ڕێز گرتن و بێڕێزیكردن لەبەرامەر مامۆستایانی ئایینیدا!

دووچەمكەی رێز و بێ ڕێزی هەردووكیان رێژەیین و پێوەر دەبێ پێوەرێكی دروست بێت نەوەك دابونەریت و لێڕاهاتن، پشتیوان بە خوا لە نووسینی ئەمڕۆمدا خەرمان بەرەكەتێك دەكەم لە سەر رۆڵی مەلا و بیرهێنانەوە بۆ رۆڵی پیرۆزیان و لە هەمان كاتدا تێكەڵاویی لە مەسەلەكان، كە لەو ڕێزە فۆلكلۆرییەوە دەست پێدەكەم كە هەموو لایەك دەیبینین و زۆر بەلایەنی نێگەتیڤیدا شكاوەتەوە، كە من وەك پەروەردەیەكی حوجرە و مەلایەكی سلێمانێیی تا ئەندازەیەك شارەزا لە هەندێ‌ دابوونەریتی شارەكەم، لە نێو بازاڕی تەڕە و میوەی ئەوشارەوە دەست پێدەكەم كە دوكاندارەكان كاتێ بازاڕ هەرزان دەبێت، هاواردەكەن: (وەرە مەلا خۆرە بووە!)كە وەك جەنابی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای پەرخی، دەیفەرموو: (ئەو قسەیە، پڕێتی لە لێگوتن لە مەلا! چونكە مانای ئەوەیە، شتەكە هێند هەرزان بووە تەنانەت بە مەلاش دەكڕدرێت!)، كە ئەمەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە هەردەم بژێویی مەلا و ماڵ و منداڵەكەی، خراوەتە پەراوێز و بە چەندین پلە لە دواوەی زۆرینەی تاكەكانی كۆمەڵەوە دانراون؟ هاوكات بۆ ئەركەكانی نێو خەڵكی و ڕوو بەڕوو بوونەوەی ئەندێشەكان، لە پێشەوەی خەڵكەكە بووە، هەم بۆ نوێژ و هەم بۆ بەردەم سوپای عێراقی بە خۆی و قورئانەكەیەوە، سا بەڵكو بگەڕێنە دواوە، لەوەیش هەر مەپرسە كە چۆن بۆ ناو بەرەكانی جەنگ بۆ هێنانەوەی تەرمی كوژراو بە خۆی و مێزەرەكەیەوە نێردراوە، كە باوەڕم نییە كەسمان هەبێت، شەڕە خۆ كوژییەكانی لە بیرنەیەت و رۆڵی مەلا و هێنانەوەی تەرمەكان، زۆریان بەسەردا تێنەپەڕیوە!

مەلای كورد شایانی زۆرە بەڵام بەداخەوە!
لەو بڕوایەدام كە ئەوڕێزەی مەلای كوردی پێ شایانە و بەوان شایانە، زۆر زۆرترە لەوەی كە وێیان دراوە! كە هەموومان ئەو راستییە دەزانیین گەر ئەوان نەبوونایە، لە سەدان ساڵەی رابردووی كوردستاندا، كەس دیرۆك و مێژووی پڕ لە سەروەری و ئەدەبیاتمانی نە دەپاراست.
ئەوان بوون كە بەردەوام خوێندەواری لە نێوماندا برەو پێداوە و قەباڵەی زەوی و زار و وەسیەت نامەكانیان نووسییوە.
ئەوان بوون كە خزمەتیان پێكردووین؟
تەمەنی قوتابخانە ئەكادیمیەكانی كوردستان، ناگاتە سەد ساڵ! ئەوان بوون كە سەركێشی كاروانی خەباتی شۆڕشەكان بوون و فەتوای جیهاد و پیرۆزییەتی دۆزی رەوای گەلیان داوە؟
ئەی چ دەستێك و چ هۆكارێك بوو وای كرد كە كەسایەتییان ئاوای لێبێت؟
من لە پەخشانە شیعرێكمدا كە تێیدا باسی خوێندنی حوجرەم كردووە، زۆر بەڕاشكاوانە گوتوومە:
ناودارانی گەل و وڵات
سەركێشانی رێگای خەبات
لە مزگەوت سەریان هەڵدابوو
بەڵام لە ئێمە گۆڕابوو(1)

