کێ بەرپرسیارە لە وتاری هەینی مزگەوتەکان؟

زۆر قسە دەکرێ لە سەر کەم و کورتی  وتاری هەینی و نەشیاوی هەندێک لە  وتاربێژان بۆ ئەو کارە، هەر جارەو پەنجەی تاوان بۆ لایەنێک  درێژ دەکرێت، بەڕای من لایەنی کەمتەرخەم و خەتاباری سەرەکی:

لە نەبوونی  وتاربێژی شیاوو پپێگەیشتوو،

لە نەبوونی ژمارەی پێویستی وتاربێژ بۆ مزگەوتەکانی کوردستان،

لە وتاری کرچو کاڵی زۆرێک لە وتاربێژان،

لە گەیشتنی کەسانی توندڕەوو دەمارگیر بە مینبەری مزگەوتەکان،

لە هەر کەم و کوڕی بێسەرەو بەرییەکی تری ناو مزگەوت و وتاری هەینی

(وەزارەتی ئەوقاف و کارو باری ئاینی) یە چونکە:

ئەوقاف دەسەڵاتی بەسەر مزگەوتەکاندا هەیە و دەتوانێ خەتیب دابنێ و لای ببات، ئەگەر بڵێن وانیە دەیان نمونە لە بەردەستە کە توانیویانە و کردوویانە، بەڵام نەک لەسەر ئەو کەم و کوڕیانەی لێرە باسکراون .

بێگومان هەر کەسێکی بچێتە سەر مینبەرو وتار بدات بە ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتیەکانی ئەوقافەو ئەوان ڕێیان پێداوە .

ئەوانن دەڵێن زیاتر لە سێ هەزار مزگەوت نوێژی هەینی لێ دەکرێت، بەڵام ژمارەی وتاربێیژەکانمان ناگاتە هەزار وتاربێژ، کەچی نە خەمی پیگەیاندنی وتاربێژیان لەبەرەو نە دەرفەتی دامەزراندن دەڕەخسێنن .

ئەوە وەزارەتی ئەوقافە کە دەبێ لەخەمی بەرزکردنەوەی ئاستی وتاربێژان دا بیت کە نیە، ئەوە وەزارەتی ئەوقافە کە دەبێ هەول بدات خوێندنی ئاینی توندوتۆڵ بکات و ئاستی پەیمانگاکانی بەرزبکاتەوەو مەرجەکانی وەرگرتن لەو پەیمانگایانە قورس بکات و خزمەتی پێویستی ئەوانە بکات کە مافی وەرگرتنیان هەیە و دەرفەتی دامەزراندنیان بۆ بڕەخسێنی کەچی هیچ کام لەوانەی نەکردووە .

ئەوە ئەرکی وەزارەتی ئەوقاف و بەڕێوەبەرایەتیەکانیەتی چاودێری و بەدواداچوون بۆ وتاربێژەکانیان بکەن لەڕووی ئاستی زانستی و توانای گەیاندن و هاوسەنگی وتارەکانەوە، نەک ئەو ئەرکە بدرێتە دەست ڕاپۆرت نوسەکانی حیزب و دەزگا ئەمنیەکان .

تا ئێستا کێ بیستوویەتی وەزارەتی ئەوقاف وتاربێژێکی لادابیت لەسەر ئەوەی مەرجی وتاربێژی تێدا نەبووبێ؟ یان وتاربێژێکی خەڵات کردبێت لەسەر ئەوەی سەرکەوتوو بووە لەکارەکەیدا؟

کەوابوو با چیتر خەتای کەس نەگیرێت و جگە لە حکومەت و وەزارەتی ئەوقاف چونکە چاکبوون و خراپ بوونی دۆخەکە لەدەست ئەوان دایە ...

بەهیوای چارەسەر و هەنگاوی دەسپێک  ....

 

هـ بـ