لە نێوان داخستنی مزگەوتەکان بەڕەهایی و هەڵپەساردنی جومعەو جەماعەت لەبەرپێشهاتێکی کاتی

لە نێوان داخستنی مزگەوتەکان بەڕەهایی و هەڵپەساردنی جومعەو جەماعەت لەبەرپێشهاتێکی کاتی.
خوێندنەوەیەکی فیقهی و واقعی.
...................................
لەم کاتەدا زۆرجار ڕاستەوخۆ یان بە تەلەفۆن یاخود لە ڕێگاجۆراوجۆرەکانی پەیوەندی کردنەوە وەک واتساپ و ڤایبەرو تلیگرام و مێسنجەرەوە ئەو پرسیارەمان لێدەکرێت، ئەوە بۆچی مزگەوتەکان داخران و ئێوەی زانایانی ئاینی هیچ هەڵوێستێکتان نەبوو لەوبارەوە و بگرەبوونە هۆکاری داخستنیشیان؟.
لەڕاستیدا ئەم مەسەلەی داخستنی مزگەوتەکان بۆ خەڵکی ئاسایی و پرسیارکردن لەم بارەوە لەدوو ڕوانگەوە دەکرێت تەماشا بکرێت.
یەکەم: ئەم پرسیارە دەرخەری وابەستەبوونی دڵی موسوڵمانانە بە پیرۆزی مزگەوت وفەزڵی زیاتری پەرستشەکان لەمزگەوت و نواندنی دڵسۆزییە بۆ پەیامی خوایی، که ئەمە تائێرە جێگای دڵخۆشی و دەستخۆشییە.
دووەم: دیوی دووەمی ئەم پرسیارە تاڕادەیەک لە نەزانییەوە سەرچاوە دەگرێت کەدەبێت ئێمەی زانایان ئەم لایەنە ڕۆشنبکەینەوە وزیاتر هەوڵبدەین ئەو مەترسییە حەقیقیەیی کەهەیە لەسەر مرۆڤایەتی بەهۆی تێکەڵبوونەوە بیخەینە بەرچاوی موسڵمانان و ئەهلی مزگەوتەوە.
ئەم پرسیارکردن و دڵگەرمییەیی موسڵمانان ئەوە دەسەلمێنێ کە کەس لەگەڵ داخستنی دەرگای مزگەوتەکاننییە بەڕەهایی و یەکجاری، کە ئەمە خۆشبەختانە هەموو زانایان و موسوڵمانان لەسەری یەکدەنگن تا ئاستی ئیجماعی ڕاشکاوی سەردەم دەڕوات، ئێمە زۆرجار کە کتێبە ئوسوڵیەکانمان دەخوێند واهەستمان دەکرد لەم سەردەمەدا کۆدەنگی(ئیجماع) زۆربەزەحمەت دێتەئاراوە و زۆرجاریش پەلمان دەهاوێشت و دەمان گووت هیچ پێشهاتێک نییە کە یەکدەنگی سەرجەم زانایانی جیهانی ئیسلامی لەسەربێت هەندێکیش بەمەشەوە نەدەوەستان هەرنکۆڵی بوونی ئیجماعیشیان دەکرد لەمێژووی موسڵماندا، بەڵام بەڕاستی کۆرۆنا چۆن زۆرشتی تری دەرخست ئاوهاش ئەم لایەنەشی دەرخست کە بەلایەنی کەمەوە لەمەسەلەیەکی گرنگی وابەستە بە ژیانی موسوڵمانەنەوە توانرا یەکدەنگی هەبێت لە سەر ئەم لایەنە کە هیچ زانایەک لەسەر داخستنی دەرگای مزگەوتەکان بەیەکجاری و بۆ هەمیشەنییە، بۆ مەسەلەی هەڵپەساردنی جومعەو جەماعەتیش لە مزگەوتەکاندا بەهۆی پێشهاتێک و بیانوێکی شەرعییەوە ڕێگە پێدراوە، هەرچەندە لەسەرەتاوە تۆزی بەزەحمەت ئەم مەسەلەیە گوزەرا بەسەر زانایان و موسڵمانانەوە، بەڵام دواجار زانایان دیسانەوە یەکدەنگبوون لەسەر ئەوەی کە بەهۆی کۆرۆناوە جومعەو جەماعەت تاوەختێکی کاتی و گوزەری لەمزگەوتەکاندا ئەجام نەدرێت و تەنها بانگبێژ بانگبدات و دواتر مزگەوت بەسەر نوێژ خوێناندا دابخات، تائێرە جیاوازی داخستنی مزگەوتەکان بەڕەهایی و هەڵپەساردنی جومعەوجەماعەت تێیاندا ڕۆشنبوویەوە، لەگەڵ ئەمەشدا سەرنجتان بۆ ئەم چەندخاڵەی خوارەوە ڕادەکێشم.