بەرپەڕێك لە ژیانی ئەوسای مەلای كورد
وەرن با سەیرێكی ئەم لایەنە بكەین، داخۆ لایەك لەو بێڕێزییەی لە بەرامبەر بە مەلا دەكرێت، لەبەر چاو لە دەستی تا دوێنێی مەلانییە بۆ خەڵكی؟

بڵێی نەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە بە زۆری دەرامەت و بژێوی ئەوسای مەلا، لە خێرو خێراتی خەڵكەوە سەرچاوەی گرتبوو؟

هەر لە یەكەم هەنگاوی قۆناغەكانی خوێندنیەوە، كە پێی گوتراوە قوتابی، پاشان سوختە، پاشان موستەعید، كە وشەی فەقێ‌ هەموویانی گرتۆتەوە، هەرلەوێوە پێیداوەرە، كە بە راتبە كۆكردنەوە و دەقنە و بە پیتاكی خەڵكی ژیاوە، - ئەمە ئەوسا خۆ ئێستا زۆربەتان مووچە خۆری دەوڵەتن نەوەك ئاغا و بەگلەر و موتەوەلیی! –

تا ئەورۆژەی لەسەر خێر، ئیجازەی مەلایەتی و دووازدە عیلمەی وەرگرتووە، كە مەلا و فەقێ‌ و پیاو ماقوڵان كۆكراونەتەوە و ئاهەنگێكیان سازداوە! دووبارە تەدارەكی ئەو ئاهەنگە و پێداویستییەكانی بریتی بووە لەویارمەتییەی ئاغا، یان خێر خوای ناوچەكە، داویانە و سەر لە نوێ‌ لەو چركەیەوە، سێبارە بۆتەوە بە چاوژێری زەنگینەكان! كە گەیشتۆتە قۆناغی پێكهێنانی خێزانیش، ئەوكاتیش، یان مامۆستایەكی خۆی، خێری بنووسێ‌، یان كابرایەك لە ڕێی خوا، یان خۆیان واتەنی: لەبەر مەولوودی پێغەمبەر(درود و سەڵاوی خوای لەسەربێت) كچێكی وێداوە!

ئەوەشمان لە بیرنەچێ‌، ئەوكیژە بەڕێزە، كە هەر لە ناولێنانەكەیەوە بۆ مەلا، شەرەفی ئەوەی پێبڕاوە كە پێیان گوتووە: (داك مەلاژن)كە زۆر جاریش كاتێك كراوە بەخێر، كە كیژە قەیرەی ماڵی بابی بووە و لەبەرئەوەی زۆر رووە و بازاڕی نەبووە كردوویانەتە خەڵاتی مەلا! ئیتر هەرچۆنی هێنابێ‌، سەرەتای ژیانی كولەمەرگی دەستی پێكردووە، ئەمە سەرەڕای ئەوەش، كە چەند مافی كیژەكەیش پێشێلكراوە و پرس و ڕایەكیان پێنەكردووە، داخۆ مەلاژنێتی قەبووڵە یان، نا؟

ئەوەشمان لە یاد نەچێت، هەر چەند دەرامەتی مەلا، لە دەستی خەڵكەوە دەرچووە و لەوێوە سەرچاوەی گرتووە، ئەو پیتاك پێدانە، هەرهەمووی خێرو خێراتی بێ‌ هۆكارنەبووە! چونكە زۆربەی گەڕاوەتەوە بۆ بەرهەمی رەنجی شان و قەڵەم و نفووسی مەلا خۆی، كە بووە بە مەلای گوند و ئیتر پێنج فەرزە پێش نوێژی بۆكردوون و بەدەم كێشەكانیان و شەرعیانەوە بووە، كە لەبەرامبەردا، ساڵانە شتێكیان بۆبڕیوەتەوە، توانیویشێتی سوود لەسەرقەڵەمانەی نوشتە نووسین و دەمی گورگ بەستن و بەخشیشی ژن مارە بڕین و تەڵاق چاككردنەوە و مردوو شۆردن و تەڵقین بۆخوێندنی و لە تازێدا قورئان خوێندن و خەتمە و سوودیش لە زەكات و سەرفیترە بكات!

