سیاسەتی مینبەر یان مینبەری سیاسەت؟!

شاراوە نییە، کە مینبەر پێگەیەکی بەهێزی هەیە لەسەر هەموو ئاستەکان، بە درێژایی مێژووش کاریگەری گەورەی هەبووە لە پەروەردەکردنی موسڵمان و ئاشناکردنیان بە بەها جوانەکانی ئیسلام.

 

بەڵام لە ڕۆژگاری ئەوڕۆکەدا، کە جیهانی ئیسلامی بە دۆخێکی گڕگرتوودا تێدەپەڕێت، هەوڵێکی چڕوپڕ هەیە بۆ شێواندنی پەیامی مینبەر، کە ئەگەر بەربەست لە بەردەم ئەو هەوڵانەدا دانەنرێت، بە دوور نییە، کە مینبەر ئەو پێگەیەی خۆی لەدەستبدات، چونکە بە ئاشکرا هەستی پێدەکرێت، کە گوتارە سیاسییەکان لەسەر مینبەرەکانەوە بەرز دەکرێنەوە و، خەڵك کەوتۆتە بەردەم دووڕیانێکی ڕاستەقینە و ترسناك، کە ئایا بەردەوامبن لە گوێگرتن لەو پەیامە سیاسییانەی سەر مینبەرەکان، یان وازبێنن لە دانیشتن بەدیار ئەو گوتاربێژانەی، کە لە پەنای پێگەی مینبەرەوە، بانگەشە بۆ بژاردەیەکی تر لە پەیامە لاوەکییە دوور لە پەیامە مینبەرییەکان دەکەن؟!.

 

لەلایەکی ترەوە، دەبێت وتاربێژان درك بەو ڕاستییە بکەن، کە تا ئێستاش بەشێکی زۆری موسڵمانانی کۆمەڵگای کوردەواری، پێویستیان بە ڕوونکردنەوە بابەتە زۆر سەرەتاییەکانی ئایینی ئیسلام هەیە، کە وابێ چ حیکمەت لەوەدایە، کە بەرەو ئامانجیگەلێکی تر ئاراستە بکرێن، کە ڕەنگە کاریگەری کاردانەوەکانی ئەو هەڵە کوشندەیە، زۆر ترسناك بن!.

 

مەبەستمە ڕاشکاوانە بڵێم، کە مینبەر وەکو ئەمانەت و میراتێکی گەورەی پێغەمبەر "دخ"، خاوەن سیاسەتێکی تایبەت بە خۆیەتی بۆ بڵاوەکردنەوەی ڕۆشنبیریی ئایینی لەسەر بنچینەیەکی میانڕەوانە، کە درێژەپێدەر و زامنی بەدیهێنانی ئەو ئامانجە بەرزانە بێت، کە حەزرەت "دخ" لە پێناویدا پەیامەکەی بە مرۆڤایەتی گەیاند، نەوەکو ئەوەی مینبەر بکرێتە دوانگەیەك بۆ پەیامە سیاسییە لاوەکییەکان، کە ناکۆکن لەگەڵ ڕۆحییەتی پەیامی ئیسلام!.

 

بۆیە دەڵێین: نا بۆ بە سیاسیکردنی مینبەر، بەڵێ با هەوڵبدەین مینبەرەکان "وەکو خۆی" بپارێزین، ئەگینا کار وا بڕوات، چیتر خەڵك متمانە بەو کەسانە ناکات کە لەو دوانگە پیرۆزەوە وتار دەدەن "هەر یەکێك بێت"، بەڵکو دوورتر لەوەش، خەڵك ئامادە نابێت واجبی جومعەش جێبەجێ بکات!.

 

ئەوانەشی پەیامێکی تریان هەیە، دەتوانن لە ڕێگەی مینبەرە جیاوازەکانی ترەوە بیگەینن و، هیچ ئیشکالییەتێکیش لەوەدا نییە، کە گوتاربێژ خاوەن هەڵوێست و بیروبۆچوونی تایبەت بە خۆی بێت، بەڵام وەکو نیشانەم کرد، ئەو هەڵوێست و بیروبۆچوونانە لە مینبەری مزگەوتەکانەوە ڕەنگنەدەنەوە.