۱- لەو ڕووانگەیەوە کە دەبینین مزگەوت پیرۆزترین شوێنی سەر ڕووی زەمینە و خۆشەویسترین شوێنە لای خوای گەورە و جێگای کۆبوونەوەی پاکترینی مرۆڤەکانی سەرزەوییە و زەمینەی دەستخستنی نووری خواییە و پۆل پۆل ملائیکە لەحەرەم و بەردەرگاکانیان ڕادەوەستن و یەک یەک ناوی ئامادەبوون تۆماردەکەن و نوێژکردن تێیاندا دەیان گرفتی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی چارسەردەکەن، بە پێوەرە زاهیریەکە کەتەماشادەکەین هیچ دقێکی ڕاشکاومان لەبەردەست نییە بۆ داخستنی مزگەوتەکان و هەڵپەساردنی پەرستش تێیاندا ولەمپەر دروستدەکات لەبەردەماندا، بەڵام کاتێک تەماشای ڕۆحی شەریعەت دەکەین و مەقاسدیانە بۆ کایەکە دەڕوانین دەبینین لەبەر ئەو زیانە چاوەروانکراوەی کە لە ئارادایە زۆر بەجوانی ئەوەمان بۆ ڕۆشندەبێتەوە کە ڕێگەپێدراوە بۆ ماوەیەکی کاتی پەرستش بەکۆمەڵ لەمزگەوتەکاندا هەڵبسپێرین و بەموسوڵمانان بگوترێت بۆ کاتێکی دیاری کراو گوزەرکراو دەکرێت نەچینە مزگەوتەوە کەبەڕاستی ئەم بڕیارەش بوێرێکی باشی ویست لەسەرەتاوە کە دەستی بۆبرا، بۆیە لێرەدا جێخۆیەتی سوپاسی ئەو فەتوا بوێرانە بکرێت کە زانایانمان دریانکرد، وەک مامۆستا خالد حمە توفیق دەڵێت: بەبێ گەڕانەوە بۆ ناوەندە عەربییەکان زانایانی خۆمان دەرکیان بەو مەترسییە حەقیقیەکرد و بریاری خۆیانیاندا.
۲- خۆشبەختانە هیچ نکۆڵیێەک نییە لەسەر پیرۆزی وپاداشتی بونیادنانی مزگەوتەکان وزیادە فەزڵی پرستش تێیاندا، بەڵام ئەوەندەی کە قسەدەکرێت لەسەر هەڵپەساردنی پەرستشەکانە لەمزگەوت ئەویش لەبەر پێشهاتێکی هەڵاوێرییە لە ئەسڵەکە کە بریتییە لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی (کۆڤید نۆزدە) ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، کە ئەم ڤایرۆسە توانای گەشەکردن و خێرابڵاوبوونەوەی هەیە لەشوێنە قەرەباڵغەکان وبەریەککەوتنی مرۆڤەکان، بۆ ئەوەی لەم دەردو پەتا حەقیقیە خۆمان و خۆشەویستانمان بپاڕێزین لە مردن باشترین چارەسەر دوورکەوتنەوەیە لەشوێنە قەرەباڵغەکان و خۆکەرەنتینەکردنە، دەی مزگەوتەکان بەهۆی زۆر بەرکەوتنی موسوڵمانان لەگەڵ یەکتری بەهۆی ئەنجامدانی پێنج فەرزە و کۆبوونەوە لەمزگەوتەکاندا زەمینەیەکی باش دەبێت بۆ بڵاوبوونەوەی ئەوڤایرۆسە، کە ئەمەی دەیڵێن هیچ لەبەهای پاکی و پیرۆزی مزگەوت کەمناکاتەوە،ئەگەر بەم زوویە خەم نەخورایەو ئەوە بەدڵنیاییەوە ئێستا هیچ حاڵمان لەحاڵی وەڵاتانی دەوروبەر باشترنەبوو دەبینین ئێران ئیتالیا فەرەنسا چەندان وڵاتی تر کەدرەنگ کەوتنەخۆ توشی کارەساتی مرۆیی بوون.
۳- ئێمە بنەمایەکمان هەیە دەڵێت: ئەگەر دەستت برد بۆ گۆڕانی هەر دیاردەیەک ئەوە دەبێت بەدیلت پێبێت جا پێشنیاری بکەیت و دەست بۆ گۆڕانی ئەو دیاردەبەریت، دەی ئەوە کە گوتراوە جومعەو جەماعەت لەمزگەوتەکاندا هەڵپەسێرن، بۆ هەردوو حاڵەتەکە بەدیل هەیە. بۆ نوێژی بەکۆمەڵ لەمزگەوتدا، بەدیلەکەی نوێژی بەکۆمەڵە لەماڵەوە، بۆ نوێژی جومعەش بەدیلەکەی نوێژی نیوەڕۆیە، هەروەک چۆن کەسی ڕێبوار نوێژی جومعەی لەسەر نییەو دوو ڕکعات نوێژی نیوەڕۆ دەکات بەقسر لەباتی نوێژی هەینی و کەسی نەخۆش و موقیمە ناتوانێ بچێت بۆ مزگەوت ئەوە چوار ڕەکعات نوێژی نیوەڕۆ دەکات لەباتی نوێژی هەینی، ئەبێت ئەوەش بزانین ئەم داخستنەش تەنها مزگەوتەکانی نەگرتووەتەوە و بازار و شوێنە گشتییەکانیشی گرتووەتەوە.