ئەی مەلای شیعە چۆن دەژین؟
بەڕێزان: بەڕاستی وەكچۆن ژیان و گوزەرانی ئەوسای مەلای كورد، پێویستی بە لێكۆڵینەوەیەكی زۆر هەیە و دەبێ‌ كاری بۆبكرێت، لەبەرامبەریشدا پێویستە بزانین مەلای شیعە چۆنن؟

بزانین ئەوان چۆن و لەسەر چ بنەمایەك مامەڵە دەكەن و خەڵك چۆن تەماشایان دەكات؟
لە مەدینەی مونەوەرە گەڕەكێك هەیە پێی دەگوترێت(النخاولە)دانیشتوانی بەزۆری شیعە مەزهەبن، شیعە لە سوریایش زۆرن، لە یەمەنیش كەم نین، لە سودان هەن، لە عێراقیش واقیع شایەتە، ئەڵبەتە لێرەدا من باس لە دیتنی خۆم دەكەم نەك دیاری كردنی رێژەی شیعە، دەڵێم: لە هەموو ئەو شوێنانە مەلا، یان ئاخوندێكی شیعەم نەبینی كە موحتاجی دەستی خەڵك كرابێت و بەو شێوە تەماشای بكرێت كە تەماشای مەلای سوننە بەشێوەیەكی گشتی و مەلای كورد بەتایبەتی دەكرێت، باشە ئەمە بۆ؟

مەلایەكی شیعە نابینی بە دەگمەن بە چەند سەعات بوێستێ‌ چاوەڕوانی پاس بكات! ناوی خۆی لای زەنگینێك بنووسێ‌ تا خێری پێبكات، بە پێچەوانەوە، زەنگینێك نییە ئەو (پێنجیەك)ـەی ساڵانە فەرزكراوە لەسەری كە بیدات بە سندووقی(خومس)، بە مەمنوویشەوە، بتوانێ‌ لێی دوا بكەوێت، یان بیداتەوە بە ناوچاوی ئەوانەی(حەوزە)دا! كە لەوێ‌ هەموو شتێكی ئاخوندەكان جێبەجێ دەكرێت.

ئەمانە دەبێ‌ لە بنەڕەتەوە كاریان بۆبكرێت، مەلا بۆخۆیان بەخەم بكەون، بیر لە خۆیان بكەنەوە، خۆیان ببنە خاوەنی وەزارەتی خۆیان بە فیعلی خزمەت بكەن بە نەتەوە و نیشتمانەكەیان، حقوقی خۆیان بەزیادەوە وەربگرن، نەك وەك خێر پێكردن.

دەبێ‌، باری گوزەران و شێوازی نەفسیەت و بەرزكردنەوەیان، بخرێتە ژێرلێكۆڵینەوە!

باشە كێ‌ رێبەرایەتی شۆڕشی گەلانی ئێرانی كرد تا رزگاریان بوو لە دەست شای گۆڕبەگۆڕ؟
مەگەر ئیمام خومەینی نەبوو؟

ئەڵبەتە من لێرەدا مەبەستم بەوە نییە كە ئەو مەزهەبە، یان ئەو دەوڵەتە، تاكە نموونە و پەسەند بێت لەلام، بەڵام دیاردەیەكی زیندووە و لە پێش چاوە.

باشە كێ‌ بوو زۆر بە نەرمی سیاسەتی مومارەسە دەكرد؟ كێ‌ بە بێ‌ جوڵان لە شوێنی خۆی، زۆر بلیمەتانە پلەی یەكەمیی بە دەست هێنا لە هەڵبژاردنەكانی عێراقدا؟

مەگەر(ئاقای سیستانی)نەبوو، كە بۆخۆی دەنگیشی نەدا، چونكە بە پێی یاسا، مافی دەنگدانی نەبوو، لەبەرئەوەی رەگەزنامەكەی ئێرانییە؟

كەچی لەوسەروبەندانەی هەڵبژاردندا، من یەكێك بووم لەوانەی رۆژانە و شەوانە بە نووسین و بەدەنگ ورەنگ لە ڕێگەی رۆژنامەكان و كەناڵەكانی راگەیاندنەوە هەر فریای ئەوە دەكەوتم كە ئەو فتوا نامەسئولانە وەڵام بدەمەوە كە دەنگدانیان بەحەرام دەزانی! ئەوە ئەوان و ئەوەش ئێمە!

سەرچاوەی بێڕێزی كردن بەرامبەر مەلا!
راستە خەڵك بە پێودانگی خۆیان ئەدەبیان بووە بەرامبەر بە مەلا، بەڵام زۆرجار، رێزەكە وەهمێتیەكی تێكراوە و دڵە سافەكانیان قۆزراوەتەوە و بەكار هێنراون و ئیهانە بە شەخسییەتیان كراوە، بەتایبەت لەلایەن دەرەبەگ و ئاغاكانەوە!

