"دیاری کردنی یەکەم ڕۆژی مانگ ڕەمەزان و یەکەم ڕۆژی جەژن"


خوای پەروەردگار ئەفەرموێت {فَمَن شَهِدَ مِنكُمُ الشَّهْرَ فَلْێصُمْهُ}، شێوازی بینی مانگ و دیاری کردنی یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان و یەکەم ڕۆژی جەژن لەفەرموودەیەکدا ڕوون کراوەتەوە کە ئیمامی بوخاری و موسلیم لە پێغەمبەری خواوە {دروودی خوای لەسەربێت} ئەگێڕنەوە فەرموویەتی:
"ڕۆژوو مەگرن تاوەکو مانگ نەبینن، واتا مانگی ڕەمەزان، وە جەژن مەکەن تاوەکو مانگ نەبینن، واتا مانگی شەووال، ئەگەر مانگ دیار نەبوو، بەهۆی هەور یان تەپ و تۆز، ئەوا سی ڕۆژی مانگ بژمێرن"
کەوابو بۆ دیاری کردنی یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان پێویستە ئێوارەی بیست و نۆی مانگی شەعبان چاودێری مانگ بکرێت ئەگەر مانگ بینرا بەچاو ئەوا سەرەتای مانگی ڕەمەزانە، ئەگەر نەبینرا، یاخود بەهۆی هەور یان کەشی تەم و مژاوی و تەپوتۆزەوە نەبینرا، ئەوا سی ڕۆژی شەعبان تەواو دەکرێت و پاشان یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان دەبێت،
بەهەمان شێوە بۆ دیاری کردنی یەکەم ڕۆژی جەژن ئێوارەی بیست نۆیەمی مانگی ڕەمەزان چاودێری مانگ دەکرێت، ئەگەر بەچاو بینرا ئەوە یەکەم ڕۆژی مانگی شەووالە واتا یەکەم ڕۆژی جەژن، لە ئەگەری نەبینرانی مانگی شەووال سی ڕۆژی مانگی ڕەمەزان تەواو دەکرێت و پاشان یەکەم ڕۆژی مانگی شەووال دەست پێ دەکات واتا یەکەم ڕۆژی جەژن،
لەسەردەمی ئێستادا دەکرێت سوود لە تەکنۆلۆژیای فەلەکی ببینریت وەک یارمەتیدەرێک بۆ دیاری کردنی مانگ، نەک پشت بەستنی تەواو پێی، بەڵکو پێویستە مانگ بەچاو ببینرێت.
لە هەرێمی کوردستان ساڵانە بەشێوەیەکی فەرمی لیژنەیەک پێکدەهێنرێت بۆ ئەم مەبەستە، پاشان یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان و یەکەم ڕۆژی جەژن دیاری دەکرێت، بۆیە تا ئەوکاتە هیچ کەس ناتوانێت پێش ئێوارەی بیست و نۆی مانگی شەعبان یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان دیاری بکات، ئەوەی هەیە تەنها پێشبینی فەلەکیە.