مەنعکردنی کتێب چارەی تووندرەوی ناکات

جەعفەر گوانی

لە ئێستادا هەواڵی قەدەغەکردنی کتێبەکانی ئیبن و تەیمیەو چەند زانایایەکی دیکە گەرمترین باسە بۆ رێگەگرتن لە فیکردی داعش، بە بڕوای ئێمە رێکخستنی هێنانی کتێب بۆ پێشانگاکان شتێکی دروستە، ئەویش بەشێوەی میزاج نەبێت، بەڵکو بە هەڵسەنگاندنێکی زانستیانە بێت، کە سەرجەمی ئەو کتیێبانەی تووندرەوی دروست دەکەن رێگەی هێنانە پێشانگایان لێ بگیرێت جا کتێبی ئیسلامی یان عەلمانی بێت، بەڵام پێم وایە دەرکردنی بریاری قەدەغەکردنی چەند کتێبێك هیچ لە دۆخەکە ناگۆرێت و بەرهەمەکەی لەوانەیە لە چەند ئافەرینێك زیاتر نەبێت، چونکە تا ئەوانەش کە خۆشیان لە رەوتی سەلەفی نایەت پێش هەموو کەس پشتگیری شێوازی ئەم بریارە ناکەن، چونکە ئەمرۆ لە ساڵی (2015!) بە ئاسانی و زۆر هەرزانتر سەرجەمی ئەو کتێبانە لە بەرنامەی شامیلەی کۆمپیوتەر هەیەو، بە چەند هەزار دینارێك لە ئینتەرنێت دایدەبەزینی.

لەلایەکی دیکەوە باشترین رەواج دەدەنە ئەم کتێبانە، چونکە چاکم لە بیرە لەو کاتەی حکومەتی عێراق گۆرانیەکانی شڤانپەروەرو ئەیازو ئەردەوان زاخۆیی قەدەغەکرد براو مامەکانم زیاتر لە جاران تامەزرۆیان بوون و بە رۆژ لەبن زەویان دەپاراستن و شەوانیش لەبەری دەگریان، بەم هەنگاوە بازاری ئەو کتێبانە زۆر خۆشتر دەکەن، خۆ ئەگەر ئەوانەشیان قەدەغەکردن دەبوو ئاورێکیش لەو هەموو نووسین و سمینارانە بدەنەوە کە هەرچی ناشیرینییە بەرانبەر پیرۆزیەکانی موسڵمانان دەیڵێن.

دەبێ ئەوەش بڵێین: ئەو کتێبانەی وەك ئیبنو تەیمیە تەنها خەڵکی خوێندەواری شارەزا دەیخوێنێتەوە، ئەوەش مانای وایە ئەوە کەسەکانن کە راڤەی تووندرەوانە دەکەنو تووندرەوی بەرهەم دێنن، ئەوانیش نەك تەنها لەو کتێبانە بەڵکو دەتوانن لە قورئانو ئینجیل و تەورات و ئاڤێستاو کتێبی گاندی و ... هەر کتێبێکی دیکە بایی ئەوەندەی لێ وەربگرن.

بە بروای بەندە چارەسەری راستەقینە لەوەدایە رێ لە دەرفەتی دەرس و سمینارو ئاخاوتنی تووندرەوانە بگیرێت جا ئەو کەسە بەناوی دینەوە قسە بکات یان عەلمانییەك بێت ژاری لەسەر دین برێژێت، چونکە دواجار هەردووکیان بە کارو کاردانەوە دەبنە سەرچاوەیەکی تیرۆر، چونکە ئەو قسانەو وردە کتێبەکان سەرچاوەی تووندرەوین.

پوختەی قسان دەکرێ بۆ چارەسەری راستەقینە سوود لەم خاڵانە وەربگیرێت:

یەکەم؛ بە دوای سەرچاوە داراییەکانی ئەو کەسانە بگەڕێن کە تووندرەوی بەرهەم دێنن.

دووەم: دەرفەت بدرێتە کەسانی هێمن و نەرم بۆ ئەوەی زانیاری درووست بدەنە خەڵك و ئەم فیکرە بۆگەنانە لە بن بێنن.

سێیەم: پێویستە لە وتاری هەینی، هەروەها راگەیاندنێکی موسڵمانانەی بێ لایەنیش هەبێت کە وێڕای گەیاندنی زانیاری بۆشایی رۆحی و عیرفانی پڕ بکەنەوە.

واتە (گەیاندنی زانیاری، راگەیاندنێکی درووست، پەیامێکی عیرفانی) چاکترین چارەسەری فیکرییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو تووندئاژۆیی.