مەرج نیە هەموو کات بۆچوون‌و تێگەیشتنی پێشوەکان (سەلەف) ڕاستتر بێت لە لێکدانەوەو بۆچوونی خەلەف

ئەوەی جێی ناکۆکی نیەو موسڵمانان بە هەموو دەستەو تاقم و مەزهەبەکانەوە بانگەشەی شوێنکەوتنی دەکەن قورئان و فەرموودەی پێغەمبەرە صلی الله علیه وسلم، بەڵام ناکۆکی زۆر لە سەر ئەوە هەیە ئایا قورئان و سوننەت بە تێگەیشتنی کێ وەربگرین؟ بگەڕێینەوە بۆ ڕای کام زاناو کام مەدرەسەی فیقه و تەفسیر ؟

بۆچوونێکی زاڵ‌و باو هەیە کە زۆرینەی موسڵمانان دەیڵێنەوە بە تایبەت ڕەوتی سەلەفی کە دەڵێ دەبێ بۆ هەموو شتێک بگەڕێینەوە بۆ تێگەیشتنی پێشین (سەلەف) لە بەر ئەوەی بە گوتەی ئەوان سەلەف هیچیان نەهێشتۆتەوە بۆ خەلەف کە باسیان نەکردبێت، بە مەش ڕێگریان کردوە لە هەر لێکدانەوەو تەفسیرێکی جیاوازی دەقەکانی قورئان و فەرموودە کە زانایانی باوەڕپێکراوی ئەم سەردەمە بیکەن‌و پاڵپشتێکی نەبێت لە قسەی سەلەف.

ئەوە لە کاتێکدا پێغەمبەری خوا (سەلامی خوای لە سەر بێت) پێچەوانەی ئەوەمان پێ دەڵێت‌و بە هیچ شێوەیەک شەرح و تەفسیری قورئان‌و فەرموودەی نە بەستۆتەوە بە هیچ سەدەو سەردەمێک بەڵکو ئاماژەشی بەوە داوە کە زۆر کات ئەو کەسەی ئایەت‌و فەرموودەکەی ڕاستەوخۆ گوێ لێ بووه‌( کە پێشینەکانن) دەیگوازێتەوە بۆ کە سانێک کە لەو باشتر لێی تێدەگات (کە دەبنە پاشینی ئەوان).

ڕەنگە ئەو قسەیە بۆ هەندێک کەس تازە بێت‌و وەک داهێنراو نیمچە کوفرێک تەماشای بکەن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە دەقی فەرموودەی صه‌حیحی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم ی لەسەرە کە دەفەرموێ (دەفەرموێ (لِيُبَلِّغِ الشَّاهِدُ الغَائِبَ، فَإِنَّ الشَّاهِدَ عَسَى أَنْ يُبَلِّغَ مَنْ هُوَ أَوْعَى لَهُ مِنْهُ) رواه البخاری

واتە: ئەوەی لێرە ئامادەیە با قسەکانم بەوانە ڕابگەیەنێ کە لێرەنین، چونکە لە وانەیە ئامادەبووەکە بیگەیەنێتە کەسێک کە لەو باشتر تێی دەگات .

لە شەرحی ئەم فەرموودەیەدا هاتووە: (وفيه أنه قد يأتى فى آخر الزمان من يكون له من الفهم فى العلم ما ليس لمن تقدمه) عمدە القاری شرح صحیح البخاری ٢/٣٨ . واتە: لەو فەرموودەیە وەردەگیرێت کە کەسانێک لە کۆتایی زەمان دا دێن هەندێک تێگەیشتنیان لە زانست هەیە کە ئەوانەی پێشتر نەیان بووە .

هەروەها ئیمامی کشمیری لە شەرحی هەمان فەرموودەدا دەفەرموێ: (وفيه أنه يمكن أن يكون في الأمة من يفضل الصحابة في الوعي والحفظ فهذا فضل جزيءّ. وأما الفضل الكليّ فلهم خاصة لما ثبت. سبقهم بالإسلام والنصر). ١/٢٥٠ واتە: لەو فەرموودەیە وەردەگیرێ کە دەکرێ لە ناو ئومەتی ئیسلامی دا کەسانێک هەبن لە تێگەیشتن و کۆکردنەوەی مانادا (ئەوە مانای حفظە لێرەدا) پێش هاوەڵان کەوتبنەوە، ئەوەش فەزلێکی لاوەکیە ، بەڵام فەزلە گشتیه‌کە هەر بۆ هاوەڵانە بەهۆی پێشەنگیان لە ئیسلام و سەرکەتنەکانیان .

