تەنگەژەی وتاری سەر مینبەرەکان

تەنگەژەی گوتارەکانی هەینی، کە بەمدواییانە زەقتر بووەتەوە، پێویستی پێداچوونەوەمان بە شێوازی گوتارەکانمان دووپاتدەکاتەوە، ئەو ڕاستییەش بەرجەستەتر دەبێتەوە، کە وتاردان، بەر لە هەموو شتێك، بەرپرسیارێتییەکی پیشەیی ئایینی گەورەیە، کە ڕۆشنبیریی و ئاگاهییەکی هەمەلایەنەی بە سەرچاوە ئایینیەکان گەڕەکە.


بەداخەوە، کە لەسەر هەندێك مینبەری پێغەمبەر (دخ)، خیتابی تەشهیر و جنێودان جێی پەیڤی نەرم و شیرینیان گرتۆتەوە، لە بری زمانی گوڵ، زمانی زبر بەکاردەهێنرێت. لەسەر مینبەری پێغەمبەر (دخ) بانگەشەی نەگونجاو لەگەڵ بنەماکانی ئایین بەدیدەکرێت!، خیتابی جومعە ناوەڕۆکی جیاواز لەگەڵ مینهاجی پێغەمبەر (دخ) پێشکەشدەکات!، بۆیە خەڵك ناهەق نییە گومانیان لە میسداقییەتی گوتاربێژ هەبێت و لە نیازپاکییان دوودڵ بن!.


من زۆر دڵگرانم بە بڵاوبوونەوەی ئەو شێوازی وتاردانە، مەترسیشم هەیە لەسەر داهاتووی گوتاربێژی ئەگەر بەر لە تەشەنەسەندنی نەگیرێت، لەوەشدا ڕەواییەتی بە خۆم دەدەم، چونکە هەموو ژیانی پێغەمبەرم (دخ) خوێندۆتەوە، هەرگیز نەگەیشتوومەتە سەر وێستگەیەکی ژیانی کە لە گوتارەکانییدا تەشهیر بکات و قسەی ناشیرین بەکاربهێنێت و ڕەواج بداتە جنێودان و بابەتی لابەلا بکاتە کەرەستەی خوتبەکانی!، بۆیە ئەوەندەی دەکەم سەر لەو بێسەروبەرییە دەرناکەم، کە بەناوی پێغەمبەر و پەیامە جوانەکەی و لەسەر مینبەرە پیرۆزەکەی بانگەشەی بۆ دەکرێ!، کێ باوەڕ بەوە دەکات پێغەمبەر (دخ) لایەنگیریی تەفڕەقەی کۆمەڵایەتی بووبێت کە خەریکە تۆوەکەی (لە ژێر ناوی پارێزگاریکردن لە پەیامە پیرۆزەکەیدا) لەناو شوێنکەوتووانی بڵاودەکرێتەوە؟!، من دەپرسم: ئایا بەکارهێنانی دەستەواژە نەشیاوەکان و تێکهەڵکێشکردنی لەگەڵ دەقە ئایینیەکاندا، جگە لە دەرچوون لە جوغزی بابەتیبوونی خوتبە، چ مەغزایەكی تر لەخۆدەگرێت؟!. با ئێمە پرسیارێك لە خۆمان بکەین: بۆچی هەندێك گوتاربێژ بابەت و باسی هەستیار لە کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگا دەگوازنەوە بۆ سەر مینبەری پێغەمبەر (دخ) و دەیکەنە ئامرازێك بۆ بەدیهێنانی ویستی شاراوەی گوماناوی؟!، لە کاتێکدا ئەولەوییەتی ئەرکەکانی گوتاربێژ ئەوەیە، کە هەوڵی نەهێشتنی ئەو هەستیارییە بدات و درك بەوە بکات، کە موسڵمانان پێویستییان بە پێشکەشکردنی بەرچاوڕوونی ئایینی هەیە نەوەکو ئاراستەکردنی بەرەو ئاقارێکی دژوار کە سەرەنجامی نەخوازراوی بەدواوەیە!.


دەمەوێت ئەو پەیامە بگەیەنم، کە هەرگیز بونیادی ڕێبازی فەخری کائینات لەسەر تەشهیر و جنێودان و زمانی زبر ناوەستێت، حەزرەت (دخ) لە سۆنگەی ئەو ئایەتە پیرۆزەوە ئاراستەی مرۆڤایەتی دەکات: ادْعُ إِلَى سَبِيلِ رَبِّكَ بِالْحِكْمَةِ وَالْمَوْعِظَةِ الْحَسَنَةِ وَجَادِلْهُمْ بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ.. واتە: بانگه‌واز بكه‌ بۆ لاى به‌رنامه‌ و رێبازى په‌روه‌ردگارت به‌حيكمه‌ت و دانايى (بۆ هه‌نديَك) و ئامۆژگارى جوان و به‌جێ (بۆ هه‌ندێكى تر)و گفتوگۆ و موجاده‌له‌ به‌ جوانترين شێوه‌ (له‌گه‌ڵ هه‌ندێكى تردا به‌ تايبه‌تى خاوه‌ن كتيَبه‌كان).