تكایە زەكات مەدەن بە هیچ كەناڵێك، بەو عەره‌بانەش كه‌ له‌ عێراقەوە ئاوەرەبوون

ساڵانە بە دەیان فەتوای نابەرپرس لێرە و لەوێ لە بارەی زەكاتەوە بڵاو دەكرێتەوە، بۆیە بە ئەركی ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانی دەزانم بێمەدەنگ و بڵێم:
1/ با هەر خاوەن زەكاتێك سەیری ئەوە بكات تا یەكەم هەبێت نەچێت بۆ دووەم، لەو كەسانەی زەكاتیان پێدەشێت و تەفرە نەخۆن بە هیچ فەتوایەكی دوور لە ڕۆحی بەزەیی ئیسلام، بە هەژاران.
2/ هەندێ كەناڵ كەوتوونەتە پڕو پاگەندە بۆخۆیان و موسڵمانان تەفرەدەدەن تا بە ناوی ئەوەی بۆئەوەی ئایەت بێتە ماڵەكەت بۆئەوەی فەرموودە بێتە ماڵەكەت، زەكات بدە بەوكەناڵە!
هەزار و یەك كەناڵ بە قوربانی گەدەیەك بێت كە برسییە و لە ڕێی خوا تێر بكرێت.
دەیان كەناڵی قورئان هەیە و خەڵك بۆخۆیان دەیانكەنەوە و گوێ لە قورئان دەگرن و ئێوەیش نەبن دین نافەوتێ و هەق هەر ئەوە نییە كە ئێوە وا دەزانن بە تەنیا لای ئێوەیە.
ئەزیزەكانم: ئەوە چ دەردێكی گومڕابوون و سێبەری خۆ بینەوەیە تووشتان بووە؟
هەندێ منداڵومەزن بە نێوی ئێووەوە، نە سەر لە غەیبەت و نە سەر لە بوختان و نە سەر لە زمان شڕی دەكەنەوە.
ئەمە شێوازێكە لە چەواشەكاری و تەفرەدانی خەڵكیی بە ناوی ئیسلام و شەریعەتەوە.
بەناوی "سبیل الله"وە، وامەكەن، تا هەژار و ئەوانەی تر وێستابن، "سبیل الله" كەیش رەچاو ناكرێت.
"سبیل الله"یش كەناڵ و رادیۆ ناگرێتەوە، كێ كەناڵی بۆدانان – لەڕێی خوادا وەك دەڵێن - و لەم قەیرانی داراییەی كوردستاندا لەودیو كارەكانتانەوەیە، با پشتیوانیتان لێ بكات.
ئۆتۆمبیلە گرانبەهاكانتان بفرۆشن و لە قەیرانەكە دەرباز بن و تەوبە بكەن لەم خۆویستیی و خۆبه‌زلزانی و توغیانەی تێی كەوتوون.
ئەگەر هەندێك فەتوا بەكار دێنن لە مامۆستایانی بەڕێزی وڵاتانی ترەوە، بەس بمان خەڵەتێنن و ئەوانیش تەفرە و فریب بدەن، ئێرە وەك شوێنی تر نییە، ئەگەر لای ئەوان هەژار و نەدار و قەرزدار و لێقەماو كەمبێت و "سبیل الله"كە وەك لاستیك بكشێنرێت، ئێرە كوردستانە و نەبوونی و نەدارایی و ئابڵووقەی ئابووری و بێ مووچەیی و داگیر كردن و شەڕ گرێبانی گرتووین.
مەگەر عومەری كوڕی عەبدولعەزیز ناڵێت: تێركردنی گەدەیەكی برسی لە دروستكردنی كراسی كابە خێرترە؟ خۆ كەناڵەكەتان لە كابە پیرۆز تر نییە.
داواكاریشم لە هەر كوردێكی موسڵمان، زەكات مەدەن بەو عەرەبانەی عێراقیش كە ئەوان مووچەكانیان لە بەغداوە بۆدێت، چونكە خاوەن پێداویستی لەناو خۆماندا زۆر زۆرترە تا ئەوەی بدرێت بەوان.
زەكاتدان وەك قورئان ڕەچاو بكەن و سەیری ڕیزبەندییەكەی خوا بكەن، خوای گەورە لە ئایەتی60ی سورەتی (ئەلتەوبە)، ئەوكەسانە دەستنیشان دەكات كە دەبێ زەكاتیان پێ بدرێت و دەفەرموێت: 
(إِنَّمَا الصَّدَقَاتُ لِلْفُقَرَاءِ وَالْمَسَاكِينِ وَالْعَامِلِينَ عَلَيْهَا وَالْمُؤَلَّفَةِ قُلُوبُهُمْ وَفِي الرِّقَابِ وَالْغَارِمِينَ وَفِي سَبِيلِ اللَّهِ وَاِبْنِ السَّبِيلِ فَرِيضَةً مِنَ اللَّهِ وَاللَّهُ عَلِيمٌ حَكِيمٌ)التوبة/60).
