هونەرە جوانەکان بوارێک بۆ خزمەت بە پەیامی ئیسلام و کۆمەڵگا

خەڵکی موسڵمان و دیندار لە هەر مەیدانێکی ژیان پاشەکشێ بکەن، ڕاستەوخۆ ڕێگا خۆش دەبێت بۆ ئەوەی ئەو بوارەی ژیان بکەوێتە دەست خەڵکی لاڕێ و بێدین، لە ئەنجامیشدا ئەو کەرتەی ژیان سەرتاپا ڕەنگی بێدینی دەگرێت و دەبێتە موڵکی کەسانی دوور لە دین، ئەوانیش بەو شێوەیەی خۆیان دەیانەوێ بۆشاییەکە پڕ دەکەنەوە .

 

بۆ نمونە:
لە بواری هونەریدا، گۆرانی و مۆسیقا یەکێکە لەو بابەتانەی بەناوی شەرع و بیدعە بوون و شتی ترەوە بەگشتی لەبەرچاوی موسڵمانان ناشیرین کرا، ئەمەش وایکرد تەنها کەسانی نا مولتەزیم و دوور لەدین بچنە ئەو بوارانەو ڕۆڵ ببینن، ئەوانیش بوارەکەیان قۆستەوە بۆ ئەوەی بەپێی هەواو هەوەسی خۆیان سوودی لێ ببینن، بواری هونەری گۆرانی و مۆسیقایان بە جۆرێک بە خەڵک ناساند کە دوور لەدین و شەرع و ئەخلاقی ئیسلامی بێت، بەم جۆرە وێنایەکی نادروست لای خەڵکی موسڵمان دروست بوو کە گۆرانی و مۆسیقا و هونەر لەلایان یەکسان بێت بە بێبەندو باوی و ئافرەتی ڕووت و تێکەڵی و شتی نەشیاو .
بەمەش هێندەی تر دەرفەت بۆ توندڕەوو ڕووکەش ویستەکان خۆش بوو بۆ ئەوەی هەموو جۆرە هونەرو مۆسیقاو ئامرازێکی خۆشی دەربڕین حەرام بکەن .

 

بێگومان ئەگەر مۆسیقاو هونەرە جوانەکانی تر پێشتر لەلایەن خەڵکی دیندارەوە گرنگیان پێدراباو بەڕێوەبرابان، دەکرا بەشێوازێکی تر ئاراستە بکرێن، لەگەڵ بەکارهێنانیان وەک ئامرازی خۆشی دەربڕینی دروست دەکرا ببنە ئامرازێکی خزمەت کردن بە پەیامی ئیسلام و مرۆڤایەتیش .

ئیسلام هیچ شتێکی بەڕەهایی قەدەغە نەکردووە، گۆرانی و مۆسیقاش یەکێکن لەوانە، ڕۆژانی ژیانی پێغەمبەری خوا (درودی خوای لێ بێت) شاهیدی ئەو ڕاستیەن، بەڵام دواتر موسڵمانان لە ژێر هەژموونی دژایەتی داهێنان (بیدعە) و دنیا نەویستی دا مەیدانەکەیان چۆڵکرد، تا گەیشت بەوانەی ئەمڕۆ بوونەتە پەتای هونەرو ڕەوشتی جوان .

لێرەدا گۆرانی و مۆسیقام وەک نمونە هێنایەوە، ئەگەرنا بوارەکانی تری وەک شانۆ، فیلم، وێنەکێشان، گەشتوگوزارو ...هتدیش، بە بەڵگەی لاوازو بیانووی جۆراوجۆر حەرام کراون و تایبەت کراون بە کەسانی نوێژنەکەرو ئیمان لاواز یان بێدین ولاڕێ (لەگەڵ ڕێزم) .

حاڵەتەکە بەجۆرێکە ئەگەر گەنجێکی مولتەزیم بە دین حەزیشی لێ بێت بچێتە پەیمانگایەکی هونەرە جوانەکان وێنەو شانۆو مۆسیقا بخوێنێت ناتوانێت، چونکە لەدوو لاوە فشاری لەسەرە، لایەکیان کەسوکارو خەڵکە دیندارەکەیە کە پێی دەڵێن ئەوە شوێنی تۆ نیە، لایەکەی تریش دۆخی ئەو پەیمانگایانەیە کە بەجۆرێکە کەسی پابەند بەدین تێیدا هەست بە نامۆیی دەکات و لەوانەیە مەترسی ئەوەشی لەسەر بێت نەتوانێت بەردەوامی بە دینداریەکەی بدات .

هیوادارم لێرە بەدواوە مشورخۆرانی کاروباری ئاینی و بانگەوازی ئیسلامی و ڕێکخراوە بانگخوازیەکان ئاوڕێکی جدی لە بواری هونەری بدەنەوە بەهەموو بەشەکانیەوە، خولی فێرکاری بۆ گەنجان بکەنەوە، و تیپی مۆسیقاو شانۆو ...هتدیان هەبێت، کەسانی شارەزاو ئارەزوومەند لەو بوارانەدا کۆ بکەنەوەو سوود لە تواناکانیان وەرگرن .