٤- پابەندبوون بەگرتنەبەری هۆکارەکانی خۆپاڕێزی دژنییە لەگەڵ پەیامی خواییدا و خۆپاڕێزی وەرگرتنی چارەسەر بۆ نەخۆشی هۆکارن، دەی هۆکار گرتنەبەریش بێ سوود نییە لە سەر مرۆڤ و دژیش نییە بە ڕێنمایە شەرعییەکان، لەگەڵ گرتنەبەری هۆکارەکانیش ئێمە ئیمانمان وایە ئەوەی خوا نەیکات نابێت، ئەوەی کە هۆکار دەگرینەبەر هەرهەمان شتە کە خوا دەیکات نەک هۆکارەکان، چونکە موئەسیری حەقیقی تەنها خوایە، هەر ئەو خوایەش بە ئەندازەیەک هۆکاری کردووەتە مایەیی پاڕێزگاری مرۆڤ لەدونیا و دواڕۆژدا.
٥- دەبێت ئاماژە بەوەبکەین کەزۆربەی ناوەندە فیقهی و لایەنە تایبەتەکان بەفەتوای شەرعی لە جیهانی ئیسلامیدا، فەتوای ئەوەیانداوە کە داخستنی دەرگای مزگەوتەکان بەکاتی هیچ گرفتێکی شەرعی ناخوڵقێنی، وەک ئەنجومەنی فەتوای باڵای لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و یەکیەتی زانایانی جیهانی ئیسلامی و دامەزراوەی زانایانی ئەزهەر و دامەزراوەی گەورە زانایانی سعودیە و کۆربەندی فەتوای ئیمارات و خانەی فەتوای ئەوردن وسەرۆکایەتی ئاینی وڵاتی تورکیا وەزارەتی ئەوقافی قەتەر وسەڵتەنەتی عومان وسوریا فەتوای داخستنی کاتی مزگەوتەکانیان داوە .
٦- بۆیە هەڵپەساردنی پەرستشەکان هەتا لە حەرەمی مەککی و مزگەوتی نەبەوی لەبەر پێویستی هەرگیز ناچێتە خانەی[وَمَنْ أَظْلَمُ مِمَّن مَّنَعَ مَسَاجِدَ اللَّهِ أَن يُذْكَرَ فِيهَا اسْمُهُ وَسَعَىٰ فِي خَرَابِهَا ۚ أُولَٰئِكَ مَا كَانَ لَهُمْ أَن يَدْخُلُوهَا إِلَّا خَائِفِينَ ۚ لَهُمْ فِي الدُّنْيَا خِزْيٌ وَلَهُمْ فِي الْآخِرَةِ عَذَابٌ عَظِيمٌ] البقرة (114). چونکە ئەم هەڵپەساردنە بۆ پاراستنی گیانی مرۆڤە.
۷- ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ مێژووی موسوڵمان هەڵپەساردنی نوێژی جومعەو جەماعەت لە مزگەوتەکاندا و داخستنی دەرگاکانیان بەڕووی نوێژ خوێناندا شتێکی تازەنییە چەند جارێک ئەم دەرگاداخستنە ڕوویداوە لەمێژوودا، وەک ئەوەی کە دەگێرنەوە لە ساڵەکانی(٦٥٦هـ) لەبغداد چەند مانگێک دەرگای مزگەوتەکان داخراوە و جومعەو جەماعەتیان تێدانەکراوە، هەر لەساڵی (۸۲۷هـ) لەبەر بڵاوبوونەوەی پەتایەکی قورس لە مەککە کە وەک گوتراوە ڕۆژانە چل کەس مردوون بەهۆیەوە بۆ ڕێگری لەو پەتایە مزگەوتەکان داخراون ئیبن حەجر دەڵێت: ئیمامی حەرەم لەو ڕۆژانەدا تەنها دووکەس زیاتر لەپشتییەوە نەبوون بۆ نوێژکردن و جەماعەتکردن، هەروەها(عبدالرحمن الجبرنی) لەکتێبە بەناوبانگە مێژوییەکەیدا بەناوی(عجائب الآثار فی التراجم الاخبار) دا دەڵێت: مزگەوتەکانی شام ومیسر لە ساڵەکانی(۱۲۱٥هـ) لەبەر نەخۆشی و مردنی ئیمام و بانگ بێژەکان داخران و بانگیشیان تێدانەدرا.