زۆرجاری وا بووە مەلایەكی زۆر شارەزا و بلیمەت، كەس بایەخی پێنەداوە، هاوكات لەبەرامبەردا كابرایەكی نەخوێندەوار بۆتە مێردەزمە و بەناوی(رێنمایی)ـەوە دەستی خستۆتە بینەقاقای هەژاران، مەلایشی پێوە بێت، ئەگەر بەستەزمانە قسەیەكی كردبێت، بە پاساوی ئەوەی كە(مونكیر)ـە، هەوڵی ئیهانە پێكردن و زۆرجاریش كوشتنیان دراوە!گەر هەركەس سەردانێكی بەرهەمە شیعری و نووسینەكانی مەلای گەورە، یان سەرجەم دیوانی حاجی قادری كۆیی، یان مەلاحەسەنی دزڵی یان مەلا قانع بكات، تێدەگات چ باسە!

لەوەش گەڕێن كە چۆن مەلا كراوەتە بنێشتە خۆشەی سەرزاران و بە هەزارەها قسەی نابەجێ‌ بەدەمیانەوە گوتراوە، ئاخر وەرن تەماشای كتێبە پڕنوكتەكەی مەلا عەلادین سەجادی بكەن(رشتەی مرواری)كە ئەگەر ئەونوكتانەی مەلا و بەدەم مەلاوە گوتراوە لێی بێنیتەدەرلە چەند لاپەڕەیەكی كەم بەولاوە هیچی تیا نامێنێتەوە.

ئێستاشی پێوەبێت تەنانەت ئەولایەنانەی وا بەدیاردەخەن كە بۆ ئایین كار دەكەن، بە كەمی نەبێت لە پلەكانی پێشەوەی لایەنەكانیاندا مەلاكانیان نین و بگرە لە نێو كۆڕ و كۆبوونەوە بەرچاوەكاندا رۆڵەكانی ئەوان زۆر بەرتەنگكراوە و ئەمە راستییەكی بەڵگە نەویستە. وەك دیاردەیەكی نامەعقول و نا مەقبوول، هەوڵدراوە، مەلاكانمان بە برسی و چاو چنۆك نیشان بدرێن، لە ئەمڕۆشدا لای خۆمان زۆر بەچاو برسێتی و بێ‌ بەزەیی و نەوسنانە، خەڵكی بە مەن و لەگەن پەلاماری داهات و بەروبوومی كوردستان دەدەن، كەچی زەمی مەلای بەستەزمان دەكەن، كە بە كەوچكیش دەیكەن بەدەمیانەوە!

بە خۆ دا هاتنەوە پێویستە
براگەلینە: ئەم ئیشانە ئاوڕدانەوەی دروست و رێكوپێكی دەوێت، با ئیتر سەردەمی گەورەم ئەمرەكەی و سەددەقتە قوربان تێبپەڕێنین!

كەمێك خۆتان بجوڵێنن، دەست بدەنەوە قەڵەمەكانتان، ئێوەن پێشەنگ ئەگەر وزەیەك بدەنەوە بەرخۆتان!

بە چاوی خۆمان دەبینین ئەو نووسەرەی لەرۆژنامەیەكدا نووسینی بڵاو ناكرێتەوە، دەیان رۆژنامەی تری لەبەردەستایە، ئەوماڵپەڕ و سایتەی لەڕووی داخراوە سەدانی دی واڵایە. بەخۆكەوتن و ئاوڕدانەوە و چارەسەر، نەك دەرخۆنە دانان لەسەر شتەكان، خەلەل لە كوێدایە و كێ‌ بەر پرسیارە؟

گرنگی وەزارەتی ئەوقاف، كەمتر نییە لە پەروەردە!
وشەی ئەوقاف عەرەبییە، بەمانای ئەوشتانە دێت كە تایبەتمەندكراون بە مزگەوت و شوێنەوارە ئایینیەكانەوە و لە دێرین زەمانەوە باو و باپیرە بە ئەمەكەكانمان، كردوویاننتە خەڵاتی ئەوشوێنانە و نابێ‌ دەست درێژی بكرێتە سەریان، لەوڵاتی عێراق و لای ئێمەش لە كوردستان هەموو كات گوتراوە: داهاتی وەزارەتی ئەوقاف، زۆری كەمتر نییە لە وەزارەتی دارایی و نەوت!

