خولێخۆشبوو یان خوالێیخۆش بێت

پێشان لە لافیتەی مردن‌و بروسكەی ماتەمینی دەنووسرا (خوالێخۆشبوو) ئەم وشەیە بۆ مردووەكە بەكار دەهێندرا، بەڵام ماوەیەكە ئەم وشەیە گۆڕاوە خۆشنووس‌و بروسكە‌و تا دەگاتە راگەیاندنەكان، دەنوسن (خوالێیخۆش بێت)، چونكە پێیان وایە ئێمە نازانین داخۆ خوا لێیخۆش بووە یان نا، بۆیە دەنووسن (خوالێیخۆش بێت) كە ئەوە دوعا‌و پاڕانەوەیە.

جارێ‌ خودی ئەم هەموو مونافەسەیە لەسەر لافیتە نووسین‌و پڕكردنی پێش دەرگەی مزگەوت خۆی لە خۆیدا جێگەی هەڵوەسە‌و قسەلەسەر كردنە.

بەڵام گۆڕینی (خوالێخۆشبوو) بۆ (خوالێیخۆش بێت) هەڵەیەكی گەورەیە، كە خەریكە تەواو بڵاودەبێتەوە، بەو مانایەی هەردووكیان دروستە، بەڵام (خوالێخۆشبوو) باشترە، چونكە (خوالێخۆشبوو) مانای وایە ئێمە زۆر ئومێدمان بە رەحمی خوای گەورە هەیە‌و، پێمان وایە ئەو كەسە هەرچەندە گوناهبار بووبیت، بەڵام رەحمی خوا زۆر لەوە زیاتر‌و گەورەترە، بۆیە وشەی خوالێخۆشبوو) لە رووی رەوانبێژی‌و بەلاغەتەوە، زۆر بەهێزترە لە (خوالێیخۆش بێت) چونكە بوونی ئومێدی زۆرە بە رەحم‌و بەزەیی خوا‌و، هەروەها دانهێنانە بە میهرەبانی‌و لێبووردەیی خوای گەورە، كە لەو كاتەدا مردوو لە هەموو كات زیاتر پێویستی پێی هەیە. ئەگەر تەماشی دوعای تایبەت بە مردووش بكەین، بە هەمان شێوەی رابردووی بۆ بەكارهێناوە نەك داهاتووە، وەك دەفەرمووێت: (عظم الله اجركم واحسن عزائكم وغفر لميتكم). ئەوەش بە هیچ شێوەیەك مانای عیلمی غەیب نییە، چونكە ئەوە لە بەلاغە پێی دەگووترێت: (تەفائول).

ئەگەر تەماشای مێژووش بكەی، لە ناو كتێبەكان‌و بگرە هەندێك دەستەواژەی قورئانیش زۆر ئەم حاڵەتانە بەكار هێندراون، بۆ نموونە: دەڵێت: (رضي الله عنه، رحمه الله، المرحوم، المغفور له) نەك (فيرضاه الله، يرحمه الله، يغفر الله له)، ئەمانە بۆ حاڵەتی دوعا بەكار نەهێندراون، زۆر بە كەمی نەبێت. دیارە ئێرە جێگەی نییە، ئەگینا دەتوانین دەیان نموونەی بەلاغە بهێنینەوە، كە ئەم شێوازەی بۆ بەكار هێندراوە.
بۆیە هیوادارم ئەم دەستەواژەيه كەم بكرێتەوە‌و بگەڕێینەوە، سەر ئەسڵی جاران.