پێشوازی کردنی پاپای ڤاتیکان لەکوردستان وچەند سەرنجێک

 

١/کورد دەڵێت جام چی تێدابێت ئەوەی لێدەڕژێت ، میلەتی کورد هەمیشە میوان پەروەربوەو ڕێزی هەموو میوانێکی گرتوە ، ئەگەرمیوانەکەش کەسایەتیەکی دیاربێت و بەمەبەستی ئاشتی و تەبایی هاتبێت دەبێت ڕێزی لێبگیرێت چونکە ڕێزگرتنی میوان  هەرکەس ببێت ئەرکێکی ئاینی و ئیمانیشە چونکە پێغەمبەر صلی الله علیە وسلم دەفەرموێت (من کان يؤمن باالله واليوم الآخر فليكرم ضیفە)

٢/ڕێزگرتنی پاپا لەلایەن کورد ومیلەتی موسڵمانیشەوە ،ئەوەتەنها میوانداریەو واتای  بوون بەمەسیحی نیە.هەروەک ئەگەر ئەوانیش پێشوازی میوانی موسڵمان بکەن واتای ئیسلام بوون نیە .

٣/پاپا هەڵگرو پەیامداری مەسیحیەتی کاثوليكی  ئەمڕۆی جیهانەو لەهەموو ووڵاتە ئەورووپی و ئەمریکیەکان ڕێزی لێدەگیرێت و بۆچونەکانی بەهەند وەردەگیرێت و حکومەتیش بەڕەزامەندی ئەوپێکدەهێنن ، باحکومەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبی و ئیسلامی و کوردستانیش بڕیار بدەن زۆر ڕێزی ئاینی ئیسلام  و زانایانی ئیسلام بگرن ، چونکە ئەوەگەورەییە نەک نەنگی وکەم وکورتی  .

٤/ئەم هاتن ومیوانداریە ئەرک و بەرپرسیارێتیەکی مێژووی دەخاتە ئەستۆی سەرکردایەتی کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستان ، دەبێت بتوانن سود لەم دەرفەتە وەربگرن بۆپێشخستنی دۆزی کورد وسەربەخۆیی کوردستان و چارەسەری قەیرانەکان وڕاشکاوانە قسەی لەگەڵ بکەن نەک تەنها هاتن و ڕۆشتنێک بێت وبەس .

٥/وەئەرکێکی مێژووی دەخاتە ئەستۆی برایانی وەزارەتی ئەوقاف و مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان کەبتوانن زۆربەشانازیەوە سەروەری و گەورەیی و عیزەت و ئاشتی خوازی ئیسلام بگەیەنن و پێگەی ئیسلام وەک ئاینی یەکەم وسەرەکی میللەتی کورد نیشان بدەن و سنگ فروانی و ئاشتیخوازی و پێکەوە ژیانی ئاینی ونەتەوەیی میلەتی کورد وەک عیزەت وگەورەیی وێنابکەن نەک وەک زەلیلی وناچاری و ملکەچی .

چاوەڕوانی ئەنجامەکانین وداواکارین لەخوای پەروەردگار هەموو ڕووداو پێشهاتەکان بکاتە مایەی خێرو خۆشی و سەربەرزی میللەتی کوردی موسڵمان .