ئەمرۆ 13ی4ی2026 بە ئامادەبوونی بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و فەرهاد محمد سەرۆکی دەزگای گوڵان و شاندێکی یاوەری و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی ئایینی، سیمینارێکی تایبەت بەناونیشانی (هەڵوێستە ئایینی و نەتەوەییەکانی مەلا کورد) بۆ بەرێز د.سیروان کەرکوکی نووسەری کتێبی (ئەو دەنگانەی ستەمکار دەترسێنن) بەرێوەچوو.
سەرەتای سیمینارەکە بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان لە وتەیەکدا وێڕای دەستخۆشی لە هەنگاوەکە، باسی لە چەند وێستگەیەکی هەڵوێستی زانایانی کرد، کە هەمیشە زانایان وەک پارێزەرو بەرگریکار لە بەرامبەر مافە ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانیەکان وەستان و خزمەتی کۆمەڵگە دەکەن، هەروەک هیوای خواست باسکردنی هەڵوێستی زانایان هەنگاوێک بێت بۆ مامۆستایانی ئاینی هەمیشە لەسەر ئایین و نەتەوەی خۆیان بە هەڵوێست بن.
دواتر بەرێز د.سیروان ئەحمەد کەرکوکی نووسەری کتێبی ناوبراو لە چوارچێوەی ناونیشانی سیمینارەکە، بابەتێکی پێشکەش کردو تێیدا باسی لە رۆڵ و هەڵوێستی مەلای کورد کرد، کە لە رابردوو بەرامبەر رژێمەکان وەستاوەتەوەو دلێرانە دەنگی رەوای گەلەکەیان بوون، لەم بارەوە چەندین زاناو کەسایەتی دیاری لە مەلای کورد هێنایەوە کە هەڵوێستەکانیان بۆنەتە هەوێنی گۆڕینی ئاراستەی ئەو هەنگاوانەی پێچەوانەی ویستی کورد بووە.
شایەنی باسە دواترمامۆستایای بەشدار لە سیمینارەکە بە پرسیارو سەرنج و خستنە رووی چەندین هەڵوێستی تری زانایان بابەتەکەیان دەوڵەمەند کرد، هەروەها سەرۆکی یەکێتی زانایان سوپاس و پێزانینی ئاراستەی د.سیروان کەرکوکی کرد لە پای پێشکەشکردنی سیمینارەکە.