۸- گومان لەوەدانییە کە لە ئەمڕۆدا دەرگای مزگەوتەکان داخراوە لەبەر بەرژەوەندی تاکەکەس نییە بەڵکو لەبەر بەرژەوەندی گشتییە، واتە لەبەر ئەوەیە سروشتی ئەم نەخۆشییەوایە هەرەمی دادەبەزێت و لەیەک کەسەوە بۆ دوو کەس و لەوانیشەوە بۆ چوار و لەوانیشەوە بۆ شانزە و.....کەواتە ڕێگریەکە بۆ لادانی زیانە گشتییەکەیە.
۹- لەبنەما فیقهیەکانە کە دەڵێت: ڕێگرتن لەزیان لەپێشترە لەگەیاندن و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندی گشتی، واتە ڕێگرتن لەوەی کە مرۆڤ توشی زیان بێت لەپێشترە لەوەی کە سودی بۆ بهێنی(درء المفاسد مقدم علی جلب المصالح).
لە کۆتایدا جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە هیچ زانایەک یان مسوڵمانێک ڕازی نانییە لەسەر ئەوەی کە بەیەکجاری دەرگای مزگەوتەکان دابخرێن و پشت لە مزگەوت بکەن، لەبەر ئەوە موسوڵمان سورن لەسەر بە پایان گەیاندنی شەعائیرەکان بەتایبەت تر جومعە جەماعەت بۆ بەپایان گەیاندنی ئەم کارەش هیچ کەمتەر خەمی ناکەن، بەڵام لەبەر پێشهاتێکی نەخوازراوی وەک پەتای کۆرۆنا کە بەرۆکی مرۆڤایەتی گرتووە و فیعلەن دوژمنێکی حەقیقیی مرۆڤایەتییە لەم حاڵەتەدا لەبەر پاراستنی گیانی یەک مرۆڤ ئاساییە مزگەوتەکان دابخەن و ماڵەکەیان بکەن مزگەوت و ڕووگەی پەرستشەکانیان، بۆیە ئەگەر لەکاتی ئاسایدا ئاتوچۆکردن بۆ مزگەوت فەزیلەت ومایەیی پاداشتبوو بۆ موسوڵمان ئەوا ئێستا ئەو فەزیلەت و پاداشتە لەوەدایە کە مزگەوتەکان دابخەیت و ئامادەی نوێژە بەکۆمەڵەکان نەبیت، ئەگەر جاران بەدەست ئەنقەست سێ جومعەت نەکردایە و نیشانەی دوورویی بوو ئەوا ئێستا بە ئامادەبوونت و ئەنجامدانی و خەڵک کۆکردنەوە بۆ بەرپاکردنی نوێژی جومعە نادروستەو دەچێتە خانەی قەدەغەکراوەکانەوە، چونکە ئەم هەڵپەساردنه لەبەر بیانوێکی شەرعییە، چونوونەچوون پێوەندی بە عەزیمەت و روخستەوەنییە و کارێکی تاکە کەسیش نییە بگرە نەچوون بەرژەوەندی گشتی تێدایە، ئەگەر ئەمە بۆ مزگەوتەکان وابێت ئەوە بە ئەولاتر بۆ هەموو کۆبوونەوەکانی تر وایە و ئامادەبوون تێیاندا قەدەغەیە.
جا بۆیە مادام ئەم نەخۆشییە لە ئارادایە و پاداشت لەوەدایە لەماڵەوەبین بمێنینەوە و دەرنەچین واجبە لەسەر حکومەت بە هەموو شێوەیەک کار ئاسانی بکات بۆ هاوڵاتیان و دەست بەجێ مووجەی تەواوی فەرمانبەران بدات و ئەو ئازیزانەش کاری ڕۆژانە دەکەن بەجۆرێک لەجۆرکان ڕازیانبکات تا ناچارنەبن بچنە دەرەوە و بەدوای بژێویانەوەبن، ئەگەر حکومەت بەم ئەرکەی خۆی هەڵنەستێت کەمتەرخەمی بکات لە ئەمڕۆدا وەک ئەوەی جاران هەر کەمتەر خەمی کردووە ئەوە بەدڵنیاییەوە هەرچێکمانکردووە لە خۆپاڕێزی کورد گوتەنی ڕێسەکەمان هەمووی دبێتەوە خوری، ئەوکاتە ئیتر کەس ناتوانێ بەر بەشۆرشی برسیەکان بگرێت و کۆرۆناش دبێتە بکوژی ڕاستە قینەمان.

خورماڵ. ۲٦/۳/۲۰۲۰