لەنێوان پیر لوقمان و سەلمان روشدی

لە (١٤) شوباتی ساڵی (٢٠١٩) کەناڵی (BBC) راپۆرتێکی بڵاوکردەوە تایبەت بەو کەسانەی کەوتبوونە ژێر کاریگەری کتێبەکەی سەلمان روشدی، سەلمان روشدی نووسەرێکی بەریتانی بە ڕەچەڵەك هیندوستانییە، کتێبێکی نووسی بەناوی (The Satanic Verses)، کە دواتر خومەینی فەتوای کوشتنی دەرکرد، لە راپۆرتەکەدا (BBC) دیمانەی لەگەڵ چەند گەنجێكی بەریتانیا کردووە، لەوانە کوڕێک بەناوی (ئەلیاس کارمانی)، کوڕێکی بە رەچەڵەك پاکستانی، گەنجێكی لیبڕاڵی دەچێتە زانکۆی گلاسکۆ لە ئوسکوتلەندا، دەبێتە سەرقافڵەی ئاهەنگی تیكەڵاو و هەڵپەڕین و سەماکردن، حەشیش و تلیاکخۆر، پێشەنگی قوتابیان بووە، بەڵام کاتێك ساڵی (١٩٨٩) سەلمان رووشدی کتێبەکەی (ئایاتەکانی شەیتان) دەنووسێت، گۆڕانێکی گەورە لە ژیانی دروست دەبێت، چونکە لەلایەکەوە دژی فەتوای خومەینییە، بەڵام لەلایەکی دیکە ناوەڕۆکی نووسینەکە رەتدەکاتەوە، لەو نێوەدا هاوڕێ ئینگلیزو سپی پێستەکانی دەیخەنە دۆخێکی خراپ، ئایا دژی روشدییە یان لەگەڵیەتی؟ تا دواجار وازی لێدەهێنن، ئەمیش روودەکاتە مزگەوت و لەگەڵ رێخستنێکی سیاسی ئاشنا دەبێت، دواجار کۆمەڵە گەنجێکی هاوڕێی ئەلیاس وەکو کاردانەوە دەچنە ریزی سوپای بۆسنا دەجەنگن، بە گوێرەی راپۆرتەکە ئەو وازی لە شێوازی تووندئاژۆیی هێناوە، بەڵام وەکو ئیمامێك دەستی بە دینەکەی گرتووەو بێجگە لە بواری ئاینی، لە بواری کۆمەڵناسی و دەروونناسی کاردەکات و بەرگری لە دینداری خۆی دەکات، رایدەگەیەنێت کە نووسینەکەی سەلمان رووشدی و هەڵوێستی لیبڕاڵە سپی پێستەکان ئەویان بەرەو تووندئاژۆیی برد.

لەژێر رۆشنایی ئەم رووداوە دەتوانین بڵێین: بەشێکی زۆری تووندئاژۆیی مسوڵمانان کاردانەوەی کەسانی دیکەیە، کاتێك کەسانێك بەناوی ئازادی و دیموکراسییەتەوە شێوازی رێزو لێکۆلێنەوەی زانستی بەجێدەهێڵن و زمانی جوێندان و بێرێزی بەکاردێنن، لەبەرامبەردا دەزگا پەیوەندیدارەکان بێدەنگی هەڵدەبژێرن، یان نووسەرە عەلمانی و لیبڕاڵەکان بێدەنگ دەبن، راستەوخۆ دەبێتە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ دابەشکردنی کۆمەڵگا بەسەر (باش و خراپ)، (سپی و رەش)، هیچ دەرفەتێك بۆ ئەو ناوەندە نامێنێتەوە، بۆنموونە ئێستا ڤیدیۆیەکی پیر لوقمانی رێبەری زەردەشتییەکان بڵاوبۆتەوە، کە وێڕای قسەی ناشیرین، بێ شەرمانە ئیسلام بە ئایینی بتپەرستی ناودەبات، هەروەها دەڵێ: ئێمەی زەردەشتی هەموو بەیانیان تف دەکەینە وێنەی سەڵاحەدینی ئەیوبی، لەگەڵ کۆمەڵە قسەی دیکە، ئەمە پاڵ بە هەزاران کەسەوە دەنێت لەوپەڕی نەرم و نیانییەوە بەرەو تووندئاژۆیی بڕۆن، دوورو نزیك شوێنەواری نەرێنی بەسەر تاکی کورد جێدە‌ێڵێت، ئەم جۆرە لێدوان و قسەکردن و غیرەتی مسوڵمانانە لەسەر دینەکەو غیرەتی کوردانە لەسەر سەرکردەیەکی وەها مەزن دەجووڵێنێت، کە کاریگەری راستەوخۆی بەسەر گیانی پێکەوەژیانیش دەبێت، چونکە مسوڵمانانی کوردستان دڵی خۆیان بۆ هەموو پێکهاتە ئایینی و مەزەبی و نەتەوەییەکان کردۆتەوە، بەڵام دواجار کە دەبینن هەمووان رێزگیراون، تەنیا پیرۆزییەکانی ئەوان نەبێت، شوێنەوارێکی نەرێنی خراپ جێدەڵێت.

بۆیە پێویستە تا زووە داواکاری گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بێنە سەر خەت و رێکارە یاساییەکان بگرنە بەر، هەروەها نووسەرانی ئازادیخوازیش، ئەوانەی بەرگری لە پێکەوەژیان و ئازادی رادەربڕین دەکەن بێنەدەنگ، چی دی لە ئاست سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی مسوڵمانان و کورد بێدەنگ نەبن. بەپێچەوانەوە ئەوە تووندڕۆکانی هاوشێوەی پیرلوقمانن بازاڕی تووندئاژۆیی گەرم دەکەن و یەکەمین سەرچاوەی تیرۆرن.