردستان و خێرخوازان و خواپێداوانیش کرد، کە لە هەڵمەتی کۆکردنەوەی کۆمەکی جوامێرانە هاتنەمەیدان و لە خەمی کوردانی رۆژئاوا دابوون، هەروەک باسی لە رۆڵی زانایان بۆ پاڵپشتی کەمپینەکان و هاندانی خەڵک بۆ بەشداری ئەو ئەرکە ئایینی و نەتەوەییە بەرزنرخاند.
لەلایەن خۆشیەوە سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی سوپاسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی کرد بۆ پالپشتی و نرخاندنی هەوڵەکان لە بەهاناوەچوونی برایانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، دڵنیایی ئەوەشی دا بە دڵسۆزی و بەوپەڕی ماندونەناسی و ئەمانەتەوە خزمەت دەکەن و هاوکاری و کۆمەکی و پێداویستی دەگەیننە هاوڵاتیانی رۆژئاوا، هەروەک سوپاسی رۆڵی زانایانی ئایینی کرد لە پشتیوانی ئەوهەڵمەتە گەورە مرۆییەی لەئارا دایە.