لە یادی دامەزراندنیدا یەکێتی زانایان چی کردووە؟


یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان وەک ڕێکخراوێکی پیشەیی لە بەرواری ۲۱ ی ۹ ی ۱۹۷۰ لەلایەن کۆمەڵێک زانای ئاینی دڵسۆز بە ئاین و کورد و مەلا بە پشتگیری مەرحومی مەلا مستەفای بارزانی لە گەڵاڵەی باڵەکایەتی دامەزرا، کە جێگەی خۆشحاڵی  زانایانی کوردستان و هەوێنی گردبونەوەی مەلای کورد بوو لە ژێر یەک چەتردا بە ئامانجی پارێزگاری لە ئاینی ئیسلام و گەیاندن و ڕونکردنەوەی پەیامەکانی ئیسلام و پاڵپشتی کردن لە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و بەرەوپێشبردنی ئەزمونی نەتەوەیی و گەیشتنی گەلی ستەمدیدەی کورد بە مافەکانی خۆی کە خودای پەروەردگار پێ ی ڕەوا بینیوە و خزمەتکردنی ماموستایانی ئاینی و داکۆکی کردن لە مافەکانیان کە ئەمانە هەموی خۆی لە هەرسێ ئاراستەی ئاینی و پیشەیی و نەتەوەییدا دەبینێتەوە، ئێستالە دوای پەنجا ساڵ و لە کاتێکدا کە یادی دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان دەکەینەوە چیمان کردووە؟؟پرسیارێکە دەبێت بکرێت، کە ڕەنگە لە زۆر پێدا هەڵگوتن و پیاهەڵدان سودی زیاتر بەڕێکخراوەکە بگەیەنێت، بیرەوەری و یادی دامەزراندن ئەگەر تەنها شیرینی دابەشکردن و سەردانی ڕۆتینی و پیرۆزبایی لەیەکدی کردن بێت ئەوا تەنها خولانەوەیه بە دەوری خۆدا ومەراسیمێکی تەقلیدیە و هیچی دیکە، پێویستە ئەم بۆنەیە بکرێتە وێستگەی بە خۆدا چونەوە و پرس و ڕاوێژکردن و وردبینی لە ئەدا و کارو چالاکیەکانی ماوەی پێشوو و هەڵسەنگاندنێکی دەقیق بۆ کاری لیژنەکان و بەشەکان و هەرەمەکانی بەرپرسیارێتی هەتا ئاستی ئەدای سەرۆکایەتی ڕێکخراوەکە و دیاریکردنی خاڵە لاوازەکان و هەوڵدان بۆ چارەسەر و بەهێزکردنیان و لێپرسینەوە لە کەمتەرخەمیەکان ، زۆر گرنگە ڕاو هەڵسەنگاندنی ئەندامان ئازادانە لەسەر ئەدای ڕێکخراوەکە وەربگیرێت و کۆت و بەندی ئەندام بوون نەکرێتە پێوەر کە نابێت ڕەخنە بگیرێت، هەروەها داوا لە کەسانی هۆشمەند و چالاکوانانی بوارەکە و پسپۆڕانی تەحکیم و هەڵسەنگاندنی دەرەوەی ڕێکخراوەکە بکرێت بە بێ چاوپۆشی و موجامەلە خاڵە لاوازەکان دیاری بکەن ، چونکە لە کۆتاییدا هەمووی دەچێتە بواری خانەی بەرژەوەندی و هەنگاونانی بەرە و پێشچونی ڕێکخراوەکە، لە کۆتاییدا ئێستا یادی پەنجا ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان دەکەینەوە ئایا یەکێتی زانایان هەر وەک ئەوڕۆژەیە کەدامەزرا یان چی زیاد کردووە؟ ئایا ئەو قۆناغەی کاروچالاکی تێپەڕاندووە؟ یان هەر لە جێگەی خۆیدایە؟ بیرکردنەوە و ئەدای کار و چالاکیەکانی چەند گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە ؟ چەندێک بەرەوپێش چوو؟ ئایا ئەگەر تاکو ئەمڕۆ ئەم ڕێکخراوە نەبوایە ئێستا کاری مەلا و مزگەوت و ڕۆشنبیری ئاینی و دەعوە و بانگەواز و چالاکی ڕێکخراوەیی ئیسلامی و سێکتەرەکانی تری پەیوەست بەم بوارە لە چی ئاستێدا بوو؟؟ ئەدی لە ئەمڕۆ بە دواوە پڕۆژە و بەرنامە و ستراتیجی ئەم ڕێکخراوە بۆ ئەم قۆناخە و ئەم بارودۆخەی ئێستای کوردستان و عێراق و ناوچەکە چیە ..ە