واتە: (بەڕاستی زەكات بۆ هەژاران و مسكینەكانە و بۆ ئەو كەسانەیە كە دەوڵەت ڕایان دەسپێرێت كە هەڵسن بە كۆكردنەوەی زەكات. 
بۆ ئەوكەسانەی كە تازە موسڵمان بوون و پێویستییان بە دڵنەوایی كردن هەیە و بۆ ئەو بەندە و كەنیزەكانەی كە دەیانەوێت خۆیان بكڕنەوە لە ئاغاكانیان، ئەوكەسانەیش كە قەرزدارن و لە پێناوی خوادا و بۆ فریاكەوتنی رێبواری لێ قەوماو . 
ئەمە فەرزی خوایە و لەلای خواوە . خوا زانا و خاوەنی حیكمەتە).
لە دوای گەڕانەوەیەكی زۆرم بۆ سەرچاوەكانی كۆن و هاوچەرخ، پێم خۆشە ئەم چەند خاڵە بڵێم، لە ڕوونكردنەوە لەسەر هەریەكە لەم كەس و لایەنانەی كە زەكاتیان دەدرێتێ:
1: هەژار: ئەوكەسەیە كە هیچ داهاتێكی نەبێت.
2: مسكین: ئەوكەسەیە كە داهاتێكی هەبێت و بەشی نەكات، كە مووچە خۆری بچووك و كارمەندی حكوومەت و پێشمەرگەی بێ پلە و كرێچی و خاوەن تەكسییەكیش دەگرێتەوە كە بژێوییان بەو داهاتانەیان نەڕوات بەڕێوە.
3: ئەو كەسانەیە كە دەوڵەت ڕایان دەسپێرێت كە هەڵسن بە كۆكردنەوەی زەكات: ئەم جۆرە لای ئێمە ئەمڕۆ نییە، چونكە دەزگایەكمان نییە ئەركی بەرپرسیارێتی كۆكردنەوەی زەكاتی لە ئەستۆ گرتبێت و لەلایەن میری وڵاتەوە راسپێردرابێت، باسم لەوە نییە كە پارتێكی سیاسی بە پاشخانێكی ئایینییەوە، گرووپێكی پێك هێنابێ بۆ كۆكردنەوەی زەكات، چونكە ئیشەكەیان ئەگەر كارێكی خێریش بێت، بە فەرمانی وەلی ئەمری شەرعی نییە و خودی ئەو تاكانەی كە لەو گرووپانەدا كار دەكەن لە ژێر ئەم خاڵەدا و بەو پاساوەوە، زەكاتیان پێ ناشێت.
4: ئەوكەسانەی كە تازە موسڵمان بوون و پێویستییان بە دڵنەوایی كردن هەیە.
5: ئەو بەندە و كەنیزەكانەی كە دەیانەوێت خۆیان بكڕنەوە لە ئاغاكانیان: سوپاس بۆ خوا ئەمڕۆ، ئەم جۆرەیش بە هیچ شێوەیەك لە نێو موسڵماناندا نەماوە.
6: ئەوكەسانەیش كە قەرزدارن: ئیتر قەرزداری بوونەكە، لەبەر ئەوەبێت، كە ئەوموسڵمانە، بۆ دەستەبەری پێك هاتنی دوو لایەنی ناكۆك، كەوتبێتە ژێرباری قەرزەوە، یان بۆ بژێوی ماڵ و منداڵی خۆی و دابین كردنی ژیان بۆیان قەرزدار بووبێت.
7: لە پێناوی خوادا: ئەمەیش تایبەتە بەو موجاهیدانەی، كە بۆ بڵند كردنەوە و پاراستنی ئاڵای بەرزی ئیسلام تێدەكۆشن.
8: بۆ فریاكەوتنی رێبواری لێ قەوماو: ئەمە هەمیشە هەیە و دەكرێ بەشێك لە زەكاتیان بدرێت بەوانە و ئەمەندەی پێی بگەنەوە شوێن و نێو زێد و كاری خۆیان.
ئەوكەسەی لە ئارمانجەكان و رۆحی داڕشتنی شەریعەت تێبگات، دەزانێ لە ئوسوڵ فیقهی ئیسلامی دا هاتووە، كە داڕشتنی هەرحوكمێكی شەرعی خۆی لە خۆیدا بۆ ئەوەیە، كە بەر هەڵستی بكات لە بەرژەوەندییە باڵاكانی مرۆڤ، كە خۆیان لە پێنج خاڵی سەرەكیدا دەبیننەوە: (1: پاراستنی ئایین.2: پاراستنی رۆح. 3: پاراستنی عەقڵ. 4: پاراستنی وەچە. 5: پاراستنی ماڵ)، كە پێشمەرگە لەوڵاتی ئێمەدا باشترین پارێزەری ئەمانە بوون و هەن.
13ی ڕەمەزانی 1436ی كۆچی بەرانبەر بە 30ی حوزەیرانی 2015ی زایینی