بەریتانیا مەسیحیەت بە ئایینی ئاشتی نازانێت

 

بەریتانیا مەسیحیەت بە ئایینی ئاشتی نازانێت

بە گوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی ئیندیپێندیت کە (٢٨/٣/2019) بڵاوکرایەوە، لە ساڵی (2016)ەوە کەسێکی ئێرانی داوای ئیقامەی لە بەریتانیا کردووە، لە داواکەدا باس لەوە دەکات کە هاتۆتە بەریتانیا چونکە وازی لە ئیسلام هێناوەو بووەتە مەسیحی، لە هۆکارەکەشی باسی ئەوەی کردووە چونکە بۆی روون بووەتەوە کە مەسیحیەت ئایینی ئاشتییە. بەڵام حکومەتی ئەو وڵاتە داواکەیان رەتکردۆتەوە چونکە وەزارەتی ناوخۆ پێی وایە راست نییە کە مەسیحییەت ئایینی ئاشتی بێت، ئینجا بۆ بەهێزکردنی قسەکانیان چەندین دەقی ئینجلی هێناوەتەوە بەتایبەتی سیفری روئیا کە وەزارەت پێی وایە (لێوانلێوە لە دیمەنی تۆڵەسەندنەوەو خاپوورکردن و مردن و تووندرەوی)، لە کۆتایی راپۆرتەکەی وەزارەت هاتووە: (ئەم نموونانە لەگەڵ پاساوەکانی داخوازییەکەتان یەكناگرێتەوە، کە پێتان وایە ئێوە بوونەتە مەسیحی دوای ئەوەی بۆتان دەرکەوتووە کە ئایینی ئاشتییە، بە پێچەوانەی ئیسلام کە تووندڕەوی و رق و تۆڵەسەندنەوەی تێدایە).

دەمەوێت دوو سەرنجی سەرەکی لەسەر ئەم هەواڵە بدەم:

یەکەم: پێم ناخۆپشە هیچ ئایینێک لەبەر چەند دەقێك بە ئاینی شەڕو تۆڵە بناسێندرێت، چونکە ئایین لە بۆ ژیان بێت بێگومان باسی هەموو حاڵەتێکی (خۆش و ناخۆش، ئاشتی و شەڕ، تاڵی و سوێری و شیرینی) دەکات، مەسیحییەتیش بە هەمان شێوە ئەگەر چەند دەقێکی تووندڕەوی و تۆڵەسەندنەوەی تێدا بێت، کە بۆ دۆخی تایبەتین، ئەوا دەیان دەقی ئاشتیخوازانەشی تێدایە، مرۆڤەکان ئەگەر ئایینەکان وەکو خۆی (بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی بەکاربێنن) هیچ کاتێك دەقە تایبەتەکانی دۆخەکانی شەڕ ناتوانن جێگە بە دەقە ئاشتیخوازەکان لەق بکەن.

دووەم: بە دیوێکی دیکە حکومەتی بەریتانیا کارێکی زێدە باشی کردووە، چونکە ئیمان وابەستەی دڵە، با نەبێتە کەرەستەی چوونە خاریج و مسۆگەرکردنی ئیقامە، کە بەداخەوە گەنجانێکی زۆر هەبوون گیرۆدەی ئەو ئەقلیەتە بوون، کە لە یەك کاتدا خیانەتیان لە خۆیان و وڵاتان و ئەو دینەش دەکرد کە دەچوونە سەری، لەوەدا عەقڵیەتی گەورەی ئیمامی عومەرم هاتەوە بیر، تەماشای کرد ئیسلام هانی مسوڵمانان دەدات زەکاتی ماڵیان بدەنە تازە مسوڵمانەکان، بەڵام کاتێك زانی ئەوانە بۆ خاتری ئەو زەکاتە مسوڵمان دەبن نەك وەکو قەناعەتی ئیمانی، بۆیە بڕیاریدا ئەو کارەی راگرت.

 

جەعفەر گوانی

30/3/2019