بەڵام بە دودا چوون و لێكۆڵینەوە و كار بۆكردنی دەوێت. داخۆ ئەوبەرو بووم و داهاتانە لە كوێن و بۆكێ و چۆن خەرج دەكرێن؟

لەلایەكی تریشەوە لە رووی گرنگییەوە، بۆ دروست كردن و پەروەردەی هاوڵاتییان و زانست پێ‌ بەخشینیان، وەزارەتی ئەوقاف هاوتایە بەوەزارەتی پەروەردە، هەربۆیەكە بەڕای من كۆشش و هەمانەگی هەردوولای دەوێت.

وەك چۆن لە بواری راگەیاندن و پەیوەندی بە جیهانی دەرەوە، هەر ئەو وەزارەتەیە كە دەتوانێت ساڵانە لە ڕێگەی حەجەوە، هەزارەها خەڵك ئاشنا بكات لە كورد و كوردستان، بە مەرجێك بەڕێوەبەرایەتی حەج، رەچاوی ئەوە بكات، كە كێ‌ دەكاتە نمایندەی دروستی كوردستان و زمانحاڵ و باڵوێز، كۆمەڵێك كەس نە نێردرێن، كە بازرگان بن و بێنەوە بڕێ‌ تەسبیح و متومورومان بۆبێنن و هەندێ‌ وێنە، كە سوپاس بۆخوا، توانیمان لە فڵان شوێن دەف لێبدەین و تەواشیح بڵێین!

وەك لە كوردستان كەس رێگەی لێگرتبن!

دەبا نوێنەرەكانمان كەسانێك بن پسپۆڕ لە بوارە جیا جیاكاندا، باشە بۆنایەن بەدودا چوونێك بكەن بزانن ئەوانەی ساڵانە لەسەر حسابی وەزارەت دەنێردرێن بۆ حەج كێن؟

باشە خەڵكی بەچی تێدەگەن؟ بەهۆی نەناردنەوە بۆحەج، چەند كەسی موستەحەق نیگەران كران لە حكوومەتیش؟

باشە ئەوانیش بەشێك نین لەوەزارەتێكی زۆر گرنگ؟

وەزارەتی ئەوقاف، ئەگەر لە رووی ئەمنیەتەوە تەماشای بكەین زۆر نزیكە لەوەزارەتی ناوخۆ، چونكە ئەوانەی دەبنە پیاوانی ئاشتی پارێز و سەر بە وەزارەتی ناوخۆ لە هەندێك لایەنەوە كارەكانی ئەنجامی دەدەن پیشەییە، بەڵام پیاوانی مزگەوت خەڵك بانگ دەكەن بۆ بڕوابوون بە(حوسبە)كە بریتییە لە فەرماندان بە چاكە و قەدەغە كردنی خەڵكی لە خراپە بە دەست، بە زمان، بە دڵ، ئاگاداركردنی وەلی ئەمر لە هەڵە، كە لێرەوە كارەكەیان لەگەڵ كاری ئاشتی پارێزان دەبنە تەواوكەری یەكتری! لەگەڵ ئەوهەموو حاڵەتەیشدا.

كێ داكۆكیكارە لە مافی مەلا؟
باشە گەلی مەلا: ئێوە لە كوێن؟ تاچەند داكۆكی دەكەن لە مافەكانی خۆتان؟ تاچەند وەك مامۆستایانی پێشوو، لەگەڵ دۆزە رەواكەی گەلەكەمانن؟ باشە ئێستە كە مووچە خۆری دەوڵەتن وەزارەتی خۆتان هەیە، تاچەند توانیوتانە لە فۆلكلۆری چاو لە دەستێتی حاجی و زەنگینەكان رزگار ببن؟ لە رۆژانی جومعەدا كە وتار دەدەن بە بێ‌ ئەوەی پێویست بە لێپێچانەوەی ئەوقاف بكات، تاچەندێك خۆتان، بابەتەكانی سەردووانگەتان زیندو كردووە؟
تاچەندە بابەتەكان رۆژ ئامێزن؟

تا چەند هاوچەرخانەن؟
تاچەند بۆخۆتان جەخت دەكەن لەسەرئەوقاف كە رۆژنامە و گۆڤارتان بۆ دابین بكات تا لە ژیان دانەبڕێن؟

چەند جەختتان كردووە لەسەرئەوقاف بۆ ئەوەی بە بەردەوامی خولی فێربوونی كۆمپیوتەر و بەكار هێنانی ئەنتەرنێتتان بۆبكاتەوە؟

