ببورە ژیان، ئێمە لە سایەی تۆوە ڕۆژانە دەمرین!!..

بەراوردكردنێك لە فەیسبووك لە نێوان وێنەیەكی پیاوی خاوەنكاری ناسراوی سعودی (وەلید كوڕی تەڵاڵ) كە لەناو فڕۆكە زێڕینە تازەكەی خۆی دانیشتووە، وە لە نێوان وێنەی منداڵێكی موسڵمانی سۆماڵی كە لە سەر زەوی كەوتووە و خەریكی خواردنی خۆڵە، چەندین كۆمێنت نووسینی گاڵتەجاڕی بۆ ئەوەی یەكەم و هاوسۆزییانەی بۆ ئەوەی دووەم بەدواداهات.

منیش كاتێك بە ڕێكەوت ئەو وێنەیەم لە فەیسبووكدا بینی، وەكو مرۆڤێك وویستم كۆمێنتێك لە سەر ئەو بابەتە بنووسم، چونكە ئەو جیاوازییە زەبەلاحەی نێوانی ژیانی ئەو دووكەسە هێندە كاریگەری هەبوو بەسەرمەوە كە مایەی ئەوپەڕی نەنگییە بۆ خاوەن قەڵەمەكان ئەگەر لە ئاست ئەو واقیعە ناشیرینەدا بێدەنگ بن، سەرەتا من دەمەوێت دوورتر لەو باسە بڕۆم و تیشك بخەمە سەر چەند هەقیقەتێك لە سەر شێوە و تایبەتمەندی ژیانی (وەلید كوڕی تەڵاڵ)، ئەو یەكەم كەس بوو لە بنەماڵەی (ئال سعود) حیجابی خێزانەكەی فڕێدا، هەر ئەوەندەش نا، بەڵكە وایكرد قژی خێزانەكەی لە میدیاكاندا بە دانەپۆشراوی دەربكەوێت!!، تۆ بڵێی ئایندەی دەوڵەت و حوكمڕانییەتی نیشتیمانی حەزرەتی موحەممەد (دخ)چۆن بێت كە كەسانێكی ئاوەها و بەو ڕەفتارانەوەی تێدابێت؟، بەڵێ، بنەماڵەی سعود تا ئێستاش پارێزگاریان دەكرد لە سەر حیجابی ئافرەتەكانیان، لێ ئەو پیاوە، وە پێش ئەوەی خێزانەكەی، لەڕێی كەناڵە تەلەفزیۆنەكانی (ڕۆتانا)ەوە، حیجابی دەیان كچی دیكەی فڕێدا، پێش ئەوەش، گەورەترین پرۆژەی عەڕەبی بۆ هاندانی ژنە گۆرانیبێژەكان بنیاتنا!!، وەك بڵێی ڕەواجدان بەو بازاڕە، مەینەتییەكانی هەزاران منداڵی هاوشێوەی ئەو منداڵە سۆماڵییە دەڕەوێنێتەوە!!،ئەوەیشی زیاتر بووە جێی سەرنج، ئەو چەپڵەڕێزانەیە بوو كە ناوبراو لەلایەن ڕۆژنامە و گۆڤار و هەندێك كەسایەتییە ناسراوەكانەوە پێیگەیشت و دەستخۆشی لێكرا لە سەر ئەو كار و هەنگاوانەی كە تۆزقاڵێك دەربڕی ئینتیمای ئەو پیاوە و بنەماڵەكەی نییە بۆ خاكی پیرۆزی پێغەمبەر (دخ)!!.

با بێمەوە سەر مەبەستی نووسینەكەم، فڕۆكە زێڕینە تازەكەی (وەلید كوڕی تەڵاڵ) كە ناوی لێنراوە ( كۆشكی ئاسمانی ئێرباص A380)، بە پارەیەكی ئێجگار خەیاڵی دروستكراوە كە بە ملیۆنان دۆلار مەزەندە دەكرێت و، بە گرانترین فڕۆكە لە سەر ئاستی جیهان دەژمێردرێت، سەروەت و سامانی (وەلید كوڕی تەڵاڵ) بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی گۆڤاری (فۆربس) بە (20,3) ملیار دۆلار خەمڵێندراوە و ناوی لە پلەی (13) لە ڕیزبەندی دەوڵەمەندترین كەسایەتییەكانی جیهان هاتووە.

لەولاشەوە ئەو منداڵە سۆماڵییە ڕووت و ووشكانە دەبینین كە ژەمەخواردنێك شك نابەن جگە لە خۆڵ نەبێت!!، بەڵێ ئەمەیە واتای مرۆڤبوون و بەهای مرۆڤایەتی ئێستا!!، ئەمە ویژدانی ئەوانەیە كە قسە لە ویژدان دەكەن، ئەمە یەكسانی ئەوانەیە كە باسی یەكسانی دەكەن، ئەمە هاوسۆزی ئەوانەیە كە لە هاوسۆزییەوە دەدوێن!!، بەڕاستی تراژیدیا هەر هێندە پڕ مەئسات و ئافات دەبێت كە كۆشكی كەسانێك بۆ كەشكەڵانی ئاسمان بەرزبێتەوە و، كەسانێكیش لە سەر زەوی جێیان نابێتەوە!!، من تێناگەم و ناشمەوێت لەوە تێبگەم كە ئاخۆ عەدالەتی سەردەمی تەكنەلۆژیا و سەرمایەداری و جیهانگیریی و هتد ... ئاوەها دەبێت؟!!!، ئەگەر وایە من ئامادەم حاشا لەو هەموو پێشڤەچوونە ڕووكەشانەیە بكەم كە بانگەشەی بەردەوامی بۆ دەكرێت، هەرگیزیش پەشیمان نابمەوە لە حاشاكردن لەو دیموكراسییە قەڵبەی جیهان كە جگە لە دیكتاتۆریەتییەكی ووشكی پڕ لە ناعەدالەتی كە سەری زمان و بنی زمانی هەندێك خەڵكی كاڵفامی ئێستای گرتووە، بۆنی هیچی تری لێوە نایەت، من لێرەدا ناتوانم زیاتر لەوە بدوێم، تەنها ئەوەندە دەڵێم : ببورە ژیان، ئێمە لە سایەی تۆوە ڕۆژانە بە دیمەنە ناسۆراوییەكانت سەردەنێینەوە و چێژی مردنێكی بەردەوامت لێدەكەین، ببورە ژیان، كە خۆت لێ حەشارداووین و ڕادەستی قەدەری مردنێكی هەمیشەییت كردووین!!.

ناشزانم كۆمێنتی ئێوەی بەڕێز لە كام گۆشەی خەفەتی ئەو هەقیقەتە تاڵ و ترسناكە دەدوێت؟!، لێ دڵنیام تەعبیری ووشەكانتان گوزارشتە لە نەفرەتكردنی ڕاشكاوانە لەو هاوكێشەیەی ئەو دیمەنانەمان پیشان دەدات.