دەکرێت جومعە نەکرێت بە هۆی کؤڕۆناوە؟

لە پەڕاوێزی ئەو ئیجرائاتانەی کە دەگیرێنە بەر بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی (کۆڕۆنا) باس لە ئەنجام نەدانی نوێژی بەکۆمەڵ و نوێژی جومعە دەکرێت ، بێگومان باس کردنیش لە پەکخستنی ئەم پەرستشە گرینگە پێویستی بە ڕای زانایان و فەتوایەک هەیە کە پاڵپشت بکرێت بە بنەما شەرعیەکان و ڕای پەسندی زانایان
بێگومان خۆش بەختانە تائێستا خودای گەورە هەرێمەکەمانی پاراستوە لەم نەخۆشیە ترسناکە، هیوادارم هەروا پارێزراو بێت و شیفای تەواوی ئەو نەخۆشانەش بدات کە لەسەرجەم ولاتانی جیهان توشیان بوە ، بۆیە لە ئێستادا قسەکردن لەسەر هەنگاوێکی لەم جۆرە زوە و پێش وەختە، بەڵام ئەگەر هاتو (خوا بەدوری بگرێت) نەخۆشیەکە هاوشێوەی ولاتی ئێران گەیشتە هەرێمی کوردستان ئایە ئەوکاتە دروستە نوێژی بەکۆمەڵ ڕابگیرێت تاکو نەخۆشیەکە تێدەپەڕێت ، هەروەک لە ئێران ڕاگیراوە؟؟
بەڕای من بەڵێ ئەوکاتەی نەخۆشیەکە تەشەنە دەکات دەبێتە مەترسیەک لەسەر گیانی هاوڵاتیان و پزیشکە تایبەت مەندەکان دوپاتی ترسناکی دەکەنەوە دروستەو پێویستە تەواوی کۆبونەوەکان ڕابگیرێن لە نێویشیاندا جومعە و جەماعات ، بەم بەڵگانەی خوارەوە:
۱- یەکێک لە گرێنگترین ئامانجەکانی شەریعەت ( مقاصد الشريعة) پاراستنی گیانی ئینسانە ، هەر بۆیەش لە ئیسلامدا هەرکاتێک گیانی مرۆڤ لە مەترسی دابێت حوکمی شەرعی گۆڕاوە
۲- حەج واجب دەبێت گەر موسوڵمانەکە توانای: جەستەیی و ماددی و ئەمنی هەبێت، واتە کەسێک جەستەی تەواو بێت و پارەی زۆریشی هەبێت بەڵام لە ئاسایشی ڕێگا دەترسێت لەگیانی خۆی ئەوە زانایان دەڵێن نابێت حەج بکات، کە هەموشمان دەزانین حەج شەعیرەیەک و ڕوکنێکی گرینگی ئیسلامە.
هەر بۆ ئەم مەبەستەش حکومەتی سعودیە لە قۆناغی ئێستادا و بۆ ڕێگە گرتن لەم نە خۆشیە گەشتی عومرەی بە گشتی ڕاگرت ، بەدڵنیاییەوەش گەر ئەم نەخۆشیە بمێنێت تا مەوسمی حەج ئەوە حەجیش ڕادەگرێت بە بیانوی پاراستنی گیانی خەلک.
کە بۆ ئەو کات دەبێت زانایان خۆیان بۆ فەتوایەک ئامادە بکەن کە ئایە دروستە حەج نەکرێت؟؟
۳- زانایان دەڵێن هەرکاتێک مەترسی هەبو لەسەر گیانی نوێژ خوێن بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەوە نابێت بچێت بۆ مزگەوت ، ئەی ئەگەر هاتو نوێژ خوێنەکە وتارخوێن یان پێش نوێژی مزگەوت بو ئەوکات پەکی مەڕاسیمەکە دەکەوێت.
هیچ جیاوازییەکیش نابینم لە نێوان مەترسی لەناو چون بە دەستی پیاو خراپێک یان تیرۆرستێک لەگەڵ لەناوچون بە ڤایرۆسێکی کوشندە، ئەنجامی هەردوکیان لەدەستدانی گیانە.
٤- یەکێک لە بنەما گرینگەکانی فیقهی ئیسلامی پێش گرتنە لە خراپە(سد الذريعة) بە هەمو جۆرەکانیەوە، هەروەک واریدە (درء المفاسد اولی من جلب المصالح) بێگومان مەسلەحەتی پاراستنی گیانی نوێژ خوێن پێش بەدەست هێنانی پاداشتی نوێژی بە جەماعەت دەخرێت.
٥- ئاینی ئیسلام ڕوخسەتی داوە بەهۆی سەرما و بارانەوە موسوڵمان نەچێت بۆ نوێژی بەکۆمەڵ چونکە ئەگەری ئەوەی هەیە بە هۆی سەرماوە توشی نەخۆشی بێت ، ئەی ئەگەر مەترسیەکە توشبون بێت بەنەخۆشیەکی کوشندە بێگومان ئەولا ترە.
داواکارین لە خودای گەورە نەگەینە ئەو قۆناغەی ئەو بڕیارە بدەین ، هەروەک داواکارین تەواوی مرۆڤایەتی بپارێزێت لەو نەخۆشیە کوشندەیە