نۆمینەی حاجیان یان (عشر ذی الحجة)

وڵاتی سعودیە ڕایگەیاند سبەینێ پێنج شەممە ٢٥/ ٩/ ٢٠١٤ یەکەم ڕۆژی مانگی ذی الحجة یە، واتە لە سبەینێوە نۆمینەی حاجیان دەست پێدەکات .

بەشێکی زۆری موسڵمانانی کوردستان لەو نۆ ڕۆژەدا بەڕۆژوو دەبن چونکە خێرو پاداشتێکی تایبەت و زیاتری هەیە .

ئەوەی پێویستە بەبیری خۆمانی بهێنینەوە ئەوەیە پیرۆزی و پاداشت زۆری ئەو چەند ڕۆژە تایبەت نیە بەڕۆژوو گرتن بەڵکو هەموو کردەوەیەکی خێر لەو شەوو ڕۆژانەی سەرەتای مانگی حاجیان دا پاداشتی زیاتری هەیە بەبەراورد بە کاتەکانی تر .

لەو بارەوە لەفەرموودەی صحیح دا هاتووە ابن عباس دەفەرموێ پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرمووی: ( ما من أيام العمل الصالح فيهن أحب إلى الله من هذه الأيام العشر يعني عشر ذي الحجة ) رواه البخاري.

واتە: هیچ ڕۆژانێک نیە کردەوەی چاک تێیاندا خۆشەویست تر بێت لای خوا لەو دە ڕۆژە ، کە مەبەستی دە ڕۆژی ذی الحجة یە.

هەروەها لەفەرموودەیەکی تردا هاتووە هەندێک خێزانەکانی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم دەفەرموون: (كان رسول الله صلى الله عليه وسلم يصوم تسع ذي الحجة ويوم عاشوراء ...) رواه أحمد وأبو داود .

واتە: پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم نۆ ڕۆژی ذي الحجة و ڕۆژی عاشورا بەڕۆژوو دەبوو .

کەواتە لەو دەڕۆژەدا چیمان لەدەست بێت نابێ درێغی بکەین لە کاری خێر، بەلام ڕۆژوو گرتنەکە تەنها لە نۆ ڕۆژەکەدا دروستە چونکە ڕۆژی دەیەم دەکاتە ڕۆژی جەژن و ڕۆژووی تێدا دروست نیە .