قسەیەك دەربارەی دكتۆر عەلی قەرەداغی و توركیا

دكتۆر عەلی قەرەداغی وتارێكی بڵاوكردۆتەوە دەربارەی ئینجازەكانی توركیاو لە كوردستان رەخنەی زۆری لێگیرا... لێتان ناشارمەوە كاتێك وتارەكەی دكتۆرم دیت دەربارەی توركیا زۆرم پێ ناخۆش بوو، چونكە توركیا خەریكی سیاسەتە سیاسەتیش یارییە، بۆ نموونە توركیا دەمیرتاش بەوە تاوانبار دەكەن كە گووتویەتی مافی هاورەگەزبازەكان دەدین، بێگومان قسەیەكی خراپە، بەڵام ئێستا هاورەگەزبازەكان لە توركیا فول ئازادن و لە ساڵی ٢٠١٤شەوە بە پێی یاسا نابێ قسەی خراپیان پێ بگووترێت.

ئیدی ئەوەی دەمیرتاش بە قسە دەیڵێت، حكومەتی توركیا بە عەمەلی تەتبیقی كردووە. یان ئێمەی موسڵمان هەمیشە باسی یاسا سەروەری دەكەین، بەپێی دەستوور سەرۆكی توركیا نابێ لە كاتی هەڵبژاردن ریكلام بۆ كەس بكات، كە عەبدولا گول جوانترین نموونەی پیشاندا، بەڵام سەرۆكی ئێستا قورئانێكی بە دەستەوە گرتووەو شار بە شارو گوند بە گوند دەگەرێت.

لەولاشەوە دكتۆر عەلی قەرەداغی لەوە گەورەترە كە وتارێك بنووسێت بەم شێوە بە شان و باڵی توركیا هەڵبدات، ئێستا ئەو كەسایەتییەكی جیهانییەو لەسەر ئاستی جیهان حسێبی بۆ دەكرێت ئەم هەنگاوانە تەنها خۆ بچوككردنەوەیە. بەڵام لە بەرامبەردا خەڵكێك كە رەخنە لە دكتۆر دەگرێت دەیانەوێت یەكسەر سفری بكەنەوە ئەوە لە كاتێكدایە.

دەبێ كورد شانازی بەوە بكات كەسایەتییەكی هەیە لەسەر ئاستی نێوەدەولەتی ناسراوە، رۆژانی نەبوونی، هەزاران منداڵ و هەژارو فەقێ و مزگەوت و نەخۆشخانەو ئاوو ئاوەرۆكانی كوردستان بەهۆی ماندووبوونی ئەو پیاوە چارەی گرفتەكانیان دەكرا، یەكێك بوو لەوانەی لە گەرمەی شەری ناوخۆ هەموو هەوڵی یەكخستنەوەی ناو ماڵی كورد بوو، كتێبەكانی چەندین جار چاپ كراون، لە زۆر شوێنان وەكو مەنهەج دەخوێندرێن، راوێژكاری چەندان بانقە لە ئاسیاو ئەوروپاو ئەمریكا، بۆیە دەكرا رەخنە بگیرێت بەڵام نەك بەم شێوازی سفركردنەوە، چونكە كورد بە ئاسانی كەسانی وەهایان بۆ دروست نابێتەوە.

لێشتان ناشارمەوە حەز دەكەم دكتۆر عەلی قەرەداغی سەد ئەوەندە پێشكەوێت و دڵنیام لەوەش بەخۆداچونەوەی دەبێت، هەروەها خیانەت بەسەر كەس دابەش ناكەمەوە بەڵام پڕ بە دڵ ئومێدەكەم دەكەم هادەپ نەك بەربەستی (١٠%) بەڵكو یەكەمی توركیا بێت و لە داهاتووش چاكتر خەڵكی كوردی باكوور بناسن .