چەند داكۆكیتان كردووە لەسەرئەوەی كە دەبێت خولی قورئان خوێندن و زیاتر شارەزایی لە ئایین و لە ژیانتان بۆ بكاتەوە؟ ئاخر من بۆ ئێوەمە، ئەی ئێوە بۆكێتانە؟ چەند خۆتان لەسەر ئەوە راهێناوە پابەندبن بە مزگەوتەكانتانەوە و كاتەكانتان بە فیڕۆ نەدەن لەبەردەم ئەم كارمەند و ئەوكارمەندی ئەوقافدا؟

باشە ئێوە بۆخۆتان ئەوەندە گران راناگرن كە ئەوقاف ئیشی بە ئێوە بوو بێتەلاتان، نەك ئێوە هەردەم لەوێبن و رێگە لە دەستی ئەوانیش بگرن لە جێبەجێكردنی كاروباری خەڵكی.
باشە تا چەند ئەو دەزگا پیرۆزەتان ئاوەدان كردۆتەوە، كە پێی دەگوترێت: یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلام لە كوردستان، كە كاتی خۆی لەسەر فەرمان وخواستی مەلامستەفا بارزانی رەحمەتی دامەزرا بۆبەرز نرخاندنی ئێوە و پیرۆزكردنی هەنگاوەكانتان؟

تاچەند بە زۆر دەچن ئاوای دەكەنەوە و چەندین بابەتی زیندووی رۆژانەی تیا تاووتوێ‌ دەكەن و فتوای هاوچەرخ و تازە لەگەڵ زروف وگۆڕاندندا دەهێننە پێش، كە جەماوەر ناچار نەبێت پەنا ببات بۆ فتوای دەرەوە و مەلای لایەنەكان؟

مامۆستا بەڕێزەكان: تاكەی ئاوڕێك نادەنەوە لەوتاری جومعە، بۆهێند درێژبێت؟

من پێشنیاردەكەم بۆ یەكێتی زانایان و بۆ وەزارەتی ئەوقاف، ئەو دوولایەنە وەك پەیوەندیداری پلەی یەكەم، كە زەمەنی پێچوونی وتاری جومعە دیاری بكەن، هەروەها بەرامبەر هەروتار بێژێكیش سەعاتێكی گەورە دابنرێت نەك لە پشت سەری، بۆ ئەو بێت نەك بۆخەڵكەكە، تا مامۆستا سنووری كاتی خۆی بزانێ‌، كاكە جاری وادەبێت ئێمە لە راگەیاندن دەچینە شوێنێك تەنیا یەك خولەك، یان دوو خولەك مۆڵەتی قسەمان هەیە، دەبێ‌ ئەوەی دەمانەوێ‌ لەو ماوەدا بیگەیەنین، باشە كوا فەساحەت و بەلاغەتەكەی وەك زانست لە مزگەوتەكان دەخوێندرێن؟

یەكێك لەو ئەگەرانەی خەمی هەردۆستێكە، ئەوەیە دەبینم، كە گۆڕانكاری لە هەر وەزارەتێك دەكرێت شتێك دیارە، بەڵام لای ئێمە هەمووی میراتە، كاكە زۆر ئاساییە مەلا، خادیم، موئەزین، قاریئ، كارمەند، بنێردرێن بەملاولادا، دەنا كارەكان هەروابڕوات بەرەو چاكسازی ناچین!

دەڵێن: جارێك عیزەت دووری مەلاكانی كۆكردبووەوە زۆری فیشاڵ كردبوو كە من چیم كردوە بۆتان و بەعس چۆنە بۆتان و ....هتد، مەلایەكی(لاو) لێی رادەپەڕێ و دەڵێ‌: ئەوەی ئەوسا سەهۆڵفرۆش بووە حاڵی لە حاڵی هەموو مەلای عێراق خۆشترە!

پەڕاوێز:
(1)(بنواڕە، رۆژنامەی كۆمەڵ، ژمارە(78) 28/6/2003و رۆژنامەی خەباتی ژمارە (1551) یەكشەممە، 5/9/2004).
تێبینی: ئەم نووسینەم بەشێكە لە نووسینێكم كە لە خەباتی ژمارە(1720) لاپەڕەسێ‌ 26/2/2005 )دا بڵاوم كردۆتەوە.
(خەبات/4090هەینی8/6/2012لاپەڕ11).