زەق کردنەوەی جیاوازیەکان و فەرامۆش کردنی خاڵە هاوبەشەکان

یەکێک لە هەڵە مەنهەجیەکانی ئەوەی پێی دەگوترێت (سەلەفیەت):

(زەق کردنەوەی جیاوازیەکان و فەرامۆش کردنی خاڵە هاوبەشەکان)

ئەو کەس و تاقمانەی کە تەنها خۆیان بە میراتگری کتاب و سوننەت و سەلەف دەزانن لەزۆر بواردا بێ ئاگاترین کەسن لەو مەنهەجەی قورئان و سوننەت دایناوە بۆ چۆنیەتی ڕەفتارکردن لەگەڵ مەسەلە جیاوازەکانی ناوخۆی موسلمانان و دەوروبەریان، یەکێک لەو بوارانە مەسەلەی ڕەفتارکردنە لەگەڵ بەرامبەرە ناکۆکەکان و تاقم و کۆمەڵەکان بە موسڵمان و ناموسڵمانەوە.

مەنهەجی (ئەوەی پێی دەگوترێت سەلەفیەت) بۆ ڕەفتار لەگەڵ غەیری خۆیان (لە کافرو ئەهلی کتاب و ئەهلی بیدەع بەتەعبیری خۆیان) ئەوەیە خاڵە ناکۆکی لەسەرەکان زەق دەکەنەوە و بانگەشەی بۆ دەکەن و، هەمیشە هەوڵ دەدەن کۆمەڵێک تایبەتمەندی بۆخۆیان دابنێن بۆ ئەوەی جیا ببنەوە لە موسڵمانی ئاسایی (ناسەلەفی)، ئەگەر کەسێک لەسەدا نەوەدی عەقیدەو عبادەت و دینداری وەکو ئەوان بێت، تەنها سەدا دەی جیاواز بێت لەگەڵیان، ئەوان تەنها سەدا دەیەکە دەبینن کە جیاوازە و زەقی دەکەنەوە، دەیکەنە بەڵگە بۆ بەگومڕادانان و هەجر کردنی ئەو کەسە و خۆیانی لێ جیا دەکەنەوە، سەدا نەوەدەکە بەهەند وەرناگرن و لای ئەوان شەفاعەتی بۆ ناکات .

نموونەی زۆر ئاشکراش لەسەر ئەوە: هەر خودی سەلەفیەکان لەناوخۆیاندا کە لەزۆربەی شتەکاندا وەک یەکن کەچی کاتێک لەسەر هەندێک شتی بچوک و لاوەکی جیاوازیان دەکەوێتە نێوان یەکتری بە ئەهلی بیدعەو نازناوی جۆراوجۆر ناوزەد دەکەن، لەگەڵ موسڵمانانی تریش ئەوە هەر باس ناکرێت چەند خۆیان بەجیاواز دەزانن و بەچاوێکی ترەوە سەیریان دەکەن .

بەڵام کاتێک سەرنجی قورئانی پیرۆز دەدەین بۆمان دەردەکەوێ ئەومەنهەجە سەقەتەی سەرەوە کە بەناوی سەلەفیەتەوە پەیڕەو دەکرێت نەک بۆنێوخۆی موسڵمانان ناشێت تەنانەت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ غەیرە دین و ئەهلی کیتابیشدا دروست نیەو پێچەوانەکەی ڕاستە .

ئەوەتا قورئانی پیرۆز بانگی ئەهلی کیتاب (جولەکەو گاور) دەکات بۆ کۆبوونەوەو یەکگرتنەوە لەسەر ئەو خاڵە هاوبەشانەی لەنێوان دا هەن و دەفەرموێ:

( قُلْ يَا أَهْلَ الْكِتَابِ تَعَالَوْا إِلَى كَلِمَةٍ سَوَاءٍ بَيْنَنَا وَبَيْنَكُمْ أَلَّا نَعْبُدَ إِلَّا اللَّهَ وَلَا نُشْرِكَ بِهِ شَيْئًا وَلَا يَتَّخِذَ بَعْضُنَا بَعْضًا أَرْبَابًا مِنْ دُونِ اللَّهِ......) آل عمران ٦٤ .

واتە: بڵێ بەئەهلی کیتاب وەرن بۆلای قسەیەکی هاوبەش کە هەموومان تێیدا هاوبەشین، ئێمەو ئێوە، کە بریتیە لەوەی هیچ شتێک نەپەرستین تەنها الله نەبێت و هاوەڵی بۆدانەنێین وە هەندێکمان هەندێکی تر نەکەین بەخوا لەجیاتی الله .....

بەڵێ ئەوە مەنهەجی قورئانە لەقسەکردن و ڕەفتار لەگەڵ جیاوازیەکاندا، کە هەوڵی دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش دەدات لەگەڵ نەیارەکانی بۆ ئەوەی لەو ڕێیەوە لێک نزیکبوونەوە بێتەدی و ناکۆکیەکان سنوردار بکرێن و زەق نەکرێنەوەو نەبنە بیانووی دابەشبوون و لێک دوورکەوتنەوە .

کەچی مەنهەجی بەناو سەلەفیەتی ئەم سەردەمە بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدایە تمایزو خاڵی جیاکەرەوە بۆخۆی دابنێت و بەرامبەرەکانیشی ئەگەر موسڵمانیش بن بخاتە خانەیەکی خوارتر لەخۆی و بەنازناوی (مبتدع و مشرک و ...هتد ) ناوزەدیان بکات و خۆشی ناو بنێت (سەلەفی و فرقەی ناجیەو طائیفەی منصورة) .

جا تەماشا کەن ئەو دوو مەنهەجە چەند لێک دوورو پێچەوانەن!!