لە پەراوێزی شەهیدکردنی مامۆستا مەلا هوشیار اسماعیل.. كوشتن وەک زەوتكردنی مافی ژیان

مافی ژیان لە ئیسلامدا تا بەرزترین ئاست و پلە پارێزراوە، هەر بۆیە لە بەرامبەر تاوانی كوشتندا تۆڵەكردنەوە دانراوە، لە تۆڵەكردنەوەش خەڵک هەمووی وەک یەک تەماشا دەكرێت؛ بەبێ جیاوازی.

بۆ نموونە؛ ئەگەر زانایەک نەزانێک بكوژێت؛ دەبێ زانایەکەش بكوژرێتەوە، كەسێک هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا بێت و كەسێكی نەخوێندەوار بكوژێت، هیچ حیساب بۆ پلەی زانستی خاوەن بڕوانامەکە ناكرێت، چونكە دەستدرێژی كردووەتە سەر مافی ژیانی كەسێكی دیكە.

كەسێكی بەناوبانگ و ناسراو و خاوەن شۆڕەت دەكوژرێتەوە؛ ئەگەر كەسێكی ڕیسوا و ناپەسندی كوشت، وە هیچ حیساب بۆ پلە و پایە و كەسایەتییەكەی ناكرێت، تەنانەت با لە ناسراوترین خانەوادەش بێت، هەروەها كەسی عاقڵ دەكوژرێتەوە ئەگەر دەستی بچێتە گیانی كەسێكی شێت، كەسێكی گەورە ئەگەر كەسێكی بچووكی كوشت دەكوژرێتەوە، تەنانەت ئەگەر موسڵمانێک ناموسڵمانێک بكوژێت دەبێ بكوژرێتەوە، چونكە هەموو ئەو بکوژانە مافی ژیانی كوژراوەكانیان زەوت كردووە.

بەڵام هەندێک جۆر كوشتن هەن زۆر گەورەن؛ وەک كوشتنی زانایەكی ئایینی، بۆ نموونە شەهیدكردنی مامۆستا مەلا هوشیار اسماعیل لە شاری هەولێر كە دوو ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن چەند كەسێكی نەناسراو تەقەی لێكراو شەهیدكرا، كوشتنی ئەو جۆرە كەسانە ڕووداوێكی ئاسایی نییە؛ بەڵكو چەندین ڕەهەندی تر لە پشت كوشتنیانەوە هەیە، بۆ نموونە: تێكدانی ئارامی و ئاسایشی وڵات و؛ بڵاوكردنەوەی ترس و دڵەڕاوكێ لەناو خەڵک و؛ لێدان لە سومعە و ناوبانگی هەرێمەكەمان و تاد.

لێرەدا بە كورتی ئاماژە بە چەند مافێک دەكەین؛ كە بەهۆی كوشتنی بە ناهەق دەكەونە سەر بكوژ:

1- مافی خوای گەورە، چونكە كوشتنی مرۆڤ لای خوای گەورە تاوانێكی ئێجگار گەورەیە، تەنانەت تێكدانی كەعبەی ماڵی خوای گەورە ئاسانترە لە كوشتنی مرۆڤ.
2- مافی میراتگرانی كوژراوەكە، كە بۆیان هەیە داوای خوێنی بە ناهەق ڕژاوی كوژراوەكەیان بكەن.
3- مافی خودی كەسە كوژراوەكە.

دروود و ڕەحمەت بۆ گیانی پاكی مامۆستا مەلا هوشیار اسماعیل و؛ ڕووڕەشی و سەرشۆڕی بۆ ئەوانەی دەستیان چووە گیانی ئەو پیاوە بەڕێزە (إنا لله وإنا إلیە راجعون).

نووسینی / مەلا ئاراس ڕواندزی