مرۆڤێك بە مەزنی ژیا‌و بە هێواشی ماڵئاوایی لێكردین

هیچ لەوە ناخۆشتر نییە، كە هەواڵی گەورە زانایەكی ئایینی دەبیستی، ئەوەش نەك نارازیبوون بێت بە قەدەری خوا، هەروەها ترسیش نییە لە داهاتوو، چونكە خودا خاوەنی دینەكەیە‌و، هەمیشە لە دوای نەمانی كەسانێك كەسانێكی دیكە هەڵكەوتوونە، بەڵام ئەم زانایانە ئەوەندە مەزنن، تەنها لێیانەوە فێری زانست‌و شارەزایی ئایینی نابیت، بەڵكو رەوشت‌و بەهای جوان‌و پیرۆزیشیان لێوە فێر دەبیت، ئەوەی ژیانی مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەریس‌و شێخ عەبدولای كوڕی شێخ مستەفای هەولێر‌و دەیانی دیكەی وەكو ئەوانی خوێندبێتەوە، دەزانێ‌ ئەوانە چەندە مرۆڤی سادە بوونە‌و چۆن بە سادەیی ژیاون، دوای خوێندنەوەی ژیانی ئەوانە بۆمان دەردەكەوێت، كە ئەوانەی بەهۆی كەمە زانینێك لە خۆبایی دەبن‌و، پێیان وایە تازە ئەوان هەموو شتێكن، جگە لە كەم مەعریفی‌و شارەزایی هیچی دیكەیان پێ نییە، بە پێچەوانەوە، ئەوانەی پڕ عیلم‌و تەقوا بوون، وێڕای عیلمەكەیان، هەمیشە نموونەی سادەیی‌و هێمنی‌و ئارامی بوونە.

لەم رۆژانە بە خۆم نەبوو بە بیستنی هەواڵی كۆچی دوایی دكتۆر سوبحی سامەرائی زۆر دڵگران بووم، ئاخر كەسێك بەو هەموو سادەییە، بەو هەموو عیلمە، لە مزگەوتەوە دەردەچێت، بەڵام دەبێتە كەسێكی مەزن‌و گەورە، بەتایبەتی لە بواری فەرموودەناسی، ئێستا نموونەی زۆر كەمە، ئاخر ئەم مرۆڤە مەزنە توانی لە زۆر شەێنی عیلمی بەتایبەتی لە عێراق‌و سعوودیە وانەی فەرموودە بڵێتەوە، لەلای زۆرترین گەورە زانا فەرموودەناسەكانی جیهانی ئیسلامی فێری خوێندن بووە، تا لە ژیاندا بوو توانی 46 كتێب تەنها لە بواری فەرمووەناسی دابنێت، بەڵام نەك كتێبی گەورە پڕ كراوە، بەڵكو كتێبانێك خەڵك بە چۆك لە خزمەتیان دابنیشێت.

لە عێراقەوە تا دەگاتە لوبنان‌و سعوودیە‌و هیندستان‌و وڵاتانی دیكەی ئیسلامی بە فەخرەوە بە گەورەی خۆیانی دەزانن، بەڵام رۆژێك لە رۆژانە كەمترین هەڵسوكەوتی خۆ بە گەورە زانینی لە بیسترا، بگرنە زۆر لە خەڵكی هەر نەیان دەناسی. 

دواجار تووشی نەخۆشی لێدانی دڵ هات‌و، دوای ئەوەی لە ساڵی 1936 لە دایك بوو، لە ساڵی 2013 له لوبنان كۆچی دوایی كرد.

هەزار رەحمەت لە گۆڕی‌و خوا بیخاتە بەهەشتەوە‌و نموونەی ئەم زانا گەورانەمان بۆ زیاد بكات.

باشترین شت لەوانە فێردەبین، خاكیبوون‌و هێمنی‌و عیلمدۆستی‌و دووركەوتنەوەیە لە جەنجاڵی دونیا‌و خۆ ئامادەكردن بۆ خزمەتی عیلم‌و زانیاری.