ڕاپۆرتەكەی ئێن ئاڕ تی(n.r.t) و ڕشتنی ڕق بەرامبەر بە مزگەوتەكانی كوردستان

ئەو ڕاپۆرتەی كەناڵی ئێن ئاڕ تی شەوی پێنجشەممە 9/10-5 بڵاوی كردەوە لە بارەی دروستكردنی مزگەوت لەلایەن خێرخوازان و ژمارەی مزگەوت لە هەرێمی كوردستاندا، لێدانەوەی هەمان قەوان بوو كە چەندین ساڵە لێ دەدرێ، كە دەڵێ: مزگەوت لە كوردستان زۆرە و زیاد لە پێویستە، بۆچی خەلك تەنها مزگەوت دروست دەكەن؟ بۆ قوتابخانە و نەخۆشخانە دروست ناكەن... هتد.

لەگەڵ ئەوەیشدا ئەگەر ڕاپۆرتەكە خستنەڕووی بابەتەكە بووایە بە شێوەیەكی بێلایەنانە و پێشنیاری فراوانكردنی بازنەی كاری خێرخوازی، بۆ من ئەوەندە جێی ڕەخنە نەدەبوو بەڵكوو زۆریش ئاسایی دەبوو، بەڵام بە داخەوە ڕاپۆرتەكە بە ئەندازەیەك لایەنداری و بێ ئینسافیی تێدا بوو كە هەستی هەزاران موسڵمان و نوێژخوێنی مزگەوتەكانی بریندار كرد و سووكایەتیی پێ كردن.

من لێرەدا ناچمە سەر ناوەرۆكی ڕاپۆرتەكە و قسەی بەشداربووانی، چونكە زۆر قسەی باش و ڕاستیشی تێدا كرا، بەڵام وەك پەندە عەرەبییەكە دەڵێ (كلمە حق أرید بها باطل) ئەوان ئەو (كلمە حق)ـانەیان بۆ مەبەستێكی تر بە كار هێنا، كە بریتی بوو لە كەمكردنەوەی بایەخی مزگەوت و پیشاندانی وەك مەترسی لەسەر ئایندەی كوردستان.

باشترین بەڵگەیشم لەسەر ئەو مەبەست و نیازە غەرەزاوییە، پیشاندانی مزگەت و نوێژخوێنانی كوردستان بوو لە شێوەی فیلمێكی ترسناكدا، لەگەڵ ئەو مۆسیقا نەساز و دەنگە ترسێنەرەدا وەك ئەوەی حەشارگەی تیرۆریست و باندە مافیایییەكان پیشان بدات.

من لەو بەڕێزانە دەپرسم ئەگەر ئەهلی مزگەوت وەك تیرۆریست تەماشا بكەین كام ماڵ و خانەوادە هەیە لەو كوردستانەدا تیرۆریستێكی تێدا نەبێ؟! ئەگەر ئەوانەی دەچنە مزگەوت پیاوە خراپەكانی كۆمەلگا بن ئەدی دەبێ پیاوە باشەكانی كامە بن؟! دەبێ هەر ئەو مشتە ئیعلامی و بە ناو ڕۆشنبیرانە بن كە جگە لە خۆیان نەبێ كەسی تر نابینن.

نیشانەیەكی تری ناكامڵی و واقیعینەبوونی ڕاپۆرتەكە ئەو بانگە (فارسی ئاوازە ئێرانییە) بوو كە لەگەل وێنەی مزگەوتەكانی هەولێر لێ دەدرا، كە لە هیچ مزگەوتێكی ئەو شارەدا بانگدان بەو ئاوازە بوونی نییە.

شایانی باسە ئێن ئاڕ تی(n.r.t) بە كەنالێكی سەركەوتوو دادەنرا لە بواری هەواڵ و بابەتی سیاسی و، تا ئێستا جێگەی متمانەی بەشێكی زۆری خەلكی كوردستان بووە لە ڕووی پیشەییبوون و بێلایەنی بەرامبەر بە لایەنە سیاسییەكان و ئایدیا جۆراوجۆرەكان، بەڵام خەریكە لە ڕێی ئەو جۆرە بەرنامە و ڕاپۆرتانەوە وردە وردە دیوەكەی تری خۆی دەر دەخات و ناسنامە ڕاستەقینەکه‌ی خۆی ئاشكرا دەكات، ئێن ئاڕ تی(n.r.t) ئێستا بە ئاشكرا لە سەنگەری بەرەی چەپ و عەلمانییە توندڕەوەكانەوە تۆمەت و توانج دەگرێتە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و ڕەمزەكانی، ئەوەیش ڕاستییەكە هەموو بینەرێكی وشیار هەستی پێ دەكات، وە ئەگەر لەسەر ئەو ڕەوتەی بەردەوام بێت لە ئایندەیەكی نزیكدا هەموو تاكێكی ئەم هەرێمە دەرك بەو ڕاستییە دەكات و كەناڵەكەیش متمانە جەماوەرییه‌که‌ی خۆی دەدۆڕێنێ.