موحەممەد مورسی لە بەردەم تاقیكردنەوەی كورسی

هێشتا زۆر زووە پێشبینی سەرەنجامی سەركەوتنی مورسی و دانیشتنی لە سەر كورسی سەرۆكایەتی میسردا بكرێت، لێ ئاماژەی هەنگاوە سەرەتاییەكانی ئەو، ڕەنگدەرەوەی نیازپاكی ئەوە لە لەئەستۆگرتنی ئەو پۆستەدا، بڕیارە سەرتاییەكانی مورسی بوێرانەن و، دەرخەری وەفاداری ئەون بۆ متمانەی خەڵك، ئەمەش بە خاڵێكی گەوهەری دادەنرێت بۆ ڕابەرایەتیكردنێكی ڕاستەقینەی گەل و میللەت كە تاكەكانی لە سایەی حوكمڕانێتییەكەیدا دوای ماندووبوونێكی درێژخایەن بحەسێنەوە.

لە ڕاستییدا وەكو پێڕۆكردن لە بنەمای بێلایەنی لە هەڵوێستە هەستیارەكاندا كە دەخوازن ووردبینانە و بەرپرسیارانە لێیان بڕوانین، پێموابوو هەر پەلەكردنێك لە هەڵسەنگاندنێكی پێشوەختە یان پێشبینیكردنی قۆناغەكانی دوای سەركەوتنی (موحەممەد مورسی) بۆ سەرۆكایەتیكردنی میسر، هەڵوێستێكە لە شوێنی خۆیدا نییە، لێ وەك ئەوەی ڕاگەیەندرا، (موحەممەد مورسی) كۆمەڵێك بڕیاری بوێرانەی داوە كە بە دڵنیاییەوە پێگەی ئەو كەسایەتییە زۆر بەهێز دەكات نەك تەنها لە میسر بەڵكە لە تەواوی ناوچەكە و لە جیهان بە گشتی، هاوكات نموونەیەكی مێژوویی كەموێنەش لە بواری ڕێبەرێتیكردنی ڕاستەقینەی میللەت و گەل پێشكەش دەكات كە هیچ تاكێك نییە لەو جیهانەدا تامەزرۆی ئەوە نەبێت سەرۆكەكەی ئاوەها خاكییانە و خەڵكییانە ببینێت.

بۆیە من بە پێویستم زانی ئەو بڕیارانەی ئەو بگوازمەوە و بە داڕشتنی كوردییەوە بیخەمە بەردیدەی ئێوە، بە ئومێدی ئەوەی بڕیارەكان بە كرداریشەوە ببینین، هاوكات نووسینی ئەو بابەتەش لەو ڕوانگەیەوەیە و لایەنگیریی من بۆ ئەو بەڕێزە و پارتەكەی پیشان نادات، بڕیارەكانیش ئەمانەن:
1. سەرۆك كۆمار (موحەممەد مورسی) دەستبەرداری تەواوی مووچەكەی دەبێت بۆ بەرژەوەندی دەوڵەت.

2. سەرۆك كۆمار (موحەممەد مورسی) ڕێنماییەك دەردەكات وێنەكەی لە هیچ دەزگا و دامەزراوەیەك هەڵنەواسرێت و، هیچ پیرۆزبایینامەیەكی بۆ بڵاونەكرێتەوە.

3. سەرۆك كۆمار (موحەممەد مورسی) پێشوازی لە دایكی شەهید (خالید سەعید) و خانەوادەی شەهیدان دەكات و، ڕێنمایی دەداتە گاردی كۆماری ڕێگری نەكەن لە هەر خانەوادەیەكی شەهید كە لە هەر وەختێكدا داوای چاوپێكەوتنی ئەو بكەن.

4. سەرۆك كۆمار (موحەممەد مورسی) دەستدەكات بە بەجێهێنانی بەڵێنەكەی كە لە یەكەم ووتاریدا بۆ گەل دایبوو بە تۆڵەكردنەوە لە بكوژانی شوڕشگێران، ئەمەش دوای ڕاوێژ لە گەڵ پسپۆڕانی یاسایی لە پارتەكەی سەبارەت بە دووبارە دادگاییكردنەوەی سەرۆكی پێشوو (دیكتاتۆر حوسنی موبارەك) و (حەبیب عادلی) وەزیر ناوخۆ و، هەموو تۆمبەتبارەكانی دیكەی دۆسێی كوشتنی خۆپیشاندەران.

5. كەژاوەی ئۆتۆمبێلەكانی سەرۆك كۆمار (موحەممەد مورسی) هاتۆچۆ پەكنەخات و، سەرۆك بۆ ڕابواردن و كات بە سەربردن نەچێتە كۆشكی كۆماری بەڵكە لە ماڵ بمێنێتەوە.

6. سەرۆك كۆمار (موحەممەد مورسی) ئەو پیرۆزبایینامەیەی بەشار ئەسەدی خوێنڕێژ بۆی ناردووە ڕەتیدەكاتەوە و، وەڵامی دەداتەوە كە حاكمی ڕاستەقینە لە سوریا سوپای ئازادە نەك تاغوتی دیكتاتۆر.

7. سەرۆك كۆمار (موحەممەد مورسی) چاوپێكەوتنی باڵیۆزی ئێران ڕەتدەكاتەوە چونكە ووڵاتەكەی پشتگیری دیكتاتۆر بەشار ئەسەد دەكەن.