ابن حجریش لەسەر ئەو فەرموودەیە لە (فتح الباری) دا دەفەرموێ (وَأَنَّ الْفَهْمَ لَيْسَ شَرْطًا فِي الْأَدَاءِ وَأَنَّهُ قَدْ يَأْتِي فِي الْآخِرِ مَنْ يَكُونُ أَفْهَمَ مِمَّنْ تَقَدَّمَهُ لَكِنْ بِقِلَّةٍ) فتح الباری/ ١/١٥٩. واتە: هەروەها ئەو فەرموودەیە پێمان دەڵێ کە تێگەیشتن مەرج نیە بۆ گەیاندن و گێڕانەوەی فەرموودە)، و لەوانەیە لە دوایی دا کەسانێک پەیدا ببن کە تێگەیشتووتر بن لەوانەی پێش خۆیان بەڵام کەم دەبن .

هەر لەسەر ئەو بابەتەی سەرەوە فەرموودەیەکی تری پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم هەیە کە دەفەرموێ: ((نضر الله أمرأ سمع مَقَالَتي فحفظها ووعاها فأداها إِلَى من لم يسْمعهَا، فَرب حَامِل فقه غير فَقِيه، وَرب حَامِل فقه إِلَى من هُوَ أفقه مِنْهُ) . قَالَ التِّرْمِذِيّ: حسن. وَقَالَ الْحَاكِم: صَحِيح على شَرط الشَّيْخَيْنِ)

واتە: خوای گەورە ڕووی ئەو کەسە جوان کات کە قسەکانم دەبیستێ و لەبەریان دەکات و لێیان تێدەگات و دەیان گەیەنێ بەوانەی نەیان بیستووە، چونکە زۆر هەڵگری زانست (فقه) هەن کە زانا نین، وە زۆر کەس زانستەکە دەگەیەنن بە کەسانێک کە لەوان باشتر تێی دەگەن . ئیمامی (الصنعانی) لە شەرحی ئەم فەرموودەیەدا دەفەرموێ: (وفيه الدعاء لحامل الأحاديث النبوية ومبلغها والإخبار بأنه يأتي من الأمة من هو أحفظ من الصدر الأول) التَّنويرُ شَرْحُ الجَامِع الصَّغِيرِ ١٠/٥٠٣ واتە: لەو فەرموودەیەدا دوعا کراوە بۆ ئەوکەسەی هەڵگری فەرموودەکانی پێغەمبەرە صلی الله علیه وسلم و دەیان گەیەنێ بەخەڵکی دیکە، هەواڵ دانیشە بەوەی کەسانێک لەو ئومەتەدا پەیدا دەبن کە لە کۆمەڵ و سەدەی یەکەم زیاتر پارێزگاری لە ماناکانی دەکەن تێیدەگەن (وشەی حفڤ لیرەدا لەبەرانبەر وشەی فقه ە) . کەوابوو: گەرچی پێشینەکان (سەلەف) گوێزەرەوی دین و پارێزەری دەقەکانی قورئان و فەرموودە بوون ، فەزڵی سەرەتای ئیسلامەتیشیان هەیە بەسەر تێکڕای ئوممەتی ئیسلام دا، بەڵام ئەو فەزڵە زۆرەی پێشینەکان مانای ئەوە نیە پاشینەکان هیچیان بۆ نەمابێتەوە لەخزمەتکردنی دین و دەوڵەمەندکردن و هەڵهێنجانی مانا و ڕاڤەی تازەدا.

 زۆر ئاساییە زانایانی باوەڕپێکراوی ئیسلام لەهەر سەردەمێکدا ماناو تەفسیری تازەو فەتوای تازەیان هەبێت، ئەگەر پێچەوانەی فەتواو تەفسیری هەندێک لە زانایانی پێشین (سەلەف) یش بێت ، بەڵکو ئەوەی نائاسایی و جێی خەفەتە ئەو چەقبەستوویی و خولانەوەیە بەدەوری ئیجتیهادو قسەی چەند زانایەکدا کە هەندێکیان پێشینیش نین کەچی قسەکانی لەلای ئێمە بۆتە بەڵگەی بەڵگە نەویست .

* سەبارەت بە وشەی (فَرُبَّ) کە لە بنەڕەتدا بۆ کەمڕوودانی شتێک ڕوو دەدات لێرەدا بەمانای زۆری دێت، وەک خاوەنی (مرقاة المفاتيح شرح مشكاة المصابيح) دەفەرموێ: (فَرُبَّ) : اسْتُعِيرَتْ لِلتَّكْثِيرِ، وَقِيلَ: اسْتِعْمَالُهُ فِيهِ حَقِيقَةٌ أَيْضًا ) مرقاة المفاتيح شرح مشكاة المصابيح، علي بن (سلطان) محمد، أبو الحسن نور الدين الملا الهروي القاري (المتوفى: 1014هـ) . ١/٣٠٦ .

 

 

 

هـ بالیسانی